په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\٣\٢٠١١

رۆشنبیران یان گەمژەبیران! بەختیار عەلی وەک نموونه‌.


کازم قادر     


سەرەتا بە پێویستی دەزانم روونکردنەوەیێک لەسەر زاراوەی گەمژە بدەم، دەڵێم زاراوە نەک وشە، چونکە گوزارشی"گەمژە"هەروەها واتا و خەسڵەتگەلێک کە لەو دەربڕینەدا هەیە، یان دەتوانێت خەسڵەتگەلێک لەخۆ بگرێت، زۆر لەوە فرەوانترە وشەیێکی رووت و سادە لەخۆی بیگرێت و لەخۆیدا جێگەی بکاتەوە. بۆیە بە رای من دەکرێت و شیاوە گەمژە وەک زاراوەیێک و وەک چەمکێکیش بەکاری بێنین، واتە وەک زاراوە و چەمکێکی مەعریفی کە بتوانین لە رێگەیەوە خەسڵەت و شوناسی ئەو کەس و لایەن و ده‌سته‌بژێر و... تاد پێبناسین کە بە شێوەیێک و لە روانگەیێکەوە دەچنە چوارچێوەی گەمژەبوونەوە. ئەوەش کە زۆر گرنگە ئەوەیە داماڵینی زاراوەی گەمژەیە لەو واتا بازاڕیی و کولتوورییە کە دەخوازێت لە رێگەیەوە سووکایەتی بە کەسی ئاماژە بۆ کراو بکات. لەم نووسینەدا و لە روانگەی منەوە زاراوەی گەمژە داماڵراوە لە هەر سووکایەتیی و بێبەهاکردنێک بە مرۆڤ. وەک وتم هێندەی هەوڵ و خوێندنەوەیەکیترە بۆ ناساندنی خەسڵەتەکانی گەمژە، هیچ پەیوەندیی و نزیکایەتیێکی بە سووککردن، گاڵتەپێکردن و شکاندنەوە نییە.


بەڵام گەمژە کێیە؟ ئێمە کاتێک دەڵێین گەمژە، روومان لە مرۆڤە، ئایە مرۆڤ گەمژەیە؟ بە بۆچوونم مرۆڤ وەک خۆی گەمژە نییە، مادام مرۆڤ دەتوانێت فێربێت، دەتوانێت گەشە بکات و لە پلەیێکی نزمەوە بەرەو بانتر و بانتر بڕوات،لە کولتوورێکی دواکەوتووەوە بەرەو کولتوورێکی پێشکەوتوو و مرۆییتر بڕوات، نەک هەر ئەوانەش بەڵکو ئەمڕۆ توانایی خولقێنەرانەی مرۆڤ و مرۆڤایەتییەکەی لە ئاستێکی هێندە بەرز و سەرسوڕهێنەر دایە هەموو تەقەلایێک بۆ گەمژاندنی رەهای مرۆڤ بە درۆ دەخاتەوە. بەڵام گەمژەیی دەکرێت لە شتێک یان چەند شتێکدا، لە چەند لایەن و کارەکتەری مرۆڤدا هەبێت، واتە دەتوانرێت گەمژەیی بەرهەم بهێنرێت و لە چەند بەش و خانەی مرۆڤدا بچێنرێت. واتە گەمژەیی بەرئەنجامە، بەرئەنجامی سیاسەت، سیستەم، کولتوور و ژینگە و پەروەردەی ناتەندروستە. بەم واتایە، لەم نووسینەدا و لەو روانگەیەوە کاتێک باس لە گەمژەیی دەکەین، باس لە گەمژەیی هزرگەران(ڕوناکبیران) دەکەین، مەبەست لە کردنی رەهای بە گەمژەکردنیان نییە، بەڵکو مەبەست لە چەند خانەی گەمژەیی، چەند بەشی جەستە و چەند سووچی رۆحی ژەهراویبوونیانە.


ئێستا با ئەو پرسیارەش بکەین: گەمژە چۆنە؟ لایەنی چۆنایەتیی گەمژە؟ گەمژە یان خانەکانی گەمژەبوون دەکرێت کەسێک - لە کەسێکدا بێت هیچ خوێندەواریێکی نەبێت، دەشکرێت مرۆڤێک بێت خوێندەوار و خاوەن بڕوانامە، خوێندەوار بەو واتایە نا کە دەتوانێت بنووسێت و بخوێنێتەوە، بەڵکو بەو واتایە لە سەر شتەکان قسە دەکات، واتای شتەکان دەدۆزێتەوەو واتای نوێیان پێدەبەخشێت، ئەوە کە سەرقاڵی کارکردنە لەنێو کایەکانی هزر و زانیندا و...تاد.


گەمژەبوون دەکرێت خەسڵەتگەلێکی هەبێت، لەوانە کەسی گەمژە یان - ئەو خانەیەی گەمژەبوون - باوەڕی وایە هەموو شتێک دەزانێت، بەڵام لە راستیدا زۆر کەم دەزانێت، بۆچوونی وایە خەڵکیی گەمژە و نەزانن، کەچی خۆی چەندین پەیژە لە خواری ئەوانەوەیە، باوەڕی بە دونیایەک لە ئەفسانە و پڕوپووچیی هەیە، بەڵام گاڵتە بە زانینە(مەعریفە) زانستییەکان دەکات، بۆ نموونه‌ باوەڕی بە دێو و خێو هەیە، لە بەرامبەردا کە تۆ باوەڕت پێی نییە قاقا پێدەکەنێت، راستیی لێدەبێتە تاوان و تاوانیش وەک مافێکی رەهاو سروشتیی تاوانکار چاولێدەکات.


بەڵام گەورەترین و دزێوترین گەمژەیی لە مرۆڤدا و لە مێژووی مرۆڤایەتییدا، گاڵتەکردن و سوکایەتییکردن و هەوڵی ناشیرینکردنی دونیا و چەمکی یەکسانیخوازیی و کۆمۆنیزم بووە، کە ئەمڕۆ جەماعەتێک لە روناکبیرە بێبیرو گەمژەکانی کورد لە دژی بیروباوەڕی کۆمۆنیزم دەستیان داوەتە چەکی ژەهر، کە دواتر قسەی لەسەر دەکەم. گەمژەیی مرۆڤ لەوەدایە باسی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی بکات بەڵام جووتە لە سیستەم و دونیای کۆمۆنیستیی هەڵبدات. داوای یەکسانی و ماف و ژیانی یەکسان بکەیت بەڵام لە ڕیژێمی سەرمایەدارییدا،سیستەمی پەرلەمانیی و دیموکراسیی وەک بەرئەنجامی بەشداریی ڕاستەوخۆی خەڵکی ببینیت، گوایە ئەوە خەڵکە ئازادانە نوێنەری خۆیان هەڵدەبژێرن و ئەوانیش حکومەت دروست دەکەن.ئەمە هیچ نییە بێجگە لە درۆیەکی گەورەو لە ڕیاکارییەکی بێپەردە.ئەم تێزو فۆرمە کە بە زۆروزۆرداریی لەلایەن سەرمایەداران و کۆمپانیا خوێن خۆرەکانیانەوە بەسەر خەڵکییدا سەپێنراون و بوونەتە بەشێک لە عەقڵ و هۆشیاریی کۆمەڵگە،بەڵام ئەوانەی کە بەو درۆ و ڕیاکارییە شاگەشکە دەبن و ئەو ژەهرە لە وێنەی هەنگویندا دەردخواردی خەڵکیی دەدەن، دیسان ئەوانە هیچ نین بێجگەی گەمژە گەورەکان.گەمژە ئەوانەن کە ڕۆخساری خەفەتباری برسییەکان نابینن و گەر دەشیبینن وەک دیاریی نیزامی سەرمایەداریی و عەدالەتە کۆمەڵایەتییەکەی ئەو ریژێمە هارو کوێرە نایبینن،گەمژە ئەوانەن کە جەنگەکان وەک بەرئەنجامی چاوچنۆکیی و خەسڵەتی دڕندەیی و وێرانکاریی ئەو سیستەمە نابینن،ئەوانەن کە ئەم ژیانە دۆزەخییە نابیین کە مرۆڤ تا دەمرێت لە دڵەڕاوکێ و نائارامییدا دەژێت... گەمژە زۆر شتیترە...!


لێرەوە دەچمە سەر قسەوباسێکی بەختیار عەلی نووسەری ڕاستڕەوی گەورەی کورد! کە لە کەناڵی knn پەخش کراو دواتر وەک نووسینێک لە ماڵپەڕی ئاوێنەدا بڵاوی کردۆتەوە. هەمیشە ئێژم ئەوەی جێی داخە مرۆڤ ناچار بکرێت لەسەر شتێک بەدەنگ بێت کە ئەو شتە لە خۆیدا پوچ بێت،بەڵام حەقیقەتی ئەو ناچارییە ئەوەیە کە ژیان بە هەموو چالاکییەکانێوە لە سیستەمی سەرمایەدارییدا ناچارییە،سیستەمی سەرمایەداریی لە زەلکاو و لە بازاڕێکی بۆگەنبوو واوەتر نییە،بەڵام ئەوەتا(هەموومان)بە ناچاریی تێیدا مەلە دەکەین و تێیدا پیس خۆرین!ئەگەر مایک بۆ بەختیار عەلی واڵا نەبوایە،ئەگەر مایک بۆ بەخشینەوەی گەمژەیی واڵا نەبوایە کەنگێ حەوسەڵەمان دەبوو بە دوای خەسڵەتی گەمژەیی و بە دوای ناساندنی گەمژەکانەوە بین...!


بەختیار عەلی:( یەکێکی تر له‌و خاڵانەی کە وادەکات ئەم بزووتنەوەیە وەک دیاردەیەکی نوێ تەماشابکەین. دەرچوونە له‌ کۆی دوولانە ئایدۆلۆژییە کۆنەکان. ئەمە نە بزووتنەوەیەکی چینایەتی، نەبزووتنەوەیەکی دینی، نە بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستییە. واتە بۆیەکەمجار بزووتنەوەیەکمان هەیە بەتەواوی ناچێتەوە ژێر چەتری ئەو دابەشبوونە تەقلیدیانەوە. ئەمە دیوێکی پۆزەتیڤە، کە ئەگەر بێت‌و کاری وردی له‌سەر نەکرێت، دەشێت نەگەتیڤ‌و زیانبەخش بکەوێتەوە. رووە پۆزەتیڤەکەی ئەوەیە کە پێماندەڵێت توانای ئەو ئایدۆلۆژیانە له‌سەر مۆبیلیزەکردنی شۆڕشگێڕانە گەیشتۆتە ئاستێکی زۆر نزم، خودی لاوازبوونی ئەم هێزی مۆبیلیزەکردنە نیشانەی ئاوابوونی سەردەمێکی گەورەیە له‌مێژووی ئێمەدا... هەڵبەت ئەم دیاردەیە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ هەقیقەتی کۆتاییهاتنی ئایدۆلۆژیا گەورەکان کە له‌گەڵ هەرەسی بلۆکی کۆمۆنیستیدا دەگاتە ئەوپەڕی...).


لەسەر چەند رستەیێک لەو پەرەگرافە قسان دەکەین. بەڵام لێتان ناشرمەوە بەختیار عاجباتییەکیتری دونیای پێناساندین. بەختیار دەڵێت ئەو بزووتنەوەیە بێبەرییە لە ئایدۆلۆژیا،چینایەتیش نییە،دینیی و ناسێونالیستییش نییە،خودایە دەبێت چ بێت! بە ڕاستیی بیرم بۆ هیچ وشە زاراوەو چەمکێک ناچێت گوزارش لەو خەیاڵەی بەختیار بکەم بێجگە لە زاراوەی گەمژەیی. بەختیار ئەگەر وەک ڕۆمان نووسێک لە دونیای واقیعی و کۆمەڵایەتیی و لە ئێش و ئازارو نابەرابەریی چینایەتیی دابڕاوەو تەنها خەریکی نووسینی ڕۆمانە وەهمیی و قەبارە زل و ناوەڕۆک پوچەکانێتی بۆ بازاڕ،کاتێک وەک نوسەرێکی ڕاستڕەو و چەواشەکار پەلاماری کۆمۆنیزم دەدات و تەنانەت هیچ باکێکی لەوەش نییە کە پارتی بەعس کە ناوی ئیشتراکی لە خۆی نابوو بە پارتێکی کۆمۆنیستیی و ڕیژێمەکەشی بە کۆمۆنیزم بناسێنێت،دەبێت چاوەڕوانی ئەوەش بێت کەسانێک دێن و پەردە لەسەر ئەو چەواشەکاریی و گەمژەکارییە هەڵدەنەوە!ئەو تەشی ڕێسانەی ئەو جەماعەتە_ئەم شۆڕشانە بێ ئایدۆلۆژیان - لە شۆڕشەکانی تونس و میسرەوە دەست پێدەکات گوایە هیچ ئایدۆلۆژیایەک لە پشتیانەوە نییە.ئەمە هەم درۆیەکی گەورەیە هەم چەواکاریی و گەمژەیی. درۆیە چوونکە هەم شۆڕشەکانی تونس و میسر و هەم ڕاپەڕین و شۆڕشی خەڵکی کوردستان کە دەستی پێکردووە،ئاراستەو ئایدۆلۆژیی جۆراوجۆر لە پشتێوەیەتی و ئاراستەی دەکات و هەمیش شۆڕشی چینایەتیین.هەڵبەتە چینایەتیی بەو واتایە نا کەچینێک شۆڕش بەسەر چینێکیتردا دەکات ،یان بە چەمکە کۆمۆنیستییەکە چینی کرێکار بە ئاسۆو ئامانجی کرێکاریی و کۆمۆنیستییەوە شۆڕش بە سەر سەرمایەدارانەوە دەکات،بەڵکو بەو واتایە بزوێنەری هەموو شۆڕشەکان کۆیلەکان چوتیاران و چینی کرێکارو بەشمەینەتان بوونەو دەبن.ئەوە کە شۆڕشەکان ڕوو لە هەڵپێچانی یەکجاریی سیستەمی چینایەتیی ناکەن، خواستەکانی ئاڵ وگۆڕ هێشتا لە چوارچێوەی ڕیژێمی چیانایەتییدا شکڵ دەگرن و لە دواجاردا بە کۆمەڵێک ڕیفۆرمی سیاسیی و ئابوریی و گۆڕینی حکومەتێک بە یەکێکیتر کۆتایی دێت،هیچ لە حەقیقەتی چینایەتیی بوونی شۆڕشەکان ناگۆڕیت.ئەوە سەرمایەداروان و خاوەن بانق و کۆمپانیاکان نین کە لە تونس و میسردا سنگی خۆیان بە لوولەی تۆپی تانکەکانی موبارەک و پارێزەرانی سەرمایەوە دەنا.ئەوە خودی بەختیارو هاوڕێ هەلپەرستەکانی نین یەکەم چەخماخەی ڕاپەڕین و شۆڕشیان لە شەقامەکانی سلێمانیدا لێداو خوێنی سوری خۆیان بە ئازادیی بەخشی،هیچ سەرمایەدارێکی سلێمانیشمان نەبینی بە خۆی و جانتا دۆلارەکانیانەوە تێکەڵاوی ئاپۆرای شۆڕشگێڕان بووبێتن.ئەوە چینی کرێکاران و بەشمەینەتانی کۆمەڵگەن ئاڵاکان هەڵدەکەن و ئێوەی مشەخۆریش دواجارو لە نائامادەیی ئەو چینە بۆ تووڕهەڵدانی یەکجاریی سیستەم و دونیا ناشیرین و سەروخوارەکەتان، جارێکیترو لە ڕێگەی ئەفسانەکانی دیموکرسیی و بیری دزێوی قەومپەرستییەوە،شۆڕش بەلاڕێدا دەبەن و کۆیلەتیی کاری کرێگرتە درێژە پێدەدەن، ئەوەش یەکێکە لە تراژیدیای شۆڕشەکان،بەڵام ئەو تراژیداییە شتێک نییە لە دەرەوەی مێژوو،بەڵکو بەرئەنجامی ئاستێکی دیارییکراوە لە گەشەو هۆشیاریی هێزەکانی شۆڕش و دەبێت سەری بەو بەردەشدا بکێشیت!


خاڵێکیتر کە بەختیارو جەماعەتەکەی هەردەم وەک بنێشتێکی بێتام و هەڵبزڕکاو دەیجوون و دەیجوونەوە، باسکردنیانە لە سەر کۆتایی ئایدۆلۆژییە گەورەکان و بە دێوەزمەکردنی ئایدۆلۆژیی،لەمەشدا بە تەنها نیشانەی گەمژەیی و ناکارامەییان لە فەلسەفەی کۆمۆنیستیی گرتووە،ئەگەرچی درۆزنانەو چەواشەکارانە هەندێجاریش باس لە ناسێونالیزم دەکەن،بەڵام خۆیان بە سەدان سەرە داوەوە بە ئایدۆلۆژیی ناسێونالیزم و قەومپەرستییەوە گرێیان خواردووەو ژەهری قەومپەرستیی بڵاو دەکەنەوە. گوتاری خەباتی مانەوە،ئینتیمای نەتەوەیی،جوڵاندنی هەست و سۆزی کوێری نەتەوەپەرستیی کە بە کۆی ئەدەبیاتی ئەو جەماعەتەوە دیارە،مەگەر لە زەلکاوی بیری ناسێونالیزمەوە سەرچاوە ناگرن! مەگەر تێزی نەتەوە، دەوڵەتی نەتەوە دەرهاویشتەی ئایدۆلۆژیی ناسێونالیزم نین؟


پرسیار ئەوەیە: ئایە بە ڕاستیی ئایدۆلۆژیا بە تایبەت ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیزم کە مەبەستی منە هێندە ترسناکە کە بۆرژوازیی و زوڕناژەنەکانی هەراسان کردووە؟هەڵبەتە بەپێچەوانەی ئەو جەماعەتەو کۆی هەموو ئەوانەی دژی ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیستیین و ئەو بەشەش لە چەپ و کۆمۆنیستەکان کە بیر ناکەنەوەو خۆپارێزیی لەلایەنگیریی بۆ ئایدۆلۆژیان(ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیزم)من یەکێکم لەوانەی کە هەم لایەنگیری ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیستییم و هەمیش باوەڕم وایە کە کۆمۆنیزم ئایدۆلۆژیایە.ڕەنگە ئەمە یەکێک لەو پرسە ئاڵۆزانە بێت و خۆ لە قەرەدانی ڕیسکێکی تێوریی بێت.بەڵام دەبێت ڕیسک بکەین،بۆرژوازیی و زوڕناژەنەکانیان وەک ئەژدیها دەمیان کردۆتەوەو ژەهر لە ددانەکانیان دەچۆڕێت.بەڵام ئایدۆلۆژیا چییە؟دەشێت وا بڵێێن کە بریتییە لە بیروباوەڕ،کۆمەڵێک بیروباوەڕ.هەروەها لە فەلسەفەی مارکسیزم و کۆمۆنیزمدا بیروباوەڕگەلێک هەن زۆر بنەمایین و لادان لێیان هەموو فەلسەفەی کۆمۆنیزم هەڵدەوەشێنێتەوە.بۆ نموونه‌ هەڵوەشاندنەوەی موڵکایەتیی تایبەتیی،خاوەندارێتیی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بۆ کۆمەڵگەو کۆی مرۆڤەکان، هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت و کۆمەڵگەیێکی بێ چین و بێ سەروەریی و تاد...لادانی هەر یەکێک لەوانە واتە گەڕانەوە بۆ ناو زەلکاوەکە،زەلکاوی سەرمایەداریی.بێگومان دەستبەرداری چینی کرێکارو کۆمۆنیستەکان لەو ئامانج و پرنسیپانە کارێکی نەکەردەیە،وەک وتم گەڕانەوەیە بۆ ناو بۆگەناوی بازاڕ. بەڵام لێرەدا کێشە یان دروستتر بڵێم گەمژەیی ئەو تێزە دژە ئایدۆلۆژییە لەوەدایە کە دەڵێت:لەبەر ئەوەی کە ئایدۆلۆژیا_بیروباوەڕ قابیلی دەستکاریی کردن و گۆڕانکاریی نییە،واتە بابەتێکی ڕەهایەو بە سەر هەموو کات و شوێنێک دەسەپێنرێت و لە وەها دۆخێکیشدا بواری ئازادیی و مافی هەڵبژاردنی ئازادانە نامێنێت یان بەرتەسک دەبێتەوە.دەکرێت ئەو تێزە بۆ ئایین و ئایدۆلۆژیی ناسێونالیزم ڕاست بێت،چوونکە باوەڕداریی لە ئاییندا باوەڕبوونە بە تێکستە ئایینییەکان کە قسەی ڕەهای خودایە،خوداش هەڵبەت بە باوەڕی ئایینزاکان بێکەم و کوڕیی و هەڵەیەو پیویستە بەبێ بیرکردنەوەو دەستکاریی کردن پەیڕەویی لە یاساکانی بکرێن.ئەو تێزە لە بارەی ئایدۆلۆژیی ناسێونالیزمیشەوە دروستە،چوونکە ناسێونالیزم گوزارشێکی مرۆیی نییە لە مرۆڤایێتیی مرۆڤ،بەڵکو گوزاش و سیستەمێکی بیرکردنەوەو دونیابینیی ساختەو گەمژەکارە کە پەیوەندیی بە قۆناغێکی دیاریکراوی مێژوو و دواکەوتوویی مرۆڤەوە هەیە.بیروباوەڕێک کە لە سەر بنەمای هەڵاواردن و ڕەگەزپەرستیی و ڕقوکینە ڕەگەزییەکان،لەسەر بنەمای ڕەنگ و کولتورە جیاوازییەکان و نەخشەو سنورە دەستکردەکان دروست بووبێت،هیچ گومانی تێدا نییە ئایدۆلۆژییەکی تۆقێنەر دژە ئازادیی و مرۆیی دەبێت.مێژووی فاشیزم و ڕەگەزپەرستیی مێژووی کۆمۆنیزم نییە،بەڵکو مێژووی ئایدۆلۆژیی ناسێونالیزمە.هیتلەر بەرهەمی ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیزم نییە،هیتلەر ئەو دڕندەیە چەند دوور بوو لە کۆمۆنیزمەوەو چەندە ڕقی لە کۆمۆنیزم و مارکسیزم بوو، هێندەش ترسناک ناسێونالیست و ڕەگەزپەرست بوو. مرۆڤ چەند ناتەبا و دوور بێت لە کۆمۆنیزم هێندەش ناتەبا و دوور و نامۆیە بە ژیان و بە مرۆڤ!


بەڵام تێزی دژە ئایدۆلۆژیی لە بارەی کۆمۆنیزمەوە،وەک پێشتر وتم گەورەترین گەمژەییە.چوونکە بەشێکی ئارگۆمێنتی ئەو تێزەیە سەرچاوەگرتووە لە مێژوو و کارنامەی ئەو ڕەوت و پارت و بزوتنەوانە کە بەناوی کۆمۆنیزمەوە تێکۆشاون و خۆیان بە ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیزمەوە هەڵواسیوەو لەو ڕێگەیەشەوە بە دەسەڵات گەیشتوون.واتە ئەگەر لە ناو مێژووی کۆمۆنیزمدا(ئەو مێژووە چ بە درۆ یان بەڕاست مێژووی کۆمۆنیزم بێت)بە دوای ڕاستیی و دروستیی ئەو تێزەیەدا بگەڕێین،بێگومان ڕاستیی تێدایە، راستیی زۆر گەورە.بەڵام ئایە ئەو ڕاستییە لە پەیوەند بە خودی کۆمۆنیزمەوەیە یان ئەو بزوتنەوانەی هەرچییەک بووبێتن کۆمۆنیزم نەبوونە؟بۆ نموونه‌ ستالین هیچ پەیوەندییەکی بە کۆمۆنیزمەوە نییە،چوونکە کارەکتەری ستالین و هاوچەشنەکانی نوێنەرایەتیی کۆمۆنیزمیان نەکردووە. ئەوە کە ستالین بە ناو پارتێکی کۆمۆنیستییدا پێگەیشتووە هیچ حەقانێتێک بە نوێنەرایەتیی ئەو بۆ کۆمۆنیزم نابەخشێت. کۆمۆنیزم وەک سیستەم، وەک قۆناغێک لە گەشەی باڵای فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتیی خۆی لە کۆمەڵگەیێکی بەرابەرو بێچەوساندنەوەدا نماییش دەکات،لەوێدا باسێک لە چەوساندنەوە نییە، دەوڵەت و سەروەریی چینایەتیی نییە.فەزای کۆمەڵگەی کۆمۆنیستیی فەزای گەڕانەوەی مرۆڤە بۆ ناو ماڵی ڕاستینەی ژیان.زەبروزەنگ، سەرکوتکردنی ئازادیی،چەوساندنەوەی مرۆڤ بۆ مرۆڤ و هەموو ئەو مێژووە ڕەش و دڕندەیی و ستەمکارییە کە بەناوی کۆمۆنیزمەوە بەڕێوە چوونە، خەسڵەت و تایبەتمەندیی کۆمۆنیزم نین،ئەو مێژوو و کارنامەیە هەرچۆنێک و لە ژێر ناوێکدا بووبێتن کۆمۆنیزم،خودی کۆمۆنیزم لێی بێبەرییە.


کۆمۆنیزم سەرزەمین و دونیای مرۆڤە مەزەکانە،خەونی ئەوانەیە لە بەهای ژیان و لە بەهای باڵای مرۆڤ و مرۆڤایەتییەکەی تێدەگەن و تێگەیشتوون. مرۆڤی کۆمۆنیزم ئەو مرۆڤانەن زەلکاوەکانی کۆمەڵگەی چینایەتییان بەجێهێشتووە. ئەوانەش کە دژایەتیی کۆمۆنیزم دەکەن ئەو مرۆڤە گەمژانەن وەک سیسەرکە لە ناو زەلکاوەدا خۆیان دەگەوزێنن و پێیان وایە لە زەریادان.

 ٣١\٣\٢٠١١
ماڵپه‌ڕی کازم قادر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک