په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٧\٢٠١٧

رۆمانی ''ژنە قژ سوورەکە''. قسەیەکیتر بۆ گوتن.

بەنگین پیرۆت    

 

نووسەرەکان ئازادن چی دەنوسن ویستی منیش زمانی ڕەخنەی ئازادە، پێش هەر قسەیەکیش دەمەوێ بڵێم وتەی کەس بەکار ناهێنم چونکە قسەی خۆم پێ شەرم نیە. مەرج نیە تێڕامانی من ئایدایەی ڕۆمانەکە دیاری بکات. ململانێی نێوان باوک و کوڕ، عەشق و مەعشوق، ئیماندار و بێ ئیمان دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆن، لایەنی کەم ئەوە ڕون دەکاتەوە کە مێژوی بەرد لەدڵڕەقی مرۆڤەوە دەست پێدەکات.

کاری وەرگێڕانی هەندێک وەرگێڕەکان پەلەی پێوە دیارە، کەڕەخنە لەوەرگێڕانەکەیان دەگریت نەیتوانیوە پەی نهێنی دەق و زمانی نوسینی نوسەر بەرێت کە لەئاست زمانی کوردی، یان زمانە بیانیەکە وەرگێڕانەکەیان لاوازە لەبری هەزمکردنی زمانی ڕەخنە پێ پەتی بەدڕک و داڵی زمانی زبر وەڵام دەدەنەوە پێت دەڵێن ئەوە تۆی نەتتوانیوە خوێنەرێکی باشی وەرگێڕانەکە بیت یان دەڵێن تاوانی من چیە زمانی کوردی لەئاست زمانی بیانی هەژارە و دەوڵەمەند نیە {زۆر کەس هەیە پێنج وشەی بیانی ئەزبەر کردوە بوە بەوەرگێڕ و پێی وایە زمانی کوردی زمانێکە زمانی قسە پێکردن نیە چ جای نوسین} بەم جۆرە پاساوانە لەڕەخنە ڕا دەکەن لەبری ئەوەی ڕەخنە ببێتە ڕەخنەی بەرچاو ڕونی، هەوڵ دەدەن زبر تر بدوێن بۆ داپۆشینی خەراپی وەرگێڕانەکانیان.


ڕەخنەگرتن لەوەرگێڕان، مانای خوێندنەوەیەکی تری دەق، ڕەخنەش لەدەق واتای شیاوی قسە لەسەر کردن، نابێ کەس پێی وابێ ڕەخنەکردنی دەق واتای لاوازی دەقی وەرگێڕانەکەیە.

ڕۆمانی {ژنە قژ سوورەکە}کەی {ئۆرهان پاموک} وەرگێڕانی لەتورکیەوە {سامان کەریم} تا زۆرتر بەچاوی ڕەخنە وەرگێڕانەکەیم دەخوێندەوە، پێچەوانەی کۆمێنتی سەرەوە نێوان من و سامان وەک وەرگێڕ و خوێنەر فراوانتر دەبو، وەک خوێنەر هەستم دەکرد پامۆک بەکوردی ڕۆمانەکەی نوسیوە تا تورکی و بەشێوەیەک قوتی دەدام وامدەزانی لەزمانی یەکەمەوە ڕۆمانەکە دەخوێنمەوە، هەر ئەمەشە وا دەکات لەم ڕۆمانەدا پێچەوانەی وەرگێڕانی هەندێک ڕۆمانی وەرگێڕدراو بۆ سەر زمانی کوردی، خوێنەر و وەرگێڕ کەمتر بەر یەک بکەون، واتا لەم ڕۆمانەدا نێوان خوێنەر و نوسەر، لەپەیوەندی وەرگێڕ و خوێنەر نزیکترە. جگە لەو پچڕانەی جار جار لەنێوان نوسەر و خوێنەر رودەدات بەهۆی سنور دانان بۆ زۆر زانینی زانیاری لەسەر ڕوداوەکان، پێدەچێت نوسەر ئەمەی بۆیە کردبێت تا خوێنەر زیاتر چیرۆکی ڕودای سیاسی وڵاتێک بخوێنێتەوە کە هەناسەی ئازادیی تیایدا سنوردارە.

ڕۆمانەکە لێوان لێوە لەباس مێژویی گۆڕانکاری خێرا و گەشەی جوگرافی و دیموگرافی شارێک کە بەدرێژای دروست بوونی چەقی گۆڕانکاری ژیاری شارستانیەتی کلتوری بەستەری خۆرهەڵات و خۆرئاوا بووە.

هەر لەسەرەتای خوێندنەوەی ڕۆمانەکە، هەست دەکەیت پامۆک ڕێگە نادات درز و لەرزین بکەوێتە دیواری بینای وشەکان، خوێنەر وا لێدەکات متمانەی بەبناغەی وشە بەوشەی نوسەرەکە هەبێت بۆیە خوێنەر هەوڵ دەدات زۆرتری بخوێنێتەوە کەمتر قسەی لەسەر بکات.

بونی دوو ژنی قژ سور لەڕۆمانی {ژنە قژ سورەکە} ڕۆمانی {کچەی پرتەقاڵ}مان بیردەخاتەوە کەباس لەوە دەکات {هیچ دوو پرتەقاڵی دونیا وەک یەک نین. تەنانەت هیچ دوو چڵە گیایەکیش بەتەواوەتی چۆن یەک نین}، دەشێ ژنیش بەپرتەقاڵ بچوێنین، یانی لەشێوە و کێش دا نەبی، ئاخر پرتەقاڵ هەر پرتەقاڵە تام و ڕەگەزی لە هەنار نیە، جیاواز لەبەخشینی خۆشەویستی بەپیاو هەموو ژنێکیش هەر ژنە، ئاوی کانیش هەر ئاوە بەڵام هەموو ئاوێک تامی ئاوی کانی نیە.

هیچ نوسەرێک ناتوانێت ڕوداو لەڕۆمان دابماڵێت، ئەگەر پامۆک ئەمە بکات لەڕێگای کارەکتەرەکان چیرۆکێکی سادە دەگێڕێتەوە. بۆیە خوێنەر لەم ڕۆمانەدا حەز بەخوێندنەوەی چیرۆک دەکات چونکە پێکهاتە تەکنیکەکانی ڕۆمانەکە لەڕوداوە، هەر ڕوداوێکیش بۆ خۆی چیرۆکێکە هەر چیرۆکێکیش ڕوداوێکە بۆتە چیرۆک.

لەڕۆمانەکەدا دەستی دەوڵەت دەستێکی پۆڵاینی لێدانە لەکەسانێک لەسیاسەتدان و دەیانکاتە دەرەوەی سیاسەت. لەجیهانی ڕۆمانەکە کەسانێک ژیان دەکەن لەدەرەوەی ڕوداوە مێژویی و سیاسیەکانیش دەوری سیاسیان هەیە بۆیە لەسایەیی ژیانی بەسەربازی کراو و سیاسەتی وشک و زبری دەسەڵاتی ڕەهای دەوڵەت، دەوڵەت وەک ئەو دەیەوێت دەبێ خەڵک ژیان بکەن، چونکە خوا و دەوڵەت و مافیا لەم ڕۆمانەدا باوکن، دەوڵەتیش باوکە، باوکێک دڵڕەق، ئامرازی سەرکوتکردنی ئازادیەکانی تاکە.

گەمژەکان بەخۆیان نەزانیوە لەبنەرەتەوە خوا ئەوانی نەویستووە.


کاتێک خوا دیکتاتۆرێک ڕیسوا دەکات خۆیان لێدەبێت بەمەسیحی لەخاچدراو. پێش ئەوەی قەزافی و سەدام لەتونێل دەریان بهێنن دیانگووت خوامان لەگەڵە، ئەگەر خوا لەگەڵ ئێو بوو، بۆچی بەر نەفرەتی خوا کەوتن؟


قەزافی و سەدامەکانی لای ئێمەش، ڕەوانبێژن لەگووتنی خوامان لەگەڵە. کەواتە دیکتاتۆرەکان بەخۆیان بزانن یان نا لەسەرکەوتن و کەوتن لێک دەچن، لەدایک بووی هەناوی یەک منداڵدانن، بێ دیموکراسی گەمەی هەڵبژاردن دەکەن کە پاساو نیە بۆ ئازادی.


ژیان لەدونیای دیکتاتۆرەکان، لەدوای گرتنە دەستی دەسەڵات، نیشتمان، دایکی شۆڕشگێڕ و ژنی خیانەتکارە، مەگەر وانیە بۆچی شۆڕشگێڕەکانی ناو شۆڕش دەبن بەبازرگانی فرۆشتنەوەی خەبات، چەکی خۆسەپاندن و سڕینەوە دژی ئەوانە بەکاردێنن کە پێیان وایە گەل بڵێسەی شۆڕش بووە تا ئەمان؟ کەواتە کە جەنگ کۆتای هات بەکەس مەڵێن شەڕانی.

ژیان لەدونیای دیکتاتۆرەکان هێندە بچوک دەبێتەوە شتێک نامێنێت بەناوی ئەخلاق، لەکەرستەی شەڕەف مرۆڤ خۆی ئەخلاق دروست دەکات. مەگەر وانیە بۆچی لەجەنگەکاندا ئەخلاق نیە ئەگەر ئەخلاق هەیە!


ئەو کەسانەی ویستی سیاسیەکی بێخەوشی ئەخلاقیان هەیە، پێم باشە ئەم کتێبە بخوێننەوە، چونکە هەندێک کەس، بەبێ ئەوەی بزانن لەکوێی سیاسەتدا ئەخلاق هەیە، سیاسەتی فەرمانڕاوا لەئەخلاقی خۆیان بەگرنگتر دەزانن.


ئەگەر پێیان وایە فەرمانڕەوا پێغەمبەرە، پێغەمبەری ئیسلام کۆتا پەیامبەری جیهان بوو، ئەگەر بەخەلیفەشی دەزانن، حوکمڕانی خولەفاکانیش تێپەڕی، ئەگەر بەسەرداری بێخەوشیشیان دەزانن، بابیر بکەنەوە و لەهزری خۆیان ڕابمێنن چۆن دەبێ پشتیوانی سیاسیەک بن، ئەخلاقێکی خەوشداری هەیە؟


پێشم وایە ئیشی نەزان کاری زاناش تێکدەدات، یەکەم هەنگاوی کەسی نەشیاو قورس کردنی دووەم هەنگاوی کەسی شیاوە، واتای ئەوەیە پێغەمبەرەکانی پێشین لەشەڕی نێوان خودا و مرۆڤ نەیانتوانی ئاشتی بچەسپێنن، خودا دەبێ پێغەمبەرێکی تر بنێرێت تاخۆی لەگەڵ مرۆڤ ئاشت بکاتەوە.

دواجار چیرۆکی ئەفسانە لەم ڕۆمانەدا کارەکتەر ناچار دەکات ببێت بەبکوژ و باجی تاوان و سزا بدات، کوڕ دەبێتە بکوژی باوکی خۆی، لەڕێگەی ڕاپێچکردنی بۆ زیندانی سلڤری کەگەورەترین بەندیخانەیە لەسەر ئاستی تورکیا و ئەوروپا، پڕیەتی لەکورد و ئۆپۆزسیۆن و چەپ.


لەم ڕۆمانەدا نوسەر کەمتر لەئێستای خۆیدا دەژیت بەردەوام فلاش باک دەگەڕێتەو ڕابردو، ڕوداوی سیاسی و مێژویی سیاسی وڵاتەکەی دەکاتە چیرۆک لەڕێگەی جێم ی کارەکتەری سەرەکی و لەکۆتا بەشیش ژنە قژ سورەکە، بەزمانێکی سیاسی سنوردار، وەک قۆڵبەستکراوێکی سیاسی، جومگەی سەرەکی ڕوداوەکان دەکاتە چیرۆک و بۆ خوێنەریان دەگێڕێتەوە.

 

ماڵپەڕی بەنگین پیرۆت

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک