٢٤\١\٢٠١٦
رۆمانی ''کوڕیژگە
بیجامە خەت خەتەکە'' زەنگی سێیەمی وێران بوونی جیھان.

بەنگین پیرۆت
خوێندنەوەی ڕۆمانی "کوڕیژگە بیجامە خەت خەتەکە" گەڕانەوەیە بۆ
لاپەڕەکانی ڕابردو و تێگەیشتنە لە ئاریشەکانی ئێستا و ئاوێنەشە بۆ
بینینی ئایندە. پشکنینەکانی "برونۆ" سەرکێشیەکی سەرنج ڕاکێشی
لێدەکەوێتەوە کە پێی وا بوو گەڕان لە دیوی تەلبەندەکان وەک گەڕان و
پشکنینی ژوورەکانە بە دوا شتەکانی دی ، ئەو شتانەی "بەتەنھا ھی خۆی
بوون و ھی کەسی دی نەبوون".
لە ڕۆمانی "کوڕیژگە بیجامە خەت خەتەکە" ڕاستەوخۆ خوێنەر ناچێتە ناو
جەنگی تەقینی گوللە و ھاوار ھاوار سەربازانی دەست و قاچ پەڕیو، خوێنەر
دەچێتە ناو جەنگێکی گەورەی شومی دەروونی کە لەکاتی خوێندنەوەی
ڕۆمانەکەدا دەروونی دەھەژێنێت، جەنگێکی سارد کەچی لەو جەنگانە کەمتر
نیە لە ڕێگەی سوتماک کردنی خاک و کوشتاری ڕەشە کوژی ناخی مرۆڤ دەھاڕن.
زۆربەمان دەزانین جەنگی جیھانی دووەم قڕکرن و جینۆسایدی جولەکە و
ھۆڵۆکۆستی لێکەوتەوە لەلایان نازیەکانی ئەڵمانیا، جەنگی ساردیش، قڕکردن
و ئەنفال کردنی کورد لەساڵانی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردو لەلایان
بەعسیەکان و جەنگی دژ بە تیرۆر کۆیلە کردن و فرۆشتنی کچانی ئێزیدی
لەئابی ساڵی ٢٠١٤ لەلایان ڕێکخراوی تێرۆرستی داعش و جینۆساید
ئەرمەنەکان لەلایان تورکە تۆرانیەکان لەساڵی ١٩١٥ پەڵەیەکی ڕەشی ترن
بەناو چاوانی مێژووی دوور و نزیکی دیکتاتۆرەکان لە ھەزارەی دووەم دژی
مرۆڤاتی.
کاتێک خوێنەر ڕۆمانەکە دەخوێنێتەوە پێی وانیە ڕوداوی ناو چیرۆکی
ڕۆمانەکە پێشتر ڕویداوە، پێی وایە زەمەنی ڕوداوەکان ئێستایە یاخود لە
ئایندەیەکی نزیک لە شوێنێک ڕودەدەن. کە ھێمایە بۆ نەمانی ئینتما بۆ
ژیان ، ھێمایەکی ڕونیشە ھەرکاتێک کارەساتەکان ڕوبدەن. لەم کتێبەدا "برۆنو"
و "شموێل" وەک دوو کارەکتەر دەوری دوو جیھانی جیھانبینی جیاواز دەبینن
کە لەم بەرو ئەوبەری تەلبەندەکە ژیان دەکەن، تەلبەندێکی باریک دوو
جیھانە گەورەکەی لێک دابڕیوە.
"جۆن بۆین" نوسەری ڕۆمانەکە بەخەیاڵێکی فراوان گەڕاوەتەوە بۆ ڕوداوە
مێژوویەکانی ئەوسەردەمەو چیرۆکی ڕۆمانەکەی نوسیوە، ھەر دەبێ واش بێ
چونکە ئەوەی لەناو ڕۆمانەکەدا دەگوزرێت بەشێکە لەڕوداوی ڕاستەقینە
لەڕۆژگاری سەختی ئەوروپا لەساڵی چلەکانی سەدەی بیست،کەپێی دەوترێت
زەمەنی دووەمی وێران بوونی جیھان. باسەکانی ناو ڕۆمانەکە،باسی زەمەنێکە
کە فاشستەکان دەسەڵاتێکی گەردونیان ھەیە،وەک گەردەلوول جیھان لوش دەدەن
ژیان کوژ و مەرگ دۆستن.
ڕەنگە بەلای ھەندێک کەسەوە قڕکردنی جولەکە لە ئەوروپا سەیر نەبێت چونکە
ئێستاش جیھان بارگاویە بە بەچکە دیکتاتۆری ھاوشێوەی ھیتلەر ، بەڵام
ئەوەی بەلای من سەیرە، زۆریش سەیر، پێش ڕوداوی دوو جەنگە گەورەکە،
ئەوروپا لافی فەلسەفەی دیموکراسی و بە جیھانی کردنی فەلسەفەی ئەوروپی
لێدەدا، کەچی لە نێو جەرگەی خۆشیدا گرگنەدیکتاتۆرەکانی وەک مۆسۆلۆنی و
فرانکۆ و ھیتلەر دەسەڵاتداربوون، بۆیە بەلامەوە نامۆیە، ھێشتا جەنگی
یەکەمی جیھانی، خۆَڵەمێشەکەی لە ئاگری جەنگ سارد نەببۆوە، تەمی جەنگێکی
تاسێنەر ھەڵدەگیرسێت، بۆ دووەم جار خەردەلەکەی تەواوی جیھان دادەپۆشێت.
ھەرچەند بیستنی ھەواڵ و ڕِوداوەکانی زەمەنی ئێستامان مرۆڤ دوچاری شۆک
دەکات چونکە پڕ چەک کردنی وڵاتان و ئاوارە بوونی ملیۆنان کەس و
بەھەدەردانی خۆراک و برسی بوونی نیوەی مرۆڤی گۆی زەوی و شەڕی نێو خۆی
وڵاتان و بەھێز بوونی گروپە توندڕەوە فێندەمێنتالیستەکان و بازرگانی
کردن بە مرۆڤ و پەیدابوونی مرۆڤی مرۆڤ سەربڕ و مرۆڤ خۆر. ھتد...بۆ خۆی
جەنگێکە چی لە دوو جەنگە گەورەکە کەمتر نیە. بۆیە کە ڕۆمانەکە
دەخوێنیتەوە ھەموو ئەمانە وات لێدەکەن ھەستیش بکەی لە جەنگدانیت، ھەست
دەکەیت بەرەو جەنگ دەڕۆیت، پێت وا دەبێ مادام مرۆڤاتی لە جیھانێکدا
دەژیت لافی عقڵانیەت و پێڕا گەیشتنی بە ژیارێکی مۆدێرن و خۆشگوزەران
لێدەدات و ژیرەکان جیھان بەڕێوەدەبەن، نابێ لەوە زیاتر مرۆڤاتی بەدەست
جەنگەکانەوە پەرێشان بێت جەنگی ھاوشێوەی دوو جەنگە گەورەکە بەناوی
جەنگی سێیەم ڕوبدات. بەرداوامی شەڕەکان سەرکێشی جەنگی گەورەی
لێدەکەوێتەوە، ھەر وەک چۆن ئێمە دەپرسین دوو جەنگە گەورەکە بۆ ڕویدا؟
دووریش نیە جەنگی سێیەم گرەو لە ئاشتی بەرێتەوە،نەوەی ھەزارەی سێیەمیش
بپرسن کە مرۆڤاتی خاوەنی عەقڵ مەزنەکان بوو چۆن و بۆچی ئەزمونی لە دوو
جەنگ وەرنەگرت! ئەدی جەنگی سێیەم بۆ ڕوبدا؟ پاساوی ئاشتی و ڕێککەوتنە
نێودەوڵەتیەکان ئایا بەسە بۆ ڕوونەدانی جەنگێکی تری وێرانکەر لە سایەیی
وڵاتانی خاوەن کڵاوەی چەکی ئەتۆمی؟! پرسیارێکی تر ئەوەیە، کێ جەنگ
ھەڵدەگیرسێنێت؟ ئەگەر جەنگ لەپێناو ئاشتیە، ئاشتی ئایا پێویستی بە
جەنگە؟ ئایا پێویستی ئاشتی کڵاوەی ئەتۆمیە؟ کە جیھان پڕە لە مرۆڤی ژیر،
دەسەڵات و حوکمڕانی جیھان بۆچی دەکەوێتە دەست ئەو کەسانەی گەمژانە
حوکمڕانی جیھان دەکەن! ژیری، مرۆڤە ژیرەکان بۆچی ناتوانێت بەر بە ڕوو
نەدانی جەنگ بگرێت؟ بەرژەوەندی کێ لەگەڵ جەنگە؟ لەئاشتیدا ئایا
بەرژەوەندی ھەمەلایەن لەئارا دانیە؟ ئەگەر وەڵام بەڵێیە، ئەرێ جەنگەکان
بۆ ڕوودەدەن؟ یان کە ڕووش دەدەن بۆ کۆتایان نییە! تکایە با چیتر
جەنگەکان ڕوونەدەن،پێویستی ئاشتی جەنگ نیە.
چوارقورنە
ماڵپەڕی بەنگین پیرۆت
|