په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

رۆڵى بارزانى و تاڵەبانى تا کوێ بڕدەکا؟

   

ئیسماعیل عبدولڕەحمان

 
با بە ڕاشکاوانە بدوێین و نکوڵى لەڕۆڵى یەکترنەکەین چونکە وڵات بەڕۆڵى پێکهاتەى هەموانەوە گەشە دەکات و باشترین گەشەکردنیش بۆ پێشکەوتنى گەل و ئاوەدانى وڵات یەکترقبوڵکردن و یەکترخوێندنەوەو داننانە بەڕۆڵى کاراى یەکتر، بالەسەرەتاوە نکوڵى لەڕۆڵى کاریگەرى پارتى و یەکێتى نەکەین چونکە ئەو دو حزبە خاوەن دو سەرکردەى مەلەوانزانى دەریایى سیاسەتن ، تەمەن درێژى ئەو دو سەرکردەیە دەرخستەى ئەم ڕاستییەن کەهەردو سەرکردە زۆر بەتواناو زیرەک و چالاکن لەخەباتى سیاسى و چەکداریدا بەرانبەر دوژمنانى خۆیان و گەلەکەیاندا ، گەر لەسەر خوێنى بەشێک لەمیللەتى خۆشیان بوبێت ، ئەوە توانیویانە درێژە بەتەمەنى خۆیان بدەن لەناو ئەو هەمو تەون و تۆڕە هەواڵگرى و موخابراتیەى لەناوچەکەدا هەیە کەگومانى تێدانییە گەر هەموشى نەبێت ئەوە زۆرینەى داوى تەونە سیخوڕیەکان بۆ دژایەتى نەتەوەى کوردە بەگڕخراون.

 

بۆیە مانەوەى سەرکردە بەسەلامەتى لەو هەمو بارو دۆخە سەختەى خەباتدا ئەوە پێگەى گەل لەخەباتکردندا بەهێز دەکات ، چونکە گەر سەرکردە نەیتوانى درێژە بەتەمەنى پڕلەخەباتى بدات و زوکەوتە ناو داوى پلانى ناحەزانەوەو تیرۆر کرا ئەوە هەرگیز ناتوانرێ شوێنى ئەم سەرکردەیە پڕبکرێتەوە بەڵکو شەبەقێکى گەورەو فراوان لەشوێنەکەى دروست دەبێت و کەسەرەنجام بەزەرەرو زیانى گەل و نەتەوە تەواو دەبێت هەروەک چۆن بەشەهید کردنى (د.عبدولڕەحمان قاسملو ، د.سادقى شەڕەف کەندى و دەستگیرکردنى (عبدولڵە ئۆجەلان ) کەلەنێکى گەورە کەوتە ناو بزوتنەوەى ڕزگارى خوازى کورد لەهەردو کوردستانى ڕۆژ هەڵات و باکور کەهەمومان ئەم ڕاستیە باش دەزانین کەهیچ کەس لەسەرکردەو فەرماندەکانى کوردستانى ڕۆژهەڵات ناتوانن بەقەد دەیەکى شەهید قاسملو شوێنى قاسملو بگرنەوە ، لەکوردستانى باکوریش کەس نییە بتوانێ کەلەبەرى ئۆجەلان پڕبکاتەوە.

 

کەواتە ڕۆڵى سەرکردەى ڕزگارى خواز بۆ گەل و نەتەوەکەى مانەوەى بەساغ و سەلامەتى لەسەنگەرى خەباتدا خۆی لەخۆیدا بەتوانایى سەرکردەو گەورەیى شۆڕشەکە دەردەخات ، گەر هەردو سەرکردەى دیارو بەرچاوى کوردستانى باشور بکەوتنایە ناو تۆڕى سیخوڕى دوژمنانى کوردو تیرۆر بکرایەن ئەوە زۆر ئەستەم بو کەسەکانى خوار ئەوانەوە بیان توانیایە شوێنى ئەوان بگرنەوە چونکە هەم چاوشکاو دەبون هەمیش لە بارو دۆخێکى ترساوى دەژیان کەنەیان دەتوانى بەپێى پێویست بۆ بەرژەوەندى گشتى گەل تێبکۆشن ، بەڵام بەمانەوەى هەردوو سەرکردەى کورد لەکوردستانى باشور دەبینین لەو کوردستانە سەرکردە گەلێکى زۆر هەیە کەهەرکەسەو لەخۆى ڕادەبینى پێشڕەوایەتى میللەتێک بکات ، هۆیەکەشى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کەسەرکردەى کورد لەکوردستانى باشور توشى تیرۆرى نێودەوڵەتى نەبونەتەوە ، گەر سەرکردە کوردەکان توشى پەلەمارى تیرۆرى نێودەوڵەتى بوایەنەوە لەناو ببرایەن ئەوە گومانى تێدانیە گۆڕەپانەکە بەتەواوى چۆل دەبوو لەکوردەکانى ئێران و حزبى دیموکراتمان خرابتر بەسەردەهات ، لەبەرئەوە مانەوەى بارزانى و تاڵەبانى گەر لەسەر حسابى خوێن ڕێژتنى شەڕى ناوخۆش بوبێت هەرمانەوەیان باشتربوە نەک لەناوببرایەن و میللەتى کورد چاوشکاو بوایە.

 

بۆیەش دەتوانین بڵێین ڕۆڵى بارزانى و تاڵەبانى ڕۆڵى قەڵابوە لەبیابانى شۆڕشى نوێ و دەسکەوتى ڕاپەڕیندا ، بەڵام دەبوایە لەدواى ڕاپەڕینەوە بەگشتى و دواى ڕوخانى ڕژێمى سەدامیش بەتایبەتى، ئەو دوسەرکردەیە دواى ئەو تەمەنە پڕلەڕۆڵ و کاریگەریەیاندا هەرگیز بەبیرى تەسکى حزبایەتى ڕفتاریان لەگەڵ یەک و لەگەڵ میللەت نەکردبوایە بەڵکو بەتەواوى ڕۆڵى مام و باوکێیەتى میللەتیان بدیبایەو جیاوازیان لەناو میللەت نەکردبایەو ناپاک و دزو جەردەکانیان سەزابدایەو دڵسۆزانى گەل و نیشتیمانیان ئافەرین بکردایەو جاش و بەعسیەکانیان لەباوش نەگرتایە ، بەڵکو باوشیان بۆ منداڵە شەهیدو ئەنفالکراوەکان و خەڵکى ماڵ و ێران لێقەوماوانى گوند نشینەکان بوایە و تۆى هەستى کوردایەتى و گیانى نیشتیمان بەروەریان لەناخ و هزرى هەموتاکێکى ئەم میللەتە بچاندبوایە و دادپەروەرى لەسایەى باوکێتى ئەوان بۆ ئەم میللەتە بهاتبایە و لەڕەخنەو گلەیى و گازندەو دەربڕینى بیرو ڕاى جیاوازیش قەد قەڵس نەبونایەو گەورەیى باوکێتى خۆیان بۆ ئەم میللەتە غەدر لێکراوە لەبەرچاوبوایەو ئەوانیش دانیان بەڕۆڵى کاریگەرى لایەنەکانى ترى دەرەوەى پارتى و یەکێتى بنایە.

 

ئەو دوسەرکردەیە زۆریان کردوە بۆ کوردو کوردیان لەکوردستانى باشور گەیاندۆتە ئەم ڕۆژگارە کەپەرلەمان و حکومەتێکى فول حزبى هەیە و گلەی و ڕەخنەى توندى جەماوەریش دەرهەقیان هەیە ، چونکە نەیانتوانیوە شارى کرکوک و ناوچە دابڕەوەکان بگەڕێنەوە سەر هەرێمى کوردستان ، کەهەریەکەو پێناسەیەکى ڕوحیانەیان بۆ گرنگى شارى کرکوک کردوە ئەوەنیە (ملامستەفا ) کەرکوک بەدڵى کوردستانى دەچوێنێ و تاڵەبانیش بەقودس ، بەڵام لاى هەموکەسێکیش ڕون و ئاشکرایە قودسى فەلەستین جگەلەخوێن ڕێژتن و قوربانى دان بۆى هەرگیز جولەکەکان وابەئاسانى قودس نادەنەوە بەفەلەستینیەکان ، ئایا گەر کەرکوک شارێک بێت بەراورد بکرێت بەقودس چۆن بەئاسانى کورد دەتوانێ ئەوشارە وەرگرێتەوە؟ ئایا تاڵەبانى لەوەتى بویتە سەرۆک کۆمارى عێراق چەند جار ناوى کەرکوکى بەقودس هێناوە؟ ئایا تاڵەبانیەک کەخۆى بەخەمخۆرى یەکپارچەیى خاکى عێراق بزانێت ئامادەیە دڵۆپێک خوێن لەسەر کەرکوک بڕێژێت ؟ یان پەشیمانە لەپێناسەکردنى کەرکوک بەقودس ، گەر کەرکوکیش دڵ بێت بۆ کوردستان ئەوە تەنیا بەلەکار کەوتن و نەبونى دڵ لاشە بەمردو دادەنرێت کەواتە هەرێمەکەمان بێ دڵ لاشەیەکى بێ گیانە ، ئایا بارزانى تواناى گەڕانەوەى ئەو دڵەى هەیە بۆ لاشەى کوردستان؟ گەر بارزانى ئەم ڕۆڵەى هەبێ ئەى چۆن کەسانێک زاتى ئەوە دەکەن خۆیان بۆ سەرۆکایەتى هەرێم بپاڵێون و پێشبڕکێ لەگەڵ بارزانى بکەن ؟ دیارە خۆپاڵاوتنى چەند کەسێک خۆى لەخۆیدا نیشانەیە بۆ کەمبونەوەى ڕۆَڵى بارزانى لەگۆڕەپانى خەباتدا ، هەروەها ناڕازى بونى کۆمەڵێک لەسەرکردەکانى یەکێتى و دورکەوتنەوەیان لەتاڵەبانى ماناى کزى و لاوازى ڕۆڵى تاڵەبانى دەردەخات لەو سەردەمەدا.

 

بۆیە دەتوانین بڵێن ڕۆڵى ئەم دوسەرکردەیە بەرەو پوکانەوە دەچێت و لەوانەیە زیاتر بڕنەکا ، هەربەهۆى بڕنەکردنى ڕۆڵى ئەم دوسەرکردەیە بۆ نەگەڕانەوەى کەرکوک و ناوچەدابڕاوەکان و ناعەدالەتى و بەتەنگەوە نەهاتنى داخوازیەکانى خەڵک ، وادەکات گومانێکمان لادروست بکات و بپرسین ئایا مانەوەى ئەم دوسەرکردەیە بەسەلامەتى لەو تەمەنە درێژەى خەباتیاندا بەهەوڵ و تەقەڵاى خۆپارێزى خۆیان بوە یان لەسەر مساوەمە کردنى خاکى کوردستان؟

 

 

 ary_esmail@yahoo.com