په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١\٢٠١٥

رۆشنبیرە حیزبییەکانی کورد،

بە ئاشکرا کار لەسەر دەمەزەردکردنەوەی شەڕی نێوانی ھەرێم و پەکەکە دەکەن.


زاھیر باھیر      

 

لەو ڕۆژەوەی کە ئێزیدییەکان لە شەنگال بڕیانداوە کە خۆیان کارەکانی خۆیان بەڕیوەبەرن ، گەلێک لەڕۆشنبیرە حیزبییەکان بەڕاست و چەپدا لە بڵاوکردنەوەی وتار و پۆستی سەر فەیسبووکن و بە گوێرەی سەلیقە و بۆچونی خۆیان ئەو ڕوداوەی ئێستا و ئایندەشی شیدەکەنەوە و قسەی لەسەردەکەن، گوایە ئەمە لە بەرژەوندی نەتەوەی کورد نییە و ئێستا کاتی یەکگرتنە و پەکەکە فرسەتبازە و دەست لە باشوری کوردستان وەردەدات و گەلێکی دیکە لەمانە. کە زیاتر بۆنی خوێنی لێدێت تاکو بۆنی شیکرندەوەیەکی واقیعیانە ی بە ویژدانەوە.


ئەوەی لەناو ھەموو ئەم نوسەرە حیزبییانەدا ‌ دیارە کە بەو چەشنە قسان دەکات عارف قوربانی-یە کە کەسێکی ڕۆشنبیری دیارە لە نێوەندی ڕۆشنیران و سیاسییەکانی کورددا. قوربانی بە وتارێکی ئەم دوایەی کە لە ھاوڵاتیدا بڵاوکراوەتەوە ، ئەویش دڵی خۆی لەم ڕوداوە کردووە تەرزە و ھەندێک قسەی بێسەروبەرە دەکات، بییەوێت و نەیەوێت وتارەکەی لە خزمەتی ھەڵگیرسانەوەی شەڕی نێوانی ھەرێم و پەکەکەدایە . ئەمە بەدەر لەو ناکۆکییانەشی کە دەیبینین لەم نوسینەیدا، ئەو دەڵێت " ھێشتا شەنگال لەژێر حوکمی دڕندانەی داعشدایە، ھێشتا شەنگال لەچوارچێوەی مادەی ١٤٠ی دەستوری عێراق بەشێکە لەو ناوچانەی سەر بەبەغدان و نەتوانراوە بەڕێوشوێنی دەستوریی و یاسایی بخرێتە ناو نەخشەی ئیدارەی ھەرێمەوە، کەچی پەکەکە کانتۆنی ئیداری بۆ دروستدەکا" . باشە گەر خەڵکی لە شەنگال دا بیانەوێت خۆیان خۆیان بەڕێوەبەرن، خراپییەکەی لە چیدایە؟ کە ‌لە کاتێکدا ‌ ئێوە (یەکێتی و پارتی )‌ ھەردوولاتان وا بۆ ١٢ ساڵی ڕەبەق دەچێت نەک ھەر نەتانتوانیوە شەنگاڵ و ناوچەکانی دیکە بگێڕنەوە سەر کوردستان ، تەنانەت نەشتانتوانیوە کە وتووێژێکی بەرگرتووشیان لەسەر بکەن.

 

کە کاتێک بە وتووێژ و ساز ش و کارەکانی دیکەتان نەتانتوانی ھیچ بکەن دەبوایە خۆتان ھانی خەڵکانی شەنگالتان بدایە کە خۆیان، خۆیان لە " قوڕگی شێر ڕزگار بکەن" . کە ئەم بێ دەنگییەشتان کرد و ھیچتان نەکرد ، دە لێرەشدا ھەر ھیچ نەبیت ، ھەر بێدەنگ بن. !!! ھیچ نەبێت پێشەکی بچن قسە لەگەڵ خەڵکی ئەو دەڤەرە و پەکەکەدا بکەن و بزانن ئەوان دەیانەوێت لەم بوارەدا چی بکەن و بەرەو چ ئاقارێک پرۆژەکەیان دەبەن. دوای ئەوە بەچ ڕویەکەوە ئێستا ئەم ھەڕەشە و گوڕەشانە دەکەن !! ئێوەیەک کە لە ماوەی فەرمانڕەویی ٢٢ ساڵەتاندا کە گوایە سوپاو ھێزی پێشمەرگە و ئاسایشتان ھەیە ‌و شانازیتان پێوە دەکردن، بەڵام نەتانتوانی بۆ ماوەی ٢٢ چرکە بەرگری لەو خەڵکە داماوە بکەن ، ئێستا بە چ ڕوویەکەوە دەتانەوێت حوکمیان بکەن؟!!!


ھەر بە دوای ئەو بڕگەیەدا کاک عارف دەڵێت " دەمێکە ھەست بەمەترسی پیلان‌و پلانی ھێزگەلێک دەکرێت، کە دەخوازن رێگە لە بەرەوپێشچونی ئەزمونی ئەم بەشەی کوردستان بگرن، بەتایبەتیش لەدوای ئەوەی ھەرێم بۆ یەکەمجارو بەدەنگێکی دلێرەوە وتی دەوڵەتی کوردیم دەوێت." من لە کاک عارف دەپرسم کام ئەزموون؟ ئەزموونی گەندەڵی ، کوشتنی ژنان و ڕۆژنامەوانان و چالاکوانی سیاسی و دروستکردنی بەندی مافیا و دزینی سامانی وڵات و قووتی خەڵکی و سازشکردن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و دەرو دراوسێ و جیھانی و ئاڵانی کوردستان لە شەڕێکی نەبڕاوەیی و بەردەوامیدا بە ھێنانی داعش ، پیسکردنی ژینگە و کارکردن لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵ و بەھاکانی و وێرانکردنی لە ھەموو بوارەکانیدا: ئابوری کوڵتوری سیاسی ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی...ھتد کام ئەزموون ئەو ئەزموونە بێزراوە خراپەی کە ھەمووان بەچاوی خۆمان ڕ ۆژانە دەیبینین؟!!. ئەی دیسانەوە کامەیە پێشکەوتن و بەرەو پێشکەوتن کە کاک عارف باسی لێوە دەکات؟!! خۆشی زۆر باش دەزانێت کە بانگەشەی دەوڵەتی کوردی شتێک نەبوو جگە لە گەمەی سیاسی و خۆڵکردنە چاوی خەڵکییەوە!!! ئەمە لە لای زۆربەمان ئاشکرا و ڕونە.


کاک عارف درێژە بە نوسینەکەی دەدات و دەڵێت " گۆڕینی ئاراستەی شەڕی داعش لەبەغداوە بۆ ھەرێمی کوردستان، پەلکێشکردنی ھێزی پەکەکە بۆ قوڵایی خاکی باشور لەجەلەولاو کەرکوک‌و تا نزیک حەمرین، بێ ئاگاداری پێشوەختەی دامەزراوە شەرعی‌و دەوڵەتیەکانی ھەرێم‌و ئیمراڵی، کردنی ئەم نیشتمانە بەتەراتێنی سوپای دەرەکی. سەرەتای ھەڕەشەو مەترسیەکی ئێجگار گەورەترە لەوەی تائێستا ھەستی پێدەکر." کورد دەمێکە وتویانە " خۆت بدە بە کوشت بۆ بۆرە پیاو ھێشتا بە دووژمنت دەزانێت" بەڕاستی ئاوایە. لە بری پیاھەڵدان و نرخاندنی چالاکییەکانی پەکەکەو ھێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و دەستخۆشی لێکردنیان و ستایشکردنی گیانبەختکراوانیان، بۆ ئەوەی کاک عارف و ھاوڵاتییەکانی دیکەی وەک کاک عارف ئاوا بە سەلامەتی و بێباکی لەناو ماڵ و منداڵانی خۆیاندا دانیشن ، کەچی تانەیان لێدەدا، وەکو سوپایەکی داگیرکەر بەخەڵکیان دەناسێنێت.!! ھاوکات چاوی لە ئاستی ئەو ڕاستییەدا دەنوقێنی و ھەرگیز زوقرەی ئەوە ناکات کە ئەو پرسیارە ڕووبەڕوی بارزانی پارتی بکاتەوە کە بۆچی داعش و شەڕی داعشیان ئاڵانە کوردستانەوە؟!!


لە بڕگەیەکی دیکەی نوسینەکەیدا دەڵێت " ەوەی پەکەکە لە شەنگال کردی، تەنھا ھەڕەشە نیە بۆ دروستکردنی مەیلی خۆبەڕێوەبەرێتی لای ئێزدیەکان کەپێشتریش زۆر لایەن کاریان لەسەر ئەوە دەکرد ھانی ئێزدی بدەن کەنکوڵی لەکوردبونی خۆیان بکەن، بەڵکو سەرەتایەکە بۆ لەبەریەک ھەڵوەشانەوەی یەکێتیی نەتەوەیی لەباشورو لەت‌و پەتکردنی ئیدارەی ھەرێم و تێکدانی ئەزمونی حوکمڕانی کوردی. کە رەنگە لەداھاتوی نزیکدا لێکەوتەی ترو دەرھاویشتەی رونتر وەک ئاماژەی ئەو مەترسیە ھەستپێبکەین." لەم بڕگەیەدا کاک عارف باس لە شتێک دەکات کە بەلانی کەمەوە لە ماوەی ئەم ٦٠ ساڵەی دواییەدا ، ئێمە نەمان بینیوە کە ئەویش : یەکێتی نەتەوەییە!!! کام یەکێتی نەتەوەیی ؟ ئەو یەکێتی نەتەوەییەی کە تا ئێشتاش دوو ئەمارەت لە کوردستاندا ھەیە؟!! ئەو یەکێتییەی کە بە ھەزارەھا کەسیان لە یەکدی کوشت ؟ ئەو یەکێتییە لاوا‌زەی کە گەر ئێستا کاک عارف دوو وتاری شەڕەنگێزانەی ئاواش ‌ لەسەر نێوانی ئەوانیش بنوسێت، زۆر نزیکە کە جەنگێکی دیکە لە نێوانیاندا بەرپابکات!! تەنانەت یەکێتی لەناو حیزبەکانشدا نییە چ لەناو پارتی و چ لەناو یەکێتی و چ لەناو گۆڕانیش-دا . لام سەیرە کە کاک عارف دەنوسێت و باس لە لەت و پەتکردنی ئیدارەی ھەرێم دەکات وەکو ھەرێم خۆی ھەر لە سەرەتادا بە لەت و پەتی نەخولقابێت!!! ھەر لە خوار ئەو بڕگەوە خۆی دەکەوێتە ناکۆکییەوە و پێ لەوە دەنێت کە کوردستان یەکگرتوو نییە و دەڵێت " ھاندانی جیاکردنەوەی شەنگال لەکوردستان زۆر مەترسیدارترە لەو ساتانەی کوردستان بۆ دوو ھەرێم دابەشکرابوو، مەترسیدارترە لەوەی ئێستاش ھەرێم بکاتەوە بەدوو لەت..."..


کاک عارف بۆ ئەوەی بە خوێنەر بڵێت گوایە ئەو ڕۆشنبیرێکی دیمۆکراتیخوازە و ڕێز لە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی دەگرێت، دەنوسێت " چونکە مەسەلەکە تەنھا خۆبەڕێوەبردنی کاروباری ژیانی رۆژانەی ئێزدیەکان نیە، کەئەوە مافێکی سەرەتایی خۆیانە، پلانەکە بۆ دابڕینی خاک‌و کوشتنی رۆح‌و مەیلی پێکەوەژیان‌و گەڕانەوەی ناوچەکەیانە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان. وەک پێشتر چەند جارێک ئەم ئاماژەیە لەزاری بەرپرسەکانیانەوە ھەستی پێدەکرا. " بەڵام ھەر کەس بە وردی ئەم وتارە کورتە، بەڵام پر لە غەزەب و ڕکوکینە بەرامبەر بە پەکەکە ، بخوێنێتەوە دەزانێت کە بەخشینەوەی تۆمەت و شەڕەنگێزێتی وتارەکەی و پەرۆشی لەدەستدانی ئیمتیازاتەکانی دەسەڵاتداران و مشەخۆری و چەپاوڵی ڕۆشنبیرانی حیزبی ، لە پاڵ ئەو سێ و چوار وشەیەیەی کە دەریبڕیون، ‌ ناشارێتەوە و ئەوانەش تەنھا وەکو دێوجامەیەک بەکاری ھێناوە بۆ شاردنەوەی وتنی قسەی ناڕاست و تاوانبارکردنی پەکەکەو خۆڵکردنە چاوی ئێمەشەوە ، ‌ دەنا چۆن مرۆڤ دەتوانێت ئاوا بێباکانە و بێ بەڵگە و لە گیرفانی خۆیەوە بێتە قسە و بوختان ببەخشێتەوە.


ئەو وتارەی کاک عارف نوسێنێکی زۆر ھەڵدەگرێت کە لەسەری بنوسرێت چونکە ھێچ بڕگەیەکی نییە شیاوی لێدوان و ڕەتکردنەوە نەبێت. ئەو کۆتایی وتارەکەی بەوە دەھێنێت گوایە پەکەکە بە بێ ڕاوێژ و پرس ھاتۆتە کەرکوک و ئەمە بە پلان و پیلان دەزانێت و داوا لە ھەموو کەسێک لە کوردستاندا دەکات، کە بەری پێبگرن . بەڵام کاک عارف ھەموو ئەو پلان و پیلانگێڕییەی کە لانی کەم لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابووردوودا ھەرێـم وەکو حکومەت و پارتە سیاسییەکانیش دژی خەڵکی ھەژار و ئاسایی کووردستان لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا بە تایبەتی لە بواری سیاسی و ئابوریدا،دەیگێڕن نایبینێت، ئەوە بالەوەشیان بگەڕێین کە ئەو ھانی خەڵکی نادات و بەرپرسیاریان ناکات تاکو بۆ مافەکانی خۆیان ڕاوەستنە ‌ سەر پێ!!!. فرۆشتنی نەوت لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە بی ئەوەی فلسێکی بگەڕێتەوە باخەڵی خەڵکی کوردستان ، ئەمە پیلانگێڕی نییە؟ کردنی گەمەی سیاسی و دروستکردنی کرژی لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا بە ھەر بیانویەک بێت، ئەمە پیلانگێڕی نییە ؟!! ھێنانی داعش و ئاڵانی کوردستان لە جەنگەوە، پیلانگێڕی نییە؟!! ھەڵکەندنی خەندەق و دانانی گەمارۆی ئابوری و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و داوودەرمان و چارەسەر، دژی کوردانی ڕۆژاوا ، پیلانگێڕی نییە ؟!! بێدەنگی گۆڕان لەسەر ئەوانەی کە باسمکردن، ھیچیان پیلانگێڕی نییە؟!!

 

ڕێکەوتنی پارتی لەگەڵ تورکیا و بۆ لێدان لە پەکەکە و ھەبوونی بنکەی سەربازی تورکیا لە کوردستاندا و ڕێکەوتنی یەکێتی لەگەڵ ئێراندا و دەستتێکەڵاوکردن لەگەڵ سوپای پاسدارانی ڕژێمی ئەوێدا ، پیلانگێڕی نییە؟!! باشە بۆچی کاک عارف لە ئاستی ئەمانەدا بێدەنگە ، بەڵام لە کاتێکدا کە ‌ خەڵکی شەنگال خۆیان بیانەوێت کاروباری خۆیان ، خۆیان بەڕێوەی بەرن و پەکەکەش بەدەمیانەوە بچێت، بۆچی ئەمە دەبێت پیلانگێڕی بێت و بە دژە نەتەوەیی پارچەکردنی خاکی کوردستان، بدرێتە قەڵەم؟!! کەلە کاتێکدا شەنگال ئێستاش ھەر سەر بە عێراقە . ئەی ئەگەر شەنگال پارچەیەکە لە کوردستان و ئێزیدییەکانیش بەشێکن لە گەلی کورد بۆچی سوپاکەی کاک عارف ، بۆ چرکەیەک بەرگرییان لێنەکردن؟!!بۆچی ئەو کارەساتە مێژووییەیان بەسەرھێنان؟!!


ئەوەی کە ماوەتەوە بیڵێم ئەوەیە کە ‌ ئەم وتارەی کاک عارف یەک وشەی ڕاستی تیادا نییە و زۆریش بێویژدانی لە حەقی پەکەکە کردووە.‌

 

٢١\١\٢٠١٥ - لەندەن

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک