٣١\١٢\٢٠٢٤
ڕۆمانی
''سەد ساڵ تەنیایی''.

بوڕهان جۆڵا
گەورە نوسەری جیهانی بەڕەگەز کۆڵۆمبی (گابرێل گارسیا مارکیز).
سەد ساڵ تەنیایی چیرۆکی حەوت نەوەی بنەماڵەی (بوێندیا)یە. ڕۆمانێکی
خەیاڵ ئامێز، ڕووداوەکانی بۆماوەی دە دەیە درێژدەبنەوە و
کارەکتەرەکانیش کێشە و گرفت هاوڕێیەتیان دەکەن، نووسەر لە گێڕانەوەو
وێناکردنی ڕووداوەکانی سەرکەوتووە، دوای ئەوەی خۆسێ ئارکادیۆ بوێندیا
بە هۆی سوکایەتی پێکردنی هەڵدەستێت بە کوشتنی پرۆدیێنسیۆ ئەگویلاری،
دواتر لەگەڵ هاوسەرەکەی (ئورسولا ئیگواران) کەئامۆزایەتی، کۆڵۆمبیا
بەجێدەهێڵن دوای چەند ڕۆژێک لە بێ ماڵ و حاڵ بوون لە جەنگەڵدا، لەسەر
کەناری ڕووبارەکە شارۆچکەی (ماکۆندۆ) دادەمەزرێنن کە گۆشەگیرە و لە
پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا نییە، جگە لە سەردانی ساڵانەی کۆمەڵێک
کۆچەر، کە تەکنەلۆژیای وەک موگناتیسی و تەلەسکۆپ و سەهۆڵ پیشانی خەڵکی
شارەکە دەدەن. خوێنەر بەرەو دونیاى پڕ خەیاڵەکەی (ماکۆندۆ) بەکێش
دەکرێت. دواجار....
خۆسێ ئارکادیۆ بوێندیا، لە ماکۆندۆ وەک دوورگەیەک بە ئاو دەورە دراوە
نیشتەجێ دەبێت و لەو دوورگەیەوە بەپێی تێڕوانینەکانی جیهان دادەهێنێت.
هەر زوو دوای دامەزراندنی، ماکۆندۆ بوو بە شارێک کە زۆرجار ڕووداوی
ئاسایی و نائاسایی تێیدا ڕوودەدا کە نەوەکانی بنەماڵەی بوێندیای
تێدابوو، نەیاندەتوانی یان ئامادە نەبوون لە بەدبەختییە دەورییەکانیان
ڕزگاریان بێت (کە زۆربەشیان لە دروستکردنی خۆیان بوون). ساڵانێکە
شارۆچکە سەرکردەی جیپسیەکان، پیاوێک بە ناوی مێلکیادێس، پەیوەندییەکی
نزیک لەگەڵ خۆسێ ئارکادیۆ بوێندیا دەپارێزێت، کە تادێت خۆی
دەکشێنێتەوە، وەسوەسەی لێکۆڵینەوەی لە نهێنییەکانی گەردوون هەیە کە
جیپسیەکان پێشکەشیان کردووە. دواجار شێت بوو، تەنیا بە زمانی لاتینی
قسەی دەکرد و بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بە دارێکی
قەستەرە بەسترایەوە تا مردنی.
لە کۆتاییدا ماکۆندۆ کراوە دەبێت بۆ جیهانی دەرەوە و بەڕووی حکومەتی
کۆڵۆمبیای تازە سەربەخۆدا. هەڵبژاردنێکی ساختە لە نێوان پارتە
کۆنەپەرست و لیبراڵەکانی شارۆچکەکەدا ئەنجام دەدرێت و ئاورێلیانۆ
بوێندیا هاندەدات بۆ ئەوەی بەشداری شەڕی ناوخۆ بکات دژی حکومەتی
کۆنەپەرست. دەبێتە سەرکردەیەکی شۆڕشگێڕی ئایکۆنی، ساڵانێکی زۆر شەڕ
دەکات و لە چەندین هەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاری دەبێت، بەڵام دواجار لە شەڕ
ماندوو دەبێت و پەیمانی ئاشتی لەگەڵ پارتی پارێزگاران واژۆ دەکات. بە
نائومێدیەوە دەگەڕێتەوە بۆ ماکۆندۆ و تا کۆتایی ژیانی بە دروستکردنی
ماسی زێڕینی بچووک لە وەرشەی خۆیدا بەسەر دەبات.
نووسەر بە شێوەیەکی درەوشاوە سەرکەوتوو بووە لە دروستکردنی تەواوی
مێژووی گوندێک لە خەیاڵی خۆیەوە لە یەکەم دەستپێکردنیەوە لەسەر دەستی
خۆسێ ئارکادیۆ بوێندیا و چەند هاوڕێیەکی. ئەو گوندە، کە شەوەکانی
چیرۆکی خۆشەویستی شاردبووەوە، هەندێکیان سەرکەوتوو بوون و هەندێکیشیان
قەدەری شکستخواردن بوو، لەگەڵ گەشەکردنی گوندەکە تا زیاتر لە شارێکی
بچووک دەچوو کە شەڕ و حکومەتەکان تووشی ئازار بوون. یەکێک لەو بیرۆکە
جوانانەی کە نووسەر ویستویەتی بیگەیەنێتە خوێنەر ئەوەیە کە کات بە
هێڵێکی ڕاست ناجوڵێت، بەڵکو لە بازنەیەکدا دەجوڵێت.
ماڵپەڕی
بوڕهان
جۆڵا
|