٧\١١\٢٠١٥
چیڕۆک بۆ منداڵان:
رۆژنامەنووسێکی
بچووک.

رەزا ساڵح
هەفتەیەک بوو، کە ساڵی خوێندنی تازە دەستی
پێکردبوو .. لە پۆلی شەشەمی بنەڕەتیدا بووین .. رۆژێک مامۆستای زمانی
کوردیمان، ئەم پرسیارەی لە قوتابیانی پۆلەکەمان کرد : " حەزدەکــەن لە
داهاتــوودا .. بـبن بە چـی .. ؟ "
مامۆستا : رەنگین گیان تۆ حەزدەکەی لە داهاتوودا .. ببیت بە چی ..؟
رەنـگین : من حەزدەکەم ببم بە پزیشک .. بۆ ئەوەی چارەسەری نەخۆشەکان
بکەم .
مامۆستا : شڤان تۆ حەزدەکەی .. ببیت بە چی ..؟
شـڤان : من حەزدەکەم ببم بە ئەندازیار .. نەخشەی کۆشکی قەشەنگ و،
تەلاری بەرز و، شەقامی بەرین و، باخچەی جوان و رەنگین .. بۆ کوردستان
بکێشم .
مامۆستا : ڤیان ئەی تۆ هیواداریت .. کە ببیت بە چی .. ؟
ڤیـان : من زۆر حەزدەکەم ببم بە مامۆستا .. بۆ ئەوەی منداڵانی کوردستان
فێربکەم .
مامۆستا : جوان تۆ دەتەوێ لە داهاتوودا .. ببیت بە چی .. ؟
جـوان : من حەزدەکەم ببم بە پارێزەر .. بۆ ئەوەی داکۆکی لە
ستەملێکراوان بکەم .
مامۆستا : حەز و ئارەزووەکانتان .. زۆر جوانن .. هیوادارم بە هەوڵ و
کۆششتان .. بە حەز و بە هیواکانتان بگەن .
مامۆستا : دیلان ئەی تۆ حەزدەکەیەت لە داهاتوودا .. ببیت بە چی .. ؟
دیـلان : من لە ئێستاوە دەمەوێ .. ببم بە رۆژنامەنووس .
مامۆستا : زۆر باشە .. چونکە رۆژنامەوانی کارێکی خۆشە .. رۆژنامەنووسی
ئازاد هەواڵی هەمەجۆرە دەگوازێتەوە .. رۆشنبیری بڵاودەکاتەوە ..
کێشەکانی خەڵکی دەستنیشان دەکات .. رەخنە دەگرێت و .. پێشنیاری باش
پێشکەش دەکات .
جـوان : بەڵام چـۆن لە ئیستاوە ئەوە دەبێت .. ؟!
دیـلان : هاوڕێ خۆشەویستەکانم .. سەرتان سووڕنەمێنێ .. ئەوەی بڕوای بە
خۆی هەبێ و هۆش و تواناکانی بەکاربهێنێت .. دەتوانێت نەک تەنها ببێت بە
رۆژنامەنووس .. بەڵکو دەتوانێت بە خۆریش بگات .
مامۆستا ( بە سەرسووڕمانێکەوە ) : دیلان قسەکانت لە قسەی رۆژنامەنووس
دەچن .. دەتوانی تێمان بگەیەنیت .. چۆن هەر لە ئێستاوە .. دەتوانی ببی
بە رۆژنامەنووس .. ؟
دیـلان : مامۆستا گیان .. گەر رێم پێبدەی .. هەر لە ئێستاوە دەستی
پێدەکەم و.. راستیی قسەکەمتان بۆ دەسەلمێنم .
مامۆستا : بەڵێ رێ پێدراوی .. فەرموو دەستی پێبکە و .. بۆمانی بسەلمێنە
.
دیـلان ( پێنووسيک و پەڕەیەک کاغەزی سپی گرتە دەستییەوە .. بە
زەردەخەنەیەکی ناسکەوە .. ئەم پرسیارەی لە هاوڕێکانی کرد ) : واتای
کوردسـتان پەروەری چییە ..؟
جـوان : واتە لە ناخی دڵمانەوە .. کوردستانمان خۆشەویستمان .. خۆشدەوێ
.
دیـلان : ئافەرین .. وەڵامەکەت زۆر راست و جـوانە .
هیـوا : پێویستە هەمیشە ژینگەی جوانی کوردستانمان .. بپارێزین .
دیـلان : دەمخۆش .. ژینگەی پاک هێمایە بۆ گەلێکی پاکدۆست و ..
نیشتمانێکی جوان .
ڤیـان : پێویستە ئەرکەکانی سەرشانمان بەرانبەر بە کوردستانمان ..
جێبەجێ بکەین .
دیـلان : راستە لە پێشا ئەرکەکانمان جێبەجێ دەکەین .. ئینجا داوای
مافەکانمان دەکەین. دیـاکۆ : پێویستە هەموومان پارێزگاری لە خاکی
پیرۆزی کوردستانمان بکەین .. زۆر شانازیش بە خۆڕاگری پێشمەرەگە دڵسۆز و
قارەمانەکانمان و .. بە شەهیدەکانی نەمری کوردستانەوە بکەین .
دیـلان : هەر بژی .. بەرگری و پارێزگاری کردن لە کوردسـتانی شیرینمان
.. ئەرکێکی پێویست و زۆر پیرۆزی ئەستۆی هەموو کوردستانییەکی
کوردستانپەروەرە .
مامۆستا ( چەپڵەیەکی قایمی بۆ لێدان .. ) : ئافەرین دیلان ی
رۆژنامەنووس .. ئافەرین قوتابییەکانم، بۆ وەڵامە جوانەکانتان .. ئێوە
مایەی دڵخۆشی و شانازین بۆ داهاتوومان .. چاوەڕۆان بن .. بەیانی شتێکی
سەیر دەبینن .
بەڕێوەبەری قوتابخانە ( بەیانی لە کاتی ریزبوونی قوتابیان لە گۆڕەپانی
قوتابخانەکەدا)
: بەیانیتان باش قوتابییە ژیر و نازدارەکانمان .. هیـوادارم لە
داهاتوودا ببن بە مایەی شانازی بۆ کورد و کوردستان .. بە ناوی هەموو
مامۆستاکانیشەوە .. ئافەرینی ئێوە و ، هاوڕێی شیرینتان دیـلان دەکەین
.. هیوادارین کە ببێت بە رۆژنامەنووسێکی گەورەی کوردستان .. ئێوەش
قوتابییە خۆشەویستەکانمان .. بڕواتان بە خۆتان هەبێت .. هەردەم کۆشش
بکەن .. کۆڵندەر و هیواخواز و داهێنەربن .. بە دڵنیاییەوە دەگەن بە
هیوا و بە خۆزگە و خواستەکانتان .. خۆشک و برا و هاوڕێی دڵسۆزی گیانی
بە گیانیی یەکتربن . بە ناوی قوتابخانەکەمانەوە .. ئەم دیارییە جوانەش
پێشکەش بە دیـلان دەکەین .
دیـلان ( دیارییەکەی وەرگرت ) : زۆر سوپاس بۆ ئێوە و .. بۆ هەموو
مامۆستاکانمان و .. بۆ هەموو هاوڕێ خۆشەویست و دڵسۆزەکانم .. بەڵـێن بێ
کە هـیواکەم بهـێنمەدی .
بەڕێـوەبەر و مامـۆستاکان و قوتـابییەکان .. چەپڵەیەکی قایمیان بۆ
دیـلان لێدا.
٢٠١٥ - نەرویج
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|