په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٤\٢٠١٥

رۆمانی (سێگۆشەی سنوور)ی سەلام عەبدوڵا.
- پەرتووکێک کە بۆ نەوەی کۆن و نوێ بەچێژە -

سەباح        

 

دوای راپەرین تا ڕادەیەک، ئەگەرچی لە ئاستی پێویستیشدا نییە، گرنگییەکی زێتر بە بڵاوکردنەوەی یادداشت و بیرەوەرییەکان دراوە، ھەر لەو ڕوانگەیەوە، تازەکی ڕۆمانی (سێگۆشەی سنوور)ی سەلام عەبدوڵا کەوتە بەر دیدەی خوێنەران، ڕووداوەکانی ئەم رۆمانە، ھەڵقوڵاوی بارودۆخی کوردستان و باس لە ڕۆژگارێکی سەختی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان دەکات، خوێنەر کە دەست بە خوێندنەوەی دەکات، ناتوانێ دەستی لێ ھەڵبگرێت، چونکە بەتامەزرۆییەوە، چاوەڕێی ڕووداوەکانی دواتر دەکات.


 

ئەم ڕۆمانە وێنەی مرۆڤی لەخۆبردوو کە مەبەست لێی “پێشمەرگەیە”یە پیشان دەدات. (کە لە مزگەوتەکە ھاتمە دەرێ، پۆلێ پێشمەرگەم بە چەکەوە دی، لە پێشیانەوە ئەنوەری مەجید سوڵتان بوو، کە بە شێوەی پۆشینی بەرگی ھەر لە گیڤارا دەچوو. قەمسەڵەی سەوزی سەربازیی ئەمریکی، کاسکێتی رەشی سەربازیی پیادەی عێراقی، مووی رەش و تەنکی سەروچاوی، کڵاشینکۆفی حەفتاوپێنجیی سەر شانی، ڕوخساری شۆڕشگێڕێکی نموونەیی دەنواند.ل ٣٢).


ئەم ڕۆمانە چێژێکی زێتر بەوانە دەبەخشێت کە لە دەیەی ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابردوودا لەگەڵ ڕووداوەکان ژیاون، چونکە ڕەنگە زۆر یادگتلایی ئەو ڕۆژانەی بێنەوە یاد.


ھونەرمەندی نازدار ئەحمەد سالار، پێشەکییەکی جوان و شیاو بەڕۆمانەکەی نووسیوە، دەڵێت: “ڕاستگۆیی لە دەربڕین و گێڕانەوەدا، مایەی ئەو کاریگەرییەیە کە زامنکەری سەرکەوتنە، بە تایبەت لە ڕۆمانێکی وەک ئەم ڕۆمانی “سێگۆشەی سنوور”ەدا، کە دەچێتە خانەی سەربوردەنامە، یان ڕۆمانی یادەوەری و لە چوارچێوەی ڕۆژانێکی سەختی نووسەرەکەیدا، کە خودی خۆی پاڵەوانێکی سەرەکیی ڕۆمانەکەیە، سەرەتاکەی لە کوێرەوەریی بەندینخانە تۆقێنەرەکەی “ھەیئە”ی ڕژێمی بەعسی مرۆڤکوژەوە چەکەرە دەکات.”.


ڕۆماننووس باس لە دەستپێکی چوونیان بۆ شاخ دەکات، بەڵام بەبێ ئەوەی بزانێت بە دروستی بۆ چ شوێنێک ھەنگاو دەنێن، کەی دەگەنە جێگەی مەبەست: (ئێمە سێ کەس بووین، جوتیار کە پێشمەرگە و دەلیلەکەمان بوو لە پێشەوە رەوتی دەکرد، فازیل کە ئەویش دەیویست ببێ بە پێشمەرگە لە پشتییەوە دەڕۆیشت و منیش لە دوایانەوە. ئێمە گەیشتبووینە سەری شاخی گۆیژە و وێڵەدەرمان بەجێھێشتبوو کە جوتیار رایگرتین و ھەر بەو تاریکییە پێی وتین: ئیتر داگەڕانە، زۆر ئاگاتان لە خۆتان بێت، بەئەسپایی بڕۆن و تا دڵنیا نەبن ھەنگاو مەنێن. ل ٢١).


نووسەر زۆر بەجوانی تابلۆی پێشمەرگەی کێشاوە، دەتوانین لە ناخی ڕۆمانەکەدا ھەست بە ھەبوونی سیناریۆیەکی سینەمایی بکەین: (لە چووقەچووقی ددانەکانم بەئاگا ھاتمەوە، لەشم ھەمووی ھەڵدەلەرزی، سەرم دێشا، سەیری دەوروپشتی خۆم کرد، دنیا رووناک بووبووەوە، جوتیار لە خەو ھەستابوو، یان ھەر نەنووستبوو، چونکە خەریکی پاککردنەوەی دەمانچەکەی بوو، فازیل لەسەرما خۆی گڵۆڵە کردبوو، بەردێکی کردبوو بە سەرین. ل٢٦) پێشمەرگە ھەموو کوردستانی بە زێدی خۆی زانیوە، دانیشتوانی دێھاتەکانی کوردستان تا ئەوپەری توانا و ھەندێک جار لەوەیش زێدەتر ھاریکاری پێشمەرگە بوونە: (عادەت وا بوو، ھەر لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوولەوە کە پێشمەرگە ڕووی دەکردە دێیەک، یەکسەر دەچوونە مزگەوت، لەوێوە لەلایەن کوێخا یان گەورەی دێوە، تەوزیع دەکران. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی پێشمەرگایەتی لە کوردستان، کە جیای دەکردەوە لە شۆڕشگێرانی وڵاتانی دیکە، ئەم دابەشبوونە بوو. ل٢٩).


سێگۆشەی سنوور، سەربردەی ھەموو ئەو کەسانەیە کە ئەوسا و ئێستەیش پێیان وایە”خەباتی پێشمەرگە” گەورەیی و کەسایەتی بە مرۆڤی کورد بەخشی، بۆیە زۆر لە پیاو و ئافرەتی کورد ئامادە بوون بە سەرما و گەرما لەناو شاخ و داخ بە نانەڕەقە و ئاو بژین، بەڵام ھەڵگری نازناوی پێشمەرگە بن: (ئێمە لەمڕۆوە، ھەڵگری نازناوی شانازیھێنەری پێشمەرگەین. ل٣٠).


خوێنەر بە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە، چیا بە چیا و دۆڵ بە دۆڵ لەگەڵ خۆشی و ناخۆشیی پێشمەرگە و شۆڕشی کورد دەژی، سەلام عەبدوڵا، بەشێک لە شۆڕش و پێشمەرگایەتیی خۆی گێڕاوەتەوە، تێیدا خوێنەر بە سەربردە و چیرۆکی پۆلێک پێشمەرگە ئاشنا دەبێ خوێنەر سەرسامی ئەوە دەبێ کە پێشمەرگەکان چۆن گیانی خۆیان فیدا کردووە تا لە سێگۆشەی سنوور( کە ھەمیشە دوژمنانی کورد مەبەست لێی بە عەرەب و تورک و فارسە زیاتر لە ناوچەکانی تری کوردستان چاودێرییان کردووە) چەند تفەنگێکیان دەست کەوێ و شەڕی مان و نەمانی پێ بکەن: (چەکەکان لەژێر باری فەردە ئاردا، لەنێو لۆرییەکەدا شاردرابوونەوە کە بریتی بوون لە کڵاشینکۆف و ئار. پی. چی و یەک دوو ڕەشاش و ھەندێ مین و دوو دۆشکە و فیشەکێکی زۆر، لەگەڵ چەند دانەیەک لە ھۆکی تۆکی کە زۆر قورس و قەبە دەھاتنە پێش چاو. بۆ ئێمە ئەوە دەستکەوتێکی گەورەبوو. حکوومەتی عێراق دوای شکستی حەفتاوپێنج ھەموو ھەوڵی ئەوە بوو کە چەک لە کوردستان نەھێڵێ و مۆڵەت نەدات کورد دەستی بگاتەوە چەک، بۆیە ئەو وەجبە چەکە ھیوابەخش بوو کە لە رێگەیەوە دەمانتوانی بە شانازییەوە بۆ ناوچەکانی خۆمان بگەڕێینەوە. ل٢٤٦).


ئەم ڕۆمانە، جیا لەوەی دەبێ بخوێنرێتەوە، دەبێ لەبیریش نەکرێ و بۆ چەند ساتێکیش بێ، خوێنەر و بە تایبەت نەوەی نوێ لەگەڵ ڕۆژانی سەختی شۆڕش ئاشنا بێ: (ئەنوەر سەبارەت بە ژیانی ڕۆژانەی پێشمەرگە وتی: ڕۆژانە ئێمە جەولە لەناو ئەم دێیانەدا دەکەین، باسی نوێبوونەوەی، خەبات و شەڕی چەکداری دژی ڕژێم دەکەین. شەوانە دەچینە دەرەوەی دێ یان پەنا بۆ سەر شاخەکان دەبەین. ھەموو پێشمەرگەیەک دەبێ حەراسەت بگرێ، کەمینی بەیانیشمان ھەمیشە ھەیە. ل٣٣)… (ڕاھاتن لەسەر جۆری ژیانی پێشمەرگایەتی، ئاسان نەبوو، کاتی دەویست تا مرۆڤ لەگەڵ ئەو ژیانە سەختە خۆی ڕابھێنێ. ل٤٨) ئەوسا ھەموو میللەتی کورد، تاکە ئومێدی پێشمەرگە بوو، بۆیە بە بینینی پێشمەرگە شاکەشگە دەبوون: (زۆر خۆشحاڵ بوو بەوەی کە شۆڕشمان دەست پێکردووەتەوە و بەردەوامین لەسەر خەبات. ئەوان ھیوایەکی زۆریان بە ئێمە بوو، سەرکەوتنی ئێمەیان بە ھی خۆیان دەزانی.ل٨٣) جاران ئەوانەی چەکی شەرەفییان دەکردە شان، ژمارەیەکی کەمیان نەبێت ھیچ ئەزموونێکی چەکدارییان نەبووە، بەڵکوو زوڵم و زۆرداریی بەعس وای لێ کردبوون، بێ ھیچ دوودڵییەک بۆ خەباتکردنێکی ڕەوا ڕوو بکەنە شاخ: (پێشمەرگە بە ئەزموونی ڕۆژانە و بە کردار فێری بەکارھێنانی جۆرەکانی چەک و چۆنیەتیی شەڕ دەبێت. ئەنوەر راستی دەکرد، چونکە زۆربەی ئەوانەی دەبوونە پێشمەرگە، ھیچ ئەزموونێکی شەڕیان نەبوو. زۆربەیان گەنجی ئاسایی بوون، قوتابی، کاسبکار، دوکاندار و کرێکار و ھەندێ جاریش مرۆڤی بەئەزموونی تێدەکەوت کە بەشدار بوون لە شۆڕشەکانی پێشوو. ل١١٩) مرۆی خەباتگێر لەپێناو گەییشتن بە مافی ڕەوای گەلەکەی، پەنا بۆ ھەموو جۆرە خەباتێکی ڕەوا دەبا و ھەموو ڕێگەیەک تاقی دەکاتەوە، زۆر باشیش ئەوە دەزانێت کاتێک ڕوو دەکاتە چیا و لەگەڵ دوژمنەکەی دەجەنگێت، ڕووبەڕووی مەرگێکی حەتمی دەبێتەوە..


سەلام عەبدوڵا، بە ھەست و سۆز و ھۆشیارییەوە دەنووسێت. بە ھۆی گێڕانەوەی ئەزموونی پێشمەرگایەتی، جوانترین بەرھەمی خۆی، پێشکەش بە پەرتووکخانەی کوردی کردووە. سەلام عەبدوڵا، ساڵی ١٩٤٨ لە شاری سلێمانی لەدایک بووە، لە ١٩٨٢ یەکەمین پەرتووکی بە ناوی “ڕۆژانی بێکاری” ڕووناکی دەبینێ، جگە لە زمانی کوردی، لە زمانەکانی عەرەبی، فارسی، سوێدی و ئینگلیزی شارەزایە، تا ھەنووکە حەڤدە بەرھەمی چاپ و بڵاو کردووەتەوە.
_________________________
سەرچاوە:
سێگۆشەی سنوور، سەلام عەبدوڵا، ڕۆمان، چاپخانەی موکریانی، ھەولێر، چاپی یەکەم ٢٠١٤.

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک