رۆڵى
ژن لە بەرهەمەکانى (زویا پیرزاد)دا.
ئامادەکردن و وەرگێڕانى:کەژاڵ عەلا
ئاشکرایە
هەر بابەت و ڕۆمان و چیرۆکێک کە لەلایەن
نووسەرێکى ژنەوە بەبەرهەم هاتبێت، گەرپێمان خۆشبێ
یا پێمان ناخۆشبێت، بەجۆرێک لەجۆرەکان ڕەنگ و ڕوخسارى ژنانەى
لەخۆگرتووە. چونکە بابەتەکە لەلایەن ژنێکەوە خوڵقاوە و تاڕادەیەک باس
لە ژنایەتى دەکات و دەیەوێت ماناى ژن بوون لەناو کۆمەڵگاکەی خۆیدا
بسەلمێنێت.
ژنانى نووسەر هەوڵدەدەن کەبەشێوازێکى جیاواز لە نووسینەکانى پیاوان شت
بنووسن . بەڵام ئەمەش ئەو مانایە ناگەیەنێت کە ژنان، دەیانەوێت پیاوان
لە جیهانى ئەندێشەکانى خۆیان دووربخەنەوە و هەربەتەنها بەشێوەیەکى
فیمێنیستانە بنووسن، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئێستا ژنان توانیویانە لەگشت
بوارە جیا جیاکاندا شتگەلێکى باش و بەپێز بنووسن بەڵام بەدیدێکى
ژنانەوە.
لەم چەرخەدا ژنانى نووسەر دەیانەوێت لە دەروونى خۆیاندا ئەو شتانە
بخوڵقێنن و باسى لێوەبکەن کەچەندین سەدەیە وەک هەستێکى ونبوو لە
ویژدانو هزرى کۆمەڵگاکەیاندا شاراوەبووە، لەنموونەى: ئارەزووەکانیان،
عیشق کردن، یەکسانى دووڕەگەز، سەلماندنى تواناکانیان و..هتد. بەکورتى
ئەوان دەیانەوآ ئەندێشەکانى خۆیان بەشێوەیەکى ئازادانە بەیان بکەن بێ
ئەوەى لە کۆمەڵگاى باوکسالاریدا سەرزەنشت بکرێن.
ئاشکرایە لەپێش چەندین سەدەوە ژنانە نووسى و جودى هەبووە، بەڵام
بەداخەوە زیاتر لە بەرهەمەکانى پیاواندا ڕەنگى داوەتەوە تاوەکو خودى
ژنان. گەورەترین شاکارەکانى ژنانە نووسى لەبەرهەمەکانى( تۆلستۆى،
گوستاڤ فلۆبێر، بەلزاک... هتد) دا بەدیهاتوە. تەنانەت هەندێک لە
شارەزایان لەوباوەڕەدان تا هەنووکەش شاکارەکانى ژنانە نووسی لەلایەن
پیاوانەوە دێنەبەرهەم تا ژنان!! هۆکارى ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى ژنان
نەیانتوانیوە لەکەش و هەوایەکى تەواو ئازاددا بنووسن. لەکۆمەڵگاى
کوردەواریى ئێمەشدا ئەم کێشەیە بەزەقى بەدى دەکرێت، جگەلەوەش بەهۆى
نەبوونى میدیایەکى سەربەخۆ و تایبەت بە ژنانو کچانى لاو و هاندانیان بۆ
بەرەو پێشبردنى بەهرەکانیان بەدەر لە ژێر چەترى هیچ لایەن و ڕیکخراوێکى
سیاسی و حیزبیدا.
لەم سەردەمەدا ژنان لەپەیوەندى کۆمەڵایەتى و سیاسىو ئابوورى...هتد،
خۆیان بە هاوبەشى پیاوان دەزانن، هەرچەندە ئەوان نەیانتوانیوە پەیوەندى
خۆیان لەگەڵ ماڵدارى و پەروەردەکرنى منداڵ و چێشتخانەدا ببچڕن، لەگەڵ
ئەوەشدا هەوڵیانداوە بێنە مەیدان و لە گشت بوارە جیا جیاکانى ژیان
بەشدارى بکەن. وەک کاروبارى سیاسى و کۆمەڵایەتى و پیشەسازی و... ژنان
دەیانەوێت بڵێن کە ئەندێشە و بیرۆکەکانیان قابیلى ڕێزلێگرتنە و هیچ
جیاوازیەکیان نیە لەگەڵ داهێنانى پیاواندا.
زویا پیرزاد کێیە؟
لێرەدا باس لە ژنە نووسەرێکى ئێرانى دەکەین کەناوى "زویا پیرزاد"ە ئەو
توانیوویەتى بەکۆمەڵێک کتێبى بەپێزو بەنرخى ئەدەبى و فیکرى، ناوبانگێکى
باش بەدەستبێنێت لەناو کۆمەڵانى ئەدیبان و ئەدەبدۆستانى ئێراندا و
هەروەها هەندێک لەبەرهەمەکانیشى وەرگێڕدراوەنەتە سەر چەندین زمانى
بیانى. شایانى باسە ئەم خاتوونە داهێنەرترین ژنە نووسەرە کە بەدیدێکى
تەواو ژنانەوە بۆ ژنو کێشەکانی ژنایەتى دەنووسێت.
زویا پیرزاد لەدایکبووى ساڵى"1330" کۆچى هەتاوى لەشارى ئابادان چاوى
بەدنیا هەڵهێناوە. ئێستا لەگەڵ هاوسەرەکەى و دووکوڕەکەى لە شارى تاران
نیشتەجێن. هەندێک لە بەرهەمە ناودارەکانى بریتین لە: " من چراکان
دەکوژێنمەوە، " ئێمە ڕادێین "، "وەک هەموو سەردەمێکى تر"، " یەک ڕۆژ
پێش جەژنى پاک "، " تامى تفتى خورمالو ".
جگەلەوەش دووکتێبى وەرگێراوەتە سەرزمانى شیرینى فارسى" ئەلێس لەوڵاتێکى
سەیردا" و " دەنگى بازدانى بۆق". هەروەها ئەو توانیویتى چەندین خەڵاتى
بەنرخ بەدەست بێنێت لەوانە:
- خەڵاتى باشترین ڕۆمان دەزگاى هۆشەنگى
گولشیرى.
- بەدەستهێنانى تابلۆى ڕێزلێنانى
خەڵاتى ئەدەبى یەڵدا.
- بەدەستهێنانى خەڵاتى باشترین کتێبى ساڵى
ئێران بەهۆى ڕۆمانى "من چراکان دەکوژێنمەوە".
- خەڵاتى بیست ساڵ ئەدەبیاتى چیرۆک لە ساڵى
"1376" کۆچى هەتاوى لەڕێى کورتە چیرۆکى" تامى تفتى خورمالو"
ڕۆمانى من چراکان دەکوژێنمەوە، یەکەم ڕۆمانى زویا پیرزادە کە
سەرکەوتنێکى مەزنى تێدا بەدەستهێناوە و چەندین خەڵاتى گەورەى
پێشکەشکراوە و شایانى باسە ئەم کتێبە بۆجارى چواردەهەم چاپ کراوەتەوە.
1- هەموو ڕۆژێک بەخۆم دەڵێم ئەمڕۆ چیرۆکێک
دەنووسم بەڵام کەشەودادێت و لەقاپشتنى ئێوارە دەبمەوە ئاهێک هەڵدەکێشم
و دەڵێم:" سبەینێ، سبەینێ
حەتمەن دەینووسم". لە چیرۆکى کەروێشک و تەماتە و "وەکو هەموو سەردەمێک"
زویا پیرزاد بەشێوەیەکى سادەو جوان وێنەى ژنانى ماڵدار دەکێشێت و
گوزارشت لەکەمتوانایى و مەلەلەکانى ئەوان دەکات. ئەم کتێبە هەژدە
چیرۆکى لەخۆگرتوە کە بەزمانێکى ئێجگار سادە و جوان و بەپوختى و بەکورتى
دایڕێژاون.
2- " تامى تفتى خورمالو بریتیە لە پێنج
چیرۆک: پەڵەکان، ئاپارتمان، هارمۆنیکا، تامى تفتى خورمالو ، لەم
کتێبەدا چیرۆکەکان دورودرێژترن و ناوەڕۆکى بابەتەکەش ئاڵۆزترە.
*فەرامرز لەسەر کورسیەکە هەستو چووە لاى پەنجەرەکەوە دانیشت، لەکاتێکدا
پشتى لە مەهنازبوو، دەستەکانیشى خستبووە ناو گیرفانەکانیەوە ئینجا وتى:"
دەبوایە من لەگەڵ ژنێکدا هاوسەرگیریم ئەنجام بدایە لەجیاتى ئەوەى هەستآ
بەلاسایى کردنەوەى ژنانى سەردەم و هۆش و خەیاڵى لاى بەرە و پێشەوەچوونى
کارگە و ئیش و کارى پڕوپووچەوە مەشغوڵ بکات،
لەبیرى کاروبارى ماڵەکەیدا بوایە". فەرامرز گەڕایەوە و سەیرێکى مەهنازى
کرد کەخۆى خەریک کردبوو بە کوپى چاخواردنەوەکەوە. پاشان دەستى برد
خاولیەکەى کەبەسەر کورسیەکەوە بوو هەڵگرت و بە تەوسێکەوە بزەیەکى کرد و
وتى:" دیارە! ژنێک کە هەموو بیرو حەواسى لەدەرەوەى ماڵبێت، خاولى حەمام
لە چێشتخانە دادەنێت و شت و مەکى چێشتخانەش لە حەمامەکەدا!".
میهناز لەدڵى خۆیدا وتى:" خوایە گیان، یارمەتیم بدە هیچ قسەیەک نەکەم،
یارمەتیم بدە ئارامبم، یارمەتیم بدە بیر لەشتێکى تربکەمەوە!". سەیرى
خاولیەکەى دەستى فەرامرزى کرد و ئەو ڕۆژەى بەبیرهاتەوە یەک دوو مانگ
لەوە و پێش کاتێک بە فەرامرزى وتبوو" سیستەمى تۆمارکردنى نێراوەکەتان
ڕاست نیە". فەرامرز بەگاڵتەجاڕییەوە زەردەخەنەیەکى کردبوو پێی
وتبوو"بەڕاستى؟" مەهناز وتبووى" باوەڕم پێبکە بەڕاستمە. ئێمەش هەمان
کێشەمان هەبوو تاتێگەیشتین کە- " فەرامرز
دەستى کردبووە پێکەنین و نوقورچکێکى لەڕومەتى میهناز گرت و وتى"
خانوومە بچکۆلانە پسپۆڕەکە لەبوارى تۆمارکردنى پەیام ،خاولیەکانى
حەمامى بەهەڵە گۆڕیوەتەوە..؟"
*چیرۆکى ئاپارتمان: لەم چیرۆکەدا زویاپیرزاد ژنانى فەرمانبەر
لەبەرامبەر ژنانى ماڵدار و هەردووکیشیان لەبەرامبەر پیاواندا ڕووبەڕوو
دەکاتەوە.
3- لەکۆمەڵە چیرۆکى "یەک ڕۆژى ماوە بۆ چەژنى
پاک" کەبریتیە لە سێ چیرۆک : ناوکە هەلوژە،
گوێچکە ماسیەکان، وەنەوشە سپیەکان. دووبارە چیرۆکەکانى
دورودرێژترکردۆتەوە و بەهەمان شێوە بابەتەکەى بەشێوازێکى جوانو ئاڵۆز
بەڵام وشەکانى هەربەشێوەیەکى سادە داڕێژاوە.
دایەگەورە دەیگێرایەوە کە دوا کۆچکردووى گۆڕستانى پشت کڵێساکە، ئاناهید
هاوڕێى سەردەمى منداڵى ئەو بووە کەلەتەمەنى دوانزە ساڵیدا تووشى
هەوکردنى پەردەى مێشک بووەو تا گەیاندویانەتە لاى پزیشک گیانى لەدەست
داوە. دایەگەورە پێشتر هیچ کاتێک دەربارەى مەرگ قسەى نەدەکرد.
هێشتا نەچووبوومە قوتابخانە عەسرێکیان کەباران دەبارى چووم بۆماڵى دایە
گەورە، ئەو ڕۆژە بۆیەکەم جارمبوو ڕووداوى مردنى ئاناهیدم لێ بیست .
واقم وڕمابوو سەیرى ئاگرى زۆپا ئاسنیەکەم دەکرد و بیرم لە هاوڕێى
سەردەمى منداڵى دایەگەورە دەکردەوە بەڵام نازانم بۆ ئەوەندە دڵنیابووم
لەوەى کە ئەو کچێکى قژزەردى لاواز بوو خاڵێکى گەورە بەسەر گونایەکیەوە
بوو.
تا ماوەیەکى زۆر لەمبارەیەوە پرسیارم لەدایکم و دایەگەورە و پور و
هەرکەسێکى تر کە لەدەوروبەرم بوون دەکرد" منیش کە بووم بەدوانزە ساڵ
تووشى هەوکردنى پەردەى مێشک دەبم و پاشان دەمرم؟"
بەڵام وەڵامى هیچ کەسێک ڕازى نەدەکردم..
زۆرجار دایکم سکاڵاى لاى باوکم دەکرد و دەیوت" بۆچى دایکت لاى ئەو
منداڵە دەربارەى مردن قسە دەکات؟" باوکم پشتگیرى لە دایکى دەکرد و
کاردەگەیشتە دەمەقاڵە و ناخۆشى، منیش لەگۆشەیەکى ماڵەکەماندا کزۆڵەم
دەکرد و بۆ مردنى خۆم لەتەمەنى دوانزە ساڵیمدا دەگریام..!
تاڕۆژێکیان دایەگەورە کردمیە باوەش و لەسەر ئەژنۆکانى داینیشاندم و
وتى:"گوێبگرە، ئادەموند، ئاناهید لەبەر ئەوەى کچ بوو تووشى هەوکردنى
پەردەى مێشک بووە و ئێمەى جێهێشتوە. بەڵام کوڕ هەرگیز توشى ئەم
نەخۆشیەنابێ".
دایکو باوکم بەسەرسامیەوە سەیری دایەگەورەیان کرد و سەرئەنجام من
قەناعەتم بەم قسەیە هێنو بۆ هەمیشە دڵم پاڵى دایەوە و ئیتر هەرگیز بیرم
لە مردنى دوانزە ساڵەى تەمەنى خۆم نەکردەوە.
• ناوکە هەڵوژە، "یەک رۆژى ماوە بۆ جەژنى پاک"
لەم کۆمەڵە چیرۆکەدا زویاپیرزاد لە گۆشەیەکدا بەشێوەیەکى لاوەکى
تێڕوانینى کوڕێکى منداڵى بێگووناه ڕووبەڕوودەکاتەوە بە مەسەلە
هەنووکەییەکانى:ژن بوون، پیاو بوون ، جیاوازى ئاینى ، " جیاوازیەکانى
ئاستى کۆمەڵایەتى و باوەڕەکان و هەروەها شێوەی گواستنەوەى بیروباوەڕە
بەنرخەکان و باوەڕى جێگیر بەلایەنى ژنان لە کۆمەڵگادا، بە منداڵان
نیشان دەدات. ئەو زۆر بە وریاییەوە بابەتەکە دەخاتە بەر پرسیار و
لێکۆڵینەوە.
• ئەو ڕۆژەم بەبیردێتەوە کەلەگەڵ دایکمدا لەشتکڕین دەگەڕاینەوە
بۆماڵەوە. نزیکى کردنەوەى قوتابخانە بوو. جانتاى تازەم کڕیبوو لەگەڵ
پێڵاو و کاغەزى چوارگۆشەیى رەنگاو ڕەنگ، لە ڕەنگى پەمەیىو شین بۆ بەرگى
دەفتەرو کتێبەکانم .
لەدوکانەکە کەهاتینە دەرەوە بەدایکمم وت" دایە تۆ لەوباوەڕەدایت کە
دوکاندارەکە بەڕاستى بآ دەیوت لە کارگەى کاغەز دروستکردنەکەدا ئەم
کاغەزانەى لەسەر ئەرزەکە بۆ ڕادەخەن بەسەریاندا بڕوات؟"
دایکم دەستى کردە پێکەنینو وتى:" بۆچى دەبێت درۆبکات؟"
دەستێکم لەناو دەستى دایکمدابوو بەدەستەکەى تریشم لولە کاغەزە
ڕەنگاوڕەگەکانم هەڵگرتبوو. بەدەمخۆمەوە بیرم دەکردەوە ئاى چەند خۆشە
مرۆڤ بەسەر ئەم کاغەزە ڕەنگاو ڕەنگانەدا بڕوات..! لەوکاتەدا دایکم
قیژاندى...
سەیرم کرد کوڕێکى زەعیف بوو ڕایدەکرد... جانتاکەم و پێلاوەکانم لەدەست
دایکم کەوتنە خوارەوە و دایکم دەستەکانى برد بۆ سەرسنگى. کوڕەکە بەدەم
پێکەنینەوە دووردەکەوتەوە. دایکم بەدەنگى بەرز چەند قسەیەکى پێوت..
ژنێک کەبهوێدا ڕەت دەبوو دانەویەوە و
شتەکانى هەڵگرتەوە و دایە دەست دایکم. پاشان ووتى:" بیشەرەفانە! ئەڵێى
خۆیان دایک و خوشکیان نیە!". پیاوێکیش لەو نزیکانە لەبەردەم
دووکانەکەیدا دەستەکانى خستبووە ناو گیرفانەکانیەوە و ڕاوەستابوو بەم
دیمەنە سەیرە پێدەکەنى!.
دایکم دەستى کرد بەگریان. شتەکانى دابەمن هەڵیان بگرم، خۆشى بەهەردوو
دەستى یەخەى کراسە دڕاوەکەى توند گرت و تاماڵەوە گریا. من ئەو کراسەیم
زۆر خۆشدەویست.. یەخەیەکى تەنکى ناسکى هەبوو لە ملەکەیەوە تا سەر
کەمەرى قۆپچەى لەشێوەى مروارى پێوەبوو. کەگەشتینە ماڵەوە دایکم
گریانەکەى زیادى کرد. کاتێک باوکم ڕووداوەکەى گوێ لێبوو ڕۆژنامەکەى
دەستى هەڵدایەوەو وتى:" ئیتر تاماوى لەم جۆرە جلانە لەبەرمەکە!" دایکم
لەپێشدا دەمى داچەقاند، پاشان لێوەکانى نوساند بەیەکەوە تابوو بەخەتێکى
باریک.. منیش چوومە ژورەکەمەوەو کاغەزە ڕەنگاو ڕەنگەکانم ڕاخست لەسەر
ئەرزەکەدا. ئەوەندە بەسەریاندا ڕۆشتم تا هەمووى دڕا.
*" وەنەوشە سپیەکان" یەک ڕۆژى ماوە بۆ جەژنى پاک) لەم کتێبەشیدا زویا
پیرزاد بەشێوەیەکى خاکی و بەوپەڕى هوشیاریەوە دەنووسێت. ئەو ئازارى
ژنبوون لە کۆمەڵگاى داخراوى وڵاتانى خۆرهەڵاتدا لە چیرۆکەکانیدا
بەشێوەیەکى زۆر جوان وێنە کێشاوە.
_________________________
سەرچاوە:
سایتى
shabakeh. و after
|