په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\١٢\٢٠١٠

رۆڵی کەسی کارێزمایی لە شۆڕشەکانى کورددا.


حوسێن ئیسماعیل خان دەلۆ*


ئەگەر بەدیقەتەوە تەماشاى تۆمار و لاپەڕەکانى مێژووى نەتەوەى کورد و دیرۆکى بزاوت و جوڵانەوە رزگاریخوازەکانى بکەین ،ئەگەر خوێندنەوەیەکی وورد و جدیمان بۆ شۆڕش و ڕاپەڕین و سەرهەڵدان و یاخیبوونەکانی کورد هەبێت ، بێگومان بۆمان دەردەکەوێت کە زۆربەى هەرە زۆرى راپەڕین و شۆڕشەکانى کورد بەناوى کەسی رابەر و فەرماندە یاخود سەرکردەى ئەو شۆڕشانەوە ناوبانگیان دەرکردووە و دەناسرێن و پێناسە و تۆمار کراون وەکو شۆڕشەکانى (مەلا سەلیمی بەدلیسی و یەزدان شێر و شێخ عوبیدالله ى نەهری و شێخ عبدالسلام بارزانى و شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەحمودی حەفید و برایم خانى دەلۆ و سەید رەزاى دەرسیم و ... چەندانى تر) هاوکات بەشێکی لەو شۆڕش و سەرهەڵدانانە بەناوى ناوچەکانیانەوە ناوزەند کراون وەکو ( شۆڕشى ئارارات و شۆڕشەکانى بارزان و راپەڕینەکانى ناوچەى زاخۆ و ... هتد) ئەمەش دەلالەت لەوە دەکات کەسی هەڵکەوتوو وخاوەن کارێزمایی توانیویەتی شۆڕش بەرپا بکات بەگژ جەورو ستەمی داگیرکەرانى کوردستاندا بچێتەوە ، ئەمەش وادیارە رۆڵ وکاریگەرى لەسەر خەڵکی ئەو ناوچە و هەرێم و دەڤەرە هەبووە بۆ جۆش و خرۆشاندن کۆکردنەوەی خەڵکی لەدەوروپشتى شۆڕش و راپەڕینەکان تەنانەت ئەو کەسە کارێزمایە داینەمۆی بەگڕ خستن و هەڵسوڕێنەرى تواناى مرۆى و بەشەریەکانى جەماوەرى سنور و دەڤەرەکەى خۆى بووە.


لە شۆڕشى ئاراراتدا کۆمەڵەى خۆیبون وەکو پارتێکی سیاسی و میتۆدی شۆڕشگێرانەى بۆ سەرخستنی ئەو شۆڕشەى داڕشت ئوتوریەتیکی جەماوەرى بۆ ئەو شۆڕشە دروست کرد ، وپاشتر لەسەردەمی کۆمارى کوردستان(مەهاباددا ) حزبی دیمۆکراتی ئێران دروست بوو جڵەوکێشی کایە سیاسیەکانى ئەو سەردەمەى بۆ جوڵانەوەى ئازادیخوازانەى کورد دەکرد ،پاشتر لەسەروەختی شۆڕشی مەزنی ئەیلولدا پارتی دیموکراتى کوردستان - عێراق ڕۆڵی بەرچاوى لەگشتگیر کردن و بەرفراوانکردنی شۆڕشەکەدا هەبوو و پێناسە و ناسنامەیەکی تری بەخشى بەشۆڕش و نەخشە و پلان دارێژەرى هەڵایسان و بەرپاکردنیشی بوو ، هەرچەند حیزب وەکو خۆراکدانێکى هزرى بۆ گەشە کردنى بیرى نەتەوەى کاریگەرى زۆرى هەبوو بەڵام کەسایەتى مەلا مستەفاى بارزان کارەکتەرێکى گرنگ و پڕ بایەخى سەر شانۆى رووداوەکانى نیو سەدەى سەدەى رابردوو بوو.


دروست بوونی پارت و کۆمەڵە و رێکخراوە سیاسیەکان دەلاقە و دەروازەیەکی نوێ و زمەینەیەکى لەبار و مینبەرێکی شیاو و گونجاوى لەرووی شۆرش و راپەڕینەکانى کورددا واز و ئاواڵە کرد بۆ سازدان و ئامادە و تەیارکردنی خەڵکی کوردستان و هەمئاهەنگى کردن لەگەڵ شۆڕشدا و هەناسە و نەفەسێکی درێژی بەخشیە تەمەنی شۆڕش و دینگەو پێگەیەکی مەحکەمی بۆ شۆڕش دەستەبەرکرد ئەویش جوغز و بازنە داخراوەکانى ناوچەى هەرێمی شکاند و شۆڕشى لەسنورێکی بەربڵاودا بە بیر و ئایدیاى نەتەوەیی خاراودا.


گومان لەوەدا نییە ئەو قۆناغەى کە بیر و ئاوەز و ئایدۆلۆژیا هاتوو خزایە ناو شادەمار و رەگە حەیاتیەکانى پرۆسەى گەشەکردن و بەرەوپێشبردنی رەوتى بزاڤى رزگارى خوازى کوردییەوە هەڵمەت و تەکانێکى بەرچاو بوو ، هاوکات قەلمَبازێکى گەورەى بۆ کامڵبوون و لە قاوغ و قۆزاخە دەرچوونى ئەو دۆخە مت بووە هاویشت و دەرگاى شکست و مەئیوسی داخست شۆڕشى خستە سەر راستەهێڵى کۆشش و بەرخودانەکان و عەزمێکی شۆڕشگێرانەى بۆ وەرى جەماوەرى فەراهەم و پاماڵکرد.


تاکى سەرکردە خاوەن کارێزما و هزر و ئەقڵی گەشەکردنی شۆڕش بوو کاتێک ئەو سەرکردە و رابەرە دەکوژرا یان دەگیرا یان خۆى دەدا بەدەستەوە ئیتر تەخت و تاراجی ئەو شۆڕش و راپەڕینە تێک و پێکدەدرا و سەرلێشێواوى پاشاگەردانیەک دروست دەبوو ، کەسێک نەیدەتوانى شان بداتە ئەرکى رابەرایەتی کردنی شۆڕش ، وگلێر کردنە و هەڵخلاندنی خەڵکى بۆ درێژەدان بە رەووتی ئەو کاروانە تەقەلاى بەدیهێنانى ئاوات و ئامانجەکانى شۆڕش ،واقعی نوچدان و شکست لە ئەستۆ بگرێت بۆ رەتکردنەوەى دۆخە ناهموار و شکست خواردوەکە کاروبارەکانى ئەو جوڵانەوەیە رایی و مەیسەر بکات و بەرەو ئامانج و ئاواتەکانى هەنگاو بنێت، وەکو ئاشکرایە لەگەڵ لەناوچوونی سەرکردەو رابەری ئەو بزوتنەوەیەدا شۆڕش و جوڵانەوەکە بۆ یەکجارەکی هەرەس و شکستی دەخوارد و چرا و مۆمی تەمەن خامۆش دەبووەوە و دەکوژایەوە ،ئەمە فاکتەرێکی بەهێز بووە و کاریگەری و رەنگدانەوەیەکی مەزنی هەبووە لە بە ئاکام نەگەیشتن سەرنەکەوتنی ئەو شۆڕشە و زۆر و زەبەندەکانى میللەتی کورددا کە بەدرێژایی مێژووی ژێر دەستەى نەتەوەى کورد شۆڕشیان بەرپاکردووە.


خوێندنەوەى مێژوو تەنها بۆ باسکردن نییە بەڵکو بۆ کەڵک و پەند سوود وەرگرتنە لە رابردوو و دەبێت ئێستا کار بۆ ئەوە بکەین ئەو هەڵە و پەڵە و خاڵە لاواز و نێگەتیڤانەى کە تاکە کوردی دووچارى رەشبینی دەکرد و تەنها فریادڕەس لە دیدی خەڵکەوە هەبوو هەوڵبدەین نەوەکانى داهاتوو وافێر بکەین ئەو پەیامە دەبێت هەر بگاتە مەنزڵ و هەقە جێی خۆی.


بۆ ئەوەى جارێکی تر ئەو تێروانینانە دووبارە نەبنەوە تاک ئیرادەیەکی بەهێز و پۆڵایینی هەبێت بۆ بەرپەرچدانەوەى هەر تێفکرینێکی ئاوا لەو چەشن و بابەتە ،ئەگەر بەدیوێکی دیکەدا تەماشا بکەین ئێستا گرد بوونەوە و کۆ بوونەوەی خەڵکی کوردستان لەناو پارتە سیاسیەکانى کوردستاندا هەمان مانا و مەدلول دەبەخشێ بۆیە پێویستە چاکسازی و ریفۆرم لەم بوارەدا بکرێت، یان پارت و رێکخراوەکان مەکۆ و دروستکەرى سەرکردەى کارێزمایى و لێوەشاوە بن بۆ نەپسانەوەى رێگاى خەبات و ئازادى چونکە ئێمەى کورد هێشتا بەتەواوى کاروانى سەرفرازیمان نەگەیشتۆتە مەنزڵ و دەبێـت تیشووى خەباتمان بە ئەزموونتر و دەوڵەمەندتر بکەین لەچاو قۆناغ و سەردەمەکانى رابردوودا .


ئێستا کارێزمایى سەرکردەکانى کورد واى کردووە کاریگەرى لەسەر تەواوى عێراق بە هەموو پێکهاتە نەتەوەى و ئاینیەکانەوە هەبێت بەڵام بۆ ناوخۆى خۆمان پێویستە زیاتر بێت.

____________________________________
* قوتابى دکتۆرا لەبەشى مێژوو لە کولێژى ئاداب زانکۆى سەلاحەددین.
 

ماڵپه‌ڕی حوسێن ئیسماعیل خان ده‌لۆ