١٩\٤\٢٠٢٣
رۆڵی
خۆفرۆش لە
ئەنفالدا.

عەلی مەحمود محەمەد
ئۆپەراسیۆنی ئەنفال بە بەشداری سوپای عێراق و هێزە تایبەتەکان و ئەمن و
ئیستخباران و... بە هاوکاری زیاتر لە ٣٦٦ فەوجی
خۆفرۆش و دەیان مەفرەزە
خاسەی خۆفرۆشی کورد ئەنجامدران. هاشم سوڵتان لە وتەیەکی بەرگریدا لە
پرۆسەی دادگایی ئەنفالدا ژمارەی
خۆفرۆشەکانی بە ٢٥٠٠٠٠ کەس دیاریکردووە.
لەسەرجەم ئۆپەراسیۆنەکاندا دیدەرەکان شایەدی ئەوە دەدەن,
خۆفرۆشەکان لە
هەموو ئۆپەراسیۆنەکان پێش سوپا کەوتوونە, زۆرینەی خەڵکەکە بە چاوساغی و
درۆی ئەوان دەستگیرکراون, بە پێی بەڵگەنامەکان هیچ فەوج و مەفرەزەی
تایبەتی خۆفرۆش نییە, بەشداری چەند پرۆسەیەکی ئەنفالیان نەکردبێت, لە
ماوەی ئەنفالدا بەشدار نەبوبێت, یاخود هاوکات لە گەڵ بەشداری لەو کات و
شوێنەدا ئەرکیان پێ نەسپێردرابێت.
بۆچی خۆفرۆشەکان هەموو تاوانباری بەشداری ئەنفالن؟
لە رێکەوتی ٨-٩-١٩٨٧ بە نووسراوی ژمارە ٥٧٣١ی بیرۆی باکووری پارتی
بەعسی عەرەبی سۆسیالستی, بڕیار درا تەنها ٥٠%ی پێکهاتەی فەوجە
خەفیفەکان لە بارەگا جێگیرەکانیان و رەبایەکان بمێننەوە, ئەوی دی بەکار
بهێنرێن بۆ پەلاماری گوندە قەدەغەکراوەکان, بۆ ئەوەی پەلاماری
پێشمەرگەو دانیشتووانە سڤیلەکەی بدەن, لە هێرشەکاندا پێش سوپا کەوتن,
بەشداریان کرد لە پەلاماری هاووڵاتیانی سڤیلی لادێ نشین, خانووی
هاووڵاتیانیان روخاند, مزگەوت و قوتابخانەو نەخۆشخانەیان وێران کرد, لە
تاڵانیش دەستیان نەپاراست, بڕیاری ٤٠٠٨یش لەو بارەوە ئازادیانی کرد لە
تاڵانکردن. واتا بەردەوام چارەکی کۆی ژمارەی فەوجە خەفیفەکان لە ماوەی
ئەو ٣٦٤ رۆژەدا لە ئەرکدا بوون لە پانتایی جوگرافیای کوردستان, وێڕای
چارەکێکی زیاتری دیکەیان بەردەوام لە بارەگاو رەبایەکاندا پارێزگاری
حکومەتیان دەکرد و رێگاگانیان دەپاراست و بۆسەیان دادەنایەوە لەسەر
رێگاکان بۆ پێشمەرگەو هاووڵاتیان, دەیان و سەدان تاوانی جەرگبڕیان لەو
بۆسانە ئەنجامدا. لە تەواوی پرۆسەی ئەنفالەکان و قۆڵەکانیەوە, سەرەتا
خۆفرۆشەکان چونەتە گوندەکان و هەڵەت و شیو دۆڵ و ناو ئەشکەوتەکان و سەر
چیاکان دواتر سوپا, بەمەش دەردەکەوێت تەواوی فەوجە
خۆفرۆشەکان لە پرۆسەی
ئەنفالدا لانی کەم چەندین جار بەشدارییان کردووە لە تاوانەکەو هاوپشکن
لە تاواندا تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی جینۆساید, ناویان لە لیستی
تۆمەتبارانی ئەنفال نووسرابێت یان نا.
تەنانەت مندالانیان چەکدار دەکرد بۆ موچەکانیان, لەو ئاستەدا ژمارەیەکی
زۆریشیانیان بە کوشتدا, ئەمەش تاوانێکی دیکەیانە لە پاڵ تاوانی بەشداری
لە تاوانی جینۆسایدی ئەنفال.
پشکی خۆفرۆش لە جێبەجێکردنی بڕیاری ٤٠٠٨.
لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالدا زۆربەی دەستکەوتەکان کە بەدەست دەهێنران لە
سەروەت و سامان بۆ فەوجی
خۆفرۆشەکان و هێزەکانی حکومەتی عێراقی بوون بە
پێی بڕیارەکە, هێزەکان عێراق بە تەواوی دەستکراوە کران بۆ فەرهودو
تاڵانی, بە تایبەت فەوجەکانی
خۆفرۆش.
خاڵی حەوت لە بڕیاری ٤٠٠٨,
خۆفرۆشەکانی سەرپشک کرد لە تاڵانکردن" هەموو
ئەو شتومەکانەی کەوا فەوجەکانی بەرگری نیشتمانی جەنگاوەرەکانیان
دەستیان دەکەوێت بۆ خۆیان دەبێت, تەنها چەکە قورسەکان و چەکی پشتیوانی
و چەکی مام ناوەندی نەبێت چەکە سوکەکان بۆ خۆیان دەبێت, ئێمەی لێ
ئاگادار بکەنەوەو تەنها ژمارەکانیان تۆمار بکەن. پێویستە لەسەر
فەرماندەی جحافلەکان چالاک بن و بۆ ئاگادارکردنەوەی هەموو موستەشارەکان
و فەرماندەی سرییەکان و مەفرەزەکانیان, وە بە وردی ئێمە ئاگادار
بکرێینەوە لە چالاکییەکانی فەوجەکانی بەرگری نیشتمانی".
لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی یەک ٧٠ فەوجی
خۆفرۆش جگە لە مەفرەزە خاسەکان
بەشداربوون, ئەنفالی دوو ٧٧ فەوجی
خۆفرۆش, ئەنفالی سێ ٧٠ فەوجی
خۆفرۆش,
ئەنفالی چوار ٥٥ فەوجی
خۆفرۆش, ئەنفالی ٥ و ٦ و ٧ چل و پێنج فەوجی
خۆفرۆش
بەشدارییان کرد.
هەرچەندە ئەنفالی ١ و دوو و چوارو هەشت بە ئۆپەراسیۆنی سوپا ناوزەد
کراوە, سێ و پێنج و شەش و حەوت بە ئۆپەراسیۆنی
خۆفرۆش و هێزە ناوچەییەکان
, بەڵام لە ئەنفالی هەشتدا لانی کەم ١٦٣ فەوجی
خۆفرۆشی خەفیفە کۆی
گشتی٦٥,٣٧٥خۆفرۆش بەشداری ئۆپەراسیۆنەکەیان کردووە.
بە پێی بەڵگەنامەیەک بە واژۆی سەرکردەی ئۆپەراسیۆن لیوا روکن یوسف
محەمەد ئەلزەرب, فەرماندەی لەشکری پێنج لەجۆری (ئەو پەڕێ نهێنی و
تایبەت) بە ژمارە (ح٢ ٢٤٢٢) لە (٢٥ ک. ١. ١٩٨٨) بۆ فەرماندەیی گشتی
سوپای ناردووە, دیاریکردووە لەو شاڵاوە ١٣٥٥٣ کەس دەستگیرکراون, کە "
٨٩٣ کەسیان تێکدەرن"پێشمەرگە", ٧٣٧ کەسیان تێکدەری خۆ بەدەستەوە دەر,
١٤٨٩ پیاو, ٣٣٧٣ ژن, ٦٩٦٤ منداڵ" بوونە. هاوکات لە راپۆرتەکە ستایشی
رۆڵی فەوجە خەفیفەکانی کردووە کە لە هەموو قۆڵەکانەوە پێش کەرتەکانی
سوپا کەوتوونە, بەشداری روخاندنی لادێکان و تاڵانیەکانیان کردووە.
خۆفرۆشەکان سەرباری ئەوەی راستەوخۆ لە کردە سەربازییەکان پێش سوپا کەوتونە
و بەهۆی شارەزایی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیانەوە هۆکاری گرتنی
زۆرینەی خەڵک بوونە, هاوکات لە رێگای ئەوانیشەوە خەڵکێکی زۆر تەسلیم
بوونەتەوە کە زۆرینەیان پیاوی گەنج و زۆریان چەکدار بوونە, واتا لە
کاتی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال و کاتی ئاساییدا رۆڵی خۆیان لە ئەنفالکردنی
خەڵکدا گێڕاوە.
جاری واش رێک کەوتووە لە پرۆسەی ئەنفالدا
خۆفرۆشەکان رۆڵی پۆزەتیفیان
گێڕاوە وەک لە ئامریەی سەربازگەی تەق تەق بە هاوکاری
خۆفرۆشەکان هەندێکیان
ئازاد کراون لە چەمچەماڵ و دوزیش
خۆفرۆشەکان هەندێکی دیکەیان ئازاد کردووە,
تاک و تەرا لێرەو لەوێش
خۆفرۆشەکان ژن و منداڵیان لە زۆر جێگا بەهۆی
خزمایەتیەوە بەرداوە.
دادگاییکردن.
لە پرۆسەی دادگاییەکەی دۆسییەی ئەنفال حەوت تۆمەتبار وەک تۆمەتباری
سەرەکی دادگاییکران, وە ٤٢ تۆمەتباریش لە هەنگاوی یەکەمدا دیاریکرابوون
بۆ دادگاییکردن لێ ئامادە نەبوون وەک لە دوو نامەی دادگای باڵای
تاوانەکاندا ناویان هاتووە " بە پێی نووسراوی ف٢ ١٤٤٥ رێکەوتی
١٨-١٢-٢٠٠٥ ی دادگای باڵای تاوانەکان, بڕیاری گرتن بۆ ٢٤ کەس دەرچوو,
کە بریتی بوون لە" نزار خەزرەجی, یونس ئەلدرب, ئەیاد خەلیل زەکی ٨٩-اللوائ
الرکن (ایاد خلیل زکی) قائد ق ق جح /د و /, رەمزی مەحمود ٩٢-اللوائ
الرکن (رمزی محمود عبداللە) قائد فق مش /٣٣, سەعید مەحمود باریکە, قاسم
دڕەیی ٢١٦-قاسم رشید درەیی , معتەسەم بەرزنجی, یاسین رەئوف, تەحسین
شاوەیس, قاسم ئاغای کۆیە, بایز عەبدالڕەحمان, عەلی ئەحمەد رەشید, نیعمە
فارس ٨٦-الفریق الرکن (نعمە فارس حسین) معاون رئیس ارکان الجیش للتدریب
, حەمید شەعبان, نەجم عەبدوڵا دوری, عیسمەت سابیر ٩٤-اللوائ الرکن (عصمت
صابر عمر) قائد فق /٤ ,عەدنان جەباری ١٧٩-سعید عدنان جباری, جیهان موسا,
رەفعەت گلی شمال رفعت کلی امر سریە , عوسمان شێخ سەعید, شێرزاد ساڵەح,
تۆفیق جەبار قارەمان ١٥٩-توفیق جبار قارمان
, حوسێن شێخ سەعید, حەسیب حەمە ئینجە".
هەروەها "لە رێکەوتی ٢١-١٢-٢٠٠٥, بە پێی نوسراوی دادگای باڵای
تاوانەکان ژمارە ف٢ ١٤٧٤, داوای ناوی سیانی و ناونیشانی ١٨ تاوانبار
دەکات کە بریتین لە" سەعید مەحمود باریکە, عەدنان جەباری, شێخ رەئوف,
شێخ جەعفەر ١٦٤-جعفر عبدالکریم البرزنجی محافز السلیمانیە, شێخ رەمەزان,
قاسم دڕەیی, جیهان موسا, معتەسەم بەرزنجی, رەفعەت گلی, یاسین رەئوف,
غەسان شێخ سەعید, تەحسین شاوەیس ٤٠٩-تحسین شاویس سعید , شێرزاد ساڵەح,
قاسم ئاغای کۆیە ١١٥-المستشار (قاسم فارس تاهر مصتفی اغا) ف د و /,
تۆفیق جەبار قارەمان, بایز عەبدالڕەحمان, حوسێن شێخ سەعید, عەلی ئەحمەد
رەشید, حوسێن حەمە ئینجە".
-نزار خەزرەجی, کە بە وتەی خۆی راستەوخۆ فەرماندەیی ئەنفالەکانی ١ , ٢,
٤ , ٨ی کردووە ناوی لە لیستەکەدا نییە, وە ٢٥ کەس لە کۆی ٤٢ کەسە
داواکراوەکە ناویان لە لیستی تۆمەتباران نییە کە ٢١ یان کوردن و
راستەوخۆش کەسوکاری قوربانیان لەمانەو زۆری دیکە سکاڵایان لە دژیان
تۆمارکردووە, کاتی خۆی پێش دادگای باڵای تاوانەکان لیستەکەیانم بڵاو
کردەوە.
زۆرینەی تاوانبارانی ئەنفال کوردن.
لیستی ٤٢٣ کەسەکەی تۆمەتبارانی دووەمی ئەنفال بە تایبەت کوردە
خۆفرۆشەکان
لە سەر بنچینەی ئەو بەڵگەنامانەی دەست کەوتن لە بەشداریان لە پرۆسەکە
نموونە ١٦٣یان لە ئەنفالی ٨, ٧٧یان لە ئەنفالی یەک و دوو کە نیشانەی
ئازایەتیان وەرگرت, وە هەندێک بڕیاری دیکەی وەرگرتنی نیشانەی ئازایەتی
دیاریکراون, وەک بینیمان ٢١ کەس کە راستەوخۆ کەسوکاری قوربانیان
سکاڵایان لەسەریان تۆمار کردووە, ناویان لە لیستەکە هەر نییە, سەرباری
زۆر ناوی دیکە سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە, بەڵام دواتر بە هۆکاری
نەزانراو ناویان نەچۆتە لیستەکەوە.
وە کەسانێکی زۆریش هەن لە میانی پرۆسەی ئەنفالدا تاوانی قێزەونیان
ئەنجامداوە کەچی بەهۆی نەبوونی هۆشیارییەوە کەسوکاری قوربانیان
سکاڵایان لە دژیان تۆمار نەکردووە.
ئەگەر کوردەکان تەنها ئەو ٢٥٨ کەسە بن لە کۆی لیستە ٤٢٣ کەسییەکە ئەوا
٦٠,٩%ی تۆمەتباران دیاریدەکەن, کە زۆری دیکە لە لیستەکەدا هەن, وێرای
لیستە ٢١ کەسییە داواکراوییەکەی خولی یەکەم و ئەوانەی سکاڵایان لەسەر
تۆمارکراوە لە لایەن قوربانیانەوە نەخرانە هیچ لیستێکەوەو ئەوانەشی
سکاڵایان لە دژیان هەر تۆمار نەکرا.
کەواتە ئەگەر ئەنفال بڕیارەکەی لە لایەن ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشەوە
درابێت , ئەوا جێبەجێکارەکەی بەشێوەی گشتی
خۆفرۆشی کوردن, ئێستا هەموو لە
سزا نەک رزگاریان بووە, بگرە کەوتوونەتە بەر پاداشتی دەسەڵاتی کوردی.
بۆچی دادگایی ناکرێن؟
بە بەهانەی لێبوردنی گشتی بەرەی کوردستانییەوە تۆمەتبارانی ئەنفال
هەموو لە سزاو لێپرسینەوەو بەرپرسیارێتی رزگاریان بووە, لێبوردن
ئەوانەشی گرتەوەوە تا دوای ٢٠٠٣ لە بەغدا بوون, لە کاتێک تاوانی ئەوان
گلانە بە تاوانی جینۆسایدو تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی,
لێبوردن ئەو جۆرە تاوانانە ناگرێتەوە, گوایە رێگا دراوە لە رێگای مافە
کەسییەکانەوە قوربانیان سکاڵا تۆمار بکەن, بەڵام ئەمە راست نییە هەموو
دەزگاکانی حکومەت لە بەردەم سکاڵای کەسوکاری قوربانیان داخراوە, بە
فەرمی سکاڵامان لە داواکاری گشتی رەتکراوەتەوە, دەسەڵاتی باڵای
کوردستان فەرمانیان داوە ئەم کەیسە نەجوڵێنرێت, هیچ سکاڵایەک لە دژی
تاوانبارانی ئەنفال نەجوڵێنرێت.
ماڵپهڕی عهلی مهحمود محهمهد
|
       |