٧\٦\٢٠١٣
رۆشنبیریی
مـنداڵان.

رەزا ساڵح
وشەی (رۆشنبیری) لە زمانی شیرینی کوردیماندا
، هاومانای وشەی (کولتوور)ه لە زمانەکانی ئەوروپادا .
شارەزایانی بواری زمان دەڵێن : " رۆشنبیری ، بریتییە لە زەینتیژی و ،
زیرەکی و ، بلیمەتی و ، زۆرزانی و ، دانەمان " .
وەکو زاراوەش ، رۆشنبیری بریتییە لە شارەزایی گشتی لە زانست و زانیاری
و ، لە هونەر و ، لە کەلەپوور و ، لە شێوازی باوی ژیان و ، لە چالاکییە
کۆمەڵایەتییەکان و ، لە چاکسازی و لە گۆڕانکارییەکانی سەردەم .
رۆشنبیری ، بەرهەمی ساڵێک و دوو ساڵ نییە ، بەڵکو بەرهەمی کۆشس و
چالاکییە هەمیشەییە لێکدانەبڕاوەکانی مرۆڤە ، کە بە درێژایی قۆناغەکانی
مێژوو .. نەوە لە دوای نەوە بۆ یەکتریان گواستۆتەوە .. هەر نەوەیەکیش
کومەڵێک دەستکاریان کردووە و کۆمەڵێک شتیان لە رۆشنبیریی نەوەی پێش
خۆیان لابردووە و ، کۆمەڵێک بابەتی تازەی پەسەند و پێویستی تریان
خستۆتە سەری و .. بەرگێکی نوێیان لەبەرکردووە .
بنیاتنانی رۆشنبیری لە بنیاتنی قەڵایەکی بەرز دەچێت ، کە هەر بەردێکی
بۆ زیاد بکرێ قەڵاکە بەرزتر دەبێ و ، هەر بەردێکیش لەو بەردانە ،
شوێنێکی گرنگیان لە قەڵاکەدا هەیە .. هەر بەم شێوەیەش قەڵای رۆشنبیری ،
بە چین لەسەر چینی رۆشنبیری ، بەرز بۆتەوە ، تا زانست و زانیاریی
زیاتری بخەینە سەر بەرزتر و بەرزتر دەبێتەوە .. قەڵای رۆشنبیری ،
قەڵایەکی بەردین نییە ، قەڵایەکی بنیاتنراوە لە زانست و زانیاری و ، لە
هونەر و ، لە رۆشنبییریی گشتی ، کە زادەی بیر و ئەندێشەی رۆشنبیرانە .
هەردەمیش رێز لەو راستییە دەگرین ، کە ئەمڕۆمان لەسەر پەرگەمای
دوێنێمان چنراوە .. سبەینێشمان درێژەدەری ئەمڕۆمان دەبێت .. بەڵام نە
ئەمڕۆمان وەکو دوێنێمانە و .. نە سبەینێشمان وەکو ئەمڕۆمان دەبێت ..
چونکە مرۆڤ هەردەم چاوی بڕیوەتە بەرهەم و وەدەستهێنانی زیاتر و باشتر و
تازەتر و مۆدێرتر .. گەر وا نەبوایە ژیان دەچەقی و گۆڕانکاری و داهێنان
نە دەهاتنە کایەوە .. چەقین و وەستانیش مردن و کۆتاییە .
هەر رۆشنبیرییە ، مرۆڤی لە ئاژەڵەکانی تر جیاکردۆتەوە .. ئاژەڵەکان لە
بوونیانەوە لەسەر زەوی و لە ناو ئاودا ، تا ئەمڕۆ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ
لە ژیان و گوزەرانیاندا روویان نەداوە ، کە شایەنی باسکردن بن .. بەڵام
مرۆڤ بە بیرکردنەوە و بە هەوڵ و کۆششی لە شۆڕشێکی پێشکەوتن و داهێنانی
هەمیشەییدایە .. بۆ باشکردنی ژیانی و ، خۆشترکردنی گوزەرانی ، بۆ
گۆڕانکاری و چاکسازی و ئاسانکاری لە شیواز و رێبازی ژیانیدا .. بۆیە
مرۆڤ بە ( گیانەوەرێکی رۆشنبیر ) ناودەبرێت .
هەر کۆمەڵگەیەکیش ، خاوەنی رۆشنبیریی خۆیەتی و ، جیاوازە لەگەڵ
رۆشنبیریی کۆمەڵگەیەکی تر . ئەم جیاوازییەش بۆ جیاوازی لە نێوان توخم و
رەچەڵەکی نێوان مرۆڤەکانی کۆمەڵگەکە ناگەڕێتەوە ، بەڵکو بۆ زیادی و
کەمی لە چەند و لە چۆنییەتی رۆشنبیری دەگەڕێتەوە .. بۆ شێواز و
گواستنەوەی رۆشنبیری لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بۆ نەوەی دوای خۆی دەگەڕێتەوە
.. بەڵام سەرەڕای ئەم جیاوازییانەش ، لە ئەمڕۆدا بە هۆی جیهانگیری و ،
پەیوەندی و لە یەک نزیک بوونە .. کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش و لە یەکچوونی
رۆشنبیری لە نێو گەلاندا هەن .. جیاوازییەکانیش تا دێت کەمتر دەبنەوە .
رۆشنبیری بە گشتی ، بریتییە لە فێربوون و ، لە وەدەستهێنانی زانست و
زانیاریی هەمەچەشنە و ، شارەزایی مرۆڤ لە بارەی شێوەی ژیان و ، لە بیر
و باوەڕ و ، لە هەست و نەست و ، لە ئاراستە و ئایدۆلۆژیی مرۆڤ ، لە
وەرگرتن و لە بەخشین .
کە دەڵێین : فڵانە کەس رۆشنبیرێکی شارەزا و بە توانا و باڵادەستە .
واتا شارەزای بواری زانست و زانیاری و ئەدەب و هونەر و لایەنەکانی تری
ژیانە .. ئاگای لە گۆڕان و تازەگەری و پێشکەوتن و داهێنان هەیە ..
دەتوانێت بە جوانی و دروستی گوزارشت لە را و بۆچوونەکانی خۆی بکات و ،
تاوتۆیی بارودۆخەکان بکات و ، تا رادەیەکیش توانای بۆچوون و پێشبینی
کردنی لە گۆڕان و رووداوەکانی داهاتوودا هەبێت .. ئەمانە و کۆمەڵێک
پێوەری رۆشنبیریی تر هەن، بۆ دانان بە ڕۆشنبیریی هەر کەسێکدا .
بابەتی رۆشنبیری گشتی ، بابەتێکی فراوان و بەربڵاوە .. باسکردن و
شیکردنەوەی ، بە قووڵی و تەسەلی ، کاری شارەزا و تۆژێنەر و پسپۆرانی
ئەم بوارەیە .
من لە رێی ئەم کورتە پێشەکییەی سەرەوە .. ویستم بێمە سەر باسی
رۆشنبیریی منداڵان .. کە بە کورتی و چڕی سەرنجی خۆم لەم بارەیەوە
دەخەمەڕوو .
لەم روانگەیەوە کە ، ( منـداڵان بەشێکن لە ئەمـڕۆ و .. هەمـوو
ئایـندەشن .. ).
قۆناغی منداڵی ، گرنگترین و ، ناسکترین و ، هەستیارترین قۆناغە ، لە
دروستکردنی کەسایەتی منداڵدا .. زۆربەی تۆژێنەران و دەروونناسانی
منداڵان ، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە ، کە پێنج ساڵی یەکەمی تەمەنی
ژیانی منداڵ ، بە پیترین و گرنگترین قۆناغی منداڵییە .. هەر لەم
قۆناغەدا سیماکانی کەسایەتی منداڵ دەردەکەون و ، پێشبینی چۆن
کەسایەتییەکی داهاتووی لێدەکرێت .
شایانی باسیشە ، لە ئەمڕۆدا پەروەردە بریتی نییە ، لە تەنها فێرکردنی
زانست و زانیاری .. بەڵکو ئەم سنوورەی تێپەڕاندووە و ، هەموو ئەو
لایەنانە دەگرێتەوە ، کە پەیوەندیان بە ژیانی منداڵەوە هەیە .. بۆ
ئەوەی ئەو ئامانجە بەرز بێتەدی کە پەروەردە خوازیارێتی .. لەم رووەوە ،
جۆن دێوی دەڵێ : " منداڵ ئەو خۆرەیە ، کە هەموو دامودەزگا
پەروەردەییەکان ، بە دەوریدا دەسووڕێنەوە .. " ، هەروەها سیمۆنز دەڵێ :
" پەروەردەکردنی منداڵ ، بیست ساڵ بەر لە دایکبوونی دەست پێدەکات .. "
مەبەستی سیمۆنز ، لە پەروەردەکردنی دایک و باوکی منداڵە ، کاتێ کە
ئەوان منداڵ بوون و پەروەردە کران ، ئێستاش نۆرەی ئەوانە کە
منداڵەکانیان پەروەردە بکەن .
بەداخەوە ، بە رادەی ئەو گرنگییەی قۆناغی منداڵی ، وەکو پێویست ئاوڕێکی
تەواو لە منداڵان نەدراوەتەوە .. تا ئەمڕۆش لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا
، بەشێکی زۆری منداڵان لە مافەکانیان بێبەشن و پێداویستییەکانی
گەشەکردن و پێشکەوتن و ژیانێکی ئاساییان بۆ دابین نەکردوون .. بە
هەژاری و کوێرەوەری و هەناسەساردی دەژین .
رۆشنبیریی منداڵان ، بەشێکی گرنگە لە رۆشنبیری گشتی .. بەڵام رۆشنبیریی
منداڵان تایبەتمەندی خۆی هەیە ، چونکە منداڵان لە رووی جەستەیی و بیر و
هۆشەوە ، توانا و ئاستێکی دیاریکراویان هەیە .. منداڵان خاوەنی
فەرهەنگی زمانی ساکاری خۆیانن .. شێوازێکی تایبەتیی خۆیان هەیە لە
گوزارشتکردن و دەربڕینی هەست و سۆزیان .. رێگای خۆیان هەیە بۆ
وەدەستهێنانی پێداویستیەکانیان .. بە کورتی ئەوان خاوەنی جیهانی
تایبەتیی خۆیانن ، کە لەگەڵ جیهانی گەورەکاندا جیاوازی هەیە.
رۆشنبیریی منداڵان ، بریتییە لە تێکەڵەیەک لەو شتانەی کە لە دایک و
باوک و لە خێزانەکانیانەوە ، یا لە باخچەی ساوایان و
قوتابخانەکانیانەوە وەری دەگرن ، لەو داب و نەریتەی پێیان دەگا و چاوی
لێدەکەن ، لەو زانست و زانیارییانەی وەری دەگرن ، لە کارتێکردنی هونەر
، لەو شتانەی کە باوەڕیان پێی هەیە ، لە سەرنج و تێڕوانین و ، لە
تاقیکردنەوەکانی ژیانی خۆێان .
رۆشنبیریی منداڵان ، گرنگترین شیواز و کۆڵەکەی پەروەردەییە ، بۆ
گەشەکردن و پێشخستنی بیر و ئەندێشەی منداڵان ، بۆ ورووژاندنی تواناکانی
ناخی دەروونیان .
بەپێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵی ، رۆشنبیریی منداڵان ، لقی لێدەبێتەوە
و ، بێگومان ئاستی رۆشنبیریی منداڵێکی تەمەن پێنج و شەش ساڵان ، وەکو
ئاستی رۆشنبیریی منداڵێکی تەمەن نۆ و دە ساڵان نییە .. چونکە
جیاوازییان لە تەمەن و جەستە و لە بیر ئەندێشە و ، لە زماندا هەیە ..
جیاوازیان لە توانای فێربوون و وەرگرتن و بەخشیندا هەیە .. جیاوازیان
لە دەربڕین و گوزارشتکردندا هەیە .. کەواتە ئاستی رۆشنبیریشیان لەگەڵ
تەمەنەکانیادا دەگونجێت .
ئەمڕۆ گەلە پێشکەوتووەکان و تازەگەشەکردووەکان ، بایەخێکی زۆر بە
رۆشنبیریی منداڵان دەدەن ، چونکە لەو راستییە دڵنیان ، کە هیوا و
ئامانج و خواستەکانیان و ، دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی شیاوتر ، لە
سایەی پەروەردەکردن و رۆشنبیریکردنی دروستی منداڵانی ئەمڕۆدا دێنە دی
.. منداڵانی ئەمڕۆن دەبنە بەڕێوەبەری دەهاتوو .
بۆ دەستەبەرکردنی ئینتیمای منداڵان ، بۆ بەهێزکردنی گیانی بەرپرسێتیان
، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی دروست و باش لەگەڵ ئەم سەردەمە
جەنجاڵەدا ، هەڵبکەن و دەربەرن ، بۆ ئەوەی بۆ ئایندەیەکی گەشتر و باشتر
ئامادەبکرێن .. پێویستە پێداویستییەکانی گەشەکردن و پێشکەوتنی توانا و
بەهرە و ئارەزووەکانیان بۆ دابین بکەین .. بە چاوێکی پڕ لە رێزەوە لە
هەوڵ و چالاکییەکانیان بڕوانین .. هەمیشە پاڵپشت وهاندەریان بین و ،خۆشەویستیی
خۆمانیان پێ ببەخشین .
دەبێ ئەوەش لەبەرچاوبگرین ، کە منداڵانی ئەمڕۆ ، منداڵانی سەدەی
بیستەمی رابردوو نین .. منداڵانی ئەمڕۆ لە سایەی پێشکەوتن و داهێنانی
سەیر و سەمەرەی تەکنۆلۆژیای تازەوە .. بە هۆی زۆربوونی میدیا و کتێبی
رەنگاوڕەنگەوە .. بە هۆی ئینتەرنێتەوە .. رۆشنبیرتر ، زۆرزانتر ،
چاوکراوەتر بوونە .. ئاسۆی بیر و ئەندێشەیان رووناکتر و فراوانتر بووە
.. فەرهەنگی وشە و زمانیان دەوڵەمەنتر بووە .. پێداویستییەکانیان زیاتر
بوونە .. خەون و هیواکانیان گەورەتر بوونە .. بۆیە پێویستە گۆڕانکاری
لە شێواز و لە رێباز و لە هۆکانی پەروەردەکردن و رۆشنبیریکردنی منداڵان
بکرێن .. منداڵان تا رۆشنبیرتربن ، زانیاری و زانستی زیاتر وەردەگرن و
، باشتر گوزارشت لە هزر و لە ناخی خۆیان دەکەن و ، زیاتریشمان پێ
دەبەخشن .
ئەگەرچی چاودێریکردن و بایەخدان و هاندان و رۆشنبیریکردنی منداڵان ،
ئەرکێکی گشتییە و ، لە ئەستۆی هەموو لایەنەکاندایە .. بەڵام چوارلایەن
هەن کە گەورەترین لایەنی بەرپرسن و ، زیاتر کاریگەرییان لە
پەروەردەکردن و ، لە رۆشنبیریکردنی منداڵاندا هەیە .. ئەم چوار لایەنەش
: خێزان ، قوتابخانە ، میدیا و راگەیاندن ، ژینگەی کۆمەڵایەتی .. چونکە
منداڵان ، قۆناغی منداڵییان لە سایەی ئەم لایەنانە بەسەردەبەن .. بۆیە
هەریەکەش لەم لایەنانە شوێن پەنجەیان لە پەروەردەکردن و رۆشنبیریکردنی
منداڵاندا دیارە و .. رەنگدانەوەی راستەوخۆیان لە رەوشت و رەفتار و
هەڵسوکەوت و ، لە بیرو بۆچوون و ، لە ڕێڕەوی ژیانی ئەمڕۆ و ، لە
داهاتووی منداڵاندا هەیە .
وڵاتە پێشکەوتووەکان ، بەر لە منداڵ بوون ، زۆر بایەخ بە رۆشنبیریکردنی
دایکان و باوکان دەدەن ، تا بتوانن منداڵی رۆشنبیر و تەندروست
پێبگەیەنن .. ئەلبێرت هۆبارد دەڵێ : " ئەگەر دەتەوێ منداڵی ژیر و زرنگت
هەبێت ، زانا و رۆشنبیربە .. "
گرنگترین کۆڵەکەکانی رۆشنبیریی منداڵان:
یەکەم: خێزان ، خێزان بناغەی پێکهێنانی کۆمەڵە .. خێزان ، بە یەکەمین و
گرنگترین کۆڵەکەی رۆشنبیریی منداڵان دادەنرێ .. خێزان بەرپرسیارێتییەکی
گەورە و گرنگی لە ئەستۆدایە ، ئەویش گۆشکردن و ، بە دروستی
پەروەردەکردن و ، رێنماییکردن و ، ئاراستەکردنی راستی منداڵانە ..
ئەرکیانە کە بایەخ بە گەشەکردنی بەهرە و تواناکانی منداڵەکانیان بدەن ،
فێریان بکەن بۆ وەرگرتنی زانست و زانیاری .. مندااڵان بە زۆری لە
خێزانەکانیانەوە فێری خوو و رەوشتی باش و بەرز دەبن .. بۆیە دەبێ
دایکان و باوکان ، ببن بە پێشەنگ و بە نموونەی باش بۆ منداڵەکانیان .
دووەم: کتێب کتێبخانە ، خوێندنەوە بووە بە یەکێک ، لە هەرە
پێویستییەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە .. کە لە دوای هەڵمژینی هەوای پاک و
خواردن و خواردنە و نووستن و یاری کردن ، ریزبەندی دێتە سەر خوێندنەوە
.. پێویستە هەر لە منداڵییەوە ، منداڵەکانمان بۆ خوێندنەوەی کتێب و
گۆڤاری هەمەجۆرە هان بدەین .. تا رابێن و خوو بە خوێندووەوە بگرن ..
چونکە خوێندنەوە گرنگترین هۆی فێربوون و وەرگرتنە ، یەکێکە لە کۆڵەکە
گرنگەکانی رۆشنبیریی منداڵان .. ئەمڕۆ لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا ، لە
هەر شار و شارۆچکە و گوندێکدا ، لە هەر گەڕەکێکدا ، لە هەر ماڵێکدا ،
کتێبخانە هەیە و ، پڕن لە کتێب و گۆڤاری هەمەڕەنگە بۆ منداڵان .. بەڵکو
لە ژووری نووستنی منداڵەکانیشیاندا کتێبخانەی قنج هەیە و ، ئەو
کتێبانەیان تێدایە کە بۆ قۆناغەکانی منداڵی دەشێن .. لەم رۆژانەدا (
چنوور )ی کچم ، کە لە وڵاتی نەرویجە ، کچێکی هەیە کە ناوی( مریەم ) ە ،
تازە تەمەنی بووە بە ( دە مانگ ) .. بۆ کونترۆڵکردنی تەندروستیی ئاسایی
، بردبووی بۆلای پزیشکی منداڵانی تایبەتی خۆی ، پزیشکەکە پێی وتبوو ،
پێویستە لە ئەمڕۆوە ، کۆمەڵێک کتێبی وێنەداری ئاژەڵ و گیانەوەری تری بۆ
بکڕیت .. وێنەکانی پێشان بدە و ، ناوی ئاژەڵەکانی پێ بڵێ و ، لاسایی
دەنگی ئەو ئاژەڵانەی بۆ بکەوە .. رۆژانە بۆی دووبارە بکەرەوە .. تا
دەیناسێ و ناویان فێردەبێ .
سێیەم: میدیا و راگەیاندن ، بە تایبەتش ( میدیای بینراو ) وەکو
تەلەفزیۆن و سینەمای منداڵان ، میدیاکان رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە
دەوڵەمەندکردنی رۆشنبیریی منداڵاندا ، بە مەرجێک ئەو بەرنامە و
فیلمانەی پێشکەشیان دەکرێن ، سوودبەخشبن و ، لەژێر چاودێریی و
بەڕێوەبردنی کەسانێکی شارەزا و پسپۆری بۆاری پەروەردە و رۆشنبیری و
ئەدەبی منداڵاندا بن .
لە کۆتاییدا ، داوە لە هەردوو وەزارەتی رۆشنبیری و ، وەزارەتی
پەروەردەی حکوومەتی باشووری کوردستان دەکەم ، کە ئاوڕێکی جدی لە
رۆشنبیریی منداڵانی کوردستان بدەنەوە ، پێویستە کتێبخانە گشتییەکان و ،
کتێبخانەکانی قوتابخانەکان ، بە کتێب و بە گۆڤاری هەمەچەشنە ی منداڵان
دەوڵەمند بکەن ، ماوەی بەرنامەکانی منداڵان لە تەلەفزیۆنەکانی
کوردستاندا ، بە کەسانی شارەزای بۆاری رۆشنبیریی و دەروونناسی منداڵان
بسپێرن .. ئەمەش ئەرکێکی پێویستی نیشتمانییە.
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|