١٢\١٠\٢٠١٢
رۆشنبیرانی پارتی
لە کوێن؟!

شوان سدیق
ھەوڵی بەرتەسکردنەوەی ئازادی لەلایەن
کەسانێک یەکێک لە خەون و خولیای ئەوانەیە ھەمیشە بەبێ سنوور بیر لە
فرسەتەکانی خۆیان دەکەنەوە، بۆ دانان و دیارکردنی سنوورێک لە بەرامبەر
ئەوەی کە پێچەوانەی عەقیدە و بیروباوەڕە چەقبەستوو نەگۆڕەکانیان بێ
ئەوان رووبەڕووی ببنەوە، واتە ئەوەی دەکرێت ئەمڕۆ یاخوود زەمینە سازی
بۆ دەکرێت، لە جەوھەر و ناوەرۆکدا، دژ بە ئازادی رادەربڕینە دژ بە
وەستانەوەی ئەو دروشم و بانگەشانەشە کە ساڵەھایە پارتە
ناسیۆنالیزەمەکان، خەڵکیان پێ جۆش و خرۆشداوە!
لە ناو حیزبێکی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەگەر سەرنج بدەین لە
ئێستاو رابردووشدا، دەنگێکی رۆشن و قەڵەمی کەسانێکی ئازادیخواز
دەردەکەوتن، بەردەوام لە کۆڕو سیمینار و رووداوەکان، قسەی خۆیان ھەبووە،
لە بەرامبەریشدا کەسانێکی موحافیزکاریش ھەبوون، بەردەوام لە ململانێدا
بوون، بەڵام ئەو کەسانە نەیاندەتوانی ببنە ھۆی پاشەکشەی رۆشنبیرانی ئەو
حیزبە!
ئەگەرچی ئەوان زۆریان بە شیوعی و چەپەکان ناسراو بوون، وەلێ ھەرچیان
بنووسیبایە یان قسەگەلێکیان بکردبایە دەچووە، خانەی قسەکردنی پارتی
کاریگەریشیان ھەبوو لە بڕیارەکانی حیزبدا، بەڵام ئەمڕۆ ئەو دەنگە
ناوازەیە ھەست پێناکرێت، ئەوان پاشەکشەیەکی بەرچاویان لەناو پارتیدا
کردوە، ھەڵوێست و نووسینەکانیان نابینرێت. ھیچ رۆڵ و کاریگەریەکیان
نییە. لە ئێستادا ئەوەی وەک قەڵەمی پارتی دەردەکەوێت، یان مەلای ئاینیە
یاخوود بەشێکی زۆریان قەڵەمێکن سەد پلە پێچەوانەی رەوشی رۆژنامەگەری و
رۆشنبیری و ئازادی رادەربڕین بیر دەکەنەوە!
واتە ئەوەی ھەیە لەناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا، لە جیاتی قەڵەمی
ئازاد قسەیەک کە بچێتە خانەی بەرگریکردن لە نووسین و ئازادی بیروڕا لە
کۆمەڵگا، ئێستا کۆمەڵگایەکی موحافیزکار و پارێزگار لە قەید و ستراکتۆرە
کۆمەڵایەتی و بنەماڵەییەکان، کاریگەری زیاتریان پەیداکردوە، لەناو ئەو
حیزبەدا.
لە ساتەوەختی ئەمڕۆ، لە ھەموو لایەک کە ھەوڵێکی زۆر ھەیە بۆ
بەرتەسکردنەوەی ئازادی و دیاریکردنی سەرەتایەک کە خەونی ھەموو مرۆڤێکی
ئازادی خواز لە بار دەبات، کەچی لەم نێوەندەش کەسانێک لەناو پارتی
دیموکراتی کوردستان، ھاوڕان لەگەڵ کەسانێکی تر لە جیاتی دەربڕین و
بۆچوونەکانی خۆیان وەک ھەر تاکێکی تر کەچی ئەوان فشار دێنن و پرۆژەش
دەبەنە ناو پەرلەمان بەناوی "بەرگریکردن لە پیرۆزییەکان" دەیانەوێ لەم
رێگایەوە، وەک سیستم و پۆلێنکاری ریزبەندی کۆتەکانی بەردەم نووسین و
ئازادی رادەربڕین زیاتر بکەن!
ئەم ھەوڵانە دەمانگەڕێنێتەوە، بۆ ئەو سەرەتایانەی کە دەمێکە ترس بۆ سەر
ئازادی ئینسان، ھەڵبژاردنی رەنگ و دەنگ وعادەت و تەقالیدەکان
دیاریکراوە. لە کوردستانیش رۆژ بەرۆژ ئەم ئازادییانەش بەرتەسک دەبنەوە،
مەبەست لێی تەنھاش گرێ نەدراوە، بە دەسەڵاتەوە. بەپێچەوانەوە، بە
حوکمی ئەوەی خاوەن دەستوورو یاسایەکی مەدەنی نین، کە ھەموو مافە فەردی
و ئینسانییەکان، لە چوارچێوەیەکی دیاردا بپارێزێ و رێگا لەو شاڵاوە
ھێرش و ھەڵمەتە ناڕەوایانە بگرێت، کەسانێک بەناوی پیرۆزی یان حیزبی
سیاسی گروپی خاوەن ئایدۆلۆژیا خەریکە ھەژموونی خۆیان بەسەر ھەموو
رەھەندەکانی ژیاندا زاڵ بکەن!
ماڵپهڕی شوان سدیق
|