رۆژنامە و کۆنترۆڵى دەسەڵات.
نەجات روستى
ئەوەى ئاگادارى بین ئازادیى رۆژنامەگەرى کوردى یە لە کوردستانى باشوور، دیارە بەپێچەوانەى بەشەکانى دیکەى کوردستان کە هەروەها لە ژێر گوشار وقەیرانى رژێمە دیکتاتۆرەکاندا دژایەتى دەکرێن و، ئەوەى ئازاد نەبێت لەو بەشانەدا رۆژنامەگەریى و رۆژنامەنووسانن، بەڵام سەرەڕاى ئەو ئازادى وسەربەستییەى کە خودى رۆژنامەگەرى هەیەتى هێشتا لەژێر کۆنترۆڵى لایەنە دەسەڵاتدارەکاندایە ورۆژنامە وبڵاوکراوەکان زۆر جار دەکەونە بەرگورزى چاوەدێرى وپشکنین وکۆنترۆڵى دەسەڵاتەوە، جا چ بەهۆى ئاشکراکردن ودەرخستنى چەوتیەکانى دەسەڵاتەوە بێت یا خستنەڕووى راستییەکان ودەربرینى بیرورا وقسەى خەڵک.
ئەمەش خۆى لەگەڵ خۆىو پرسیارێکى دیکە کێش دەکات، ئایا رۆژنامەگەریى تا چ رادەیەک سەربەستە لەتێکەڵبوون بەخەڵک وگەیاندنى راستییەکانیان بە دەزگا بەرپرسەکان؟ وەلامى ئەم پرسیارەش بەدەرەجەى یەکەم لاى خودى لایەنە بەرپرسەکانى دەسەلات، دواتر وابە نووکى خامەى رۆژنامەنووسان وئەدیب وکەسانى رۆشنبیر وبوێرەوە دەدرێتەوە دیوێکى دیکەى رۆژنامەگەریى کوردی لە باشوورى کوردستان گرینگى دانە بەباس وخواس ومەسەلەى ژنانەوە کە ئەمە لایەنێکى دیکەیە وپێویستى بە ئاماژەپێکردنە.هەموو دەزانین کە ژنى کورد تا چ رادەیەک گیرۆدەى قەیران وزوڵم زۆریى کۆمەڵگایە ولە ئازادییەکانى بێبەشە، چۆن قەتڵ وعام دەکرێت ودەستدرێژى دەکرێتە سەرمافەکانى ؟ ئەوەى شایانى گوتنە لە رۆژنامەگەریى کوردیدا بایەخى ئەوتۆ نەدراوە بەمەسەلەى ژنان وەک تاکێکى چالاک وکاریگەر لە کۆمەڵدا ،بە واتایەکى تر، ئاوردانەوەى رۆژنامەگەریى لەمەسەلەی ژنان وەک دڵۆپێکە لە دەریا وبەگشتى وەک پێویست بایەخى پێ نەدراوە وداکۆکى تەواوى لێناکرێت .
بەڵام ئەوەى مایەى خۆشبەختى یە، خودى ژنان خۆیان هەنگاوێکى گرینگیان ناوە لەبوارى رۆژنامەگەرییدا وبەدەر لەو کێشانەى کە رووبەڕوویان دەبێتەوە کەتوونەکار بۆ رووخاندنى ئەو دیوارەى لەنێوان ژن وپیاودا هەڵچنراوە، لەم ساڵانەى دواییدا ژمارەیەک لەخانمان کەم وزۆر چالاکانە لەبوارى رۆژنامەگەرییدا کاردەکەن، وەک چالاکییەکى بەرچاو لەم بوارەدا ژمارەیەک بڵاوکراوە وگۆڤار کەوتوونە بازارەوە کە خانمان بەرێوەى دەبەن وتیایاندا بابەت وویست وداواکارییەکانیان دەخەنەروو،لەم بوارەدا بۆ نمونه دەتوانرێ بەچەند بڵاوکراوەى چاپکراو وئەلیکترۆنى وەک(پێکە) ،(رێوان) ،(ئاوێزە) وهیتر... ئاماژە بکرێ،مەسەلەیەکى گرینگى دیکە ژمارە وجۆرى و ئەو رۆژنامە وگۆڤارانەن کە رۆژانە دەخرێنە بازارەوە و وەک شکل وتیراژ شێوەیەکى جوان ومۆدێرنیان لەخۆ گرتووە، بەڵام ئایا لە ناوەرۆکدا تا چ رادەیەک سەربەستن؟ پێوەندى بەزۆر هۆکارى سیاسى وکۆمەڵایەتى وفەرهەنگییەوە هەیە.
وەک لەپێشدا ئاماژەم بە ژمارە وجۆرى بڵاوکراوەکاندا و، ئەوەیکە رەوتى پێشکەوتنى رۆژنامەگەرى کوردى کاریگەرییان لەسەر هۆشیارکردنەوەى خەڵک وورژاندنى مەسەلەى ئاڵۆز وکێشە بەرچاوەکانى تایبەت بە کۆمەڵ وخەڵکەوە هەبوووە وهەیە، بەڵام هێشتا پێم وابێت ئاستى سەربەستى وئازادیى لە رۆژنامەگەریى کوریدا ماویەتى بگاتە چڵەوپۆپ ولەچاو ئەو وڵاتانەى کە رادەى ئازادى رۆژنامەگەریى تیایاندا لە ترۆپکدایە شیاوى بەراوردکردن نییە،بەتایبەت لە وڵاتانى پێشرەفتە وخاوەن دیمۆکراسى کۆمەڵ بەدەوڵەت وبەپێچەوانەشەوە بۆ لە قاودانى کار و کردەوەى ناقانوونیى بەرێوەبەرانى سیاسى ودزیى وگوندەڵیى ئیدارى ودەوڵەتى ، وەک بڵند گۆى راستیى وزمانى هەقبێژانەى خەڵک وکۆمەڵگا بە حیساب دێت! لە کۆتاییدا، هیوادارم رۆژنامەگەریى کوردیش کە ماوەى زیاتر لەسەد ساڵە چ بەشێوەى نهێنى وچ بە شێوەى سەربەست لە دەرەوە وناوەوەى کوردستان لە چالاکیدا بووە، هەنگاووبنێتە ناو مەیدانى ئازادەوە ووەک سەکۆیەکى پتەوەى کۆمەڵگەى مەدەنى رۆژ لە دواى رۆژ بەرزتر وبڵندتر وخۆراگرتر بێت .
najatrosty@yahoo.com
|