٢٤\١\٢٠١١
رۆڵى گەنج لە میدیاکاندا.

بێستون حەسەن
میدیا بەهەموو لایەنەکانیەوە ئهرکی هەرە گەورەى ئەوەیە کە ڕووى دیاردە
ناباوەکان و هەموو ئەو فاکتەرانەى ڕێگرە لەبەردەم نیشاندانى شتەکان
بەجۆرێکى دى بداتەوە بە چینى خوێنەر و خەڵکە نۆرماڵەکان و ئەوانەشى
دوورن لە واقعى بەریەککەوتنەکان کە هەیە لە ژیانى ڕۆژانەدا ، لەناو
میدیاکانیشدا کۆمەڵێ کەسان هەن کە بەویست و ئارەزوو و حەز تێکەڵ بەو
دونیایە بوون و بەڕێوەى ئەبەن ، هەندێکیش لەبەر بژێوى ژیان و
پڕکردنەوەى فەراغە ماددییەکان کارى تێدا دەکەن و ناوبەناویش کەسانێک
هەن کە تەنها خواستیان ئەوەیە دەرکەون و ناوێک بۆخۆیان دروستکەن و بچنە
مێژووى ڕۆژنامەگەرى و کارى میدیاییەوە.
لەم ناوەندەشدا گەنج ڕۆڵێکى بەرچاوى هەیە لە بەڕێوەبردن و کارى
ڕۆژنامەوانیدا ، بەم دوواییانە و لە ماڵپەڕێکى فەرمى سەر بە ڕاگەیاندنى
وڵاتى نەمسادا بڵاوبوویەوە کە لە کۆى سەدو چواردە کەناڵى حکومى و ئەهلى
ئەو ووڵاتە و لە پێکڕاى کارمەندەکانى ئەو ناوەندانە بە ڕێژەى لەسەدا
حەفتاو نۆ (79%) گەنجان توانیویانە پێگەى خۆیان دیارى کەن و تا
ئەندازەى پێویست بوونەتە زەرورەتێ کە دواجار بێ گەنج ڕەنگە کارەکان وەک
خۆى نەچێتە پێش و چهمکی ڕاستەقینەى ڕۆژنامەوانى نەدا بەدەستەوە.
دەکرێ ڕوونتر لە تواناکانى گەنج بڕوانین و جوانتر بەها و شوێن و
پێگەیان بنرخێنین وەک ئەوەى کە لەهەندێ جێگەدا شارراونەتەوە و
تواناکانیان خەفە کردوون ، ئاوڕێک لە میدیاکانى خۆمان بدەینەوە و
بەچاوێکى حەق بینانەوە تەماشاى هەڵسوڕێنەرانى دەزگاکان بکەین دەبینین
بەڕێوەبەر و ستافى بەڕێوەبەرێتى و تا دەگاتە کارمەندانى ناوەند و
تەنانەت کارگوزار و ئەوانەشى بەهەر هۆیەیەکەوە بێ کارلەوێ ئەکەن بەشێکى
هەرە زۆریان لە گەنج پێکدێن و گەنجن ، ئەمە بۆخۆى مایەى دڵخۆشییەو دەبێ
شانازى بە گەنجانى خۆمانەوە بکەین کە پێموابێ هیچیان لەوانە کەمتر نییە
کە بوونەتە هۆى بەرەوپێشچوونى وڵاتێک ، لەلایەکى تریشەوە گەر لە
ڕووى مامەڵەکردنى ڕاستەوخۆى خەڵک و ناوەندى کارکردن بڕوانین
دەبینین ڕێژەى هەبوونى گەنج لە دەزگاکاندا واى کردووە زۆرترین خەڵک و
زۆرترین جەماوەرى تایبەت بەخۆى کۆبکاتەوە ، کەئەمە ڕوویەکى ترى ئەو
جوانییەیە کە گەنج داویەتى بە ڕاگەیاندنەکان.
ببینە لەزۆربەى هەرەزۆرى ئەو پرۆگرام و کارە ناوازانەى کە بوونەتە جێى
سەرنج و پێگەیان دیارە کۆمەڵە گەنجانێک بەڕێوەى ئەبەن کە حەزو خواست و
عەشقیان بۆ کارەکانیان واى کردووە بەوجۆرە بناسرێن ، ڕەنگە هەنێکیش
لەوگەنجانە دەرچووى بوارێکى ڕاگەیاندن نەبن بەڵام قاڵ بوون و خۆشەویستى
بۆکارەکانیان واى کردووە وەک کەسێکى سەرکەوتوو و پرۆفشناڵانە بناسرێن و
بتوانن لەناوەوە و دەرەوەى وڵات بڕوانامەى ڕێزلێنان و مەدالیاى
سەرکەوتنیان بەسەردا ببەخشنەوە ، کەواتە دەبێ بەهەموو لایەکمانەوە
پاڵپشت و هاندەرى هەموو ئەو گەنجانە بین کە کارى ڕاگەیاندن ئەکەن یاخود
بەهیوان ڕۆژێ وەک کەسێک یان وەک گەنجێک لەدونیا جوانەکەى میدیادا خۆیان
ببیننەوە . حەق وایە حکومەتى هەرێم و لایەنى پەیوەنددار بە کارکردن و
دەستگرتنى گەنجان شێوە فەراهامکردنێکیان بۆ بخولقێنن کە بتوانرێ سوود و
تواناى گەنجان پشانبدەن لەهەربوارێک کە ئارەزووى دەکەن ، چونکە گەنجان
هەڵسوڕێنەرى هەموو کایە مەعریفییەکانى کۆمەڵگە دەژمێردرێن . دەبا
خۆنەویستانە لە توانا و بەهرەکانى گەنجان بڕوانین و دەستى
ماندوونەبوونیان بگوشین .
ماڵپهڕی بێستون حهسهن
|