رۆڵی رۆشنبیران لە
شۆڕشی نەتەوەییدا.

عهبدوڵا ئۆجهڵان
- بهشی یهکهم -
٢٩\٥\٢٠٠٩
من بە بەرپرسیارێتیەکی مەزن و بەناوی خۆم
شۆڕشێکی مەزنم هەڵگیرساند. تەواوی گەل بەرەو مردن دەچوو و گەلێک دوژمنی
هەبوو، دۆستەکانیشی رۆژ بە رۆژ بەرەو نەمان دەچوون. لەو باوەڕەدام کە
لەئەمڕۆ بەدواوە نەک تەنیا لەبەرامبەر هونەرمەند و رۆشنبیران، بەڵکو
لەبەرامبەر نوێنەری هونەری هەموو گەلی کورد دەبێ حساب بدەین، ئێمە
چیمان کردووە و چۆن؟ ئەمڕۆش ئەوانەی خۆیان بە رۆشنبیر و هونەرمەندی گەل
دادەنێن، چی لە مێشک و دڵیاندا هەیە با لێمان بپرسن. ئێمەش هەندێک
پرسیار دەکەین پێش هەمووشتێک من یەکێکم لەوانەی خۆیان بە رۆشنبیر و
هونەرمەند دادەنێن. نەک تەنها شۆڕشگێڕ، بەڵکو نوسەر و رەوانبێژێکیشم،
لەڕاستیدا تاوەکو ئێستا من هیچ کارێکی چەکداریم نەکردووە، زۆربەی
کارەکانی من ئاخافتن و نوسین بووە، چونکە من ئەڵێم رۆشنبیرێکم، لەم
کارەشدا لە هەونەرمەندییەوە نزیکم.
خاڵێکی دیکە هەیە، ئەویش ئەوەیە کە نوسەر و هونەرمەند دووری یەکتر نین،
بەڵکو یەکن، پێویستە مرۆڤ جیاوازی نەخاتە نێوانیان.
لێرەدا خاڵی سەرەکی کە پێویستە لەسەری رابوەستین ئەوەیە رۆشنبیری چییە؟
بە هەندێک نمونە دەتوانم ئەوە باش روون بکەمەوە، لەشۆڕشی مەزنی روسیادا
گۆرکی نوسەرێک بوو، ئەو کاریگەرییەی کردیە سەر پارتی بەلشەفیک و لینین
ئاشکرایە، گۆرکی جار جار لەناو پارتیدا بوو، جار جاریش لەدەرەوەی
پارتیدا دەمایەوە و، بەتەنیا لەبەرامبەر پارتی و لینین رادەوەستا.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دڵی لەگەڵ شۆڕِش بوو و، نووسەری شۆڕش بوو،
بەجەسارەتێکی مەزن کاریگەری لەسەر شۆڕش کرد؛ شۆڕشگێڕ وەهایە! لەشۆڕشی
فەرەنساشدا ئەوانەی بە ووتار و نووسینی مەزن شۆڕشیان ئامادەکرد
رۆشنبیرانی فەرەنسا بوون. ئەوان دڵ و ئیرادەی شۆڕش بوون و نوێنەرایەتی
بۆچوونی شۆڕشیان دەکرد. ئەگەر بمانەوێ بە خۆمان بڵێین رۆشنبیر و
هونەرمەند، دەبێ لەخۆمان بپرسین چیمان بۆ شۆڕش و میللەت کردووە؟
بۆئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارەش بدەینەوە دەبێ بزانین کە شۆڕش و میللەت
چین؟ شۆڕش و گەل چۆن بەیەکەوە گرێدراون؟ لەمەش زیاتر شۆڕش چ مانایەک بۆ
میللەتی کورد هەڵدەگرێ؟ لەوانەیە شۆڕش بۆ هەندێک گەل شتێکی زۆر پێویست
نەبێ، یان تا ئاستێک پێویست بێ، لەوانەیە بەچەند ریفۆرمێکی کۆمەڵایەتی
گەلێک بەرەو پێشەوە بچێت، بەڵام بۆ رەوشی گەلی کورد شۆڕشێکی چۆن
پێویستە؟ تا چ رادەیەک پێویستی بە شەرٍِی چەکداری هەیە؟ تا چ رادەیەک
کاری سیاسی و دیپلۆماسی پێویستە؟ ئەم شۆڕشە تا چ رادەیەک پێویستی بە
کاری رۆشنبیری و هونەری هەیە؟ ئەگەر رۆشنبیرێک بەقووڵایی لەسەر ئەم
شتانە نەبێتە خاوەن بۆچوون و ئیرادەیەکی مەزن، ئەوا ناتوانێ بڵێ من
رۆشنبیری گەلێکم، رۆشنبیری شۆڕشێکم، راستی گەلی کورد ئەوەیە کە
رۆشنبیرانی دابڕاون و بۆچوونێکی تەنگیان هەیە و ئیرادەیان لاوازە.
ئەگەر بتەوێ بەناوبانگ بی و ببیتە خاوەن بۆچوونێکی فراوان و دڵ و
ئیرادەیەکی پتەو، ئەوا دەبێ دەست بە شۆڕش بکەی. ئەگەر پێناسەی رۆشنبیر
بکەى دەبێ بڵێی رۆشنبیر ئەو کەسەیە کە دڵ و ئیرادە و جەسارەتی لەگەڵ
شۆڕش و گەلدا دایە و، لە کەسانی چەکدار و دیپلۆمات و سیاسەتمەداریش
زیاتر خاوەن بۆچوونێکی قووڵ و فراوانە و بەجەسارەت و دڵێکی مەزنەوە
کارەکەی بۆ میللەت ئەنجام دەدا.
هەروەها ئەگەر بێتو رۆشنبیر خاوەنی پەرتووک، شیعر و گۆرانی بێت، نرخی
ئەمانەش هەیە، بەڵام لەڕاستیدا مرۆڤ ناتوانێ بەوانە بڵێ رۆشنبیر و
هونەرمەندی گەل. کاتێک من ئەو شتە دەڵێم سەیری مێژووی گەلان دەکەم،
سەیری گەلێک رۆشنبیری مەزن دەکەم، ئینجا ئەمە دەڵێم. نەک تەنها شۆڕشی
کرێکاران یان بۆرژوازی، بەڵکو لە هەموو شۆڕشێکدا بەمشێوەیەیە. ئەمڕۆ
هەر مرۆڤێکی کورد کە بڵێ من خاوەن بۆچونێکم، دەبێ هەندێ راستی ببینێ،
راستیە سەرەکیەکان چین؟ گەلەکەمان لە چ رەوشێکدایە، وڵاتەکەمان لە چ
رەوشێکدایە، چ شتێک بۆ گەل پێویستە، دەبێ کەی ئەم شتانە ئەنجام بدرێن؟
ئەو کەسەی ئەو پرسیارانە لەخۆی نەکات، تۆ چ ناوێکیان لێ دەنێی؟.....
ئەگەر چەند پەرتووکێک بۆ کۆمەڵ بنووسی و لەسەر هونەریش چەند شتێک بڵێی،
بەڵام بۆ چارەنووسی گەلێک نەتوانی رۆڵی سەرەکی ببینی و نەتوانی وەک
تۆڵستۆی، گۆرکی، هۆگۆ و سارتەر و رۆشنبیرانی دیکە رۆڵ ببینێ، وەک ئەوان
نەتوانێ کار بکەی، ئەوا ناتوانی ببی بە رۆشنبیری گەلێک، ئەگەر دەخوازی
وەکو ئەوان ببیت، سەیرى ئەوانە بکەین کە چیان بۆ میللەتەکەیان کردووە،
ئێوەش وا بکەن.
لێرەدا ئەڵێم ئێمە خاوەنی شۆڕشێکی مەزنمان و بانگەشەیەکی مەزنم هەیە و
بەدەستی ئێمە و لە ژێر بەرپرسیارێتی ئێمەدا بەهەزاران لە دوژمن کوژران.
هەندێک شەهیدیشمان داوە، زەرەر و زیانێکی گەلێک مەزنیشمان بەو کەسانە
گەیاندووە کە بەدوژمنیان دادەنێین و شەڕێکی مەزنمان لەدژیان دەستپێکرد.
مێژووی هەرە بەرچاویش ئەو شەڕەیە کە دژی رژێمی تورکیا دەیکەن. مومکین
نییە یەکێک بڵێت من دووری ئەم شەڕەم و لەژێر کاریگەری ئەم شەڕەدا نیم.
لە شوانێکەوە بگرە تا دەگاتە کوردێکی مۆسکۆ، ستۆکهۆڵۆم، واشنتۆن،
هەموویان لەژێر کاریگەری ئەم شەڕەدان. جا ئەمە بەباشی ببینرێ یان
بەخراپ، ئەوا ئەو شتەی کە هەیە نکۆڵی ناتوانرێ نکۆڵی لێبکرێ. بۆ ئەمەش
دەبێ رۆشنبیران لەسەری بنووسن. چونکە کەڕ و لاڵی کاری رۆشنبیران نییە.
گەر سەیر بکەین دەبینین بەتەنها شوانێکیش بێ دەنگ نامینێ. تانسۆ چیللەر
کە ژنێکی بۆرژوایە، وەکو بارگیرێک وایە هەر رۆژ خۆی کۆدەکاتەوە و هێرش
دێنێتە سەرمان و دەڵێ:"یان لەناویان دەبەین یان لەناویان دەبەین".
هەموو هونەرمەند و نووسەرەکانیان لە پشتیەوە دەبنە یەک و دژ بە کوردان
شەڕ دەکەن. ئایا کەس دەتوانێ نکۆڵی لەمە بکات. جگە لەچەند کەسانێک،
بەڵام هەموو نووسەر و هونەرمەندانی تورک لەگەڵ سەرۆکی سوپا و سەرۆکی
سیاسیان یەکن و لە رەوشی هێرشکردندان. ئەگەر ئەوانە دوژمنی ئێوەن،
بەرامبەر ئەوانە کاری ئێوە چییە؟ دیسان گریمان ئێمە باش نین ئەوانیش
باش نین، بەڵام لێتان دەپرسم راستی لە کوێیە؟ ئێوە PKK لەلایەک دابنێن
و ئەو کوردەی سەرهەڵدان دەکات لەلایەکی دیکە، واتە گەلی کوردی ستەم
دیدە و PKK لەیەک جیابکەیتەوە، ئەوا راست نییە و درۆیەکی هەرە گەورەیە.
با مرۆڤ واز لەم درۆیانە بهێنێ. لەوانەیە ئەوروپا شتێکی بەمجۆرە
بخوازێ، بەڵام ئەوە دەسەلمێنم کە تەواوی دەوڵەتانی ئەوروپا دوژمنمانن،
دەخوازن گەلی کورد لە شۆڕشی خۆی دوور بکەوێتەوە.
ئەوروپا بەفەرمی و بەکردەوە بە هەموو توانای ماددی و مەعنەوی خۆیەوە
پشتگیری لە دوژمن دەکات. کاتێک ئەمانە راستی بنەڕەتین، ئەوا رۆشنبیری
کورد لەناوەوە و دەرەوەی وڵات دەتوانن لەسەر ئەم بنەمایە خۆیان پێناسە
بکەن و بڵێن ئێمە چین و کێین و لەگەڵ کێ دایین و چۆن؟. دیسان ئەڵێم من
رۆشنبیرێکم حەڤدە ساڵە لە دەرەوەی وڵاتم و نەچوومەتە ناو گەل و چەکیشم
بەدەستەوە نەگرتووە. دەتوانم بڵێم لەناو رۆشنبیراندا کەسانێک هەن کە
چەکیان هەڵگرتووە، هەرچەندە زۆر نزیکیش نین، بەڵام دیسان کاریگەریەکی
مەزن لەسەر ئەو رووداوانەی کە لە کوردستاندا روودەدەن دەکەن. من
نوسەرێکم زیاتر لە سەدان پەرتووکم نوسیوە و، گەلێک وتارم پێشکەش
کردووە. پێش هەموو شتێک بە ملیۆنان کەس بەدڵ و مێشک پەیوەستن بەمنەوە.
ئەگەر من دەستبەرداریان بم، دیسان ئەوان دەستبەرداری من نابن، ئەمەش
رۆشنبیریە. ناتوانم زێدە خۆم بە گەورە دابنێم، باوەڕ دەکەم گەلێک کەس
ئەنجام لەم راستیە هەڵدەهێنجن. دەبێ مرۆڤ بە گوێرەی قۆناخ رێزی گەلەکەی
بگرێ، هاوکات دەبێ ئەوەش بزانرێت کە گەل و شۆڕش بەیەکەوە گرێدراون. با
نموونەیەکی دیکە بهێنمەوە، گەلێک کەس لەگەڵ سەرهەڵدانی بارزانیدا و
بگرە لەگەڵ سەرهەڵدانی کۆنیش دابوون، کە نوسین و کتێبیشان لەسەر
دەرخستن، دیسان بەدرخان سێ رۆژ لە گەلی"ئەرۆ" بەرخودانی کرد، 15 هەزار
چەکداری هەبوو، بەڵام تەسلیم بوو و، لە دواییدا چووە ئەستەمبوڵ و گەلێک
وڵاتیش گەڕا، گەلێک کوڕی هەبوو کاری ئەویان بەردەوام دەکرد، بەدرخان
ئەوەندەیە کە گەلێک کتێبی لەسەر دەنووسرێ و پێویستە زیاتریشی لەسەر
بنووسرێ.
بەڵام لە شۆڕشی ئێمەدا ئەو شەڕەی کە لە گابار و ئەرۆ کردوومانە کە
زیاتر لە 15 ساڵە بەردەوامە، بەچەند گەنجێکی کورد دەستمان پێکرد.
دەوڵەتی فاشیستی تورک بە هاوکاری هەموو هێزەکانی جیهان هێرشی کردە
سەرمان، دیسان بەرخودانی ئێمە بەردەوامە و تەسلیم بوون رووی نەدا،
تەواوی چیاکان لەدەستی ئێمەدان. ئەگەر یەکێک ئەو راستیانە نەبینێ و
باسی بەدرخان و بارزانی و کەسانی دیکە بکات، ئەوا ئەو کەسە ناتوانێ لە
راستی گەلی کورد تێبگات. چونکە راستییەکی مەزن هەیە، بەڵام نایبینێ.
یەکێک شتی گەورە نەبینێ ناتوانێ شتی بچووکیش ببینێ. لە مێژووی
فەرەنسادا "جاندارک" هەیە و پێی دەڵێن قارەمانی نەتەوەیی، گەلێک کەس
هەن کە دەڵێن قارەمانی نەتەوەییش نییە و خۆی نەسووتاندووە، بەڵام
بەسووتاوی دادەنێن. فەرەنسا لە سایەی ئەو قارەمانە بووە گەلێک. بەڵام
لەشۆڕشی ئێمەدا دەتوانم بڵێم گەلێک لە هەڤاڵانمان هەن کە خۆیان
سووتاندووە، وەک فەرهاد قورتای و هەڤاڵەکانی، بەسەدان کەسی دیکەش خۆیان
سووتاند. بەسەدانی دیکەش بۆ ئەوەی تەسلیم نەبن نارنجۆکیان بە خۆیاندا
تەقاندۆتەوە و پارچە پارچەبوون. ئێوە نیاز و داخوازی چەند لەمانەتان
زانی؟ ئەگەر ئێوە شتێک لەسەر ئەوانە نەزانن و بڵێن ئێمە رۆشنبیر و
هونەرمەندین، ئەوا قەلەڕەش پێتان پێدەکەنێ. ئەگەر مرۆڤ خۆی لەم رەوشە
دەرنەخات شوورەییە.
ئەوانە قارەمانی مەزن بوون، لاوی هەژدە ساڵی خۆیان سووتاند. ئێستا من
بە خۆم دەڵێم رۆشنبیرم و، گەلێک کەوتوومەتە ژێر کاریگەری ئەوانە.
ئەوانە کچ بوون خۆیان سووتاند، ناڵێم من سیاسەتمەدارم بۆیە ئەوشتانە
دەبینم، چونکە ئەگەر ئەو شتانە نەبینم ناتوانم خۆم بە مرۆڤێکی بەشەرەف
دابنێم. لەم وڵاتەدا، لەناو ئەم گەلەدا، دوای ئەوەی کە کچ و کوڕی هەژدە
ساڵی خۆیان سووتاند، ئێمەش بڵێین قارەمان و رۆشنبیر و هونەرمەندی
کوردین، بە هیچ شێوەیەک ئەو شتە پەسند ناکرێ. هەتا ئامانجی ئەو کوڕ و
کچانە کە خۆیان لەپێناویدا سووتاندووە بەسەر نەکەوێ، ئەوا دەستبەرداری
لەم تێکۆشانە ناکەین. ئەگەر خۆتان نەگەیەننە ئەو راستیە، ئەوا ناتوانن
بڵێن خاوەن هونەرین. لەبەر ئەوە کاتێک مرۆڤ وتوێژ لەسەر هەندێک بابەت
دەکات، دەبێ مرۆڤ لەسەر راستی بێت.
ئەوەش دیسان بۆچوونێکی رۆشنبیرییە، کە لەسەر من چەندە رەخنە دەگرن
بگرن، بەڵام بۆ گەلەکەمان شتی مەزن دروستبوون. گەلەکەمان تەنیا یەک
رۆحی هەیە ئەویش تەنیا لە پێناو شۆڕشدا بەختی دەکات. لەبەر ئەوە
پێویستە ئەوانە تاجی سەری ئێمە بن. بۆیە پێویستە ئەو بەختکردنە بکەینە
هونەر. چونکە ئەوانە رۆڵەی ئەم گەلەن. باشە بۆچی گەل ئەوانەی سووتاند؟
ئەو گەلەش ئێمەین بۆچی ئاوانمان سوتاند؟ ئایا ئەوەندە بێ دڵ و ئیمانین
ئەوانەمان سوتاندن؟ ئەگەر ناتوانین ئەوانە لەیاد بکەین و خۆمانیان لێ
دوور بگرین، ئایا مەسەلەی بنچینەیی کورد و رۆشنبیر و هونەرمەندی کورد
ئەمەیە؟
- بهشی دووهم -
٣١\٥\٢٠٠٩
ئەوانەی کە شەهید بوون، ئەوانەی کە خۆیان
سووتاند، ئەوانەی کە لەسەری چیا شەڕ دەکەن، بۆ ناوی گەلێک بەبێ مەرج
خۆیان فیدای گەل و وڵات دەکەن. من ناچارم بەوانەوە گرێدراوبم، بۆچی؟
چونکە ئەگەر بەوانەوە گرێدراو نەبین ــ کە گەورەترین قوربانی لەپێناویی
گەلدا دەدەن ــ و لەهەموو روویەکەوە بە قووڵی و بەفراوانی لەسەر ئەوان
رانەوەستین، ئەوا ناتوانین پیوەستبوونمان بەگەلەوە نیشان بدەین. ئەگەر
ئێوەش لەگەڵ گەلی کورددا نەبن، ئایا چۆن خۆتان بە رۆشنبیری کورد
دادەنێن. ئەگەر بە کوردێکی گرێدراوی دوژمن بڵێن ئەویش باشە، ئەوکاتە
چۆن لەگەڵ گەلی کوردن. لێرەدا پێویستە مرۆڤ راستی خۆی باشتر بناسێ.
مەسەلە من نیم، مەسەلە پارتی کرێکارانی کوردستانیش نییە، لەوانەیە
ئەوانەی کە شەهید دەبن نەشزانن کە PKK چییە، بەڵام لەمێژووی هیچ
گەلێکدا ئەو جەسارەت و خۆکردنە قوربانیە دروست نەبووە. ئێستا رۆمان چۆن
بنوسین، کۆنسرتۆ چۆن دروست بکەین، شایی چۆن بکەین و....هتد، ئەو شتانە
لەچاو ئەو قارەمانێتیەی شەهیدان ناتوانێ ببێتە هونەر و رۆمان. ئەوەش
ئەوە دەسەلمێنێ کە رۆشنبیری کورد مردووە و ناتوانێ بنووسێ. ئەوە شتێکی
بچووک نییە، کە ئێوە لەسەر ئەحمەدی خانی هەندێک شت ئەڵێن، هەموو کەسێک
ئەحمەدی خانی و مەم و زین دەناسێ، بۆچی ئەحمەدی خانی بە مەم و زین
بەناوبانگە؟ دیارە مەزنبوونی ئەحمەدی خانی لەسەر ئەشقی مەم و زینە.
دەزانین مەم و زین لە جزرە بۆتان سوتاوون. ئەمڕۆکەش بە هەزاران مەم و
زین دەسووتێنرێن، لەوانەیە مەم و زینی ئەحمەدی خانی کوڕ و کچی ئاغا و
بەگ بووبن، زێدە ئەشقێکی وڵاتپارێزی نەبووبێ. بەڵام ئەمڕۆ بەهەزاران
مەم و زین بەئەشقی بۆتان و ئەم وڵاتە دەسووتێنرێن. ئەحمەدی خانی
نووسەرێکی دروست بوو، مەم و زینی دیت و یەکسەر دەستی بەنووسین کرد،
بەڵام ئێوە هەزاران مەم و زین دەبینن و لەبەرچاوتانن، خەیاڵیش نین،
بەڵکو حەقیقەتن. باشە بۆ ناتوانن شتێک بنووسن، بۆچی ئەو هێزەتان نییە،
بۆچی ناتوانن وەکو ئەحمدی خانی بنووسن؟ بوێری ئێوە کوا تاوەکو بڵێن
دەتوانین. بەرهەمی ئەحمەدی خانی مەم و زینە، بەرهەمی ئێوە کوا؟ ئەحمەدی
خانی بە ئەشقی مەم و زین مەزن بوو، بەڵام ئەمڕۆ بەهەزاران مەم و زین
لەبەرچاون کەچی ناتوانرێ دەرببڕدرێ و بنووسرێتەوە. ئایا چۆن ئەوشتانە
لەگەڵ رۆژی ئەمرۆمان گرێ دەدرێت؟ بەدرخان بەگ چۆن بەئەمڕۆوە گرێ دەدرێ،
شێخ سەعید چۆن بە ئەمڕۆوە گرێ دەدرێ؟ هەر رۆشنبیرێک ئەگەر ئەو شتانە
نەزانێ و مێژوو و هونەری دوێنێ و ئەمڕٍۆ نەکاتە یەک، ئەو کاتە ناتوانێ
بڵێ من رۆشنبیرم و مافی هیچ کەسێک نییە. هەر کەسێک ئەگەر بەناوی گەلی
کورد و خوێنی شەهیدان قسە بکات، دەبێ جێگای خۆی بەو رەنگە بگرێت، ئەوە
مێژووی منە.
هەنێک دەزگا هەن هونەری و کولتوورین و خۆیان بە سیاسی دادەنێن،
هەندێکیان سیاسین و کاری سیاسی بەڕێوە دەبەن، بەڵام دەیانەوێ وەکو
دەزگایەکی هونەری و کولتووری تەماشای خۆیان بکەن، ئەوانە هەردووکیشیان
راست نین. هەر لەبەر ئەو هۆیانەشە خەبات گەلێک دوادەکەوێ. لەکۆندا ئەو
شتە زۆر باو بوو، بە ئەزموون دەرکەتووە کە هەتا ئێستا ئەو کارەی
کردوویانە، کارێکی کولتووریی و هونەریە، بەڵام بەناوی پارتی سیاسیەوە
کراوە. وەکو پارتی سۆسیالیست، پارتی دیموکرات، پارتی شۆڕشگێڕ، بەڵام
ئەگەر تەماشای کارەکانیان بکەى، ئەوا زیاتر کاری کولتوورین، نەک کارێکی
سیاسی، بەڵام ئەوانە وا دەزانن کارێکی سیاسیان ئەنجام داوە. هەندێکیش
هەن لەژێر ناوی کولتوور، کاری سیاسی دەکەن و دەڵێن ئێمە دەوڵەت
هەڵدەخەڵەتێنین، ئەوە هەڵەیە. بەتایبەتی لەم دواییەدا گەلێک زەرەر لەو
بۆچوونانە بینرا. دەبێ مرۆڤ کاری سیاسی و کاری کولتووری لەیەک جیا
بکاتەوە و تێکەڵاویان نەکات. پێویستە هەموو کارێک بەئەندازەی خۆی نرخ و
بەهای بدرێتێ. بۆ نمونە دەتوانم لەسەر خۆشم شتێک بڵێم؛ کاتێک لەسەر
کاری سیاسی و سەربازی رادەوەستام، من خۆم زۆر بە سیاسەتمەدار و
فەرماندەیەکی سەربازی دانانێم، بەڕەنگی نووسەر کاریگەرییان لەسەر
دەکەم. بەڵام کاتێک نزیکی کارێکی سیاسی یان سەربازی دەبم، دەزانم ئەو
کارە چۆن دەکەم، ئەوە چەندین ساڵە ئامادەکاری ئەو شتەش دەکەم.
لەڕاستیدا هێدی هێدی خۆم لەکاری سیاسی نزیک دەکەمەوە. بەنووسین و
وتاربێژی خۆم ئەو شتەم کرد و پارتی کرێکارانی کوردستان ناوبانگی
دەرکرد.
بەمجۆرەش کای سەربازی و چەکداری ئەوەندە بەهێز دەرکەوت، بەڵام دیسان
لەڕووی سیاسی و سەرباوییەوە بەهێزم. دەتوانم بڵێم رەوشی من رەوشی وەکو
رەوشی رۆشنبیرێکی شۆڕشگێڕە. پێویستە هەموو کەسێک لەو رووەوە سەرنج
بدات، ئەگەر هەر کەسێک بەمجۆرە بژی و کاری خۆی ئەنجامبدات، ئەوا
دەتوانێت گەلێک شتی مەزن بەدەست بێنێ. ئێمە گەلێک مەزنمان خوڵقاند.
ناڵم خەباتی کولتووری و هونەری هیچ نرخێکیان نییە، لەم میانەوە باسی
ئارام تیگرانیشمان کرد، کاتێک یەکەم جار گوێم لە گۆرانی ئارام تیگران
بوو، ئەو کاتە ووتم پێویستە ئەم دەنگەی کورد نەمرێ و مرۆڤ بۆ ئەم دەنگە
خەبات بکات، ئەمەش بەکاری سیاسییەوە گرێی بدات، واتە لەو خاڵەدا خەباتی
هونەری کاریگەرییەکی مەزنی لەسەر سیاسەتی من دروستکرد، من گەلێک کەس بە
مامۆستای خۆم دادەنێم، لێرەدا بەهیچ شێوەیەکیش خۆم بچووک نابینم، بەڵام
خەباتی مامۆستایەتی و چلاکی هونەریش بە شتێکی گەلێک گەورە دادەنێم،
واتە نرخ و بایەخێکی زۆریان هەیە، جێی ئەوانە لێرەدا گەلێک گەورەیە،
لەسیاسەتی ئێمەشدا گەلێک گەورەن، پێویستە مرۆڤ هەست بەوە بکات، ئەگەر
هەست بەوە نەکات و لەخەباتی خۆیدا ئەوشتە نەناسێت، ناتوانێت خۆی پێش
بخات.
وەکو دەزانرێ لەناو ئێمەدا موریدێتی گەلێک بەهێزە، پێش ئەوەی ببین بە
موسڵمان بووین بە مورید، ئەمەش گەلێک زەرەری پێ گەیاندین و، پێش ئەوەی
ببین بە بزاڤی سیاسی، ئەمجارە بووین بە موریدی سیاسی، ئەوەشیان زەرەر و
زیانێکی زۆری پێگەیاندین.
پێش هەموو شتێک ئێستا من بەناوی PKK خەبات دەکەم، لەناو PKKدا
بەڕادەیەکی سەرسوڕهێنەر کادیری لەشێوەی مورید دروست دەبن، بەڵام کادیری
سیاسی دروست نابن، ئەم رەوشەش گەلێک هۆکاری هەیە، یەکێک لەو هۆیانەش بۆ
لاوازی رۆشنبیر و رۆشنبیرێتی دەگەڕێتەوە.
وشەی موریدایەتی لە مێژووی کورددا بەدی دەکرێت و بەمانای "مردوو" دێت،
لەڕاستیدا ئەمە شتێکی باش نییە، چونکە مرۆڤی نەزان مردووە، تەنانەت
دەتوانم وشەی "پێشمەرگە"ش بەمشێوەیە شیبکەمەوە کە بە مانای "پێش مردن"
دێت، ئەمەش راستییەکە، چونکە مردن لەخۆوە دەگرێ. لەکاتێکدا کە پێویستە
هەر کەسێک هەنگاو بەرەو ژیان بنێت، ئێمە مردوونین، بەڵکو لەهەموو
روویەکەوە خاوەن بانگەشەی ژیانین. چونکە دوژمنان لەجیاتی ژیان مردن
شایستەی ئێمە دەبینن. بۆیە موریدی لەنێو ئێمەدا بەڕێوە دەبەن، دژ بەم
بۆچوونەش ئەرک و کارێکی زۆرمان دەکەوێتە سەر شان و پێویستە جێبەجێی
بکەین. من لەلای خۆمەوە بەباشی ئەم ئەرکەم جێبەجێ دەکەم.
من ناڵێم دڵی رۆشنبیر گەرم نییە و گەیشتوونەتە رادەی گوناهبار، من
هەرگیز ئەو شتە لەسەر نووسەرانی ئێستا و رابردوو ناڵێم؛ من پێناسەی
شتێک دەکەم پێویستە کەس خۆی هەڵنەخەڵەتێنێ، نووسینی ئێوە لەلامان گەلێک
بەنرخە و کاریگەریشی لەسەر شۆڕش هەیە، ئەم راستیە نکۆڵی لێناکرێ،
ناڵێم: دەبێت هەموو رۆشنبیرێک ببێ بە شۆڕشگێڕ و بەشۆڕشەوە گرێدراو بێت،
رۆشنبیریش بەگوێرەی سەردەم رۆشنبیری سەردەمی خۆیانن، واتە هی کۆمەڵگای
ئەو سەردەمەن.
ئەوە راستیەکە مرۆڤ ناتوانێ نکۆڵی لێ بکات، ئەو شتەی لێرەدا دەیڵێیم
نکۆڵی کردن نییە و گوناهبار کردنی ئەوانەش نییە بەڵکو بەپێچەوانەوە
ئێمە دەڵێین بە گوێرەی سەردەمە. ئەو رۆشنبیرە، ئەو هونەر و کولتوورەی
کە هێناویانەتە بەرهەم پێویستە چۆن بیانگەیەنینە رۆژی ئەمڕۆ. پێویستە
بە باشی لەمە بگەن، ئەو کەسانەی کە خۆیان سووتاند، رۆڵەی ئێوەن، هی PKK
نین، بەڵکو هی کۆمەڵگای کوردن. بۆچی ئەو مرۆڤە خۆی دەسووتنێ، ئەمە پرسی
ئەو گەلەیە با نووسەرێک بە رۆمانێک ئەم راستیە روون بکاتەوە. وابزانم
ئەوەی خۆی دەسووتێنێ لاوازە، شتێکیان لەدەست نایەت و دڵیشی زۆر گەرمە.
وڵاتپارێزە، ئازادی دەوێ، بەڵام ناتوانێ بیگاتێ، کەچی دڵی ئەمە
دەخوازێت، لەبەرئەوەی ناتوانێت ژیانی خۆی بەردەوام بکات و خۆی
دەسووتێنێ. 100% ئەو خۆسووتاندنە لە پێناو گەلێکە بۆ مێژووی کورد. بۆ
مێژووی کەوتوو، بۆ ئەو مێژووەی کە بەدەستی دوژمن نوسراوەتەوە کە ئەو
لاوازیەی لەسەر کۆمەڵگا و خێزان دروستی کردووە و، رێکخستنی بەهێزیش
نین، شۆڕش بەهێز نییە، ئێمە بەهێز نین نەمانتوانی ئەوان لەخۆ سووتاندن
رزگار بکەین، کچ و کوڕ سووتان، فەرهاد قورتای سووتا، هەروەها ئێمە ئەم
راستیانە چۆن روون بکەینەوە ئەگەر ئێمە ئەو کۆمەڵگایە بە مێژووەوە گرێ
نەدەین، ئەگەر رۆشنبیرانی ئێمە ئەمڕۆ ئەمانە لەگەڵ مێژووی دوێنێ و
ئەمڕۆ گرێ نەدەن، ئەوا چۆن دەتوانن بڵێین ئێمە رۆشنبیرین. واتە لێرەدا
کەموکوڕیەک هەیە ئێمە دەمانەوێت ئەو کەموکوڕیە لە کاری رۆشنبیراندا
نەمێنێ.
دیسان لێرەدا دەمەوێ رەخنەیەکی بچووک بکەم، دوژمن هەتا ئێستا
پڕوپاگەندەی مەزنی دژی شۆڕش کردووە، لەسەرەتادا دەیگوت ئەوانە چەند
شوانێکن، لە دوایشدا لەگەڵ دۆستانی خۆی رێککەوتنێکی جیهانی لەدژی ئێمە
ئەنجامدا و گوتی: ئەوانە تیرۆررستن و، گوتیان تیرۆرست، بەمڕەنگە و بەو
رەنگە خراپن. بەداخەوە ئەم پڕوپاگەندانە گەلێک کاریگەریان لەسەر
رۆشنبیری ئێمەش کرد بەتایبەتی کاریگەری زیاتر لەسەر ئەوانەی کە لە
ئەوروپادان کردووە، دڵی ئەوان لە شۆڕش سارد بۆتەوە، دەتوانم بە راشکاوی
بڵێم لێرەدا تێکەڵی دوژمن کارێکی بنەڕەتییە.
ئێستاش شتێکی دیکە دەکەن و دەڵێن بۆچی بەباشی لەسەر ئەم شۆڕشە
راناوەستن. شتێک بۆ ئەوانە دەڵێم، ئەگەر یەکێک رەخنە لەخۆی بگرێ، بەو
کارە مەزنبوونی خۆی دەسەلمێنێ. ئەگەر حەفتا ساڵیش تێبپەڕێ بێ دیسان
مامۆستای مەزن کەموکوڕیەکانی خۆی دەبینێ. ئیتر کەموکوڕی خۆت پەسند بکە
و خۆی لێ رزگار بکە. ئەگەر بەم شێوەیە بڕۆی ئەوا لەوانەیە ئەو
کەموکوڕیانە مەزن ببێ، ئێمە لە بنی پێمانەوە تا تەوقی سەرمان لەناو
کەموکوڕیدا گەورەبووین، لەناو هەڵەی دوژمندا گەورەبووین، ئایا شیمانە
دەکرێ لەتواناماندا بێ کە هەتا دوایی بەو شێوەیە بەردەوام بین؟ پێویستە
ئەو کەموکوڕیانە دەرباز بکەین، ئێمە ناڵێین ئەوانەی ئەمە ئەنجامنەدەن
گوناهبارن، مەسەلە گوناهباری و بێ گوناهی نییە، بەڵکو ئەوە مەسەلەیەکی
ویژدانی و ئەخلاقیە. رۆڵەکانی ئێمە بۆ دەسووتێن، چۆن ئەو سووتانە
بوەستێنین؟. ئەگەر رۆشنبیران وەڵامی ئەو پرسیارە نەدەنەوە، ئەوکاتە زۆر
گوناهبارن.
من لەئێوە زیاتر لە ژوورێکدام، لەوانەیە ئێوە بچنە دەرەوە و دنیای
دەرەوە ببیت، من زێدە دەرفەتی ئەوەم نییە. ئەوە خۆی لەخۆیدا شتی هەرە
راستە کە ئەنجامبدرێ، بە پێچەوانەوە لە ژوورێکدا نوسەری مەزن دروست
دەبن. مرۆڤ لە زیندانیشدا دەتوانێت ببێتە نوسەر و رۆشنبیری مەزن،
لەوانەیە لەقسەکانم بەهەڵە تێبگەن، بەڵام دیسان دەتوانم باسی ئەحمەدی
خانی بکەم، مەم و زین سەرەتای رۆمانێکە، بەڵام لەدوای ئەو بەرهەمی
گەورە دروست نەبووە و بەردەوام نەبووە، بەگوێرەی سەردەمی خۆی ئەحمەدی
خانی بەڕاستی دەیەوێت گەل بکات بەخاوەن دڵ و زمان، دیسان مرۆڤ دەتوانێ
بڵێ مەم و زینیش لەوڵاتپارێزیدا بەگوێرەی سەردەمی ئێستا لەنوێوە دروست
دەبێت، بۆ ئەمەش پێویستە مرۆڤ بەباشی لە هەندێک مەسەلە تێبگات.
ئەوکاتەی ئەحمەدی خانی ئەو شاکارەی نووسی سەردەمی شۆرشی بۆرژوازی بوو،
لە ئەوروپاش هەستی نەتەوەیی هاتبووە ئاراوە، دیموکراسیەتیش هێدی هێدی
دروست دەبوو، وابزانم ئەو شتانە کاریگەریان لەسەر ئەحمەدی خانی دروست
کردووە، بەڵام دیسان بەگوێرەی ئەو سەردەمە نەتەوایەتی و دیموکراسیەت
گەلێک لاواز بوو. هۆی سووتاندنی مەم و زینیش ئەوە بوو! واتە کۆمەڵگای
کورد تواناکاری ناداتە سەربەخۆیی و ئازادی. چی بکات و چۆن بیر بکاتەوە
کۆتاییەکەی هەر سووتاندنە. ئەحمەدی خانیش ئەو شتەی باش نووسیوە و
بەگوێرەی سەردەمی خۆی شتێکی لەجێدایە. لەڕۆژی ئەمڕۆماندا مرۆڤ ناتوانێ
وەکو سێ سەد ساڵ پێش ئێستای دابنێ، دیسان سووتاندنیش بەهێزە، نەتەوەی
کورد دووچاری قڕکردن دەبێت، ئەو شەڕەی لەسەری پیادە دەکرێ وەکو شەڕی دژ
بە میللەتانی دیکەش نییە، بەڵکو شەڕی قڕکردنە. ئەمە خاڵێکی گرنگە،
هەروەها ئەو کارەش کە میللەتی کورد دەیکات کاری دیموکراسیەت نییە،
بەڵکو لەوە زیاتر کاری "مان و نەمانە" هەموو شتێک دەکات بۆئەوەی ژیانی
بەردەوام بکات، بۆئەوەی وڵاتی بمێنێ و ژیانی بمێنێ، ئەوەش بە خاڵێکی
دیکەوە گرێدراوە، ئەمەش سەربەخۆیی وڵات و ئازادی ژیانە. ئەوشتانە گەلێک
یەکانگیرن و ناتوانین لە یەکیان جیابکەینەوە. تۆ لەهەر روویەکەوە بتەوێ
رۆمان بنووسی دەبێ ئەو دوو وشەیە بەبنچینە بگری. ئەوەی دەیەوێ رۆمانی
کوردی بنووسی، دەبێ ئەو قڕکردنەی لەسەر گەلی کورد پیادە کراوە
بەشێوەیەکی زانستی ــ مێژوویی لێکبداتەوە. هەروەها دەبێ ئەمە لەلایەنی
سۆسیۆلۆژی، سایکۆلۆژیشەوە شیبکرێتەوە. بۆ نمونە رۆمانی شەڕ و ئاشتی،
ئەوەی ئەو رۆمانە بخوێنێ دەبینێ کە بەشێوەیەکی بەهێز لایەنی سۆسیۆلۆژی
و سایکۆلۆژی و مێژووی... هتدی، لەخۆوە گرتووە. هەروەها لەسەر ئەو شەڕەی
کە ناپلیۆن لە بەرامبەر روسیا کردی، هەتا بچووکترین خاڵ لێکۆلینەوەی
لەسەر کراوە و، گەلێک رۆمانی مەزنیان لەسەر نووسی و کاریگەریان تا رۆژی
ئەمڕۆش هەر بەردەوامە. بۆچی؟ چونکە ئەو شەڕە نەتەوایەتی و دیموکراسیەت
بۆ میللەتی روسیا دەنوێنێ. لەو شەڕەدا سەربەخۆیی و ئازادی گەلی روسیا
یان بن دەست دەبێ یان تەسلیم دەبێ، بەجۆرێک یان ئەوەتا گەلی رۆسیا
سەردەکەوێ و پێش دەکەوێ یاخود شکست دێنێ، هەر لەبەر ئەمەشە کە تۆلستۆی
بەباشی لەسەری راوەستاوە، رۆمانەکەش زۆر مەزنە، لە فەرەنساش شاکاری بەم
رەنگە هەیە، لەمێژووی هەموو گەلانیشدا ئەمە بەدیدەکرێت.
- بهشی سێیهم -
٣\٦\٢٠٠٩
لێرەدا دەمەوێت بە بەرفراوانی لەسەر ئەم
راستیە رابوەستم کە ئەگەر ئێمەش بمانەوێ لەسەر رۆمانی کوردی رابوەستین،
ئەوا دەبێ ئێمە راستی کورد لەڕۆژی ئەمڕۆماندا، لەلایەنی مێژوویی،
سایکۆلۆژی و هەموو لایەنەکانی دیکەی کۆمەڵایەتیەوە بناسین . پێش هەموو
شتێکیش ئێستا شەڕێک لەئارادایە، ئەگەر یەکێک ئەو شەڕەی کە لەکوردستاندا
هەیە، لەهەموو روویەکەوە نەبینێ، دیسان بەسەدان گوند چۆڵ دەکرێت، بە
هەزاران کەس بە دەستی بکەری نادیار بەشێوەیەکی دڕندانە دەکوژرێن، بە
ملیۆنان کەس کۆچبەر بوونە، ئەوانەی کەماون تینوو و برسین ، رووتن و
مرۆڤی ئێمە لە رەوشێکدایە کە ئەگەر سایکۆلۆژی ئەوان و رەوشی کۆمەڵگای
ئەوان لە هەموو روویەکەوە نەناسی، لەوەش زیاتر ئەگەر سووتاندنی ئەوان،
کوشتنی ئەوان نەناسی، ئەوا تۆ ناتوانی رۆمان بنووسی. راستی کورد و
راستی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی گەلی کورد بەم رەنگەیە. خاڵی دووهەم
ئەوەیە کە ئێستا شۆڕشێک و بەرخودانێکی شکۆمەند لە ئارادایە، هەروەها
گەلێک خاڵی لاوازی هەیە، پێویستە رۆماننووس لێرەشدا هەتا دوایی لەسەر
خاڵی لاواز رابوەستێ.
ئێستا پارتی کرێکارانی کوردستان رابوەتە سەر پێ و لە رابردوودا هیچ
ئامادەکاری و بنگەیەکی پتەوی نەبوو، چەند گەنجێکی رووت و هەژار بوون و،
ئەو کارەی کردووەیانە وەکو کاری هیچ شۆڕشێک نییە، هەندێک پێی دەڵێن:
موعجیزە! هەندێک پێی دەڵێن: کاری پێغەمبەرە! هەندێکی تریش هەن پێی
دەڵێن: کاری ستالینیزم! هەندێک پێی دەڵێن: کاری دیکتاتۆری! واتا هەرکەس
ناوێکی لێدەنێ. با مرۆڤ ئەو پارتیەش بناسێ، ئەو شۆڕشگێڕانەی خۆیان
سووتاند، ئەوانەی کە نازانن بەباشی شەڕ بکەن، هەتا لەسەر سەرۆکی ئەو
پارتیەش رابوەستن، ئەو سەرۆکی چییە؟ پێویست ناکات ئەو شتانە بڵێم، چەند
هەفتەیەک پێش ئێستا رۆژنامەنووسێکی ئینگلیز چۆتە گوندی ئێمە دەربارەی
من پرسیاری لە خۆشکێکی من کردووە و وتویەتی؛ ئەو بە مناڵی چۆن بوو؟
بەڵام گەلێک نووسەری کورد هەن، هەتا ئێستا ئەو شتەیان نەکردووە،
دەبینین نووسەرێکی ئینگلیزی دەچێتە گوندی ئێمە لەگەڵ خوشکی من گفتوگۆ
لەسەر من دەکات، قسە و ئەو پرسیارانەی لێ دەکات، دیارە مرۆڤی ئینگلیز
ئاقڵن! دەزانن ئەگەر بیانەوێ گەلی کورد بناسن، پێویستە من بناسێ و،
ئەگەر بیەوێ من بناسێ، پێویستە گوند و خێزانی من بناسێ و هەندێک شتیان
لێ بپرسێ. هەتا ئێستا ئەو شتانە بەیادی نووسەرانی ئێمەدا تێنەپەڕیون ،
ئەوەش کەموکوڕیەکی مەزنە. گەلێک رۆژنامەنووسی تورک، گەلێک شتیان لە
دایکی من پرسی هەتا رۆژنامەنووسی تورک چەند کتێبێکیشان نووسی، رۆمان
بەو رەنگە دەنووسرێ بە رەنگێکی تر نانووسرێ، هەورەها گەلێک مەسەلەی
دیکەش هەیە، ئەمانە هەموویان مەسەلەی ناوەڕۆکن، ئەگەر زۆر بەقووڵ و
فراوانی ئەو شتانە نەناسی تۆ ناتوانی لە کوردی ئەمڕۆ تێبگەی، خودا
ئاپۆی لە ئاسمانەوە نەناردوە، بەدەستی هیچ کەسێکیش دروست نەبووە، من
ناڵێم ئاپۆ کەسێکی سەیر و سەمەرەیە و شانی وایە باڵی وایە، بەڵام شتێکە
کە رەنگە کەموکوڕی و هەڵەی خۆی هەبێت و لە گەلێک لایەنیشەوە باشی خۆی
هەبێت، بە ملیۆنەها کورد وەکو پێغەمبەرێکی لەقەڵەم دەدەن! ئەوە
راستیەکە کە تۆ ناتوانی نکۆڵی لێ بکەی، باشە چۆن دروست بوو، لاوازی
گەلی کورد چیی بوو، بۆچی بەو شێوەیە خۆی بەو کەسەوە گرێداوە، ئەگەر تۆ
ئەو شتانە نەناسی چۆن رۆمان دەنووسی، ژیانی ئێمە بۆ خۆی رۆمانێکە، بیست
ساڵە ئەو رۆمانە دەخوێندرێتەوە، تەماشا دەکرێ، چرکە بە چرکە کاریگەری
نەک تەنیا لەسەر ژیانی گەلى کورد بەڵکو لەسەر ژیانی گەلانى عەرەب، فارس
و تورک و تەنانەت هی ئەوروپاش دروست دەکات. با مرۆڤ لەسەر هەموو ئەمانە
رابوەستێ، بەڵێ بنەگەی مێژوویشی هەیە، لەکوێوە هاتوومەتە گوندی
ئەممارە، مانای گەوندی ئەممارە چییە، چۆن بە کوردایەتیەوە گرێدراوە،
ئەگەر تۆ ئەو شتە نەناسی ناتوانی رۆمانی کوردی بنووسی. من باش بم یان
خراپ ئەمەیان شتێکی ترە، بەڵام ئەگەر تۆ نووسەرێکی بەتوانای ئەوا دەبێ
بە ئەندازەی رۆژنامەنووسێکی ئینگلیز، لەسەری رابوەستی.
گەلێک خاڵی بەم رەنگە هەیە، دەبینم رۆشنبیر و نووسەری کورد لەسەر ئەم
راستیانە راناوەستن. لەیادمە سیاسەتمەدارێکی کورد دەیگوت؛ بۆ ئاپۆ
خاوەنی عەشیرەتە، کوڕی کێیە؟ پێویستە مرۆڤ هیچ باسیشی نەکات. ئەمە
بۆچوونێکی راست نییە و ئەو شتەی کە دروست بووە رێگا بەوە نادات،
پێویستە مرۆڤ واز لەمانە بهێنێ.
دیسان دەڵێم مەسەلە من نیم، منیش تەنگەتاو دەبم و ئازار دەچێژم، ژیان و
شەو و رۆژی من نەماوە، بەڵام دیسان ناچارم ئەو ژیانە بەردەوام بکەم و
من بۆخۆم خۆم بە سەرۆک هەڵنەبژارد، هەروەها خۆشم بە سەرۆک رانەگەیاند،
پێم دەڵێن یان سەرۆک یان سەرۆک، پێویستە ئێمەش خۆمان بناسین، بزانین
سەرۆکایەتی چییە؟ من وەڵامی ئەو شتە دەدەمەوە یان نا؟ چۆن سەرۆکایەتی
بکەم؟ پێش من پێویستە نووسەران ئەو شتە بڵێن، بڵێن ئەی ئەو کەسەی ناوت
بە سەرۆک دەرکەوتووە؛ تۆ بێ ئەزموونی لە فلان مەسەلە وریا بە. بەو
رەنگە خۆت سیاسی بکە، خۆت وەها بپارێزە رەوشی گەلی کورد بەم رەنگەیە.
گەلی کورد فلان شتی دەوێ، ئەمڕۆ وا باشە، یان باش نییە، کێ تائێستا ئەو
شتانەی گووتووە، ئەگەر ئەو شتانە بڵێن مرۆڤ دەتوانێ گەلێک سوودی لێ
وەربگرێ، بەڵام ئەگەر تۆ بڵێی "نەمبینی و نەمبیست و شتێکی وەها نەبووە"
ئەوە بۆچوونی نکۆڵی کردنە و هیچ سوودێک نابەخشێ. لەبەر ئەوە دەڵێم
ئێستا گەلێک هەل و دەرفەت بۆ رۆشنبیران هاتۆتە ئاراوە دەرفەتی هەرە
گەورەش ئەوەیە کە شۆڕشی ژیان بەردەوامە، دوژمنی کورد ئاشکرایە، گەلی
کوردیش لە بەرخودان دایە. رۆمان رۆمانێکی شۆڕشگێڕیە بە شێوەیەکی دیکە
زەحمەتە، دەتوانیت رۆمانێک بنووسی باسی حەفتا ساڵ پێش ئێستا بکەی،
بەڵام ئەوە دەبێتە رۆمانێکی مێژوویی، ئەگەر دەتەوێ رۆمانێکی کۆمەڵایەتی
و هاوچەرخ بنووسی، پێش هەموو شتێک دەبێ رۆمانی شۆڕشگێڕی بنووسی. بۆ ئەو
رۆمانەش بناخەیەکی زۆر قووڵ و فراوان هەیە. تەماشای ئەو گەلانە بکەن کە
بە قۆناخی شۆڕشدا تێپەڕ بوون، رۆمانی ئەوان چۆن نووسراوە، با بەهەمان
شێوە ئێمەش لەسەر رۆمانی خۆمان بنووسین. مەسەلەی زمان زێدە گرنگ نییە،
مرۆڤ دەتوانێ بە زمانی تورکی و عەرەبیش بنووسێ، بەڵام زمانی کوردی
سەرەکیە، ئەگەر یەکێک بڵێ؛ بەبێ زمانی کوردی رۆمان نانووسرێ، ئەو
بۆچوونە زێدە لەجێگای خۆیدا نابینم، بۆ نمونە گەلێک رۆماننووس هەن کە
لە گەلانی دیکەن، بەڵام بە زمانی روسی، ئینگلیزی و فەرەنسی گەلێک
رۆمانی مەزنیان نووسیوە. ئەوانە نووسەری گەلانی خۆشیان بوون،
کاریگەریان لەسەر گەلانی خۆیان بەهێز بوو. خاڵێکی دیکە هەیە، کە زمانی
کوردی لە راستیدا هێشتا نەبۆتە زمانێکی نەتەوەیی. ئێمە گەلێک دەخوازین
کە ئەم زمانە ببێتە زمانێکی نەتەوەیی و هەموو کوردان لێی تێبگەن، بەڵام
ئەمەش پێویستی بە کات هەیە و هەروەها ئەمەش پێویستی بە شۆڕش هەیە.
سەربەخۆیی سیاسی و ئازادی کۆمەڵایەتی پێویستە. واتە ئەوە مەسەلەیەکی
درێژخایەنە. دیسان مرۆڤ دەتوانێ بە زاراوەی سۆرانی، کرمانجی، هەتا
زاراوەی زازاکی هەندێ شت بنووسێ، ئێمە دژی ئەمە نین. بەڵام ئەگەر مرۆڤ
بەزمانی بیانی رۆمانی کوردی بنووسێ شتێکی هەڵە نییە.
لە راستیدا نەمزانی بوو کوردێک هەیە، کە لە سەمفۆنیادا بە شێوەیەکی
وەها مەزن رۆڵ ببنێ، زۆر بەوە دڵ خۆش بووم ئەو شتەی کە وتم راستە مەرج
نییە، رۆشنبیر و هونەرمەند بەتەواوەتی لە خزمەتی شۆڕشدا بن. هەموو
کاتێکش هونەرمەند و رۆشنبیر بێ شۆڕش نابێ و شۆڕشیش نەبێ کاری ئەوان
نابێ. راستی بۆ گەلێک گرنگە و بە بەردەوامی مرۆڤ بەهۆی ئەوەوە ئەو گەلە
دەناسێ و هونەر و رۆشنبیری گەلیش لێرەدا دەردەکەوێت.
ئایا ئێستا هونەرمەندانی کورد لە گۆرانیەکانیاندا سەمفۆنیایەکی
بەهێزیان دروست کردووە؟ نازانم ئەو مامۆستا چەند سەمفۆنی کوردی
دەربارەی کولتووری کورد داناوە! پێویستە هەموو بوارەکانی رۆشنبیری کورد
وەرگێڕێتە سەر زمانی مۆسیقای جیهانی. تا ئێستا ئەو کارە نەکراوە، هێشتا
لە سەرەتای خۆیدایە. شۆڕش لە هەموو شتێک زیاتر پێویستی بە هونەر هەیە.
شۆڕش بەخۆی هونەرە، بەڵام هونەری سەمفۆنیا رۆڵی لە شۆڕش کەمتر نییە،
ئەگەر دروست ببوایە، ئەوا کارێکی زۆر مەزن دەبوو بۆ گەلی کورد. بێگومان
دەبێ بە باشی لەسەر ئەوەی کە چۆن کولتووری کوردی بخەینە نێو قاڵبی
سەمفۆنیایی، یاخود چۆن وەریگێڕینە سەر زمانی مۆسیقای جیهانی،
رابوەستین. ئەگەر مۆسیقای گەلی کورد بە مۆسیقای گەلانی جیهانەوە
گرێبدەین، ئەوا هەنگاوێکی مەزنە و پێویستیشە. ئەگەر هەندێ هونەرمەندی
کورد ئەو شتە بکەن، ئەوا هەرگیز ناتوانین بەوانە بڵێین: لە شۆڕش و گەلی
کورد دوورن، بەپێچەوانەوە ئەوان گەلی کورد مەزن دەکەن، دەیگەیەننە
ئاستی گەلانی جیهان، ئەمەش کارێکی زۆر پێشکەوتووە. من بە قووڵایی لەمە
تێدەگەم و هەستی پێدەکەم. بەڵام دیسان شتێکی دیکە هەیە کە ئەگەر یەکێک
بیەوێ سەمفۆنیایەکی بەهێز بنووسێ، دەبێ پەیوەست بێ بە رەوشی گەلەوە. لە
ئەوروپادا هونەر زۆر پەیوەندیەکی پتەوی بە هەڵسوکەوتی گەلەوە، هەیە.
هونەرمەندانی ئەوروپا لە دڵ و مێشکی گەلانی خۆیاندان. ئەوانە بۆخۆیان
روح دروست دەکەن، سەمفۆنیاکانی ئەوروپا رۆحی گەلانی ئەوروپایە. تا
دواڕادە بەدروست بوونی ئەو گەلانەوە گرێدراوە. ئێمە چۆن ئەو رۆحە دروست
بکەین، لە راستیدا هەروەکو چۆن مەسەلەی کورد گرێکوێرەیە، ئەوا
مۆسیقاکەشی گرێکوێرەیە. پێویستە ئەو گرێکوێرەیە بکرێتەوە، هەروەکو چۆن
شۆڕش گرێی سیاسی، کۆمەڵایەتی و..هتد دەکاتەوە، بەهەمان شێوە گرێی
مۆسیقاش دەکاتەوە.
تەماشاکەن هەرچەندە مۆسیقای سەرەکی و بەناوبانگ دروست بوون هەموویان بە
مەسەلەی نەتەوەوە گرێدراون، هەتا ئەو سروودانەی کە لە فەرەنسادا دروست
بوون، هەروەها گەلێک شتی دیکە هەن بەو رەنگە بەپتەوی بە شۆڕشەوە
گرێدراوە. ئەمە لە هونەرمەندی ئێمە دەخوازرێت. ئێستا هەندێک سروودی
کوردی دروست بوون، بەڵام ئەوانە بەس نین. گۆرانیەکانی ئێمە هەتا ئێستا
کلاسیکن، نە لە رووی شێوە و نە لە رووی ناوەڕۆکەوە بەگوێرەی قۆناخ
دروست نەبوون. تەنانەت بەگوێرەی زمانی مۆسیقای جیهانیش دروست نەبوون.
ئەگەر هەل و دەرفەت هەبێ دەبێ مرۆڤ بەگوێرەی قۆناخ نوێ بوونەوە ئەنجام
بدات. ئێستا هونەرمەند "جوان حاجۆ" دەیەوێت هەندێ شتی نوێ دروست بکات،
ئەوەش شتێکی بە نرخە، مرۆڤ ناتوانێ بڵێ مادام ئەوشتە دوورە باش نییە،
نەخێر جێگای ئەویش هەیە لە کلاسیکەوە. مرۆڤ دەتوانێ بەو زمانەش مۆسیقای
کوردی گەلێک فراوان بکات و بەخەڵکی بناسێنێ. بێگومان لەو باوەڕەدام
مۆسیقای کوردی دەرفەتی زۆر دەداتە مرۆڤ بۆ دروست کردنی سەمفۆنیا.
دەربارەی شۆڕشیش بە بەردەوامی دەڵێم ئەو شۆڕشەی کە ئێستا لە کوردستاندا
بەڕێوەی دەبەین بۆخۆی هونەرە و لەهەموو هونەرێکیش زیاتر نزیکی هونەری
مۆسیقایە. گەلی کورد بە مۆسیقای خۆی ماوەتەوە، لە بوارەکانی دیکەى وەک
نووسین، چیرۆک، رۆمان، نیگارکێشان و...هتد، گەلێک دواکەوتووە، بەڵام
گەلی کورد لە رووی هونەری مۆسیقاوە بەهێزە، مرۆڤ دەتوانی لەم
گۆڕەپانەدا گەلێک پێشکەوتن بئافرێنێ. ئەگەر تواناکاری هەیە با
هونەرمەندانی کورد گۆرانی کلاسیکی بڵێن، هاوکات دەتوانن بەزمانی
مۆسیقای جیهانیش سەری کوردان بڵند بکەن و لە گەلێک بواردا گەلێک پارچە
بەشێوازی مۆسیقای جیهانی بڵێن. مۆسیقای کورد بناخەیەکی پتەوی هەیە.
پێویستە هونەرمەندان بە مۆسیقای جیهانیەوە گرێبدەن و زمانی مۆسیقای
جیهانیش بە زمانی مۆسیقای کوردیەوە گرێبدەن.
|