په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٣\٢٠١٠

رۆژنامەی کوردستان
ژمارە:
١ ، ساڵ: ١٩۴٧ ، باکۆ.


فەخرەدین تاهیر


بزاڤی ڕۆژنامەگەریی کوردی بەدرێژایی مێژووی سەرهەڵدانی تا بەئەمڕۆ ڕادەگات، کارێکی ئەوتۆی بۆ نەکراوە کە سەنتەرێکی لێتۆژینەوەو ئەرشیفی هەبێت.ئەو سەربازە ونانەی یەک دوو ژمارەی ڕۆژنامەیەکیان لە ئەرشیفخانەیەک دۆزیبێتەوە، ئەمەیان هەوڵی تاکەکەسی بووە، بەڵام هەوڵێکی دەستەجەمعی یاخود دەستپێشخەرێکی فەرمی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە دوای ڕاپەرین لەم رووەوە نەبووە و هەر بیریشی لێنەکراوەتەوە، هەر کاتێک بۆ سۆراخی ڕۆژنامە وچاپەمەنیە کوردیەکان ڕوو لە ئەرشیفخانەیەک لە دەرەوەی کوردستاندا بکەم ، جاری وا هەیە شەرم دەمگرێ کە بێگانە لە ئێمە زێدەتر لە خەمی پاراستنی ڕۆژنامە و چاپەمەنیەکانماندان.
بەداخەوە جارێ زۆرمان ماوە تا فێری کولتووری پاراستنی کەلوپووری نەتەوایەتی خۆمان ببین. هەتا ئەو ئەرشیفخانە گەورا‌نەی جیهان نەبینین نازانین بێگانە چ لە ئێمە زێدەتر بەتەنگ کولتووری نەتەوایەتی نەتەوەی کوردەوە بوون. ئێمە مانان دێین بە هەوڵوماندوو بوونی خۆمان لێرەو ولەوێ ڕۆژنامەیەک لە ئەرشیفخانەیەکی وڵاتێکی دوور لە وڵاتەکەی خۆمان دەدۆزینەوە، هونەر لە دۆزینەوەکەی دا نییە بەقەدەر ئەوەی هونەر لە پاراستنی ئەو هەموو ساڵەی دایە کە لە جیاتی ئێمە بۆیان پاراستووین.زۆرجار پرسیار لە خودی خۆم دەکەم و دەپرسم دەبێژم: ئەرێ کەی ئێمەش وەک ئەوانمان لێدێت، یان وەک ئەوان بەتەنگ پاراستنی کولتووری نەتەوایەتی نەتەوەی خۆمان دەبین..؟


هەر لەبەر خۆمەوە وەک هوڕێنە ئاسا وا وەڵامی خۆم دەدەمەوە و دەڵێم: ئێمە لەبەر ئەوەی هەستی نەتەوایەتیمان لاوازە و تا ماوەیەکی تریش پێموایە هەر بەم شێوەیە دەمێنینەوە، ئەگەر لەمە بە دوا بیربکەینەوە و بۆ سەرلەنوێ بیناکردنەوەی هزر و ئەندێشەی نەتەوایەتیمان و لەو ماڵوێرانی و پاشاگەردانی تێیکەوتووین خۆ رزگار بکەین،بێگومان ئەم هەوڵەش نابێ هەوڵی تاکەکەسی بێ، بەڵکو هەوڵی فەرمی حکومەت لە ڕووی ستراتیژی نەتەوەیی بە پلان وبەرنامە داڕێژراوبێ، بەپلەی یەکەم بۆ بیناکردنەوەی کەسایەتی چڤاتی کوردی بەگشتی و تاکی کورد بەتایبەتی، هەڵبەتە لە هەنگاوی یەکەمدا دەبێ بۆ ئێستا و ئایندەی خاک و نەتەوە و کولتوورەکەمان ئامادە باشیمان تێدا هەبێ و بۆ هەموو پێشهاتێکیش خۆمان بە بەرپرسیار بزانین.


ئەوی جێگەی گوتنە لەم چەند دێرەی لەپێشدا ئاماژەم پێداوە، هەر لەبەرئەوە بوو کە بیخەمە ڕوو ئێمە تا ئێستا ئێستایە ئەرشیفمان نییە و کە ئەرشیفیش نەبوو سەرچاوەی باوەڕپێکراومان نابێ، ئەگەر سەرنج بدەین ئەو هەموو نووسین و وتارانەی دەربارەی بزاڤی ڕۆژنامەگەریی کوردی نووسراون، دەتوانین ببێژین کە بەشێک لە نووسینەکان لە‌ ڕووی ئەکادیمییەوە باوەر پێکراونین،چونکە سەرچاوەی باوەڕ پێکراومان لە ژێر دەستدا نییە، هۆکاری نەبوونی سەرچاوەی باوەڕپێکراویش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئەرشیفخانەیەکی نیشتمانیمان نییە، کە ئەو ‌هەموو سەرچاوانەی لەلای خۆی پاراستبێت،تەنیا لەم ڕووەشەوە لێرەو لەوێ بەهەوڵی تاکە کەسی تەماشا دەکەیت نووسەرێک یان شاعیر و ڕۆژنامەنووسێک وەیان مامۆستایەکی زانکۆ لە ڕێی کتیبخانە تایبەتیەکەی خۆیەوە دەیان و سەدان کتێب و دەستنووسی گرانبەهای لەکنە خۆی پاراستووە و تاڕادەیەک چ خودی خۆی یان ئەوانەی بەتەنگ کولتووری نەتەوایەتیەوە بووینە سوودیان لەو ئەرشیفخانە شەخسییانە تاڕادەیەک بینیوە و دەبینن.


ئەوی جێگەی گوتنە بەر لە ڕاگەیاندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە شاری مەهاباد،حیزبی دیموکراتی کوردستان کۆمەڵیک خوێندکاری بۆ خوێندن ڕەوانەی یەکێتی سۆڤیەت کرد بوو، ئەم خوێندکارانە دوای لەناوچوونی کۆمار بیریان لەوە کردەوە کە درێژە بەدەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان کە ئۆرگانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو بدەن. هەڵبەتە لە هەلێک دەگەڕان بۆیان بێتە پێشەوە، ئەوە بوو فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجان دەستیان بە دەرچوونی ڕۆژنامەی (ئازەربایجان) کرد و هەفتەی دووجار ڕۆژانی شەممە و سێشەممە چاپ و بڵاودەکرایەوە و ڕۆژنامەکە چوار ڵاپەڕەی قەوارە A3 بوو،بەگوێرەی ژمارە یەکی ڕۆژنامەی کوردستان مان لەبەر دەستدایە، لە ژمارە دووی ڕۆژنامەی ئازەربایجان دا، ڵاپەڕەی دووەمی بۆ تەرخان کراوە.


دکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمەد لە کتێبی تێگەیشتنی ڕاستی و شوێنی لە ڕۆژنامەنوسی کوردیدا، لەڵاپەڕە (223) دا بەم شێوەیەی دەربارەی ڕۆژنامەی کوردستان نووسیوە: کوردستان باکۆ (؟) ژمارەیەکی: 6 ی کانوونی یەکەمی 1947، لەسەر ڕۆژنامەکە نووسراوە(ماوەی رۆژنامەی کوردستان)ە، مەبەستی ئەو ڕۆژنامەی (کوردستان)ەیە کە ساڵی 1946 لە مەهاباد دەرچو. لە ژمارە دەیەوە(16ی بەفرانباری 1328 – 6 ی کانونی دووەمی 1948) لەژێر ناوەکەیدا نوسراوە:( ئۆرگانی حیزبی دیموکراتی کوردستان)ە. بەشێکە لە رۆژنامەی ئازەربایجان کە ئۆرگانی (فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجان)ە.


دکتۆر عەلی گەڵاوێژ و دکتۆر رەحیمی قازی و دکتۆر ع.شـەمزینی بەناوی خۆیانەوە بەرهەمیان تێدا بڵاوکردۆتەوە. دەوروبەری 15 ساڵ ژیا.


ئەوی ڕاستی بێ هەندێک لە زانیاربەکانی دکتۆر کەمال مەزهەر دەربارەی ڕۆژنامەی کوردستان ئەوانەی پەیوەندیان بەساڵی دەرچوون و چەند ساڵ بەردەوام بوونەوە هەیە، ناتەواون.


ڕۆژنامەی کوردستان لەسەر ڕووپەڕی ژمارە یەکی دا بەم شێوەیەی لەسەر نووسراوە: لەسەری سەرەوە نووسراوە: (ماوەی رۆژنامەی کوردستان)، و لەژێریەوە لەدەستە ڕاستدا،ژمارە (1) و لە دەستە چەپیشدا (6 دسامبر 1947)دا، نووسراوە و لە ژێر ژمارە و ساڵی دەرچوون لە نێوەراست بە قەوارەکی کەمێک گەورەتر ناوی (کوردستان) نووسراوە. مانشێتی سەرەکی ڕۆژنامەکەش بەسەرناوی :


نەتەوەی کورد بە مبارزەی ازادی ایدامە دەدات، چاپ کراوە.
سەرجەمی ڵاپەڕەکە هەر هەمووی بە پێنج ستوون نووسراوەتەوە،دووستوونی لای ڕاست وتارێک بەسەرناوی: نیشتمان بە پێنووسی ر- س بڵاوکراوەتەوە و لەلای چەپی ڵاپەڕەکەشدا وتارێکی دیکە بەسەرناوی: هاواری تولە و انتقام بە پێنووسی ع- گ نووسراوە.


لە ڕووی نەخشەسازی رۆژنامەکەدا هیچ نەخشەسازێکی ئەوتۆی بۆ ئەنجامنەدراوە و لە ڕووی ناوەڕۆکی وتارەکانیش وتاری سادە و ساکارن.


لە ژمارەی دەیەوە ‌‌هەندێک گۆڕانکاری کەم بەسەر ڕۆژنامەکە داهاتووە و لە نێوەڕاستی ڵاپەڕەی ڕۆژنامەکەدا لەسەری سەرەوە (کورستان) بە قەوارەیەکی کەمێک گەورەتر و لە ژێرەوەش بەم شێوەیە: اورگانی حزبی دیموکراتی کوردستان و لە ژێرتریش لەلای ڕاست ژمارە: 10 و لەلای چەپ ساڵی دەرچوون: 16 بەفرانبار 1326 نووسراوە. هەموو ڵاپەڕەکە بە دوو بابەتی نووسەران: م- سلماسی و س- اسعد بڵاوکراوەتەوە.


دوا ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان بەم شێوەیەی لەسەر نووسراوە: لەسەری سەرەوە لە نێوەڕاستدا بە کەمێک گەورەتر ناوی کوردستان و لە ژێریشەوە : اورگانی حزبی دیموکراتی کوردستان نووسراوە. لەلای ڕاستی ژمارە (99)و لەژێر ئەویش: (لەلایەن دەستەی نووسەران دەردەچی) نووسراوە. لەلای چەپیش نووسراوە: شەممو 22 خەزەل وەر 1337 و لەژێریەوەش نووسراوە: (لەچاپ ودەست تیوەردانی نووسراوەکان دا ازادین).


لە دوا ژمارەدا سێ بابەت بەبێ ناوی نووسەران بڵاوکراونەتەوە و بابەتەکانیش بریتین لەمانە:
ترکیبی دولتی ساعد و امانجی ی وی
بووە دەست هێنانی ازادی و سەربەخوئی کوردستان بەرەو پیش!
نتایجی هەڵبژاردنی امریکا.


ئەو نووسەرانەی چ بەناوی ڕاستەقینەی خۆیان و یان ئەوانەی بەناوی خوزراو لەو (99) ژمارەی کوردستاندا بابەتیان بڵاوکردۆتەوە بریتین لەمانە: ر- س ، ع- گ ،ع.شەمزینی ، ا- نادری، ک،ایوبی ، حسن قادری، حسن زادە، م- کامران ، س- اسعد ، هەلگورد ، رشید- س ، م- سلماسی ، رحیم- سیف قازی ، قادر-حسنی ، کاکە ، کوری کورد ، دل خوش ، باپیر- بایز، رزم اور، گلاوێژ.


ڕۆژنامەی کوردستان لە شاری باکۆ بەرێکوپێکی بۆ ماوەی (14) ساڵا‌ن بەبێ وەستان لە دەرچوون بەردەوام بووە.
هەموو ژمارەکانی ڕۆژنامەی کوردستان یەک دیزاینی بۆ کراوە و ڕاستە ڕۆژنامەیەکی سادە و ساکار بووە، بەڵام بۆ سەردەمی خۆی کەم تا زۆرێک ڕۆڵی گرنگ و دیاری خۆی هەر هەبووە.
________________________________________
سەرچاوە وپەراوێزکان:
1. سوودم لە هەموو ژمارەکانی ڕۆژنامەی کوردستان کە لە نێوان ساڵانی (1947- 1961)دا، لە شاری باکۆی ئازەربایجان دەرچووە وەرگرتوە.
2. ع.گ : دکتۆر عەبدولرەحمان گەرمیانی خەڵکی شاری مەهاباد بوو، یەکێک بوو لەو خوێندکارانەی کە لەساڵی (1945)دا،بۆ خوێندن ڕەوانەی یەکێتی سۆڤیەت کرابوو خوێندنی پزیشکی خوێندبوو و ساڵانێکی دوور و درێژ بوو لە شاری مۆسکۆ دەژیا، بەندە لە ئاهەنگی جەژنی نەورۆزی ساڵی (1993) دا، لە شاری مۆسکۆ بۆ یەکەمینجاربەخزمەتی گەیشتم. ساڵی پار کوڕە گەورەکەیم لەماڵی کورد لە شاری مۆسکۆ بینی و هەواڵی باوکیم لێ پرسی لە وەڵامدا گوتی: باوکم چەند ساڵێکە ماڵئاوایی کردوە.
3. ع.شەمزینی : دکتۆر عەزیز شەمزینانی دکتۆرای دەربارەی مێژووی کورد بە دەستهێنابوو و ئەم زاتەش دەمێکە ماڵئاوایی لە ژیان کردوە.
4. ک.ایوبی : دکتۆر کەریم ئەیوبی یەکێک بوو لەو خوێندکارە کوردانەی لە مەهابادەوە ڕەوانەی یەکێتی سۆڤیەت کرا بوو بۆ خوێندن و دکتۆرای دەربارەی ئەدەبیاتی کوردی و بەشێکی تێزی دکتۆراکەی دەربارەی مام هەژاری موکریانی بوو، بە ماوەیەک پێش ماڵئاوایی کردنی لەماڵی خۆی لە دەستپێکی مانگی گوڵاندا، لەگەڵ بەرێزان دکتۆر نیاز لاجانی و دکتۆر مەغدید سەپان و یوسف سماقوڵی و بەیان خانی هاوژینم لەشاری لینینگراد سەردانمان کرد و لە مانگی ئەیلولی ساڵی (1995)وهەر لە هەمان شار دا کۆچبار بوو و تەرمەکەشیان بردەوە شاری مەهاباد و هەر لەوێش بە خاک سپێردرا.
5. رحیم- سیف قازی : دکتۆر رەحیمی قازی کوڕی سەیفی قازی شەهیدە و یەکێک بوو لەو خوێندکارانەی ڕەوانەی یەکێتی سۆڤیەت کرا بوو بۆ خوێندن و دکتۆرای تەواو کردبوو، ماوەیەی چەند ساڵێکە ماڵئاوایی لە ژیان کردوە.
6. گلاوێژ : دکتۆر عەلی گەڵاوێژ ئەویش لە گروپی ئەو خوێندکارانە بوو ڕەوانەی یەکێتی سۆڤیەت کرا بوو بۆ خوێندن و دکتۆرای تەواو کردبوو، وەک دەگێڕنەوە دوای شۆڕ‌شی گەلانی ئێران لە ساڵی(1979) دا ،بەدواوە گەڕاوەتەوە ئێران و دواتر لەلایەن دەستهڵاتدارانی ئەو وڵاتە بێسەر و شوێن کراوە.
7. واپێدەجێت بەشێکی زۆری ناوەکانی دیکە خوازراو بن.