٤\٢\٢٠١٥ رۆمانی شەماعیە یان مێژووێک لە دڕندەیی بەعس.
مێژووی عیراق وەک وڵاتێک ،بەشێکی زۆری، مێژووێکە لێوانلێو لە جەور وستەم وچەوسانەوەو خوێن ڕشتن.بەدرێژایی مێژووی ھاوچەرخی ئەو وڵاتە، بێ بەھاترین سەرمایە تیایدا مرۆڤ بوە. بەئێستاشەوە، ھەر کاتێک سەیری عیراق دەکەین، بەتەنھا دیمەنەکانی خوێن و کوشتن و ئەتککردنی مرۆڤەکان دەبینین. ئەمە ڕاستیەکەو کەسمان ناتوانین نکۆڵی لێبکەین. عیراق ھەڵگری مێژووێکی ناشرینی درێژە لە سەرکوتکردنی مرۆڤەکان و زیندان و ئەشکەنجەدانیان،لە سۆنگەی بیروڕای سیاسی و ئەتنیکی و نەتەوەیی جیاواز.
ئەو ئەقڵە شۆفێنی و عروبەیەی، لە ماوەی چەندین دەیەدا،فەرمانڕەواو دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە بوە، مێژووێکی ئەوەندە ناشرینی لە گرتن و کوشتن و ئەشکەنجەدانی مرۆڤ داھێنا، کە شەرم دامانبگرێت لەوەی باس لەو وڵاتە بکەین.ھەموو ئەو ستەم و چەوسانەوەی مرۆڤەکان، کەوەک دیمەنێک بەردەوام لە شانۆی سیاسی ئەو وڵاتە بینیومانەو دەیبینین، لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتی بەعس و سەدامی دیکتاتۆردا، دەگاتە ترۆپک. عیراقی سەردەمی بەعس، عیراقی کوشتن و ئەتککردنی مرۆڤەکان بوە. چیرۆکە واقیعی و تراژیدیەکانی سەردەمی بەعس، ئەوەندە زۆرن،ئەوەندە بەسوێَ و بە ئازارن، ئەستەمە زمان بتوانێ وەسفیان بکات. زمان چەنێ قوڵ بێت لە دەربڕین،ئەستەمە بتوانێت، دیمەنە دڵتە زێنەکانی نێو زیندانی بەعس وسەرگوزشتەی ئەو زیندانیانەمان بۆ بگێڕێتەوە، کە ڕۆژگارێک بە دیار ئازار و ئەشکەنجەکانەوە،شەویان کردۆتەوە.لە زیندانی بەعسدا، ھەموو جۆرە شکان و ئەشکەنجەو دڕندەیەک بوونی ھەبوو، لە ھەموو شێوەکانی لێدانەوە، تاکو دەست درێژی سێکسیش!
ھەموو ئەو ستەمکاریەش کە بەعس بە درێژایی سی و پێنچ ساڵی حوکمرانیەتیدا، بەرامبەر زۆرێک لە پێکھاتە جیاوازەکانی عیراق و بەتایبەتیش نەتەوەی کورد کردی، سەرەنجام بەڕووخانی دەسەڵاتە ستەمکاریەکەی ئەو کۆتایی ھات و بۆ ھەتایە، ئەو دیکتاتۆرە، کە سەردەمانێک بەشێکی زۆری عەرەبەکان شانازیان پێوە دەکردووبە پارێزەری دەروازەی ڕۆژھەڵاتیان دەزانی، زەلیل ودۆڕاو،ناوی چوە زبڵدانی مێژوو. بەڵام مێژووی چەوسانەوەو خوێن ڕشتنی ئەو دیکتاتۆرە، تا مرۆڤایەتی ماوە، دەمێنێت. ئەو مێژووەی ھەر کاتێک سەیری دەکەین، وەک باسمان کرد تەژیە لەخوێن ڕشتنی مرۆڤەکان.. چونکە نابێ ئەوەمان بیر بچێت بە عس و سەدام، زادەی ئەقڵێکی شۆفێنی و عروبەیی بوون، کە جگە لە ناسنامەی شۆفێنی و بەعسیبوونی خۆیان، ھیچ شوناسێکی تریان بەلاوە گرنگ نەبوو.لەسەردەمی بەعسدا، ئەوە گرنگ بوو، مرۆڤەکان بەعسین یاخود نا. بەعسیبوون لە سەردەمی دیکتاتۆریەتی سەدامدا، شوناسێکی کۆمەڵایەتی و مرۆییە، بەرلە ھەموو شوناسەکانی تر.واتە بۆ بەعس، بە عسیبوون لە پێشەوەی مرۆڤبوونە. لە پێشەوەی ھەموو جۆرە بیرکردنەوەیەکی سیاسی و ئایینی و ئەتنیکییە.بۆیەشە بە عس لە ڕێی( کۆمارە ترس)ەکەی وبە جۆرەھا شێوەو بەچەندەھا ڕێگەی ئەشکەنجەدان، مرۆڤەکانی ناچار بە بەعسیبوون دەکرد.
ئەوەی لە دەرەوەی ھزری بەعسیبوونیشەوە، ھەڵگری بیروڕایەکی سیاسیی دیکەی جیاواز بوایە، بێگومان چارەنووسی زیندان و ئەشکەنجەدان دەبوو، ھاوشێوەی( ئەمین ھاشم بە یتاری) پاڵەوانی ڕۆمانی شەماعیە.زۆربوون ئەو مرۆڤانەی، بەو پەڕی یاخیبوون وخۆڕاگریەوە، بە گژ ئەو بە عسیکردنەی سەدام دەھاتنەوەو سازشیان لە سەر ئایدی و تێڕوانینی سیاسی خۆیان نەکردو سەربەرزانە، زیندانیان ھەڵبژارد. ئەوان ھەموو جۆرە ڕوح شکان و ئەشکەنجەو تێھەڵدان و ئەتککردنێکیان بینی، بەڵام ئامادەنەبوون،واز لە بیروڕای سیاسی و حزبی خۆیان بێنن. ئەوان لە زینداندا،ئەتککران، بەڵام دەستبەرداری بیروڕای خۆیان نەبوون و بەعسیەکان نەیانتوانی ھزریان داگیر بکەن.ئەوان ساڵانێکی درێژیان لە زیندانە نوتەک ودڕندەکانی بەعس بە سەر برد، بەڵام دواجار بەسەربەرزیەوە، ئازادبوون و بۆھەتایەش بەعسیەکان و سەدامی دیکتاتۆر، ناویان چوە زبڵدانی مێژوو.
گەلێکیش ھەبوون، بەرگەی زیندانەکانی بەعسیان نەگرت ودواجار بوونەوە سیخوڕ و بەکرێگیراوی بەعس، کەتەنانەت دەستیان چوە خوێنی نزیکترین ھاوڕێی خۆیانەوە. بەڵام ئایا لە شەرمەزاری بەو لاوە، چی تریان بۆ مایەوە؟لە سەردەمی بەعسدا، عیراق جگە لە زیندانێکی گەورە، ھیچ مانایەکی تری نەبوو. تەنانەت بەعس ھەوڵیدەدا، مرۆڤەکان بە شێوەیەک پەروەردە بکات، کەتەنانەت ئامادەبن سیخوڕی بە سەر کەسە ھەرە نزیکەکانی خۆشیانەوە بکەن.لەکاتێکدا ئەگەر ھەڵوێستێکیان نواندو قسەیەکیان وت، کە تەنانەت دوور نزیک پەیوەندی بە بەعسیشەوە نەبێت.وەک کارەکتەرێکی دیکەی ڕۆمانی شەماعیە، کە کاتێ ھەر بۆ گاڵتەو خۆشی بە ھاوڕێکانی دەڵێ: (بڕوخێ کاڵەک) پیاوانی بەعس دەیگرن ودەیبەنە ھەواڵگری بە بیانووی ئەوەی مەبەستی لە کاڵەک، سەدام بوە. بەومانایەی سەری سەدامی بە کاڵەک چواندوە!!ئیدی بوونی بیانوێکی بچووک بە تەنھا بەسبوو، بۆ ئەوەی بەعس بڕیاری مەرگ و ژیان بەسەر ھەر کەسێک بسە پێنێت، کە خۆی مەبەستی بوو. بەعس بەردەوام تۆمەتی سیاسی بۆ کەسانێک دروست دەکرد، تاکو لەو ڕێگەیەوە، ھەر کەسێک مەبەستی بێت، لە نێوی بەرێت وزیندانی بکات و دواجاریش،دەستدرێژی بکەنە سەر خێزانەکەی..
ڕۆمانی (شەماعیە)* ئەو ڕۆمانەیە، کە ھەموو ئەو دیمەنە تراژیدی و گێڕانەوە دڵتەزێنانەی تێدایە، کە زیندانیانی سەردەمی بەعس، لە زیندانە تاریکەکانی ئەو ڕژێمە، بەدەست جەلادەکانی بەعس بینیویانە. ھەر لە گرتن و کوشتن وتێھەڵدانەوە بگرە، تاکو ئەتککردنی جەستەو ڕوح. ئەو ڕۆمانە، پەردە لە سەر ڕۆژگارێک ھەڵدەماڵێت، کە بۆماوەیەکی درێژ عێراق و عێراقیەکانی گیرۆدە کردبوو. ڕۆژگارێک کە دیوە ڕاستە قینەو شاراوەکەی دەر نەکەوت، تاکو ڕووخانی بەعس. ڕۆژگارێک کە مرۆڤ، قێزی لە مرۆڤبوونی خۆی دەکردەوەو خۆزگەی ئەوەی دەخواست، ھەر گیانەوەرێکی دیکە بوایە، بەدەر لەمرۆڤ.چونکە لە ژێر سایەی ڕژێمێک دەژیا،بێ بەھاترین سەرمایەی ژیان بەلایەوە، مرۆڤ بو و. ئەو رۆِمانە لە سەر زاری چەند کارە کتەرێکەوە وەک( ئەمین ھاشم بەیتار - اسعد سعید فەرحان - محمد سوێرکی فەلەستینی - سەفییە - حەسون عبدالباری) چیرۆکە دڵتەزێنەکانی نێو شەماعیەی بەعس، لە ترس و تێھەڵدان و خوێن دەگێڕنەوە. گێڕانەوەیەک کە لە گەڵ ھەر وشەو خوێنەوەیەکیدا، دیمەنەکانی خوێن و کوشتنمان دێتە بەرچاو، بە تایبەتیش لە سەردەمی بەعس.ئەو ڕۆمانەو کارەکتەرەکانی، نموونەیەکی ناشرین و تراژیدی عێراقێکی بچووکراوەن لە سەر دەمی بە عسدا.بەخوێنەوەی چیرۆکی ئەو کارەکتەرانەی نێو ڕۆمانەکەوە،تێدەگەین لەوەی کەبەعس چی بەمرۆڤەکان کردوە، ئەگەرچی ھەمووشمان پێیەوە ئاشناین. کارەکتەرەکانی نێو ڕۆمانەکە، ھەریەکەیان بە پاساوێک، بە عس زیندانی کردوون و دوای ئازار و ئەشکەنجەو، ئەتککردنێکی زۆر، تا ڕادەی لە مرۆڤخستنیش،سەرەنجام فرێیان دەدەنە شەماعیە، کە ناوی ڕۆمانەکەش ھەر بەو ناوەوەیە. ئیدی ژیان ئەوان لە شەماعیەتدا، لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەوھەموو جۆرە شکانەوەیەکی دەروونی و ڕوحی، بە درێژایی چەندین ساڵ بەردەوام دەبێت، تا ئەو ساتانەی بەعس دەڕووخێت وپەیکەری دیکتاتۆردەکەوێت.
ئەمین ھاشم بەیتار، کە کارەکتەرێکی سەرەکییە لە کۆی ئەو پێنچ کارەکتەرەی ، کە بونیادی ھونەری ڕۆمانەکەیان پێک ھێناوە،پێشتر کەسێکی چەپ و شیوعی بوەو کتێبێکیشی نووسیوە.پیاوانی ڕژێم، داوای لێدەکەن کاریان لە گەڵ بکات و تەنانەت پێشنیاری چەندین پۆست و پلەو مافیشی بۆ دەکەن.بەڵام ئەو ڕەتی دەکاتەوەو سەرەنجام پیاوانی ھەواڵگری دەیگرن و بە جۆرەھا شێوە،ئازاری دەدەن تاڕادەی لاسایکردنەوەی زەڕینی گوێدرێژیش. ھەربۆ شکاندنی کەسیەتی و پێگەی جەماوەری و کۆمەڵایەتیشی،ناچاری دەکەن لە بەردەم،ئەسعەد سعید فەرحانی ھاوبیر و ھاوڕێ و ھاوخەباتی خۆی، لاسای زەڕینی کەر بکاتەوە، تەنھا بەمەبەستی شکاندن وئیھانەکردنی.ئیدی بەو شێوەیە، ھەریەکەیان بە پاساوێک دەگیرێن،ھەر لە ئەمین ھاشم بە یتارەو بگرە،تا ئەسعەد سەعید فەرحان و سەفییەومحمد سوێرکی و حەسون عبدلباری و..تد.
تەنانەت ئەوەندە ئازاری حەسون عبدلباری دەدەن، تا سەرەنجام تووشی نەخۆشی دەروونی دێت و بەردەوام چۆڵەکە لە سەر سەری خۆی ھەڵدەفرێنێ،بەبێ ئەوەی چۆڵەکە بەسەر سەریەوە بێت. بەھەمان شێوە، محمد سوێرکی بەبەرچاوی خۆیەوە ژنەکەی دێنن وھەڕەشی ئەوەی لێدەکەن، گەر دانی پێدا نەنێت، کە بە مەبەستی سیخوڕی ھاتۆتە عێراق، ئەوا بەبەرچاویەوە، دەست درێژی دەکەنە سەر ژنەکەی.محمد سوێرکی گەنجێکی فەلەستینی دانیشتووی عین حلوەی کەمپی ئاوارە فەلەستیینیەکانە لە لوبنان.ئەو بەمەبەستی تەواو کردنی خوێندنی زانکۆیی، خۆی و ھاوسەرەکەی دێنە عیراق. بەڵام ئەفسەرێکی سەربە دەزگای ھەواڵگری بەعس، چاو دەبڕێتە ژنەکەی و نازانێ بە چ ڕێگەیەک،دەستخەڕۆی بکات، بەمەبەستی ئەنجامدانی کاری بەدڕەوشتی لە گەڵی کە پیشەیەکی ھەمیشەیی پیاوانی بەعس بوو. نموونەی لەو شێوەیەش بە داخەوە زۆرە.بۆیە بەدوای تۆمەتێکدا دەگەڕێت تاکو بیداتە پاڵ مێردەکەی. بۆیە تۆمەتی ئەوەی بۆ دروست دەکات، کە محمد سوێرکی، بۆ خوێندن نەھاتوە، بەڵکو بە مەبەستی سیخوڕیکردن بۆ سوریا، لە ژێر ناوی تەواوکردنی خوێندنی زانکۆوە، ھاتۆتە عیراق. تۆمەتی سیاسی، ئاسانترین و ئامادەییترین تۆمەت، ھاوکات مەترسیترین تۆمەت بوو، کە بەعس دەیتوانی بە ئاسانی بۆ مرۆڤەکان ھەڵیبەستێ.
بەم شێوەیە دەزگاکانی بەعس، محمد سوێرکی دەگرن و بۆ ماوەی ساڵێک زیاتر،زیندانی دەکەن ولەماوەی زیندانیکردنەکەشیدا، پیاوانی بەعس،دەستدرێژی دەکەنە سەر خێزانەکەی.دواجاریش بە ناچاری دانپیانانێکی پێ واژۆ دەکەن، کە بەڵێ ئەو بۆ سیخوڕیکردن ھاتۆتە عێراق. ھەموو ئەو کارەکتەرانەی لە شەماعیەنە،بەعس چارەنووسی مەرگی بە سەرداداون، بە ناچاری ژیان لەو شوێنە دەگوزەرێنن وھیچ ئومێدێکیان نییە لەوەی ڕۆژێک بێت، بگەڕێنەوە نێو کەس و کاریان.چونکە زیندانیکردن لە سەردەمی بەعسدا، ئاسانترین کردار بوو. وەلێ ئازاد کردن و جێھێشتنی زیندان، کردارێک بوو لە مەحاڵ مە حاڵتر.
ھەروەک کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانە کە دەڵێ: (شەیتانەکانیش ناتوانن ئێرە بدۆزنەوە). بەم شێوەیە ھەر یەکەیان، دەساڵ، پازدە ساڵ، ھەڤدە ساڵ و بیست ساڵ،لە شەماعیە دەبن، تاساتی ڕووخانی ڕژێمی بە عس لە نۆی نیسانی ساڵی دووھەزار وسێ. ھەر خودی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکەش، لەو چرکە ساتەوە دەست پێدەکات وکارەکتەرەکان لە ڕێگەی تەکنیکی فلاشباگ و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، دەست دەکەن بە گێڕانەوەو سەربوردەی ژیانی خۆیان، لە زیندان و شەماعیەی بەعسدا.کە بێگومان چیرۆکی ھەر یەکێکیان ئەوەندە تراژیدی و دڵتەزێنە، کە لە گەڵ گوێبیستبوونی بە سەر ھاتی ھەر یە کێکیاندا،خوێنەر ڕق دادیدەگرێت و نەفرەت لە بەعس و بە عسییەکان و ئەقڵی عەرەبچیەتی دەکات.
بەم شێوەیە ئەوان دەمێننەوە تا کەوتنی پەیکەری دیکتاتۆر لە بەغدا. تەنانەت باوەڕیش ناکەن وئازادبوونەکەیان وەک خەونێک دێتە بەرچاو. کاتێکیش لە شەماعیە دەر دەچن ،بە سەر ژیانێکی دیکەی وێرانکراو دەچن. ئەوان گەرچی ھەریەکەیان، چەندین ساڵ ئازار و ئەشکەنجەودڕندایەتی زیندانەکانی بەعسیان بینیوە.بۆیە چاوەڕوانی ئەوە دەکەن وەک پاڵەوان پێشوازیان لێبکرێت،کەچی لە نامۆبوونێکەوە بەر نامۆبوونێکی دیکە دەکەون. ئەمین بەیتار، دوای ئازادبوونی، کاتێ دەگەڕێتەوە ماڵەکەی، دەبینێت دایک و باوکی لە خەفەتی ئەو مردوون و ڕژێمی بە عس خانووەکەیانی داڕووخاندوەو،براکانیش لە شەڕەکانی بەناو قادسیە تیاچوون.بەم جۆرە لە ژیانێکی وێرانەوە کە لە نێو زیندان بینیویەتی، ڕووبەڕووی ژیانێکی دیکەی وێران دەبێتەوە، کە ئەویش ژیانی ئازاد و سەربەستی دەرەوەی زیندانە.بۆیەشە عبدولعەزیزی ھاوڕێی داڵدەی دەدات. ئەمین بەیتار، کە ژیان وڕوحی لە نێو زیندان بە دەست دڕندەکانی بەعسەوە وێرانکراوە، باکی بەوە نییە کە ژیانی دوای زیندانی چۆن دەبێت.ئەو کە بەعس جوانترین ساڵانی تەمەنی ژیانی لێ زەوتکرد، دوای ئازادبوونیشی، ئیدی نائومێدانە وەک نەبوێک ژیان دەگوزەرێنێت.نەک ھەر ئەو، تەنانەت ھەموو کارەکتەرەکانی دیکەش دوای ئازادبوونیان ڕووبەرووی چارەنووسێکی نادیار دەبنەوەو ھەندێکیان پەڕاگەندەی وڵاتان دەبن و ھەندێکی تریشیان، ھەر لە بە غدا دەمێننەوە.ژیانێک دەژین بە نێو زیندوو، دەنا لە ڕاستیدا ئەوان مردوون.ھەروەک خۆشیان دەڵێن(ئێمە مردووی زیندووین).
|