په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

ڕۆژنامەی هاوڵاتی‌ و ڕۆژنامەی (الثورة)ى حیزبى به‌عس.

جه‌مال عه‌زیز


لەیادمانە لەسەردەمی ڕژێمی بەعس لەعێراق ڕۆژنامەی الپورە زمان حاڵی حیزبی بەعس بوو،هەروەها لەبیرمانە چ دەورو کاریگەریەکی خراپی هەبوو لەسەر ڕەوتی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی عێراق لەبوارەکانی سیاسی، ئابوری، فەرهەنگی،کلتوری،هەرچی دەنوسراو دەبینرا لەوڕۆژنامەیەدا لەخزمەت حیزبی بەعس و سەرۆکە دڕندەکەیدا بوو.

لەدوای ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەساڵی 1991 چەندین جۆر لەڕۆژنامەو هەفتەنامە لەکوردستان هاتنە ئاراوە،هەندێکیان حیزبی‌و هەندێکیان گوایە ڕۆژنامەی ئازادن‌و سەربەخۆن،تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت زۆرینەی خەڵکی کوردستان بەگومانن لەسەربەخۆیی زۆربەی ڕۆژنامەکان بە ڕۆژنامەی هاوڵاتیشەوە؟!

*ڕۆژنامەی هاوڵاتی باس لەنەبوونی ئازادی دەکات لەکوردستان بەهەموو چەمکەکانیەوە! بەڵام کام وشە کە شایستە بە بڵاو کردنەوە نیە لەڕۆژنامەی هاوڵاتی بڵاودەکرێتەوە‌و دەیکەن بە مانشێتی ڕۆژنامەکەو کڕیارێکی باش بۆ ڕۆژنامەکە پەیدا دەکەن.

* هەرکەس لەم جیهانەدا دوژمن بەکوردە و قسەیەک بکات دژ بەکورد و دژ بەدۆزە ڕەواکەی،ڕۆژنامەی هاوڵاتی بەبێ هیچ سانسۆرێک ،بەبێ هیچ سەرنجێک لە سەر نووسەرەکەی بڵاوی دەکەنەوە ،ئەگەر نوسەر بەزمانێکی مردووی جیهانیش بابەتەکەی نووسیبێ گرنگ نیە ڕۆژنامەی هاوڵاتی وەریدەگێڕنە سەرزمانی کوردی؟!

* وتەی هەموو قسەکەرێکی ڕەسمی‌و ناڕەسمی ،سەربازی‌و سیاسی، دوژمنانی گەلی کورد بڵاو دەکەنەوە ، بەمەرجێک کارمەندانی ڕۆژنامەی هاوڵاتی زۆر لە خوێنەران باشتر دەزانن کەئەم جۆرە بڵاوکردنەوانە زیان بە گەلی کوردو بە گشت خەڵکی کوردستان دەگەیەنێ،نەک گەلی کورد سودمەند بکات؟!

* هەموو هەواڵێکی باش‌ودڵخۆشکەر، هەموو کاروکردەوەیەکی خۆماڵی پشتگوێ دەخەن گوایە ئەم هەواڵە کۆنەو بۆ بڵاوکردنەوە ناشێ،لەلای کارمەندانی ڕۆژنامەی هاوڵاتی عەقڵێک دروست بووە کە دەبێت نیشانەی پێچەوانە (ڤرب) بهێنیت بەسەر هەموو باسو خواسێکی کوردستاندا ئەوسا دەبیت بەڕۆژنامەیەکی باوەڕپێکراو و دژ بە دەسەڵاتەو سەربەخۆ؟!

ڕۆژنامەی الپورە ى حیزبی بەعس زیاتر لە 3 ملوێن کوردی باشوری بە ئاژاوەگێڕ ناوزەند کردبوو تەنها لەبەر ئەوەی ملکەچی بەعس‌وسەرۆکەکەی نەبوون،هەموو کارێکی باش‌و چاکەی گەلی کوردی فەرامۆش دەکرد تەنها لەبەر ئەوەی لەسایەی حیزبی بەعسدا نەکرابوو.

کارمەندانی ڕۆژنامەی هاوڵاتی قسەوقسەڵۆکی بەعسیەکان بڵاو دەکەنەوە کە دژ بەسەرانی کوردو حیزبە کوردستانیەکان دەیکەن،زۆر بێباکانە دەیکەن بە هەواڵێکی گرنگ‌و بە مانشێتی گەورە بڵاوی دەکەنەوە ،ئەم کارە قێزەونەی کە دوورە لە ڕەوشتی کاری ڕۆژنامەوانی تەنها لەبەر پڕفرۆشی ڕۆژنامەکەیانە.

زۆربەی خەڵکی کوردستان دەزانن ئوسامە نجێفی کێیە‌و چی بیرکردنەوەیەکی هەیە بەرامبەر بەکوردو کوردستان،کەسێکی بەعسی تائێستاش هەربەعسی‌و نوێنەری بەعسیەکانە لە ئەنجومەنی بەناو نوێنەرانی عێراق ،ئوسامە نجێفی کەسێکی هێندە قین لەدڵە بەرامبەر بەکوردو کوردستان هەرگیز ڕێگە بەخۆی نادات وشەی کوردستان بەکار بهێنێ هەر دەڵێت (شمالعراق) بەکورد دەڵێت(کاکات) بە نوێنەرانی کورد لەبەغداد دەڵێت(هەدۆلە)،بەڵام ڕۆژنامەی هاوڵاتی زۆر بەشانازیەوە وتە بێنرخەکانی بڵاودەکەنەوە.

کاری بڵاوکردنەوەی قسە بێنرخەکانی ئوسامە نجێفی بەشێوەیەکی خوێنەر خەڵەتاندن لەلایەن ڕۆژنامەی هاوڵاتیەوە دێتە وەشاندن چۆن؟؟ دەزانن گەر بنووسن ئوسامە نجێفی وتی دەنگ مەدەن بە مەسعود بارزانی‌و دەنگ مەدەن بە لیستی کوردستانی ، ئەوە هیچ کەس لە دڵسۆزانی کوردو کوردستان ئەو بابەتە ناخوێنێتەوە،بگرە ئەو ڕۆژە کەس ڕۆژنامەی هاوڵاتی بەگشتی ناخوێنێتەوە، بەڵام دێن بەمانشێتێکی گەورە دەنووسن ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی دەنگ مەدەن بە مەسعود بارزانی دەنگ مەدەن بەلیستی کوردستانی بۆ ئەوەی دیکتاتۆر دروست نەبێت ،ئەم خۆڵ لەچاو کردنەش تەنها بۆئەوەی کەسی خوێنەر بەگومانەوە بابەتەکە بخوێنێتەوەو بزانێت ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کێیە کەئەو قسەیەی کردوە،بەڕاستی ئەمەش جۆرێکە لە بێڕەوشتی کاری ڕۆژنامەوانی.

ڕوو زەردی بۆ دەسەڵاتی چوارەم! ئەگەر بیەوێت بەم شێوە خۆڵ لەچاو کردنە دەسەڵاتی سیاسی، ئابوری، فەرهەنگی، لەناو گەلێکی ستەم دیدەی وەک گەلی کورد دەسەڵات بگرێتە دەست،تەنها ڕۆژنامەی هاوڵاتی نیە لە کوردستان کە سەرنج‌و تێبینی هەبێت لەسەر دەسەڵاتی سیاسی، پەڕلەمان‌، سەرۆکی هەرێم‌و حیزبەکانی هەرێمی کوردستان‌و دەستوری هەرێم کە ئامادە کراوە بۆ دەنگ دان لەسەر ڕەش نووسی دەستووری هەرێم،زۆرن ئەو کەسە ڕۆشنبیرو زانایانەی لە بواری دەستوور تێبینیان هەیە لەسەر دەستوور،بەڵام ئەو سەرنج‌و تێبینیانە بۆ باشتر کردنی دەستورو ڕەوتی سیاسەتە لە هەرێمی کوردستان ،نەک بۆلەکەدار کردنی کوردو کوردستان، ئێمەی خەڵکی کوردستان زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی هەرێم بە ناچالاک‌و وابەستە بەحیزبەکانەوە ناودەبەین،بەڵام کامیان لە ئەندامەکان زۆر زۆر خراپە ئەوەیان زۆر باشترە لە ئوسامە نجێفی‌و هەموو ئوسامەکانی عێراق.

ئەگەر کارمەندانی ڕۆژنامەی هاوڵاتی لە کەشێکی نیمچە دیموکراتی و لەباردا کاری ڕۆژنامەوانی ناکەن ،ئەی بۆچی لەسەردەمی ڕژێمە لەناوچوەکەی بەعسی عێراق ڕۆژنامەیەکی دژ بەدەسەڵات نەبوو جگە لەوانەی کە لەهەندەران دەردەچوون یان لە شاخەکانی کوردستان.

من کەسێکم واخۆم نیشان دەدەم کە هیچ تەبانیم لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان نوسراو و بۆچونم هەیە لەسەر دەسەڵاتی حوکمەتی هەرێم‌و حیزبە کوردستانیەکان ،هانی خەڵکیش دەدەم بۆ ئەوەی ئەم دەسەڵاتەی ئەمڕۆی کوردستانیان پێباش نەبێت‌و هەوڵ بدەن بۆباشکردنی لەهەموو ڕوانگەکانەوە،بەڵام هەرگیز ئوسامە نجێفی و بەعسیەکانی عێراقم پێباشتر نیە ،هەرگیز نامەوێ گوێ بیستی قسەو قسەڵۆکی بەعسیەکان بم سەبارەت بە کوردستان، لەبەر ئەوەی هەموو خەڵکی کوردستان ڕابردوویەکی زۆر تاڵمان هەیە لەگەڵ بەعس‌و بەعسیاکانی عێراق‌‌و کوردستاندا.

باس نەکردنی هیچ کاروکردەوەیەکی باشەی حیزبە کوردستانیەکان بەگشتی، باس نەکردن لەو ئەزموونەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان بەگشتی، گومانێک لە سەربەخۆیی ڕۆژنامە بەناو سەربەخۆکان لای خوێنەری کورد دروست دەکات کەدەبێت چ دەستێکی دەرەکی تایبەت دژ بەکوردو کوردستان لەپشت ئەم ڕۆژنامەیەوە بێت، دەبێت چ مەرجێکی قورس دانرابێت بۆ ڕۆژنامەی هاوڵاتی؟ بەڵام وەڵامەکەی ئاشکرایە کە تەنها مەرج باس نەکردنە لە کوردوکوردستان ،دژایەتی هەموو کارێکی باشە لەناو هەرێمدا، کەواتە لەم ڕوانگەیەوە دەگەینە ئەوڕاستیەی ئەو ئابووریە بەهێزەی ڕۆژنامەی هاوڵاتی هەیەتی لەلایەن دوژمنانی گەلی کوردەوە دابین دەکرێت، تەنها مەبەستیش دروست کردنی ناکۆکی‌و ناتەباییە بۆ پارچە پارچەکردنی گەلی کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستان.
 

 

jamalrangin@yahoo.se