٢١\٧\٢٠١٢
رۆژنامەنووس و
چاودێرانی سیاسی لە دژی چەکدانانی پەکەکەن.

دیاری محەمەد
(ANF)
تایبەت.
جارێکی تر لە ھەستیارترین وەختەکانی مێژووی کورد و لەکاتێکدا کە گەلی
کورد پێویستی بە زیاترین ھێزی پاراستنە، ماوەیەکە ھەندێ کەس و لایەن
دەستیان بە بانگەشە و بڵاوکردنەوەی باسی چەکدانانی پەکەکە کردووە. لە
باشوری کوردستانیشدا ژمارەیەک رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی و کەسایەتی
بەتوندی بەرپەرچی ئەو داوایە دەدەنەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە
ھەموو ئەو داوایانە بەھیچ شێوەیەک ناکەونە بەرژەوەندی گەلی کورد و
ئایندەی نیشتمانی کوردەوە.
لەو بارەیەوە رۆژنامەنووسان و چاودێرانی سیاسی تێڕوانین و
بۆچوونەکانیان بۆ (ANF) ئاشکرا کرد و
دەستنیشانیان کرد کە ئەوان بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو تێڕوانینەدا نین کە
زەمینەی چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد ھاتبێتە ئاراوە و پەکەکە
پێداگیری لەسەر شەڕ بکات.
ڕۆژنامەنووسان و چاودێرانی سیاسی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کەلەئێستادا
ھیچ پێویست نیە باسی چەکدادانانی پەکەکە بکرێت و لەو بڕوایەشدان کەچەک
دانان خۆ تەسلیم کردنە و خستنە ڕۆژەڤی ئەو پرسەش تەنیا خزمەت
بەدوژمنانی کورد دەکات. ئەوەش ڕوون دەکەنەوە کە بەھیواین ئەوە نەخرێتە
ڕۆژەڤ چونکە ئەگەر پەکەکە چەکی بەدەستەوە نەبێت ھەرچوارپارچەی کوردستان
دەکەوێتە بەرمەترسییەوە.
چەکدانانی پەکەکە خۆبەدەستەوەدانێکی
ساویلکانەیە.
ئەرسلان ڕەحمان ڕۆژنامەوان دەڵێت:"بە شێوەیەکی گشتی لە قۆناغی ئەمرۆدا
کە ھێشتا دەسەڵاتی تورکیا درێژکراوەی عەقلیەتی پانتۆرانیزم و کەمالیزمە
و ھیچ بوارێک بۆ ھەناسەدانی نەتەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی گەورە و پێ
حەشیمەتی زیاتر لە بیست ملیۆن کەسی لە دەستووری تورکیادا نیە، پرسی
چاکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان جگە لە پاشەکشێ کردن و خۆ
بەدەستەوەدانێکی ساویلکانە ھیچی دیکە نییە."
ئەرسەلان ئاماژە بەوە دەکات کە تا خەباتی رزگاریخواز لە باکوری
کوردستان نەگات بە ئامانج چەکدانان شایستەی قوربانییەکان نابێت و
وتی:"پێویستە ھەتا خەباتی رزگاریخوازی کورد لە باکووری کوردستان نەگاتە
قۆناغێکی شایستە. بەو ھەموو قوربانییەی کە لە پێناویدا دراوە و ئەو
ھەموو تێکۆشانەی لە رێگەی رزگاریدا بە خەرج دراوە ئەسڵەن پرسی
چەکدانانی گەریلا نەخرێتە رۆژەڤەوە، چونکە وەک وتمان چەکدان خۆ
بەدەستەوەدانی گەریلایە بە رێبازێک کە ھێشتا ناسنامەی نەتەوەیی و مافە
بنەڕەتییەکانی ھەر ئینسانێک کە خوێندن و نوسینە بە زمانی دایکی زەوت
کردووە و ئەستەمە لەگەڵ دەسەڵاتێک حکومەتێکدا گەریلا چەک دابنێت کە
ھێشتا کۆی سیستەمی سیاسی تورکیا لە ژێر ھەژموونی عەقڵەیتی سرینەوەی
کورد و عەقڵیەتی شۆڤینیستی ژەنەراڵەکانی سوپادایە ئەو لایەنانەشی ئەو
پرسەیان ھێناوەتە گۆڕی و لە رێگەی میدیاکانییانەوە دەیانەوێت بیخەنە
رۆژەڤەوە جگە لە گورز وەشاندن لە بزاڤی رزگاریخوازی کورد لە باکوور و
خزمەتکردنی سیاسەتەکانی ئەو دەوڵەتەی کە ناسنامەی نەتەوەیەکی زەوت
کردووە چیدیکە نییە و مەرامیان ئەوەندەی خزمتکردنە بە دەوڵەتی تورک
ئەوەندە نیاززیان نییە پرسی کورد بە ئاشتی بەرنە پێشەوە ھەر بۆیە ھەتا
تورکیایەکی دیموکرات و دەستوورێکی نیشتمانی کە ھەمووان لە سایەیدا بە
تەبایی بژین نەیێتە ئاراوە، ھەر چەشنە وتوێژێک و داوایەکی لە چەشنی
چەکدانان رێگریە لە بە ئامانج گەیشتنی بزافی رزگاریخوازی"
ئەرسەلان رەحمان لە کۆتاییدا دەڵێت:"ئەوەی داوای چەکدانان لە پەکەکە
دەکات ئەرکی بەکرێگیراوێتی بۆ تورکیا جێبەجێ دەکات دواجار ھەموومان
گەریلایین".
چەکدانانی پەکەکە دەستکەوتێکە بۆ ئەکەپە.
بەڵام بەبڕوای ھاوار بازیانی ڕۆژنامەنووس؛ دانانی چەک بۆ پەکەکە
پێوەندیی بە نیازپاکی و ئیرداەی حکوومەتی تورکیاوە ھەیە لەوەی ئاخۆ
ئەنقەرە لە بەرامبەر ئەو ھەنگاوەی پارتی کرێکاراندا چی دەکات؟ ئەگینا
لە قۆناخی ئێستادا کە ھیچ جۆرە رووناکییەک لەلایەن دەسەڵاتی تورکەوە بۆ
پرسی کورد نییە، دانانی چەک ھیچ مانا و پاساوێکی نییە و تەنیا دەچێتە
خانەی دەستکەوتێک بۆ ئەکەپە کە دەسەڵاتداریی تورکیا دەکا.
ھاوار بازیانی دەڵێت:"کورد لە ھەموو پارچەکان و لەوانە باکوریش، تەنیا
بۆ بەرگری پەنای بۆ چەک بردووە و تا ئەو کاتەی مەترسیی ھێرشی لەسەر
بێت، واز لە چەک ناھێنێ، ئێستاش ئەو مەترسییە لەلایەن تورکەوە ھەیە،
بۆیە ئێستا دانانی چەک مژارێکی نەگونجاوە و ھیچ مانایەکی نییە.
تەنیا پەکەکە ماوە بەدوور لەململانێی ناوخۆ،
کوردستان بپارێزێت.
زمناکۆ ئیسماعیل ڕۆژنامەوان لەو بارەیەوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر
مەرجی بەدەوڵەتبونی کوردیش دانانی چەک بێت ئەوا کورد ھەڵەیەکی گەورە
دەکات کە چەک دابنێت دانانی چەک مانای ملخستنە بەر چەقۆیە بۆ سەربڕین.
ھەروەھا دەڵێت:"ئەوەی کە ئێستا کورد ھەیەتی و شانازی پێوە دەکات
ھەبوونی ھێزیکی چەکداری رێکخراوی وەک پەکەکەیە کە بە تیڕوانینی
باشورییەکان ئەو ھێزە دوورە لەململانێی ناوخۆیی و ئەو ھێزە دەتوانێت
یاخود تەنھا ھێزی کوردییە کە بتوانێت سەرتاسەری کوردستان بپارێزێت."
لەگەڵ ئەوەشدا زمناکۆ ئیسماعیل بە ئاشکرا ئاماژە بەوە دەکات کە:"ئەگەر
ھێزێکی وەک پەکەکە بتوانێت ململانی لەگەڵ دەوڵەتی تورک بکات ئیتر چۆن
ناتوانێت مامەڵە بە چەکەوە بکات، ھێزێکیش کە توانای ئەوەی ھەبێت
مامەڵەیەکی دروست بەچەکەوە بکات ئیتر چ پێویست دەکات چەک دابنێت، دەبێت
مەرجی سەرەکی دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە بریتی بێت لە بەرەو
کۆنفیدرالیزمبونی باکوری کوردستان."
تورکیا راستی بکردایە بە دەیان ھەزار
سیاسەتمەداری دەستگیردەکرد؟
شوان بورھان چاودێری سیاسی دەستینشانی دەکات کە تورکیا راستگۆ نییە لە
بانگەشەی چارەسەری پرسی کورد بە رێگای ئاشتیانەدا و وتی:"من دەڵێم
دەبێت سوپای تورک چەک دانێت باشە ئەگەر دەوڵەتێک ڕاستگۆیە لەچارەسەری
سیاسی و دیموکراتییانەدا ئەدی ئەم ھەمو سیاسەتمەدارە کوردەی بۆگرتووە؟"
شوان بورھان سەرنج بۆسەر گۆشەگیری توندی سەر رێبەری گەلی کورد عەبدولڵا
ئۆجالان رادەکێشێت و دەڵێت:" دەوڵەتی تورک ئەوە ماوەی نزیکەی ساڵێکە
ڕێزدار ئۆجەلانی گۆشەگیرکردووە کە خاوەنی نەخشەڕێی چارەسەری
دیموکراتیانەی پرسی کوردە و لە ھەوڵداندایە بۆ چارەسەری یەکی یەکجاری
پرسی کورد."
لە بەردەوامی وتەکانیدا شوان بورھان دەڵێت:"تورک ئەم سوپا زەبەلاحەی بۆ
لەکوردستاندا جێگیر کردووە، بۆ ئەوە (٣٠) ساڵە حاڵەتی نائاسایی لە
باکوری داگیرکراودا ڕاگەیاندووە و بۆ ھەر ڕۆژە لەگەڵ وڵاتێکی زلھێزی
جیھانی سەوداو مامەڵەی کڕینی مۆدێرنترین چەک و تەکنیکی سەربازی دەکات؟
بۆ ؟"
چارەسەری لە بێدەنگبوونی چەکەکانی دەوڵەتی
تورکدایە.
شوان بورھان چاودێرسی سیاسی لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا دەڵێت:"ئەگەر
ئەمانە ھەمووی بەمەبەستی پاکتاوکردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی
کورد و سەپاندنی سیستەمی داگیرکاری و کۆیلایەتی نکۆڵیکردن نییە، ئەم
ھەموو سەرباز و چەکە بۆچی یە؟ کەواتە چارەسەری لەو خاڵەوە ئاراستە
دەگرێت کە دەوڵەتی تورک چەکەکانی بێدەنگ دەکات و دەستبەرداری زیھنییەتی
سەرکوتکردنی سەربازی دەبێت نەک چەکدانانی پەکەکە"
شوان بورھان جەخت لەسەر پێویستی بەجێھێنان و پابەندبوون بە بەکارھێنانی
مافی پاراستنی رەوا دەکاتەوە و دەڵێت:"لەبەرامبەر ئەو ھەموو ئەگەرەی کە
باسم کرد ھەڵگرتنی چەک مافێکی سروشتی و گەردونییە. جەنگی پاراستنی ڕەوا
تەنھا ڕێبازێکە کەدەتوانێت زامنی گەرەنتیکردنی مافەکانی گەلی کوردبێت
کە بەخوێنی ھەزاران شەھید بەدەستھێنراون و بەھای مەزن و
دەستلێبەرنەدراون، ئەوەی لەئێستادا کورد بەدەستیخستوە چاکە و پیاوەتی
دەوڵەتی تورک نی یە، بۆیە چەکدانانی پەکەکە خاڵی کۆتایی یە کاتێک ئەو
ئامانجانە پێکدێن کە چەکی لەپێناودا ھەڵگیراوە وەکتر تەسلیمیەتە و
ھەرکەس کە پەکەکە بناسێت باش دەزانێت تەڤگەری پەکەکە ھیچ کات
تەسلیمیەتی نەناسیوە و نامانناسێت.
چەک لەبەرامبەر داگیرکەر ھەڵدەگیرێت؛ پەکەکە
لەسەر رێبازێکی راستە.
بەلای ھاوکار حەمەرەش (ڕۆژنامەنووس)ەوە لە ئێستادا چەک دانانی پارتی
کرێکارانی کوردستان شتێکی باش نیە چونکە نەک ھەر پارتی کرێکاران بەڵکو
ھەر خەبات و ھێزێکی سیاسی کورد کە چەکی ھەڵگرتووە بۆ ئەوە ھەڵی
نەگرتووە تا خاک و وڵاتی کەس داگیر بکات، بەڵکو بۆ پارێزگاری کردنە لە
گەل و وڵاتی خۆی.
ھاوکار حەمەڕەش لەبەردەوامی نرخاندنەکەیدا دەڵێت:"من بە پێچەوانەوە
ئەیبینم ئەبێت بەردەوام بن لە خەباتی سیاسی و چەکداری چونکە ئەوە پارتی
کرێکاران نیە داگیرکەر بێت، تورکیا دەستی بەسەر نیشتمانماندا گرتووە،
وڵاتی ئێمەی داگیرکردووە و ئەبێت تورکیا ھەوڵ بدات بۆ چارەسەری دۆزی
کورد لە باکور.وەک ھەموومان ئەبینین ڕۆژێک ئەیەوێت دانیشێت و گفتوگۆ
بکات و دواتر پارتی کرێکارانی کوردستان وەک تیرۆرست ناو ئەبات ئەوەش
ئەوە دەگەیەنێت تورکی داگیرکەر بروایان بە شتێک نیە ناوی کێشەی کورد
بێت، لەو چەند مانگەی رابردوودا بینیمان کە لە جولەمێرگ چی روویدا،
کەچی سەرەڕای ئاشکرایی راستییەکانیش سەرۆکی ئەرکانی تورکیش نکۆڵی لە
راستییەکان کرد."
بەڵام ئاکام ڕەسوڵی ڕۆژنامەنووس دەڵێت بەھیوام لەئێستادا ئەو پرسە
نەخرێتە ڕۆژەڤ مەترسی خۆشی نیشان دەدات ئەگەر پەکەکە چەک دابنێت ئەوا
ھەر چوارپارچەی کوردستان دەکەوێتە بەرمەترسیەوە.
diaryzana@ymail.com
|