٢٢\٤\٢٠١٦
رۆژنامەگەریی
کوردە (زازا)کان.
(١٩٧٥-١٩٩٣).

ئیسماعیل تەنیا
عەلەوی،
ڕێباز یان ئایینزایەکی سۆفیگەریی تێکەڵ بە ڕێبازو ئایینزای ھەمە
چەشنەیە.ناوەکەشیان، لەوەوە ھاتووە؛کە ڕێزێکی زۆرو سنوور بەدەر،لە
خەلیفەی چوارەمی ئیسلام(عەلی کوڕی ئەبو تالیب) کە دەکاتە ئامۆزای
پێغەمبەر(محەمەد)،دەگرن و بۆ پلەی خوایەتی بەرزی
دەکەنەوە.ڕێبازەکەیان،زیاتر دنیایی و مرۆڤایەتییە.ڕێزێکی زۆر بۆ
گەورەیی مرۆڤ و دادپەروەری و یەکسانی ژن و پیاوو پاراستنی
ژینگە،دادەنێن.گرنگی بە ڕۆژوو گرتن و نوێژ کردن و حەج کردن،وەک
موسڵمانێکی ئاسایی،نادەن. مەی خواردنەوە لای ئەوان،قەدەغەو گوناھ
نییە.ھاتووچۆی مزگەوت ناکەن،چونکە؛ئیمامی عەلی کە کوژراوە،بۆ نوێژ
کردن،بەڕێگاوە بووە بۆ مزگەوت.جگە لە ھاتووچۆ نەکردنیشی،ھیچ ڕێزێکیشی
بۆ دانانێن،چونکە لای ئەوان؛لەسەرەتای دەرکەوتنی ئیسلام و
بڵاوبوونەوەی،مزگەوت نەبووە.زۆر دوای کۆچی دوایی کردنی پێغەمبەر،دروست
کراوە.باوەڕیان وایە؛گەر یەکێک خودا پەرستی بکات و دوعاو نزا بکات،ئەوە
مەرج نییە ھەر لە مزگەوت دروست بێت،چونکە خودا لەھەموو شوێنێک بوونی
ھەیەو گوێشی لە ھەموو شتێک دەبێت.ئەوان لە جیاتی مزگەوت،لە خانوو یان
ھوتێلێک کۆدەبنەوەو خودا پەرستی خۆیان دەکەن.بەشێوەیەکی ئاھەنگ
ئامێز،بەدەم ئامێری ساز ژەنینەوە،سرووتەکانیان،جێ بەجێ دەکەن.بەم ھۆڵ
یان خانووە دەڵێن؛(جەم).ھیچ کتێبێکی ئایینی پیرۆزیان نییە،بەڵام ڕێز لە
ھەموو کتێبە ئایینیەکانی وەک؛(قورئان و ئینجیل و تەورات)،دەگرن.ھەروەھا
دەڵێن؛ئەم قورئانەی کە ئێستا ھەیە، دەستکاری کراوە،دەنا لە قورئانە
ئەسڵییەکەی سەردەمی پێغەمبەر،ناوی حەزرەتی عەلی تێدا ھاتووە.
ئەوان؛چمکەکانی وەک(نوێژو ڕۆژو حەج و زەکات و بەھەشت و دۆزەخ و حیجاب
و....تاد)،وەک مەفھومی ئێستای ئیسلام،ڕەت دەکەنەوە.لەجیاتی
ئەمانە،ئەلتەرناتیفی تریان ھەیە.وەک شیعەکان، (ئەبوبەکری سەدیق و
عومەری کوڕی خەتاب و عوسمانی کوڕی عەفان)یان،خۆش ناوێت،بگرە ڕقیان لە
ناوەکانیشیان،دەبێتەوە،چونکە ئەوان پێیان وایە؛لە دوای پێغەمبەر
دەبووایە جێگرەوە ھەر لە ئەھلی بەیت(بنەماڵەی پێغەمبەر) بێت،بەتایبەتیش
بۆ ئیمامی عەلی،بێت،بەڵام لەلایەن ئەم سێ خەلیفەوە،پاوان کراوە.
بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی ساڵی(٢٠٠٢)،لە سەرتاسەری جیھاندا،نزیکەی سێزدە
ملیۆن کەس،پەیڕەو کاری ئەم ڕێبازەن.ھەڵبەت ئەم خەمڵاندنە زۆر
نادروستە،چونکە؛ژمارەی ڕاستەقینەی ئەوان،زۆر لەمە زیاترە.ئەوان،بە
کێشوەرەکانی ئاسیاو ئەفریقادا،بڵاوبوونەتەوەو لە وڵاتانی وەک؛ھیندستان
و پاکستان و ئەفغانستان و تورکیاو عێراق و ئێران و سوریاو وڵاتانی
کەنداوو باشوری ئەفریقاو.....تاد،نیشتەجێن.
لەڕوی نەتەوەییشەوە؛(عەرەب و کوردو فارس و پاکستانی و ھیندی و....تاد)ن.بە
کوردە عەلەوییەکان دەگوترێت؛(زازا).(زازا)،یەکێکە لە چوار دیالێکتە
سەرەکییەکەی زمانی کوردی.لەتورکیادا،لەشارەکانی
وەک؛(ئیستانبول،ئەنقەرە،ئەدەنە،باڵغ کەسر،ئەسکی
شەھر،بورسە،ئەنتالیا،ئایدن،داماڵ،ئەردەھان)، ھەروەھا لە باکوری
کوردستانیشدا،لە شارەکانی(ئەرزنجان،سیواس،مەلاتیە،دەرسیم،قەھرەمان
مەڕەش) نیشتەجێن.بەگوێرەی ژماردنە نافەرمی و خەمڵاندنەکان؛لە نزیکەی
بیستوپێنج ملیۆن کورد لە باکوری کوردستاندا،نزیکەی چوار تا پێنج
ملیۆنیان،عەلەوی(زازا)ن.ئەمانە،بە درێژایی مێژوو، چەوسێندراونەتەوەو
ھەوڵی قڕکردنیان دراوە،بەتایبەتیش لەسەردەمی ھەردوو زلھێزی(عوسمانی و
سەفەوی)دا.(زازا)کان،بەھۆی ئەوەی لەگەڵ ئێرانیە
سەفەویەکاندا،ھاوئاینزان،لەکاتی ململانێ و شەڕی نێوان
ئەواندا،داویانەتە پاڵ سەفەویەکان.ھەر بۆیە لەلایەن خەلیفە
عوسمانیەکانەوە،کوشتوبڕ کراون. ئەوان پێچەوانەی تورکە سونییەکان،ھیچ
ڕێزێک بۆ خەلیفەکانی عوسمانی دانانێن و بە کافرو زەندیق ناویان
دەبەن.لە مێژووی ڕاپەڕینەکانی کوردیشدا،سەرکردایەتی ڕاپەڕینی دەرسیم(١٩٣٦-١٩٣٨)،
بە ڕێبەرایەتی(سەید ڕەزای دەرسیم)یان کردووە.لەم ڕاپەڕینەدا،ئاڵای
کوردستانیشیان بەرز کردۆتەوە.
لەڕوی کاری سیاسیشەوە،بەشی زۆریان ھەوادار یان ئەندامی(پارتی کۆماری
خەڵک-جمھوریەت ھالک پارتیسی)ن.ئەوانەی تریش،چەپ و کۆمۆنیست،یان لە
ڕیزەکانی(پارتی کرێکارانی کوردستان- پێ.کا.کا)دان.لەبەر ئەم زوڵموزۆرە
مێژووییەی کە لەڕووی نەتەوەیی و مەزھەبییەوە،لێیانکراوە، لە ساڵانی(١٩٦٠)
بەدواوە،ڕویان لە دەرەوەی وڵات،کردووە.لێشاوی ئەم کۆچەش،لەدوای کودەتای
سەربازی دوازدەی ئەیلولی(١٩٨٠)،بە ڕێبەرایەتی گەنەراڵ(کەنعان
ئێڤرین)،زۆر فراوانتر بووە.
بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی وڵاتی ئەڵمانیا،نزیکەی نیو ملیۆن عەلەوی لەم
وڵاتەدا،دەژین.لەسەدا نەوەدو پێنجی،لە تورکیاوە،ھاتوون.لەم
ژمارەیەدا،نزیکەی(١٥٠-٢٠٠) ھەزاریان،لەڕوی نەتەوەییەوە،کوردن. بەگوێرەی
ھەڵسەنگاندن و ڕاپۆرتەکانی دەزگای پۆلیس و دادگای فیدراڵی
ئەڵمانیا،عەلەوییەکان بە کوردو تورکەوە،لە ھەموو موسڵمانی نەتەوەکانی
تر،بێ کێشەو بێوەی ترن.زۆر بەڕێکوپێکی لەگەڵ یاساو ڕێسای مۆدێرنی وڵات
ھەڵدەکەن و ئەو سیستەمەی ژیان پەسەند دەکەن کە لە ئەوروپادا،
بەرقەرارە.کوردە (زازا)کان لە ئەڵمانیادا،لەساڵی(١٩٨٧)،یەکەم
فیدراسیۆنیان بەناوی؛(فیدراسیۆنی عەلەویەکان لە
ئەڵمانیا)دا،دامەزراندووە.دواتر،فراوانتر بووەو بە ھەموو شارەکانی
تردا،بڵاوبوونەتەوە. لە ئێستادا،زیاتر لە (١٢٥) کۆمەڵەو
ناوەند(دەرنەگ)یان،لەشارەکانی وەک؛(ئاوسبۆرگ،کوێلن،ماینز،
شتوتگارت،دیسبۆرگ،ھانۆڤەر،بەرلین،ھامبۆرگ...تاد)،ھەن.بۆ ئەوەی
منداڵەکانیان لە کولتورو زمانی کوردی نابەلەد نەبن،بەدەیان خوێندنگای
فێربوونی زمانیان کردۆتەوە،کە دیارترینیان(ئینیستیوتی فێربوونی زازا)یە
لەشاری فرانکفۆرت.ھاوشێوەی ئەڵمانیا،لە وڵاتانی وەک؛(نەمسا،سویسرا،سوید،
ھۆڵەندا)شدا،نیشتەجێن.لەوێندەرێش،کۆمەڵەو ناوەندی زمان و کولتوری خۆیان
ھەیە.
ئەم ڕەوەندە پەرشوبڵاوە،لەبەر ئەوەی لە وڵات(تورکیا)دا،دەلیڤەی ئەوەیان
بۆ نەڕەخساوە چالاکی کولتوری و پاراستنی زمان و ڕۆژنامەگەریی ئەنجام
بدەن،لە ھەندەران ،ھەوڵ دەدەن قەرەبووی ئەم زیانە بکەنەوە کە لە
ڕابردوودا،لێیان کەوتووە.لەماوەی نێوان ساڵانی(١٩٧٥-١٩٩٣)دا،چەندین
گۆڤارو ڕۆژنامەو بڵاوکراوەیان،بەزمانی دایک(زازا)،بڵاو کردۆتەوە،کە
گرنگترینیان،کە ئێمە زانیاریمان لەسەر کۆکردونەتەوەو ڕوماڵمان
کردوون،ئەمانەن:
(١)- ئاریە؛ گۆڤارێک بوو کوردە(زازا)کان،لەساڵی(١٩٨٥)دا،لە سوید
بەزمانی کوردی(دیالێکتی زازا- ڕێنووسی لاتینی)،بڵاویانکردۆتەوە.
(٢)- پیا؛ گۆڤارێکی وەرزی،ڕۆشنبیری،ناڕێک بوو،(جەماعەتێ کولتوری
زازا)،لە سوید(ستۆکھۆڵم)،بە زمانی کوردی(زازا-لاتینی)،لەساڵی
(١٩٨٨)دا،دەریانکردووە.ژمارە(١٠)ی،لە ئازاری (١٩٩٠)دا، دەرچووە.
(٣)- زازایستان؛ بڵاوکراوەیەک بوو،لە
سوید(ستۆکھۆڵم)،بەزمانی کوردی(زازا-لاتینی)و تورکی دەرچووە.یەکەم
ژمارەی لە مانگی نیسانی (١٩٩١)دا،دەرچووە.ژمارە دوو،بە دوازدە
لاپەڕە،لە (١٩٩١) دەرچووە.لەم ژمارەیەدا،ئەدرەسی وڵاتی ئەڵمانیای
لەسەرە.
(٤)- بڵاوکراوەی نەورۆز(نەورۆز یاینجیلیک)؛ بڵاوکراوەیەکی
سیاسی،کولتوری،مانگانە بووە.بەزمانی کوردی(کرمانجی ژووروو،زازا-ڕێنووسی
لاتینی)و تورکی،لە تورکیا (ئیستانبول)دا،دەرچووە. بەڕێوەبەر؛حوسێن
ئالتاش.یەکەم ژمارەی بە (٦٨) لاپەڕە،لەساڵی(١٩٩١)دا،دەرچووە.ژمارە
دوازدەی بە (٦٨)لاپەڕە،لە مانگی ئارالیک(کانوونی یەکەم)ی ساڵی (١٩٩٢)دا،دەرچووە.لەسەر
بەرگی ژمارە سێدا،وێنەی (لینین)ی لەسەرە.لەڕووی ژمارەی
لاپەڕەکانیەوە،جۆرە تەنسیقێکی باش ھەیە،زۆربەی ژمارەکان (٦٨)
لاپەڕەن.ئەم نووسەرانە؛(بێریڤان ئازاد،حوسێن کورەکچی،ئەدیب پۆڵا،سەعید
ڤەرۆژ، جەمشید ئاتەش)،بابەتیان تێدا بڵاوکردۆتەوە.
(٥)- وارە؛گۆڤارێکی کولتوری مانگانە بوو،بەزمانی کوردی(کرمانجی
ژووروو،زازا،دملی-رێنووسی لاتینی)،لە ئەڵمانیادا،دەرچووە.یەکەم ژمارەی
بە (٤٤)لاپەڕە،لە مایسی (١٩٩٢)دا،دەرچووە.ژمارە(١٠) بە
(١٧٢)لاپەڕە،لەساڵی(١٩٩٦)دا،دەرچووە.
(٦)- سەرکەتن؛لەسەر ئارمی (سەرکەتن)دا نووسراوە؛کارکەرێن ھەموو وەلاتان
و گەلێن بندەست یەک بن.گۆڤارێکی سیاسی مانگانە بوو،بەزمانی
کوردی(کرمانجی ژووروو،زازا-رێنووسی لاتینی)و تورکی لە تورکیا (ئیستانبول)دا،دەرچووە.بەرپرسیار؛شاھێن
گولی.یەکەم ژمارەی بە (٦٨)لاپەڕە،لە مانگی مارتی (١٩٩٢)دا،دەرچووە.ژمارە
پێنجی بە (٨٤)لاپەڕە،لە تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمی(١٩٩٢)دا
دەرچووە.ئەم نووسەرانە؛(عەلی حەیدەر لاچین،پێرو زارەک،فەرھاد
باران،خەمگین سەیدۆ)،بابەتیان تێدا بڵاوکردۆتەوە.من،ھەر پێنج ژمارەکەم
بینیووە.
(٧)- ڕاستیە؛گۆڤارێکی تایبەت بوو بە زمان و ئەدەبیات و کولتوری کوردە
زازاکان.بە زمانی کوردی (زازا-لاتینی)و تورکی،لەساڵی(١٩٩١)،لە
فەڕەنسادا،دەرچووە.خاوەنی؛ئەبوبەکر پاموکچو.ژمارە دووی بە (٢٨)لاپەڕە
لەساڵی(١٩٩١)دا،دەرچووە.ژمارە سێ،(٢٤)لاپەڕە بوو
لەساڵی(١٩٩١)دا،دەرچووە. ژمارە چواری بە بیست لاپەڕە،لەساڵی (١٩٩١)دا،دەرچووە.ژمارە
حەوت،(٣٢)لاپەڕە بوو،لەساڵی (١٩٩٢)دا دەرچووە.من ئەم ژمارانەم بینیووە
کە ئاماژەم پێکردوون.
(٨)- دەسماڵا سوورە؛گۆڤارێکی تایبەت بوو بە زمان و ئەدەب و کولتوری
زازاکان.(کۆمەلا کۆمۆنیستا کرمانجی)،بەزمانی کوردی(زازا-لاتینی)و
تورکی،لەساڵی(١٩٩٢)،لەئەڵمانیادا،دەریانکردووە.ژمارە شەشی بە
(٥٢)لاپەڕە،لەمارتی(١٩٩٣)دا دەرچووە.ژمارە(١٥)،بە
(٢٤)لاپەڕە،لەساڵی(١٩٩٥)دا، دەرچووە.
(٩)- واخت؛ بڵاوکراوەیەکی چاندی و سیاسی بووە،کوردە زازاکان بەزمانی
کوردی(زازا-لاتینی)،لە ئەڵمانیادا،دەریانکردووە.ژمارە سفر(٠)ی بە چوار
لاپەڕە،لەساڵی(١٩٩٠)دا،دەرچووە.ژمارە (١)ی بە ھەشت لاپەڕە،لە حوزەیرانی
(١٩٩٠)دا،دەرچووە.ژمارە (٢)،ھەشت لاپەڕە بووە،لە تەموزی(١٩٩٠)دا
دەرچووە.ژمارە (٣)ی (٢٠)لاپەڕە بووە،لە تشرینی یەکەمی(١٩٩١)دا
دەرچووە.ژمارە (٤)ی (١٢) لاپەڕە بووە لە شوباتی (١٩٩١)دا دەرچووە.ھەموو
ئەم ژمارانەم بینیووە،کە باسم کردوون.
ھەروەھا پاش ساڵی (١٩٩٢)ش،کۆمەڵێک گۆڤارو ڕۆژنامەی تر دەرچوون،حەز
دەکەم لە پەراوێزی ئەم بابەتەدا ئاماژەیان پێبدەم،کە ئەمانەن:
(١٠)- زولفەقار؛گۆڤارا فیدراسیۆنا عەلەویانە لە ئەڵمانیا.یەکەم ژمارەی
لە مانگی ئاب و ئەیلولی(١٩٩٣) لەشاری(کوێلن)،بەزمانی
کوردی(زازا-لاتینی)و تورکی دەرچووە.ژمارە (٤١)ی بە (٦٢)لاپەڕە،لە مانگی
ئاب و ئەیلولی (٢٠٠١)دا دەرچووە.لێپرسراوی بەشی کوردی؛ئەرداڵ
ئیر.دەستەی نووسەران؛ عیرفان دایئۆغۆ،تورکەر ئالب،حەسەن.ج.ئەرسەلان).
(١١)- تیجا سۆدرێ؛ بە مانای (تیشکی بەیان) دێت.گۆڤارێکی
ڕۆشنبیریی،وەرزیی،گشتی بوو،بەزمانی کوردی(زازا-لاتینی)،لە ئەڵمانیا (فرانکفۆرت)،دەرچووە.یەکەم
ژمارەی لەساڵی(١٩٩٥)دا،دەرچووە. ژمارە (٧)ی لەساڵی (٢٠٠١)دا،دەرچووە.دەستەی
نووسەران؛سەعید چیا،ھاوار تۆرنێ جەنگی،محەمەد دۆغان،یوشەن
لاشەر،ک.فاسۆپێت،خ.چەلکەر،باقی ئیشچی).
(١٢)- سەما؛گۆڤاری فیدراسیۆنی عەلەویە دیموکراتخوازەکانە.یەکەم ژمارەی
لەساڵی(٢٠٠٢)دا،لەشاری دۆرتموند،دەرچووە.زۆربەی بابەتەکانی بەزمانی
تورکی بوون،لەھەر ژمارەیەکدا،دوو تا سێ بابەتی بە زمانی کوردی (زازا-لاتینی)
بووە.
(١٣)- چما؛گۆڤارێکی ئەدەبی و کولتوری بوو،کوردە زازاکان بە زمانی
کوردی(زازا-لاتینی)و تورکی لە ئەڵمانیاو
لەشاری(ئاوسبورگ)،دەریاندەکرد.یەکەم ژمارەی بە بیست لاپەڕە،لە
شوباتی(٢٠٠٥)دا، دەرچووە.ژمارە پێنجی (٤٠) لاپەڕە
بوو،لەساڵی(٢٠٠٦)دا،دەرچووە.
زۆربەی گۆڤارو بڵاوکراوەکان،ھەڵگری فکری چەپ و کۆمۆنیستی بوون.بەشی
زۆریان لە ھەندەران دەرچووینە.حەوت دانەیان لەئەڵمانیا،سێ دانەیان لە
سوید،دوو دانەیان لە تورکیا،یەک دانەیان لە فەڕەنسادا،دەرچووینە.بەشی
زۆریان تەنھا بە دیالێکتی زازا بووینە.یەکەم بڵاوکراوەی نێوان ساڵانی
(١٩٧٥-١٩٩٣)،گۆڤاری(ئاریە)بوو،کە لەساڵی(١٩٨٥)،لە سویددا دەرچووە.
بێجگە لەم بڵاوکراوانەی کە باسمان کردوون،نووسەرو ڕۆژنامەنووسە
زازاکان،لە زۆربەی گۆڤارو رۆژنامەکانی تری کوردی باکور،بەشدار بووینەو
بابەتیان تێدا بڵاوکردۆتەوە،بەڵام ئەم بڵاوکراوانە، بە شێوەی گشتی
تایبەت نەبووینە بە دیالێکتی(زازا)کانەوە.
ھانۆڤەر
ماڵپەڕی ئیسماعیل تەنیا
|