په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١٢\٢٠١١

رۆشنبیرى ئاڕاستەکراو و بودەڵە
سیاسى قین لەدڵ و چەنەباز.


عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا


بێگومان قسەکردن لە دوو کایە و دوو وێنەى جیاواز و هەندێجار ناکۆک و دژ بەیەکترى هەر تەنها قسەکردن نییە لە دوو زمانى تەعبیرکردن و دوو ناوکۆیى و دوو دید و شێوە داڕشتن... بەڵکو قسەکردنە لە دوو شێوە بیرکردنەوەى جیاواز و خەونى جیاواز...

فیکر بەشێوەیەکى گشتى بەرهەمى مرۆڤ و مرۆڤایەتییە، بۆیە نامەوێ لەبارەى فیکرى ئەدەبى و فیکرى سیاسى بەو شێوە بەرتەسکە قسە بکەم، وەک چۆن بەدیوەکەى دیکەش نامەوێ لە بارەى وێنەى رۆشنبیر و وێنەى سیاسى دووبارە بچمەوە سەر بیروڕاکانى سارتەر و گرامشى و ئەوانیدیکە. ئەمڕۆ مانا و رۆڵى رۆشنبیر لە کلیککردنێکدا دەکرێتەوە. رۆشنبیرى سەردەمى سارتەر بەسەرچوو، ئیتر رۆشنبیر چیدى ئەو کەسە نییە کە بتوانێ رابەرایەتى کۆمەڵگە بکات، ئیتر رۆشنبیر چیدى ئەو کەسە نییە پەند و ئامۆژگارى دابدات... وەک چۆن سیاسى هەر تەنها ئەو بوونەوەرە ئۆڕگانییە نییە، کە لەپێناسەکانى گرامشییەوە خۆى دەدۆزێتەوە... ئەمڕۆ رۆشنبیر کارى بەرهەمهێنانى کایەى رۆشنبیریى و ئیبداعە، ئەمڕۆ ئینتەرنێت و میدیا و کەناڵەکانى دیکەى زانیارى بە تەواوى شوێنى رۆشنبیرى ئۆڕگانى و رۆشنبیرى پەندیار و رۆشنبیرى رابەرییان گرتۆتەوە. دەشێ لەنێوان دەسەڵاتى رۆشنبیریى و دەسەڵاتى سیاسى دوو پرس و دوو دنیابینى جیاواز بخەینە روو، یەکەمییان لەڕێگەى رەخنە و بەدواداچوون و هەڵوەشانەوەى بەردەوام خۆى نمایان دەکات. دووەمیان لەمیانى پەیڕەو و پرۆگرامێکى دیاریکراودا خۆى دووبارە بەرجەستە دەکاتەوە. بە مانایەکى دیکە پرسى رۆشنبیر لەنێو جێگیرنەبوونى کایە رۆشنبیرییەکاندا خۆى دادەهێنێ و پرسى سیاسى لە جێگیربوونى کایەى سیاسى درێژە بەخۆى دەدات.


کەواتە ئەوەى بەردەوامییەت بە رۆشنبیر دەدا، رەخنە و گومان و جێگیرنەبوونە، ئەوەى بوونى رۆشنبیر وەک بوونێکى سەربەخۆ و ئازاد دەسەلمێنێ بەرهەمهێنانى کایە جیاوازەکانى رۆشنبیرییە! بەڵام بوونى سیاسى دەشێ لە تیژبینى و خەمڵاندن و یارى سیاسیانەدا هەڵبگرینەوە... ئیتر ئەو پێکدادانەى کە دەکەوێتە نێوان ئەو دوو بوونە، راستەوخۆ لەرووى داهێنان و رۆشنبیریى لەلایەک و لەڕووى ئاسایش و کارگێڕى لەرووییەکى دیکەوە پەیوەندى بە بارودۆخى کەڵەکەبووەوە هەیە. هەڵبەتە کۆى سەرکەوتنەکان بە کرانەوە و دیالۆگ و شەفافییەتەوە بەندە، وەک چۆن کۆى دابەزینەکان بە داخران و شێوەکانى گەندەلییەوە دەلکێ. لە کۆمەڵگەى کراوەدا رۆشنبیر وەک چاودێرێک بەر ژینگەى سیاسى دەکەوێ و رەخنەى جۆراو جۆر ئاڕاستەى کایە سیاسییەکان دەکات و لەوێشەوە دیالۆگ دێتە ئاراوە. بەڵام لە کۆمەڵگەى داخراودا هەمیشە سیاسى لەهەوڵى ئاڕاستەکردن و دەستەمۆکردنى رۆشنبیر دایە و لەوێشەوە بە بنبەستبوون دەگات.


یەکێکى دیکە لە جیاوازییە بنەڕەتییەکانى کایەى سیاسى و کایەى رۆشنبیریى ئەوەیە، کە کەسى رۆشنبیر کاتێک لە هەوڵى بەدەستهێنانى دەسەڵاتى سیاسیدا خۆى دەبینێـتەوە، ئەو کاتە لە رۆشنبیر، وەک ئەوەى کە کەسێکى ئازاد و سەربەخۆیە دەکەوێت و دەشێ ناوێکى دیکەى (جگە لە رۆشنبیر- بە ماناى کەسى ئازاد) بخەینە پاڵ، بەو مانایەش پێویستە هەمیشە رۆشنبیر مەجالێک یان ماوەیەک لەنێوان خەونەکانى خۆى و خەونەکانى سیاسییدا بهێلێتەوە، تاکو بتوانێ ئازادییەکانى خۆى پراکتیزە بکات.


بە بڕواى من رۆشنبیرى داهێنەر پێویستە هەمیشە پارێزگارى لەو ماوەیە بکات و هەرگێز نەهێلێ سیاسییەکان لەڕێگەى یارییەکانیانەوە ئەو ئازادییەى بشێوێنن! چونکە رۆشنبیر لەڕێگەى پاریزگارکردن لەو ماوەیە دەتوانێ بە ئازادى رەخنەکانى رابگەیەنێت، هەر لەوێشەوە رووەکانى حەقیقەت روونتر بەرجەستە بکات، چونکە وەک دەزانین هێزى رۆشنبیریى جگە لە ئازادى بە شتێکى دیکەوە پشتبەست نییە. ئیتر لەبەر ئەوەى کایەى رۆشنبیرى هیچ کاتێک لە هەوڵى ئەوەدا نییە شوێنى کایەى سیاسى بگرێتەوە، بۆیە کەسى رۆشنبیر هەرگیز لە کایە (ئازادى/رۆشنبیرى)یەکەى خۆى دانابەزێ و خۆى لە بازنەى سیاسى نقوم ناکات.


بە کورتى ئەوەى دەشێ لەبارەى وێنەى رۆشنبیرەوە زێتر جەختى لێبکەمەوە بەرهەمهێنانى کایەى رۆشنبیریى و ئیبداعییە، ئەوەى لەبارەى وێنەى سیاسییەوە دەشێ جەختى لێبکەمەوە تیژبینى و گۆڕینى واقیع و کردەى دامەزراوییە، هەر لە کردەى دامەزراویشەوە دەشێ قسە لە رۆشنبیرى سیاسى و سیاسى رۆشنبیر بکەین. لەو خاڵەوە دەشێ راستەوخۆ رۆشنبیر دیالۆگ لەگەڵ سیاسى بکات (بە پارێزگاریکردن لە ماوەى ناوبراو) لەڕێگەى دامەزراوەکانەوە راستەوخۆ چاوێک بێ بەسەر ساسییەوە و وەک راڤەکارێک بچێتە نێو دەزگا و یارییەکانییەوە، بەو مانایەش رۆشنبیرى سیاسى ئەو کەسەیە کە خاوەنى گوتارێکى ئاشکرا و روونە، بەدیوەکەى دیکەش سیاسییەک هەڵگرى گوتارێکى روون و شەفاف بێت، بە مانا بەرفرەوانەکەى رۆشنبیر و رۆشنبیریى، رۆشنبیرە (هەڵبەتە بە مانا گرامشییەکەى). وەک چۆن هەموو رۆشنبیرێکیش سیاسییە بەپێى ئەو رۆشنبیرییەى کە سەر بە کایەى سیاسییە، بەڵام دووبارە پێویستە بەخششى رۆشنبیر و بەخششى سیاسى لێکجیا بکەینەوە.


لە پرسى رۆشنبیرییدا بەدواى ئاسۆیەکى بەرفرەوانتر و بێ سنوور لە ئازادییدا دەگەڕێین، یان بە مانایەکى دیکە لە ژیان دەگەڕێین لەوپەڕى کرانەوەو درەوشانەوەدا. بەڵام پرسى سیاسى سنووردارکرن و دەستەمۆکردنى ژیانە بەپێى دیدى ئایدیۆلۆژى و بەرژەوەندى تایبەت. پرسى رۆشنبیریى پرسێکى ئاوێتەیە و لە زەمەندا درێژ دەبێتەوە بە ناوکۆییەوە بەندە و بە خەونەوە خۆى سەرقاڵ دەکات، بەڵام پرسى سیاسى خۆى لە لێکدانەوەى بەشێکى دیار و راگەیەنراودا دەبینێتەوە و بە شێوەیەکى رووەکى و بینراو و راستەوخۆ رووبەڕووى شتەکان دەوەستێ و هەمیشە بەپێى بەرژەوەندییەکانى لە ئێستادا کار دەکات و لە واقعێکى دیاریکراودا خۆى دەنوێنێ. هەڵبەتە ئەگەر لەسەر ئەو بنەمایانە بە شێوەیەکى راستەوخۆ قسە لە سیاسەت و سیاسیى، رۆشنبیر و رۆشنبیریى بکەین، بێگومان دەکەوینە نێوان چەندان وێنەى جیاواز و ناونانى جیاواز لە کەسى رۆشنبیر و کەسى سیاسى: رۆشنبیرى بەکرێگیراو ئاڕاستەکراو و بودەڵە و... پێچەوانەکەى، لەبەرانبەر سیاسى درۆزن و قین لە دڵ و چەنەباز و... پێچەوانەکەى، یان کایەى رۆشنبیریى پڕ لە داهێنان و کایەى رۆشنبیریى کەمخوێن... کایەى سیاسى پڕ لە جولە و شەفاف و هەڵگرى جیاوازى و گفتوگۆى جیاواز، لەبەرانبەر کایەى سیاسى داخراو و ستەمکار و داپڵۆسێنەر و گەندەڵ....
 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک