په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٢\٢٠١٤

رۆشنبیر پۆستەچی نێوان گەل و دەسەڵات نییە.
- خوێندنەوەیەک بۆ کایەکانی رۆشنبیریی لە گفتوگۆی نێوان (نینار) و (ئەدۆنیس)دا -


عەبدولموتەلیب عەبدوڵا


نینار ئەسبر لە ساڵی ٢٠٠١ کتێبێکی بە ناوی "شەوی یەکەم" لە دەزگای (ئەلنەھار) لە بەیروت بەچاپ گەیاندووە، بەڵام لە بنەڕەتدا ھونەرمەندی شێوەکارییە، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک فیلمی بەرھەمھێناوە، ھەندێک لە کارە ھونەرییەکانی لە ڤێستڤاڵی "کوتیە کور" لە پاریس پێشان دراون.


ھونەرمەند نینار ئەسبر لەو سەد پرسیارەی کە لە کتێبێکدا بە ناوی (گفتوگۆیەک لەگەڵ باوکم) ئەنجامی داوە و بۆ یەکەمجار لە دەزگای پەخشی فەرەنسی بڵاو بۆوە، لە زمانی سویدییەوە (ھیوا قادر) کردوویە بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە ساڵی ٢٠١٢ چاپ و بڵاوی کردۆتەوە. نینار بە قسەی خۆی بە دوای دەسەڵاتی ونبووی باوکیدا وێڵە، ئەو پیاوەی کە ئامادەیی دەسەڵاتی بە سەر پانتایی شیعریدا زاڵە "باوک نییە، بەڵکو ھاوڕێیە".


(١)


دنیای ئەمڕۆ، دنیای پرس و گۆڕان و شۆڕشی بەیەکگەیشتنو زانیارییەکانە، دنیای یەکتر قبوڵکردن و گفتوگۆ و دانوستاندنە، دنیای ئەمڕۆ، دنیای چوونە نێو زەمەن و تێگەیشتنە لەو زەمەنە ھەنووکەییە زیندووەی کە ئێستاکان بەڕێوە دەبات، نەک گەڕانەوە بۆ حوکمە حازر بە دەستەکان و فیکرە لە قالب دراوەکان، بۆیە مرۆڤ بەر لەوەی لەسەر حەقیقەتێکی دیاریکراو و فیکرێکی لە قالبدراو بوەستێ، پێویستە لە دەرەوەی سیستمەکانەوە، خوێندنەوەیەکی جیاوازی بۆ ئێَستاکان ھەبێت، پێویستە لە دەرەوەی سیستمە دیاریکراوەکانەوە سەیری دنیا بکات، وەک چۆن گرنگیشە بە وزەیەکی پڕ لە بەخشش بیر بکاتەوە و لە کاتی خۆی دەست بۆ واقیع و کۆتاییەکان بەرێت؟!


نینار ئەسبر، لە زۆر لە شوێنەکانی ئەو گفتوگۆیە، لە کاتی خۆی دەست دەخاتە سەر مەسەلەکان و قسە لە واقیع و کۆتاییەکان دەکات، بۆیە لە بەرانبەر ئەو شێوە قسەکردن و بیرکردنەوەیەی نینار، ئەدۆنیس دووچاری جۆرێک لە شۆک و کەوتن دێت، مەبەستی من لە (کەوتن)ی ئەدۆنیس ونکردنی دەسەڵات و ونبوونە لە نێو سیستمدا، یان ونبوونی ئەدۆنیسە لە کۆی ئەو پەیوەندیی و پێکھاتە بەیەکەوە بەستراوەی، کە ھەنگاوەکانی رێکخستووە؟! وەک چۆن ئەوەی کە ئەدۆنیس لەو گفتوگۆیە سەرسام دەکات، جورئەت و بەرفرەوانی ئەو ئازادیەیە، کە نینار تێیدا دەجولێتەوە. بە مانایەکی دیکە نینار، ئەدۆنیسی باوک دەخاتە دەرەوەی ئەو قەناعەتە سیستماتیزەکراوەی کە ساڵانێکە کۆی دەکاتەوە! نینار، ئەدۆنیسی باوک بۆ کۆتاییەکان و دەرەوەی سیستم و دەسەڵاتێکی دیاریکراو، کێش دەکات.


نینار دەڵێ من پێموایە چەمکی (وڵات) و (نەتەوە) ئینسانەکان ئەکەن بە کۆیلە، وایان لێدەکەن ئینسانەکان گیرۆدەی دەسەڵات بن- ل١٤٠. لە بارەی راستی و ئازادی و پێکەوە ژیانەوە دەڵێت، من پێکەوە ژیانێکم دەوێت ئازادی خۆمی تێدا بپارێزم.ل٦٧. ئەو گفتوگۆیەی نێوان (ئەدۆنیس) و (نینار)ی کچی، دەشێ دوو فۆرم لە رۆشنبیرمان نیشان بدات، رۆشنبیرێک کە خاوەنی ئەزموونێکی قوڵ و بەرفرەوانە و پەیوەستە بەکێشە رۆشنبیرییە گشتییەکانەوە و ماوەیەکی زۆرە لە کایەکانی رۆشنبیریی بەشدارە و خاوەن ھەژموونێکی بەرفرەوانە، ماوەیەکی زۆرە دەسەڵاتی فیکر و مەعریفە و داھێنانی بە دەستەوەیە و وێنەیەکی دانپێنراوی بۆ خۆی فەراھەم کردووە، جگە لەوەش بە مانا سارتەرییەکەی لە دەرەوەی کایەکانی خۆی قسە دەکات، لە دەرەوەی بیرکردنەوە و داھێنان و بەرھەمھێنانی ئاگایی و رۆشنبیریی و رەخنەدا قسە لە کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگا دەکات، بەرانبەر رۆشنبیرێکی ئازاد و مۆدێرن، رۆشنبیرێک کە لە نێو سیستمێکی دیاریکراوی فیکر و بیرکردنەوە قەتیس نابێ و ھەمیشە قسە لە کۆتاییەکان دەکات، لە نێو پانتاییەکی بەرفرەوان لە ئازادی درێژە بە پرۆژە و چالاکیەکانی خۆی دەدات، رۆشنبیرێک کە بڕوای بە سیستمێکی دیاریکراوی زمان و سیستمێکی دیاریکراوی ژیان نییە، بەڵکو ھەموو پرۆژە و سەرمایە رەمزییەکەی خۆی لە کلیکێکی ھەنووکەیدا بەرھەم دەھێنێتەوە، ھەمیشە لە ھەڵبژاردندا چەمکی دابڕان پەیڕەو دەکات.


وەک دەزانین ئەدۆنیس ھەر لە سەرەتای ژیانییەوە وەک رۆشنگەرێک، لە پاڵ ئەرکە خەباتگێڕییەکەی، کە بەرھەمھێنانی فیکر و مەعریفە و داھێنانی ئەدەبییە.. ھەوڵی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی داوە و بە بڕوابوون بە عەلمانییەت و سیستمێکی دیاریکراوی زمان، توانیویەتی چالاکی رۆشنبریی و ئیبداعەکانی خۆی پەرە پێبدات و لەسەر ئەو بنەمایەش سەرمایەیەکی رەمزی بە دەست ھێناوە. ئەدۆنیس ئەو سەرمایە رەمزییەی خۆی لە زیاد لە پانتاییەکی ئەدەبی و فیکری و دواجار وەک گۆچانی ژیان خستۆتە کار! لێرەدا دەپرسم ئایا ئەوەندە بەسە کە رۆشنبیر سەرمایە رەمزییەکانی لە پانتاییەکی دیکە و گشتیدا بەکار بھێنێ، یان دەبێ لە یەک کاتدا پارێزگاری لە سەربەخۆیی و ئەکتیڤی خۆی بکات و بە دوای سەرکەوتنی پرۆژەکانییەوە بێ، نەک ھەر ھێندە بەڵکو ھەمیشە لە سەرنەکەوتنی پرۆژەکانی ھەنووکەیی خۆی دووبارە بەرھەم بھێنێتەوە؟! ئایا ئەرکی رۆشنبیر نوێنەرایەتیکردنی خەڵکە، یان داھێنانی کایەکانی فیکر و مەعریفە؟
نینار وەک شێوەکارێک نەک ھەر سەر بە سیستمێکی دیاریکراوی زمان نییە، بەڵکو ھەوڵدەدات لە ئێستایەکاندا بژی تا بە پرۆژەکانی خۆی بەشداری لە داڕشتنی قسە و باسی کۆتاییەکان بکات و لەناوەندی دیمەنەکانیدا دەربکەوێت، دەیەوێ لە ھەنووکەیی خۆی پەیوەندییەکی دیکەی تازە لەگەڵ دنیا و شتەکان درووست بکاتەوە.


بە بڕوای من ئەگەر گرفتی ئەدۆنیس وەک رۆشنبیرێک لەگەڵ ئێستای خۆی، ونبوون بێ لە نێو سیستم و بەدوادانەچوونی پرۆژە ھەنووکەییەکانی بێت؟! ئەوە گرفتی نینار لەگەڵ خودی ئەو سیستم و دەسەڵاتەدایە کە ئەدۆنیسی باوکی قووتداوە، سیستم و دەسەڵاتێک، کە ئەدۆنیسی باوکی غەرقی خۆی کردووە و وای لێکردووە کە بە چەمکەکانی بیر بکاتەوە، بە ئەندازەی سنورەکانی ھەنگاو بنێت، سیستم و دەسەڵاتێک کە دەستی بە سەر پرۆژەکان و عەقڵ و ئازادیدا گرتووە.. لە ھەمان کاتدا گومان و دوودڵی و گرفتی نینار، وەک ئەوەی لە ھەندێ شوێنی ئەو گفتوگۆیە بە ئاشکرا خوێنەر ھەستی پێدەکات، لەگەڵ پرۆژە و فیکرەکانی خۆیدایە، وەک شێوە تیۆرییەکەی نا، بەڵکو بەو مانایەی کە ھەموو چەمک و فیکرێک بەپێی گۆڕینی پەیوەندییان بە واقیعەوە ئەوانیش دەگۆڕێن.. بە کورتی لە کۆی ئەو قسانەوە دەمەوێ بڵێم رەنگە گرفتەکانی نینار راستەوخۆ پەیوەندی بە زەمەنی کۆتاییەکانەوە ھەبێت، کە لە دوای ئازادی و لە دوای گۆڕانکارییەکانەوە دێتە بەرھەم، چونکە ئەو زەمەنە نادیارەی کە لە دوای گۆڕانکارییەکان بەرەو ڕووی دەبینەوە، زەمەنی تاودان و پشتگوآ خستن و مۆڵەت نەدانە، بەپێچەوانەی زەمەنی لاھوتی و زەمەنی ئایدیۆلۆژی کە زەمەنی چاوەڕوانی ھەتا ھەتاییە!


(٢)


ئەمڕۆ رۆشنبیر وەک چۆن تەنھا توێژەر نییە، بە دیوەکەی دیکەش پۆستەچی نێوان گەلو دەسەڵات نییە، ھەڵبەتە ئەو قسەیەی (عەلی حەرب) لەبارەی رۆشنبیرەوە لەسەر ئەوە وەستاوە، کە ئەگەر کەشفکردنی حەقیقەت، ھەتا دوێنێ وەک ئەرکە ھەرە پڕ بایەخەکەی رۆشنبیر سەیر کرابێ، ئەمڕۆ کەشفکردنی حەقیقەتەکان ئەرکێکە بە باشترین شێوە رۆژنامە و ھۆیەکانی راگەیاندن دەستەبەری دەکەن، ئەمڕۆ میدیا و ھۆیەکانی راگەیاند، کۆمەڵگا لەرووداوو ھەواڵە پەنھانەکان ئاگادار دەکاتەوە و تیشک دەخاتە سەر شتە پەنھانەکان و ریسوا ئامێزەکانەوە، بەو مانایەش رۆشنبیر بە مانا تەقلیدییەکەی لە خەڵکێکی ئاسایی بەولاتر شتێکی دیکە نییە، یان رەنگە خەڵکی ئاسایی لەم بارەوە لە رۆشنبیر کەمتر نەزانن.


بێگومان ھەموو داھێنەرێک بە پێی بەرھەمھێنانی مەعریفە و داھێنانە فیکرییەکانی خۆی کار دەکات، بەڵام جیھان لە ئێستا پێکھاتووە، ھەر لە ئێستاوە کاریگەری خۆی بە سەر پەیوەندییەکان بەجآ دەھێڵآ! جیھان لە ئێستا پێکھاتووە ھەمیشە لە تازەکردنەوەی پەیوەندییەکانیدایە.. کەواتە ئەوە تەنھا ئەو کەسەی دەنووسێت و کتێب دادەنآ نییە، کە گومان لە زەمەن دەکات! ھەر ئەو کەسەی دەنووسێت نییە، کە قسە بە تەکنەلۆژیا دەڵآ و خوێنەر دەخاتە نێو ھەوڵی دڵتەزێنەوە، بەڵکو ئەو کەسەش دەگرێتەوە، کە بەپێی چوونە نێو شوێنە نوێیەکان و پەیوەندییە نوێیەکان، بیر دەکاتەوە، یان بەپێی ھەڵدانی شێوازە نوێیەکانی گفتوگۆکردن و گێڕانەوە و تەعبیرکردن، نەخشە بۆ ماناکان دەکێشێت.


ئەگەر وەک رۆشنبیر بۆ خودی مارکس بگەڕێینەوە کە خاوەنی گەورەترین دەستپێکردنی گۆڕانە، مارکس ئەگەرچی لە کۆمەڵێک کایەی جیاوازدا کاری کردووە، بەڵام لە ھەموو کایەکاندا کۆمەڵێک چەمکی فیکری و فەلسەفی داھێناوە، وەک چۆن لەپێکھاتەی ئاگایی گشتیدا بەشداری جیدی ھەبووە، بەشداری بآ ژمارەیشی لە رێکخستنە سیاسیو خەباتگێڕییەکان و تەکەتولاتی کۆمەڵایەتیدا نوواندووە.. دەمەوێ بڵێم راستە ئەرکی رۆشنبیر داھێنانی فیکرە، یان دانانی تیۆرە بۆ کارکردن، کە رێگا بۆ گۆڕانکارییەکان خۆش دەکات، بەڵام لە ھەمان کاتدا دەبێ ھەمیشە لەھەنگاونان بەرەو نادیار دەست پێشخەری بکات. چونکە ھەموو ئەوانەی داھێنان و بەرھەمھێنانەوەی فیکر و فەلسەفە و خوێندنەوەی رەخنەگرانە.. بە کاری خۆیان دەزانن، ناکەونە نێو شوێنکاتێکی دیاریکراو و سیستمێکی دیاریکراوەوە، بەڵکو شوێنکاتەکان دەبڕن و رێگایەک بۆ پرۆسیسەکردنی کردە و کاریگەرییەکانیان دەسازێنن. رۆشنبیر بۆ ئەوەی پرۆسیسەی عەقڵی خۆی بکات، نابآ چاوەڕێی ئەوە بێت (یەکێک) بێت و دەرگاکانی حەقیقەتی بۆ بکاتەوە، بەڵکو رۆشنبیر پێویستە ھەمیشە لە رێگای داھێنانی فیکر و رەخنە و دانانی تیۆرە و خوێندنەوەی بەرھەمھێنەوە تەواوی رێگایەکان بۆ گۆڕانکاریی خۆش بکات و بەردەوام لە بەدواداچوونی پرۆژەکانەوە دووبارە ھەنووکەیی بەرھەم بھێنێتەوە.


(٣)


(نینار) لە پێشەکی کتێبی ناوبراودا دەڵێت باوکم لە کاتی ئەو گفتوگۆیانەدا وەک باوکێکی کلاسیکی وەڵامی منی داوەتەوە و کاردانەوەشی بەرانبەرم ھەبووە، ئەوەش شتێک بووم من چاوەڕێم نەدەکرد..ل٦. لێرەدا نینار وەک چۆن جەخت لە پەیوەندییەکی دیکەی جیاواز دەکاتەوە، وەک رۆشنبیرێکی ئازاد ھەوڵی ھەڵوەشانەوەی ئەو گوتارە زاڵەش دەدات، کە کار بۆ سنوردارکردنی حەقیقەت دەکات، لە سەر ئەو بنەمایەی کە زۆر جار رۆشنبیر بەناوی ئازادی، زۆرداری بەرھەم ھێناوە، بەناوی عەقڵیەتی قوربانیخواز مرۆڤی پەرپووتی بەرھەم ھێناوە، بە ناوی گۆڕانکاری دووبارە قەیرانەکانی بەرھەم ھێناوەتەوە.


کەواتە بە بڕوای نینار باشتر وایە مامەڵەکردنمان لەگەڵ ئازادی لە رێگای تۆڕی نوێی چەمکەکانی بەرھەمھێنانو داھێنان و چالاکی و خوێندنەوە و لێپرسراوییەت و بەشداربوونەوە بێت، وەک چۆن دەبێ رۆشنبیر لە رێگای ھەڵوەشاندنەوەی فیکر و لۆژیک و میکانیزمی واقیع و ھەڵوەشاندنەوەی سیستمی چەسپاو، خۆی بدۆزێتەوە، بە ھەمان شێوەش پێویستە توانای چالاکی و پرۆژەی فیکری و داھێنانەکانی خۆی لە رووبەرووبوونەوەی دەرئەنجامی گۆڕانکارییەکاندا ھەڵگرێتەوە. بەو مانایە ھەمیشە فیکر لە رێگای دووبارە فۆرمەلەکردن و پێکھاتەکانیدا وەک ئامرازێک بۆ گۆڕانکاری خۆی دەخاتەوە.


(٤)


نینار دەڵێت لە رێگای پرسیارەکان و وەڵامەکانەوە تێگەیشتم کە من کێم و چۆن بیر دەکەمەوە. لە لای خۆم ھەندێک شتم لە ئەدۆنیسی باوک دیت، کە پێشتر بەر لەوەی بچینە نێو ئەو یارییەوە ئەو شتانەم لێینەدیبوو! چونکە نینار لەو گفتوگۆیەدا وەک رۆشنبیرێکی زۆر ئازاد قسە دەکات و تەواوی سیستمەکان دەخاتە دواوە، یەکێک لەو سیستمانەی کە نینار بڕوانەبوونی خۆی بەرانبەر دەردەبڕێت و بە شێوەیەکی دیکەی جیاواز پرسیارەکانی ئاڕاستە دەکات، سیستمی زمان و سیستمی خێزان و دەسەڵاتی باوکایەتییە. لەبەر ھەندێ لە بەرانبەر ئەو وزە رۆشنبیرییە نوێیەی نینار، ھەمیشە ئەدۆنیس لە وەڵامەکانیدا بە سۆزەوە شتگەلێک دەڵێت، بۆ ئەوەی دڵنیایی بخاتەوە. وەک چۆن کۆمەڵێک شتی دیکەش کە نیگەرانی لێدەتکێ! لە نێوان دڵنیایی و نیگەرانی کچ و باوک دەگەنە ئەوەی کە ھەتا لە کۆمەڵگا ھاوچەرخەکانیش پێویستە ئافرەت، رۆشنبیر، زیاد لە پێویست بە ھێز بێت، بۆ ئەوەی بە سەر ئەو گیروگرفتانەدا زاڵ بێت، کە دووچاری کۆمەڵگاکەی دەبنەوە. وەک چۆن پێویستە رۆشنبیر ئازاد بێت، بۆ ئەوەی بتوانێ کارە رەخنەییەکانی بەرەوپێشەوە بەرێت و ژیان بخاتە جولەی بەردەوام و گۆڕانکاری بەردەوامەوە.


ھەندێک لە پرسیارەکانی ئەو کتێبە ئاسان و ھەندێکیش ئاڵۆزن. چونکە نینار بە مافی خۆی دەزانێ زۆر بە ئازادی ھەندێک پرسیار بکات، کە پەیوەندی بە کایەی شیعریی و ئەدەبییەوە نەبێت، دەیەوێت وەک باوک ھەندێک پرسیاری لێبکات، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی باوکایەتی و تۆتۆلۆژییەتی ئەو دەسەڵاتە بخاتە بەر رەخنە و بەدواداچوونی ئێستای بیرکردنەوەوە. کاتێک کچەکەی لە بارەی چەمکی مێینە و مێیینەوە پرسیای لێدەکات، ئەدۆنیس پێی دەڵێت پرسیارەکانت زۆر تیۆرین، بۆیە لە دەرئەنجامدا ناتوانم وەڵامێکی راستت بدەمەوە، بەڵکو تەنھا دەتوانم ھەندێک بۆچوون و ھەستی خۆم بخەمە روو، بەڵام رەنگە پەیوەندی بە واقیعەوە نەبێت. سەرەڕای ئەوەش دەڵێت پرسیارەکانت دەکەونە نێوان دوو کۆمەڵگاوە یەکێکیان ھاوچەرخە و ئەویدیکەیان وا نییە، پێی دەڵێت من وا ھەستدەکەم کە تۆ گرفتت لەگەڵ ئەو دوو کۆمەڵگایە ھەبێت، بەڵام من لە ھەر کوێ بم شوێنێکم بۆ خۆم خەڵق کردووە، من ھەمیشە دەڵێم نیشتیمانم زمانمە، پەیوەندی من بە دنیای زمان بە ھێزترە لە پەیوەندیم بە شوێن و خەڵکەوە.
 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک