په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٥\٢٠١١

رۆڵًى میدیا لە ئاشتەوایى نیشتیمانى.


نەهرۆ جه‌لال      


هەڵبژاردنى ناونیشانێکى لەم چەشنە لە 113 یەمین ساڵوەگەڕى هاتنە بوونى یەکەم رۆژنامەى کوردى (کوردستان) کە بۆتە رۆژى رۆژنامەگەرى کوردى، لەم ئان و ساتەدا تێکەهەڵکێش بە بارودۆخى ئەمرۆ لە ناونیشانەکە زیاتر هەڵ دەگرێ.


یەکەم جارە کە لە مێژووى درێژخایەنى نەتەوەى کوردا میدیا توانیویەتى سوود لە ئازادى ڕادەربڕین وەربگرێ بۆ داکۆکى کردن لە خواست و ئامانجى ڕەواى نەتەوایەتى کورد . بەرلەم هەڵ و مەرجە بەردەوام میدیاى کوردى لە حاڵەتى بەرخودان و دژایەتى کردنى حکومەتە نەیارەکان دا بووە . بە پێی جارنامەى مافەکانى مرۆڤ بەندى نۆزدە هەموو مرۆڤێک مافى ئازادى بیرو باوەڕ و ئایدیاى خۆى هەیە . مەبەست لە خاوەنداریەتى ئەم مافە ئەوەیە کە هیچ رێگری و ئەزیەت و ئازارێک نەبێ لە بەردەم ئازادى بیروباوەردا.

 

دیارە ئازادى ڕادەربڕینیش یەکێکە لە مافە بنەڕەتیەکانى مرۆڤ کە بەشى زۆرى ئەم مافە تەنیا لە رێگاى میدیاوە دەستەبەر دەکرێ . هەڵبەت بەکارهێنانى ئازادى رادەربڕین لە میدیادا نابێت بە شێوەى ڕەها و بێ ئامانج بێ . لە وڵاتانى دیموکراسی کە هەوڵ دەدرێت بنەماکانى دیموکراسى پەیرەو بکرێت لە روانگەى مامەلەى تاک وەک هاووڵاتى مافى بەشدارى سیاسى و پاراستنى بەرژەوەندى گشتى و ئاسایشى نەتەوەیى پاراستنى خاک و تەندروستى هاووڵاتیان لە ڕووى کۆمەڵایەتیشەوە .ڕەنگە هەندێ جار ئازادى رادەربڕین تووشى کەم و کوڕى بێت بەڵام بە گشتى ئازادى رادەڕبرین گرەنتى و حەسانەى کۆمەڵگاى دیموکراسیە. بێگومان لە وڵاتانى دیموکرات ، میدیا بەر لەوەى کە ڕووبەرووى رێنمایى و رێو شوێنە یاساییەکان ببێتەوە پرەنسیب و بنەماکانى ئەخلاقى رۆژنامەوانى پەیرەو دەکەن کە ئەمە وادەکات رۆژنامەوان و میدیا خۆ خۆازانە و خۆ ویستانە بە بێ گوشارى دەرەکى ئەرک و رۆڵى ڕاستەقینەى میدیا بەرێوە بەرێت.

 

یەک لە ئەرکە هەرە گرنگە ئەخلاقیەکانى میدیا پاراستنى ئاشتى و ئارامییە لە نێو کۆمەڵگەى دیموکراتدا ئەمەش دەگەرێتەوە سەر کاریگەرى فاکتەرەکانى ترى دیموکراسى کە کەمترین کەڵێن و ناتەبایى نەهێلێت لە نێوان هاووڵاتیاندا، کۆمەڵگاى کوردستان پڕە لە ناکۆکى و ناتەبایى کە ئەمەش بەرهەمى سەدان ساڵ داگیرکارى و سیستەمى ناکەرامەى دەسەڵاتداریەتى بووە ، لەم بەشەی خاکى کوردستان.

 

دواى نەوەدەکان لە بەر هەڵو مەرجى نێوخۆیی و نێودەوڵەتى بارودۆخێکى نیمچە ئازاد هاتە کایەوە بۆ میدیاى کوردى بەڵام بەشێک لە ناکۆکى و ناتەباییەسیاسییەکانى حزبە باڵا دەستەکان بوونە بەربەست لە بەردەم پەرەسەندنى تەندروستى رەوشى میدیاى ئازاد و بێ لایەن و ڕاستگۆ و ئاشتیخواز. لە هەڵ ومەرجى ئێستادا بەردەوامى ناکۆکى و ناتەبایى سیاسى ، کۆمەڵایەتى ، ئایینى ، ئابوورى و کەلتوورى لە میدیادا رەنگى داوەتەوە لە راستیدا هەر کام لە ئامرازەکانى راگەیاندنى ئێمە ( تیڤیەکان ، رادیۆکان ، چاپکراوەکان ، رۆژنامە ئەلیکترۆنیەکان ) بۆنەتە وتەبێژ و زمانحاڵى بەرژەوەندى و لایەنێکى تایبەت، هەر ئەمە وادەکات کە رۆڵى راستەقینەى میدیا لە شەڕ و ملمڵانێى ئەم بەرژەوەندیانەدا کەم ڕەنگ بێتەوە و هەندێجاریش بە تەواوەتى بزر بێ ، هەروەک لە ماوەى رابردوو و ئێستادا دەیبینین.

 

هاووڵاتى و وەرگرى کورد بە تەواوەتى متمانەى بە هیچ کام لە میدیاکان نەماوە لەبەرئەوەى کە رۆڵى سەرەکى میدیا ڕاستگۆیى و بێ لایەنى و دوور بوونە لە چاندنى تۆى ڕق و کین و دووبەرەکى و توندوتیژى نانەوە ، کارێکى وا کراوە میزاجى گشتى بەرەو زمانى زبر چووە. لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بکەم بۆ رۆڵى سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان کە ئەمیش نەیتوانیوە بە شێوەیەک لە شێوەکان میدیا بێنیتەوە سەر هێلە ڕاستەقینەکانى کارى رۆژنامەنووسى ( ئەگەر ئەم رستەیە وەک ڕەخنە لێمان وەربگێرێ).

 

بۆ چارەسەرى ئەم کێشەیە پێشنیارم وایە کە سەندیکا کاراتر و چالاکانەتر لە تێک هەڵکێش کردنى ئازادى ڕادەربڕین و دیموکراسى و بەکارهێنانى میدیادا هەموو هێز و تواناى خۆى بخاتە گەڕ بۆ پەروەردەکردنى رۆژنامەنووسانى کورد بە شێوەیەکى تەندروست و پرۆفیشناڵ و پشت بەستوو بە ئەخلاقى رۆژنامەوانى وەک پیشەیەکى هەرە گرنگ لە کۆمەڵگادا کە دەتوانێت راى گشتى بەرەو ئاراستەى باش یان خراپ بەرێت . دەتوانێت کۆمەڵگا بەرەو شەڕ یان ئاشتى بەرێت و دەتوانێت کۆمەڵگا بەرەو پێشکەوتن یان دواکەوتن بەرێت . هەڵبەت بێ لایەنى رۆژنامەوانى دەبێت سەندیکاش بگرێتەوە و سەندیکاش بێ لایەنى خۆى بە کردەوە بسەڵمێنێت و تاکو بتوانێت ناوبژیوانێکى بێ لایەن و باوەڕ پێکراو بێت لە نێوان بەرژەوەندیە جیاوازەکانى کۆمەڵگادا. تاکو ئیتر پەنجەى تۆمەتى حیزبى بوونى بۆ ڕانەکێشرى ، بۆیە پێویستى بە کۆششى زیاترە.


سەرەنجام...


تا ئێستا و لە هەڵو مەرجى ئەمرۆماندا کە کوردستان رووبەرووى هەندێ کێشمەکێش و ئالۆزى سیاسى بۆتەوە ، هیچ کام لە میدیاکانمان نەیانتوانیوە رۆڵى راستەقینە و پیشەیانەى خۆیان کە بریتى یە لە ڕاستگۆیى ، بێ لایەنى ، ئازادیخوازى و ڕەچاوکردنى بەرژەوەندى گشتى و ئاسایشى نەتەوەیى و ئامانجە ڕەواکانى نەتەوەى کورد و ئاشتیخوازى و دوور بوون لە توندوتیژى و ..... هتد بگێرن . بۆیە من پڕ بە دڵ داواکارم هەموو میدیاکاران و رۆژنامەنووسان چ ئەندام و چ غیر ئەندام لە سەندیکا بگەرێنەوە سەر جێبەجێ کردنى ئەرکى ڕاستەقینەى میدیا و خۆیان دوور بگرن لە شەڕى راگەیاندن و بەرژەوەندیە جیاوازەکان تاکو جێ پەنجەى میدیاکاران لە ئاشتەوایى نیشتیمانى دیار و بەرچاو بێ و بتوانین کێشەکان بە ئاشتییانە چارسەر بکەین نەک شێوەى ئێستا کە میدیا بۆتە ئامرازێکى نابەجێ و نالەبارى ڕەوش لە هەرێمى کوردستاندا ، ئەوەش دەزانم کە هەر دەزگایەک لایەنى پشتگیرکار ى دارایى ( پارەدەر ) سیاسەت و فەلسەفەى میدیایى خۆى بۆ دادەرێژى ، بەڵام کەسایەتى راگەیاندنکار ئەوە دەهێنێت بەرژەوەندى گشتى لە سەرووى بەرژەوەندى تاک و گروپى بچووک بێت.

 

ماڵپەڕی نەهرۆ جه‌لال

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک