٢٨\١١\٢٠١٢
رۆمانى
''ژنێک بەسەر منارەوە'' شوناسى ژنێکى ''بى
بن''،
ئەو ژنەى لەجیاتى دۆستایەتى مرۆڤ دڵڕەقیی
ژیان کردى بە دۆستى منارەیەک.

بەنگینە پیرۆت نورى
بەرلەوەى بە
خوێنەران بڵێم بچوو کاتى زێرینت زێڕاوتر
بکە بە خوێندنەوەى رٍۆمانى
''ژنێک بەسەر منارەوە''.
دەمەوێت ئەوە بڵێم لە وڵاتى ئێمە جگە لە هەڵوەراندنى ئەشکى سوێر بۆ
ژیانێکى تاڵ و وشک کردنى گەڵاکانى تەمەن لەپایزى خەمى قوڵبونەوەمان بۆ
بەهارى عەشقێکى ڕاستەقینە شتێکى تر نیە پێیى بوترێت بەهارى ژیانەوەى
عەشق.عەشق لەڕۆمانى "ژنێک بەسەر منارەوە" لە ئێوارەیەک لە ئێوارەکانى
ڕۆمانى"خۆشەویستى لەزەمانى کولێرادا"ى گابرێل گارسیا مارکز دەچێت.
مامۆستا "شێرزاد حسن" لەڕێگەى ڕۆمانى "ژنێک بەسەر منارەوە" دەیەوێت
فێرمان بکات بەعەشقەوە خۆشەویستى بۆ عەشق دەرببڕین بۆ ئەوەى ئەوەى پێیى
دەوترێت خۆشەویستى لە دڵماندا زیندو ڕابگرین و بە عەشقەوە لەژیاندا بۆ
عەشق بژین.
لێرە لە نێو ڕۆمانى"ژنێک بەسەر منارەوە" پێمان دەڵێ دەبێ ئەو دۆخە
ناهاوسەنگیەڕاست بکەینەوە چونکە ئەوەى پێیى دەوترێت شوناسى خۆشەویستى
لە وڵاتى ئێمە شوناسێکى ڕوشکێنراوو شەق تێهەڵدراوە لە زبڵدانى داب و
نەریت بەعقڵێکى داخراو مامەڵەى لەگەڵدا دەکرێت. هەروەک "مەهاباد
قەرداغى لەنوسینێکیدا دەڵێ"هەمو عەشقێک خۆشەویستیە.بەڵام هەمو
خۆشەویستیەکى نێوان دوو کەس ناچێتە خانەى عەشقەوە".
لاپەڕەکانى ئەم ڕۆمانە جەنجاڵە سەرەتا و کۆتا وەسفیە پڕ لە هێز و
بەرەنگارییە جدیە،وەسفى لیو و قوتى مەمکەکان و چاوى شین و پرچى زەرد و
بەژن درێژى ژن نیە،سیحرەکەى وا لە خوێنەر بکات ئیرۆتیکانە بە دواى
وەسفى تر لەجەستەى ژندا بگەرێت.
نا نەخیر،لاپەڕەکان پڕیەتى لە وزەى بەرنگارى و بەرخودانى بێوەژنێک . "بى
بن. هەر وەک ڕۆمانەکە واى پێ دەڵێ". "د.ستۆکمان" دەڵى"بەهێز ترین مرۆڤ
ئەوەیە کە بەتەنیا دەوەستێ و دەجەنگێت" پاڵەوانى ئێمەش ژنێکە بەتەنیا
دەوەستێ و دەجەنگێت وزەى هێز و بەرنگارى ئەو سەرچاوەکەى خۆڕاگرى
منارەیەکى دێرینە،هەروەک "شادى" خۆى دەڵێ (هەرخشتێکى ئەم منارەیە بانگم
دەکات کە ژنێکى جەربەزەبم و بیپارێزم) ئەو ژنە لە شەڕێکى دۆڕاوەوە
هاتوە و دەیەوێت شەڕى بردنەوەى ژیانێکى تازە بکات و شەڕى مانەوەى خۆى و
منارەکە بکات، لەگەڵ (ئەو پیاوانەى شاریان لە کۆنکرێت نقوم کرد و
تاوەرو باڵەخانە هەوربڕەکانیان ناهێڵن چیتر هەتاو وەکى جاران تاوەکو
بنەبانى ژوورەکان و دڵ و چاوەکان تین و تاوى بێت). ژنێک دور لە بۆن و
بوونى پیاو حەزى لە (ژیانێکى ژنانەیە کە ملیۆنەها ژن هەیانە،بێباک
لەبردنەوە و دۆڕان).
ئەو ژنە لە جیاتى دۆستایەتى مرۆڤ،دڵڕەقى ژیان کردى بەدۆستى منارەیەک.
"کە مرۆڤ نەیتوانى دۆستى مرۆڤ بێت،دەکرێت پەیوەندى لەگەڵ ڕەگەزەکانى
سروشت و شتەکانى دەوروبەرى خۆشتر بکات،جا با درەختێک بێت).ئەو ژنە دەڵێ
لەبەر ئەوەى ئەوسا (من پاسەوانى پیاوێک بووم لەبەرگى مەرگدا،چ کوشندەیە
مەرگێک لە مندا پاسەوانى مەرگى کەسێکى دیکەى دەکرد،سەیرە مەرگ بۆخۆى
هێزى ئەوەى هەبێت ژیان بپۆشێت و خۆى بڕازێنێتەوە تاوەکو مردویەکى دیکە
شادومان بکات)."هۆمەر"ى مێردیشى بەدیوێکى تر لەژیان و مەرگى دەڕوانى
دەیوت (پیاوێکى عاقڵ وتویەتى:دەژیم..چونکە بوارم نیە بیر لەمەرگ
بکەمەوە، ئەو کاتەى من مردووم..بوارم نەماوە بیر لە ژیان بکەمەوە).
شادى بەمەرگى هۆمەرەوە مەرگبار ببوو بوارى نەبو بیر لە ژیان بکاتەوە،کە
ویستیشى بۆ ژیان بگەڕێتەوە مەرگ بوارى نەدا و (شەوەهاى شەو پیاوێک
لەشێوەى مەرگدا،یان مەرگێک لە بەرگى پیاوێکدا بە ژوورەکان و
ڕاڕەوەکاندا بەدارشەقێکەوە پیاسەى دەکرد،مەرگ بەدزى ژیانەوە لە
ئینجانەکان نزیک دەکەوتەوە و لە گوڵەکانى بۆن دەکرد).
شادى بۆ بەهرام خاڵۆزا خۆشەویستە بێ وەفاکەى دەگێڕتەوە کاتێک دەمەو
ئێوارە لە ژێر کەپرەکە کردى بەژن و بەرەو مەنفا رۆیشت و لە ژێر گوشارى
ناچارى کەشف نەبوونى "بێ بن"بون شوى بەو هۆمەرە پیرە چەند ساڵ لەخۆى
گەورەترە کرد کە (لەشى ژەهراوى ببو..منیش ڕۆحم،ئەم سیاسەت خوێنى
پیسکرد..منیش بە ژەهرى خۆشەویستى تیا چووم).
لەنێو ڕۆمانى"ژنێک بەسەر منارەوە" مەرگ هەر بەتەنیا مەرگ نیە بۆ مردن و
لەگۆڕنانى کەسێک،بەڵکو مەرگ ئەو ئەژدیها ترسناکەیە دواى مردنیش مەرگى
لە مرۆڤ دەوێت.مەرگ مەرگى مردنێکى ئەبەدى نیە بۆ مەرگى مەرگ.بەڵکو ژیان
مەرگە بۆمانەوەى مەرگ لەبەرگى مەرگدا.(ئاخر لەوە ناخۆشتر نیە مەرگ لەو
تابلۆ و نیگارانە بڕوانێت کە هەر هەموى دەسکردى خۆیەتى).
