٢٨\٥\٢٠١٦
رۆشنترین!

دارا خونچە
ئێستا ئەمن.. کتومت خۆمم؛
سەرم
لە قۆشمە ناکەوی.. لاقانیشم
لەدوو نایێن
دار سنەوبەرەکانیش فرە فرە خۆشبەزن و
هەرگیز پێیانڕاناگەم
لە بەرانبەر گوڵەباغەک روودەنیشم
هەر هوڕێنان دەکەم و
هەر لەبەرخۆشمەوە ورتەورتم لێوەدێ
ناتوانم بجوولێمەوە نا..
ناتوانم لە خۆم جوداببمەوە نا..
ناتوانم
و لە خۆم رانابینم نا
شین و رۆڕۆ
لە فەرهەنگی فرەڕەنگیی
و فرەدەنگییم بوونی نییە
وەلی
دەریاچە شینە
نغرۆبووەکەی ورمێ و
چاوە شینەکانی داکە لەدەستچووەکەم و
دەریایە شینە
ژاراوییبووەکانی ئەوروپا و
(پیرۆزە شینە١)کەی سەر کورتەکی زارۆکییم و
ئاسمانە شینە لەبارچووەکەی شەوانی هاوینانی زێدەکەم..
لە یەک
ناکەمەوە و پێکەوە قرچوبڕم دەکەن
هیچ فێنکایی و تەڕاییەک نییە
نەمخرۆشێنن و
(زارەترەک٢)م
نەکەن
وە گۆلمە ئاوەکیش دەکەومە مەلە
ئەو دەمەی لە باخچەم دادەبڕن و
وە یەکجاریی گیان دەبەخشم
دۆ و دۆشاو وەسەریەکدا دەکەم
چاوانم رەشکەوپێشکە دەکەن و رەنگەکان تێکەڵ دەکەم
کە لە نێوان چڵ و چرۆی درەختە روخسار پەژموردەکان
یەکەم تیڕۆژ٣ سەما وە برژانکەکانم دەکا
لە شەو پتر بترازێ هیچکە نابینم
جەنگی جیهانی یەکەم و تا چارەمیشم وەڕێکرد
هەر نەکوژرام..
هەنووکەش لە پێنجەمدا
خەریکە لە نۆژەنڕا دەبوژێمەوە
نیشتیمان ئاو بردی و کەس خۆی لە هوورە نەبرد٤
تاقە درەختەک.. یەک بنە گوڵیش لە جیهان نەمینێ
دولبەرەکەم هەر لە
فاکوفیکی خۆی ناکەوی
ئێستا ئەمن وە خۆم دەچم.. هەر کتومت خودی خۆمم
تکایە یاران لێممەگرن
ئاخەر ئەمن.. دیسان
چایەکی دیکە
دەگەڵ خۆم دەخۆمەوە و
پیاسەیەکی دیکە
دەگەڵ
(گوڵە جاترە٥)کان دەکەم
چەند لە میهرەبانیی
دەستە نەرمەکانی (ئەو)یش دڵنیام
هەزار هێندە لەو بڕوایەم
نە دەگەمە دوا فڕی چایەکەم و
نە پیاسەکەشم کۆتایی دێ..
ئەمن ئێستا.. رۆشنترین خۆمم.
_______________________________
١-
پیرۆزە شینە:
مۆرییەکی پانکیلەی شینە، لە روانگەیەکی ئەفسانەییەوە لە دژی چاوپیسیی -
کە زانستیی نییە - وەکاردەبردرێ.
٢-
زارەترەک:
زۆر ترسان و نەبوونی توانای
هاتنەگۆ.
٣-
تیڕۆژ: تیشکی رۆژ،
هەتاو.
٤-
خۆ لە هوورە نەبردن:
نەبوونی کەمترین کاردانەوە لە بەرانبەر هەر جوولە و روودانەک.
٥-
گوڵە جاترە:
گوڵەکی فرە گچکە و جوانی رووەکی جاترەیە.
مایسی
٢٠١٦
- لەندەن
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|