١٥\١٢\٢٠١٢
رۆمانى (نادیار)
چارەنووسى پیاوێکى نادیار و
چارەنووسى ئەو
ژنەى ئاخر (دڵۆپێک لە دەریایەکدا چى پێدەکرێ).

بەنگینە پیرۆت نورى
(فوئادە:
دایەگیان،پاڕانەوەکانیشت بەر ئاسمانێکى کەڕ کەوتن).
ڕۆمانى
(نادیار) نوسینى (د.نەوال ئەلسەعداوى) لە بەڕێوەبەرایەتى خانەى
وەرگێڕان ،لە عەرەبیەوە بۆ کوردى (تریفە محەمەد ئەحمەد) وەریگێڕاوە.
وەرگێڕ لە بەرگى کتێبەکەدا دەڵێ(پێشکەشە بە یەکسانخوازان عاشقانى
حەقیقەت هاورَێ و دڵسۆزانم بە هەموو ئەوانەى خەون بە داهێنان و شکاندنى
ئاستەنگەکانەوە دەبینن).
منیش دەڵێم ئەم خوێندنەوەیە،پێشکەشە بە خانمى وەرگێر ئەگەر
قبوڵیەتى،تەنها لە بەر ئەوەیى وەرگێڕانەکەى وەکو دەڵێن
کورداندوویەتى"بەکوردى کردوە" پێم وایە هەر دەڵێیى د.نەوال بەکوردى
ڕۆمانەکەى نوسیوە.
دوورو نزیک ئەم وەرگێڕە بەڕێزە ناناسم تەنها یەکێکم لە خوێنەرى
ڕۆمانەکە،لەدواى خوێندنەوەى ڕۆمانەکەش خەونى داهێنان ڕوونتر دەبینم و
پێم وایە هێشتا مرۆڤ هەیە لەم ووڵاتە خەون بەداهێنانەوە ببینێت.
ئەم وەرگێڕانە جوانە کە ماندوو بوونێکى زۆرى پێوە دیارە،بۆیە جارێکى
تریش دەڵێم دەبێ خاتو تریفە بمبورێت لە ستایلى خوێندنەوەى ڕۆمانەکە
ئەگەر پێیى وایە حەقى خۆیم نەداوەتێ و قوڵتر نەچوومەتە ناخى ئەندێشەى
ڕۆمانەکە وەکو ئەوەى کە هەیە،چونکە دواى دوو جار خوێندنەوەى ئەم
ڕۆمانە،ئەم خوێندنەوەیە لە دایک بوو،بۆیە دەمەوێت لە ڕۆژنامەیەکى ژنان
خوێندنەوەیەکى پیاوانە بۆ قەڵەمى ژنێک و لە وەرگێڕانى ژنێک لە سەر
کێشەى ژنێک بکەم.
ئێمەى پیاوانیش جار جار شتێکى جوان هەیە شانازى پێوە بکەین،مەرجیش نیە
لەو پیاوانە بین هەروەک لە نێو ڕۆمانەکەدا دەڵێ(هەمیشە خەڵکى شتە بەنرخ
و خۆرسکەکان نابینن تەنها لە بەر ئەوەى خاوەنیانن).
هێشتا لە بەرایى خوێندنەوەى لاپەڕەکانى ڕۆمانەکەداین،بەکۆتایى
ئاوابوونى خۆشەویستیەکى نادیار ئاشنامان دەکات.
(د.نەوال ئەلسەعداوى)ژنە ڕۆمان نوسى میسرى،لە ڕێگەى ئازارەکانى کچێک،
دەیەوێت مرۆڤایەتى لە نامرۆڤاتیە سەرکێشەکانى کۆمەڵگاى پیاو سالارى
ووڵاتى میسر بە ئاگابهێنێت.ئەو دەیەوێت کچان ووشیار بکاتەوە،هەروەک بە
کچەکەى خۆى ووت:
(کچى خۆم داهاتوى گەشت لە هەوڵدانتدایە بۆ خوێندنەکەت نەوەک لە
شووکردنتدا،چونکە پیاو هیچ سودێکى نیە بۆت).
ئەو دەیەوێت بڵێت ئەوەى پێى دەوترێت دەربڕینى هەستى خۆشەویستى بۆ ژن لە
ووڵاتێکى پڕ ژنى وەکو میسر بوونى نیە، ئەو دەیەوێت بڵێت لە ووڵاتى
هەڕەمەکان،ووڵاتى کۆتایى هەموو شتێکە و ڕووبارى خۆشەویستى چیتر ناڕژێتە
نێو دەریایى نیلەوەو بۆ ژن سەرچاوەکەى ووشک بووە،ئەو دەیەوێت بڵێت ئێرە
دۆزەخە (ئاى خۆشەویستى چیە.کەى بو بۆ یەکەمجار بەر گوێیى کەوت.لە دەمى
کێوە بو؟)چونکە (خۆشەویستیەکەى کۆتایى پێهاتوەو وەکو هەر شتێکى دیکە
کۆتایى دێت) هەمووشى لە بەر ئەوەى نا عاشقێک مەعشوقەکەى بزرە،نا ئەمە
نابێتە کۆتایى سەرەتایەک لە ئەڤیندارى،لەبەر ئەوەش نا ئەوشتەى "فرید"لەچاوى
"فوئادە" بەدى کردوە لەچاوى خانمەکانى تر بەدى نەکردوە،بەڵکو لەبەر
ئەوەى چاوى فوئادە لەچاوە نەبینراوەکانە(ئەوشتەى لەچاوانتدا بەدیى
دەکەم جیاوازە لەوەى لەچاوى خانمانى تردا بەدیى دەکەم).
ئەى لە چاوى پیاواندا چى هەیە ئاخۆئەو شتەى لەچاوانى فریدبەدیى
دەکراجیاواز بو لەوەى لەچاوى پیاوانى تردا بەدیى دەکرا؟
دیارە ئەوەى لەچاوى فوئادە بەدیى دەکرێت توێژینەوەو داهێنانە لە
کیمیاگەریدا،هەروەک لە وەزارەت بە بەرێوەبەرەکەى خۆى ووت (شەش ساڵە
لەبەشى توێژینەوەکان کار دەکەم)فوئادە لە خۆشى دەپرسى تۆ بڵێیى لە
ئایندە دا توێژینەوەکانى (شتێک بێت برسیەتى بنەبڕ بکات؟،نەخۆشى بنەبڕ
بکات؟،نەهامەتى و مەینەتیەکان بنەبڕ بکات؟،چەوساندنەوە نەهێڵێت؟).
یان دەبێ ژن وێڵى پارەبێت و خۆى بیر بچێتەوە،جا (ژن لەم دوونیایەدا چى
بە پارە بکات؟ کراسى زۆر گران باى پیبکڕێت؟،دەبێ سودى کراسى گران بەها
چى بێت؟).
ئەى لەچاوى پیاودا چى هەیە!ئایا لەچاوى پیاواندا داهێنان هەیە؟ یان
ئایا پیاو(شتێکى نوێى گووتوە تاکو ئێستا کەسى دى بەدەمیدا نەهاتبێت؟)
یان وەکو (چاوى دزێک حەفتا و سێ لێکۆڵینەوەى دزیوە) ئایا بۆ ژن دەیەوێت
خۆى خاوەن واژۆى خۆى بێت؟ئایا لەبەر ئەوەیە "مێ"بوون واژۆى کەسایەتى ژن
بوونى مرۆڤى مێینەیە؟ یاخود لەبەر ئەوەیە(یەکەم جاریەتى واژۆى بڕیارێک
بکات،یەکەم جاریشە واژۆى ئەو بەهایەکى فەرمى ئەوتۆى هەبێت).
ئایا ئەو شوێنە کوێیە جەلادەکانى کوشتنى ڕۆحى ژنى لێوە دێت؟(ئەو
نازانێت پەیوەندى نێوان ئاسمان و فرید چیە؟).
ئەو دەزانێت فرید نێرەو کوڕى باوکە ئادەمە و ئادەمیش لە ئاسمان
دروستکراوە و ئاسمانیش کوڕى خۆى خۆش دەوێت بۆیە لە هەموو شتێکى ئەو
بێدەنگە.(پەیوەندیەک لە نێوانیان دایە،لەوانەیە ئەوەبێت کە ئاسمان
ئامادەیى هەیە لەگەڵ ئامادەبوون و ئامادە نەبوونى فرید دا) کە حەوت
تەبەق لێک دوورن! ئەى ئایا دەبێ چەند تەبەق لە ژن دووربێت؟!
ئەى ژن ڕۆڵەى کێ یە؟ئەى هەر ئەو نیە داهێنانى هەیە،هەر ئەو نیە پرسیارى
هزرى لە سەر داهێنان دەکات،بەبێ ئەوەى پەیوەندى لەگەڵ ئاسماندا هەبێت و
نزاکانیشى قبوڵ بکات،ئایا هەر بوونى نهێنى"ژن ڕۆڵەى کێ یە"نیە وا
لەدایکى فوئادە بکات بپاڕێتەوە تا ئاسمان خێر بە کچەکەى بکات(کچم
فوئادە،یاخوا ڕۆڵە خوا دەرگاى بەخێر بەڕووتدا بکاتەوە داهێنانێکى گەورە
لە بوارى کیمیادا ئەنجام بدەیت)فوئادەش بۆ پاڕانەوەکەى دایکى دەڵێ(نزا
و پاڕانەوەکانت بێ ئاکام بوون دایەگیان،پاڕانەوەکانیشت بەر ئاسمانێکى
کەڕ کەوتن.
ئەگەر پیاوێکى ئاینى لە مینبەرێک باسى جووت بوونى نێر و مێ و لە دایک
بوونى مرۆڤ بکات هەمووان گوێ دەگرین بۆ؟چونکە باسەکەى شەرعیە!بەڵام
نمونەکەى مرۆڤ نیە،کە پزیشکێکیش لە بەرنامەیەکى تەلەفزیۆنى قسە
دەربارەى هەمان باس بکات کەناڵەکە دەگۆڕین بۆ؟ لەبەرچى؟چونکە نمونەکە
مرۆڤە!،ئەگەر بەزمانى زانست و زانیاریش بدوێت.هەروەک ئەو وانانەى لە
خوێندنگاکان بە شەرمەوە دەخوێندرێن (وانەیەک لەسەر مریشک و چۆنیەتى
هێلککە کردن و هەڵێنانى جوجک ،وانەیەکیش لەسەر ماسى کە چۆن لە ڕێگاى
گەراکردنەوە زیاد دەکات،لەسەر هەموو بوونەوەرێکى زیندوو تەنها مرۆڤ
نەبێت،تەنانەت دارخورماش، ئەرێ دەبێ دارخورمایان لە خودى خۆیان بە لاوە
گرنگتر بێت؟)جگە لەو پرسیار و بیرۆکە و بۆچون و ڕاڕا معریفیە.
ئەم ڕۆمانە پێکهاتوە لە سێ بەش،بەشى یەکەم خوێنەر تێکەڵ بە جیهانە
ڕاڕاکەى فوئادە دەبێت،بەشى دووەم هەنگاوى ڕوداوەکان قورسن و بەسستى
جوڵە دەکەن تا بەشى سێ یەم،لە بەشى سێ یەم خوێنەر هەست دەکات هەروەک
چۆن وزە پێویستە بۆ کاراکردنى جوڵەى جەستە،بە هەمان شێوە پێویست دەکات
خوێنەر ئاوزێکى ڕوون وبێ گرێیى هەبێت بۆ تێگەیشتن لە پرسیارو ناوەرۆکى
ڕۆمانەکە.پێکهاتەى ڕووداوەکانى ڕۆمانەکە پرسیارى فکرى و کێشە
دەروونیەکان لاى خوێنەر دەوورووژێنێت و ڕۆحى بێ زمانى بۆن و چاو و هەست
و بیستن و قاچ و دەست بە قسە دێنێت.بۆیە بەباشى دەزانم ژنان ئەم ڕۆمانە
بخوێننەوە،لەبەر ئەوەى نا کە ژن نوسیویەتى،لەبەر ئەوەش نا باسى
ئازارەکانى ژنان دەکات،لەبەر ئەوەى پرسیار لە هەموو ئەو شتانە دەکات کە
ژنان لەبەر دەروون شڵە ژاوى خۆیان و کارى ڕۆژانە،بە پێچەوانەى فوئادە
وەڵامەکانیان وون کردوە.
ڕۆژانى"سێ شەممە"ئەو ساتە پڕ تەزووەیە کە مووچڕکى چاوەڕوانى بە قەد
ناخى فوئادە لە ناخەوە خوێنەر دەهەژێنێت.
کە فریدیش نایەت بۆ چێشتخانەکە خوێنەر بە قەد دڵتەنگى فوئادە غەمبار
دەکات.
ئاخۆ ئەو فریدەیى فوئادە چاوەڕوانیەتى هەمان"گۆدۆ"یەکەى بکێت نیە کە
د.نەوال ناوى ناوە"نادیار"؟
ئەوەى زیاتر بەقەد داهێنانى کیمیاگەر باس دەکرێت"بۆن و چاو و هەست و
بیستن و قاچ و دەست"کانن،کە هەریەکەیان لە چەشنى دەوڵەتێکى کۆنفیدڕاڵى
تایبەتمەندییەتى سەر بەخۆى خۆیان هەیە لە پێکهاتەى دروست بوونى جەستەى
مرۆڤدا.
د.نەوال دەیەوێت وەسفى زمانى ئەدەبى،بکاتە سەرچاوەى تێگەیشتنى مرۆڤ لە
وەسفى زمانى زانست و داهێنانى کیمیاگەرى، تا مرۆڤ لە گرنگى ئەندمانى
جەستەى خۆى تێبگەیەنێت.بەڵام بەداخەوە ئەوانە لاى ئێمە بەهایان نیە
چونکە سەربەخۆ بەکار نایەن. د.نەوال نایەوێت بڕیار دەر بۆ ئەندامانى
جەستەى مرۆڤ بە تەنها "عقڵ" بێت.
(بۆچى عقڵ لە قاچەکاندا نەبێت؟ هەرچى قاچەکانیشن بار هەڵدەگرن و
هەروەها سەرو شان و مل و جەستەش هەڵدەگرن سەرەڕاى ئەمانیش هەرگیز بڕیار
بەدەست نین،هەر سەرەکانن بڕیار دەدەن)
دواجار فوئادە دەیەوێت پرسیار بکات کە ئەگەر مرۆڤ گوناهەجوانەکان بکات
چى ڕوودەدات؟
(ئەگەر حەزو ئارەزوەکانى درۆبکەن ئەى کەواتە چى ڕاستگۆیە؟) ئەى (چى
ڕاستە ئەگەر هەستەکانى درۆ دەکەن).
(ئایا هەستەکان خورافاتن یا ڕاستین؟) ئەى (بۆچى سەیرى چاوەکانى فرید
دەکات و هەست دەکات لێیەوە نزیکە،کاتێکیش سەیرى چاوەکانى ساعاتى دەکات
وا هەست دەکات کە دزە) (دەى کەواتە هەستەکان چین؟).
(دەبێ سەرەتاى هەر شتێکى نوێ چیبێت؟) بەبڕواى من نزیک بوونەوەیە لە
کۆتایەکى نادیار،ئەوەتا بە گەیشتنى نامەیەکى فرید لە بەندیخانەیەکى
نادیار کۆتایى بە پرسیارە ڕاڕاکانى ناخى هزرى فوئادە دێت،بۆیە د.نەوال
کۆتایى بەنوسینى ڕۆمانەکە دێنێت ناوى دەنێت نادیار،فوئادەش بێ فرید و
بێ دایک و بێ خۆشەویست و بێ ساعاتى و بێ وەزارەت و بێ پرسیار و بێ
بیرۆکە بەدیار چارەنووسێکى نادیار ماوەتەوە.ئاخر(دڵۆپێک لە دەریایەکدا
چى پێدەکرێت).
ماڵپەڕی بەنگینە پیرۆت نوری
|