لێرە لەنێو ئەم ڕۆمانەدا سێ کارەکتەرى سەرکى شادى و بەهرام و هۆمەر
لەگەڵ چەند کارەکتەرێکى نادیار گفتوگۆ لەگەڵ خوێنەردا دەکەن. هەر
لەڕێگەى ئەم سێ کارەکتەر و کارەکتەرە نادیارەکانەوە بۆمان ڕون دەبێتەوە
کە مرۆڤ هەیە (تا دوا هەناسە واز لە خۆشى و کەیف و سەفاى دونیا ناهێنن
و تارمایى مەرگ هارتریان دەکات بۆ ژیان).مرۆڤى تر هەیە خۆشەویستەکەى
ئەوەندە خۆشدەوێت،بینینى خۆخێک بەسە بۆ یادەوەرى ڕابردو.کە پێیى وتراوە
(ئەو کوڵمە..یان سێوە لاسورەیە..غەزەب چەند لەخۆخێکى گەیو دەچیت کە
ئەگەر زوو فریاى لێکردنەوەى نەکەوم بێناز دەکەوێتە سەر خۆڵەکە).ئەو
کوڵمە لاسورەى ئەوسا بەهۆى ڕوداوەکانى ڕابردو کۆخێکى گەنیوى
ئێستایە.مرۆڤیش هەیە دواى وەڕەز بون لە ڕاوکردنى مرۆڤ باڵندەکان ڕاو
دەکات.ئەوان نازانن چى دەکەن،چونکە نەیان ویستوە بیزانن.بۆیە نازانن
بەم کارەیان چى ڕودەدات،ئاخر ئەوان بۆ جارێکیش لە خۆیان نەپرسیوە (تۆ
بڵێیى نەمانى گەمەى کۆتر و کوکوختى و جریوەى پاساریەک چى لەو ئاسمان و
زەوییە بگۆڕێت؟.تۆبڵێیت باخچەکان و دارستانەکان هەست بەمەرگى
مەلەکانیان بکەن؟).مرۆڤیش هەیە مرۆڤ کوشتن و گۆزەشکاندنى سەرشانى کچێک
لاى ئەو جیاوازیان نیە سوێند بەشەڕەف!.(بەشەڕەفى هەموومان کە ڕاوە
دوژمنمان دەکرد و پێشمەرگە بووم،هەر بۆ خۆشى گۆزەى سەر شانى کچانم
شکاندوە).
مرۆڤیش هەیە لەبەر ئەوەى بەدڵى خۆى ژنى نەهێناوە،رابردوى لەکێوان بۆ
بێوەژنێک دەگێرێَتەوە و وەکو شۆڕشگێڕێکى ناو شۆڕش نا،بەڵکو وەکو
بازرگانێک کە کاسپى بە شۆڕشگێرى خۆیەوە بکات خەباتى ڕابردوى خۆى
دەفرۆشێتەوە.ئەو بیرى نیە کە بەسەر لاشە و ڕۆحێکى مردودا
هاتۆتەوە.(ناخۆشترین شت لەدونیادا ئەوەیە کە پاڵەوانى هەقایەتێکى
عیشقەکەت خۆى بتکوژێ و کەچى دواى ساڵانێک لە دابڕان بێتەوە لەدەرگاى
دڵت بدا و بڵێ:دەى هەر ئیستا زیندوبەرەوە.زیندوبەرەوە،بێئەوەى ئەوەندە
جوامێربێ و ئەو گۆڕە ببینێ کە تۆ تێیدا نێژراوى).
مرۆڤیش هەیە لە شەوى هەشتى مارت بەیادى ڕۆژى ژنانەوە لەسەر تەلەفزیۆن
دەمهراش و بەنەڕە نەڕەوە لەسەر ئازادى ئافرەت و پیرۆزى ئەو ڕۆژە قسەیان
دەکرد،کەچى دوو کچى جوانکیلەیان خەراپ کردبوو.).
باسکردنى ڕوداو لەم ڕۆمانەدا باسکردنە لەڕابردو،نەک باسکردن بێ دەبێ چ
ڕوبدات.یان چۆن وا دەبێ،نابێ ڕوبدات."بى بن" بونى شادان
لەلایان"بەهرام"،ئیمەى خوێنەر لە ڕێگەى گێڕەرەوەوە ئەوەمان زانى
لەرابردودا ڕویداوە،نەک خوێنەر بەسەر بەسەرهاتەکەدا بکەوێت و ڕۆمان نوس
ئەمەى نوسى بێت،نا نەخێر ئەو ڕوداوە کە ڕویداوە لە دەرەوەى ئیرادەى
ڕۆمان نوسەکەیە ئەمرى واقعیش بەسەر خوێنەر خۆى دەسەپێنێت بەدواى
ڕوداوەکە بەکەوێت و بگەڕێت بزانێت لە ناو ڕوداوى ڕوداوەکە چى
ڕویداوە.دواى ئەو ڕوداوە کارەکتەرەکان لە ماوەى ڕوداوەکە چیان
بەسەرهاتوە.بۆ ئەمەش گێڕەرەوە بۆمان دەگێڕێتەوە خوێنەر دەبێ هەر
چاوەڕوانى ئەوە بکات گێڕەرەوە چى بۆ دەگێڕێتەوە نەک لە نێو ڕۆمانەکەدا
چى ڕودەدات.
ڕوداوەکانیش کە پێشتر ڕویان داوە،پێویست دەکات جارێکى تر ڕوداوێک کە
ڕویداوە و بوە بەڕوداوێکى ڕابردو، بەفۆڕمێکى ئەدەبى لەڕێگەى زمانى
گێڕەرەوەوە بگێڕدرێتەوە نەک ڕوبدەنەوە.گێڕەرەوە دەسەڵاتێکى باڵاى هەیە
لە داڕشتنى زمانى شیعریەتى ڕۆمان نوس،بەو شێوەیەى خۆى ویستویەتى .کارەکتەرەکان
لەنێو ئەم ڕۆمانەدا هەوڵدەدەن لەگەڵ خۆیان و ڕابردوى خۆیان و لەگەڵ
یەکترى و ئەوانى تر ئاشت ببنەوە،لەپێناو ئیستایان بە ئاسودەى
بژین،ڕابردو لەبیر بکەن و چیتر گومان و ختۆکە دانى گێڕەرەوە لەو هەمو
وەسفە درێژە هەڵیان نەخەڵەتێنێ.خوێنەر لەگەڵ ڕوداوەکانى ڕابردو جا
ڕابردوى هەر وەختێک بوبێت،دەبێ ئەوە بزانێ ئەو ڕابردوە لەگەڵ ئێستاى
ناو ڕۆمانەکە ژیان دەکات.
هەر وەک چۆن هەستت کرد ( کۆتر کوشتن و ژن کوشتن وەک یەک ئاسان بوە)
هێندەش ( هەستت کرد جلەکانى بەرت ناتوانن داتپۆشن و هێشتا هەر
ڕوتیت،تاریکى دەمەو ئێوارە ناتشارێتەوە ) ئایا (کچەکان بۆ ئەوەندە
ساویلکەن کەدێنە پاى حەزو هەوەسى ئەو زەلامە هیچ و هەوەسبازانە..سک تێر
و ناو گەڵ برسیانە ؟). هیچ لەوە کوشندە تر نیە خۆشەویستى مەرگى پێش
وەختى خۆى ڕابگەیەنێت.(هیچ لەوە کوشندە تر نیە عاشقى ژنێک بیت،بەر
لەوەى دەم هەڵبێنێت،ئەم ڕستەکەت بۆ تەواو بکات).
لە دواین ژوانى ئەم دوو عاشقە لێکدابڕاوە،دواجار بەهرام دەڵێ ( من و تۆ
دڵدار و دڵخواز بوین..بۆ وا ئاسان مردم لەناو دڵى تۆ.؟).
شادیش پێیى دەڵێ (دەتەوێت چى لەناو مندا زیند بمێنێت. ؟).دواجار
هەمومان لەو ڕاستیە ڕا دەکەین (ساتەوەختێکە کە خودى ژیان بۆ خۆى
گەمەیەکى دۆڕاوە،خۆشەویستى جگەلە تراویلکە و وەهمى ناو گۆرانیەکان و
خەیاڵێکى شاعیرانە هیچى تر نیە.) .
چوارقوڕنە
bangena.perot@yahoo.com
|