٢٦\٥\٢٠١٣
رۆزیتا.

گۆران رەئوف
ئەو دەگریا و سوێندى دەخوارد کە پیاوێکى خۆپەرستە، فرمێسک بە چاوانیدا
دەهاتە خوارەوە و وەک ئەوەى زۆر توەڕبێت لەخۆى زللەى لە خۆى دەدا،
هاوراى دەکرد و بەتەواوى سەرزەنشتى خۆى دەکرد... من تائەوکاتە هەرگیز
بەو شێوە نەمبینیبوو، وەک بەدمەستێکى توڕە وەهابو، دەگریا و سیگارى
دەکێشا، من یەکەمین جاریشم بوو ببینم کە ئەو سیگار بکێشێت، بەڵام ئەو
شەوە لەگەڵ گریان و لوشکە لوشکەکەیدا سیگارى دەکێشا بە چەشنێک کە زۆر
بێتام دەکەوتە پێشچاو، بەدەست خۆت نەبوو عەبوس و ناجسن دەرەکەوت، رەنگە
هى ئەوەبوبێت کە ئەو شەوە یەکەمین جاریبو سگار بکێشێت؟ یان لەیەک کاتدا
گریان و سەرزەنشتکردنى خۆت و سیگارکێشان بەبێ ئەزمون و ئەو هەمو
لێکدانەوانەى بۆ خۆى ئەو کچە دەیکرد وایکردبوو من نەتوانم وەک جاران
بەتاسەوە گوێى بۆبگرم، ئاخر ئەوم هەرگیز نەبینیوە بگریەت، نەمبینیوە
بەو جۆرە لۆمەى خۆى بکات، من ئەوەندەى ئاشناى ئەو بوم، کابرایەک بوو
زۆر بڕواى بەخۆى و بۆچونەکانى هەبو، زۆر بە ماتى و لەسەخۆ و بەوردى
دەپەیڤى، بەڵام ئەو شەوە تەواوى ئەدگارەکانى گۆڕابون!
بەردەوام کە یەکترمان دەبینى زۆربەى کات قسەمان لەبارەى فیلم و ئەو
تێکستانەوە بوو کە ئاشنایان بو بوین، هەمیشە ئەو زۆرترین قسەى دەکرد
لەبارەیانەوە، من بەو شێوازە ڕاهاتبوم، زۆرکات من شتى زۆر زیاترم
لەبارەى ئەو فیلم و نوسینانەوە دەزانى بەڵام وەک وتم ئەو قسەکەرى یەکەم
بوو، بۆیە تەنها وەک تێبینى دەمخستنەڕو، هەڵبەت خۆشم کەیفم بەوەبوو.
بەڵام ماوەیەک بەرلەوەى ئەو شەوە بێتە پێشەوە کە بۆ یەکەمینجار سیگارى
کێشا و بۆ یەکەمینجار لۆمەى خۆى دەکرد و دەگریا، پێکەوە لە باخچەیەکى
شار دانیشتبوین، ئێوارەبو، هەواو کەمێک لە سەرلەبەیانى ساردتربو، ئەو
بەو جەستە خواروخێچەیەوە بەتها چاکەتێکى لەبەرکردبو، کەمە کەمە
چەرەساتمان دەخوارد و توێڵەکەشیمان لە نێوان هەردوکماندا کۆدەکردوە،
ئەو ئێوارەیە زۆر بەتاسەوە دەدوا لەبارەى فیلمێکەوە، کە زۆر سەرسامى بو،
من دەمزانى لەمێژبو بەو شێوەیە سەرسامى هیچ نوسین و فیلمێک نەبو بو،
بەڵام هەروەک ڕۆژەکانى دیکە بێدەنگ و گوێگرانە چاوەڕێ بوم گەرم بێت و
بکەوێتە قسە زۆرەکانى، کەمن بۆخۆم چێژم لێدەبینى، من جگە لەقسەى ئەو
بەهیچ شێوەیەک حەزم بە فرەڕێسى نییە، بەڵام تا ئێستاش لەو سیحرە
تێنەگەیشتوم کە بۆچى لەگەڵ ئەودا وەهانیم، زۆرکات بەخۆم دەڵێم رەنگە
ڕاهاتبم، بەڵام خۆ من و ئەو جارى واهەیە بە مانگ یەکتر نابینین؟! ئەو
ئێوارەیە نەیدەزانى لە کوێوە دەستبکات بە قسەکردن و تێمبگەیەنێت بۆ
سەرسامە بەو فیلمە تازەیەى بینیویەتى، دەمبینى بەرلەوەى قسان بکات
دەستەکانى دەجوڵاندەوە، وەک ئەوەى پاسکیل لێخورێت و بە دەستەکانى
پاریدەر لێبدات، تائەوەى کەوتە سکەى قسەکانى...
بەدەم گریانەوە دەیوت من پاوێکم پڕم لە خۆپەرستى!! لەتاو خۆپەرستى خۆم
کێشەم نییە، هەمو خەونەکانم بتوێنەوە و ببنە تۆز، ببنە هەڵم و ببنە
دوکەڵ!! کێشەم نییە!! دەیوت تائەو کاتەى ئەو فیلمەم نەدیبو هاوکاتیش
بەجوانى ڕۆزیتام نەدەناسى، شتەکان جۆرێکى تربوون، هاوکێشەکان لاى من
وێنایەکى تریان هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئاشنابونم بەو فیلمە، ئیتر وەک
رێکەوتێکى سەیرى ژیان زێدەتر ڕۆزیتاشم ناسى!
ئەو ئێوارەیەى کە زۆر بەتاسەوە دەدوا لەبارەى ئەو فیلمەوەى بینینى بوو
تەنها لەبەر یەک هۆکار بوو ئەوەندە سەرسام بو بو، ئەویش ئەوەبوو، تا
کۆتا چرکەکانى ئەو فیلمە بڕواى وابوو پاڵەوانێتى شیاوى ئەو کەسایەتییە
نییە کە دەرهێنەر بۆ ئەو کاراکتەرى داناوە، بەڵام وەک خۆى دەیوت
بڕوابکە لە دواهەمین چرکەکانى ئەو فیلمەدا تێگەیشتم بەتەواوى دەرهێنەر
پێکاویەتى کە پاڵەوانەکەى بەڕاستى پاڵەوانە! ئەو فیلمەى ئەو بەو چەشنە
سەرسام بو پێى لەراستیدا من لەمێژبوو بینیبوم، بەڵام کە لەو ئێوارەیەدا
بەو شێوە فەنتازى و ئەفسانەییە قسەى لەبارەوە دەکرد، من کە ڕۆیشتمەوە
دوبارە سەیرمکردوە و قسەکانى ئەوم دەهاتەوە یاد و جارێکى تر و
بەچەشنێکى تر چێژم لێبینییەوە!
لەبەر خۆشەویستى بۆ پاڵەوانى ناو فیلمەکە ئەو کچەى کە خۆشى دەویست و
کەمێک پەیوەندى هەبو لەگەڵیدا بەناوى ڕۆزیتاوە بانگى دەکرد، ناوى
پاڵەوانى ئەو فیلمەى سەرەتا بڕواى بە پاڵەوانبونى نەدەکرد، بۆیە
ڕاستییەکەى من لەمێژبوو ئەو فیلمەم لەیادکردبوو، وێنەى ڕۆزیتا لاى من
ئەو کچەبوو کە هاورێ خۆپەرستەکەم خۆشیدەویست و بەردەوام مێشکى
ماندوکردبوم بەوەى، ڕۆزیتا وایکرد، ڕۆزیتا وەها دەڵێت، ڕۆزیتا بەم
شێوەیە بیر لەژیان دەکاتەوە، من باوەڕەم وایە تەنانەت خۆشى ئەو فیلمەى
لەیادکردیوو، ئەوەندە ڕۆزیتاى خۆشەویستى لێ ببویە پاڵەوان!
یەکەمین شەو کەلەگەڵ ئەو کچەدا بەرێیکرد، شەوێکى بێئەندازە سەیربو، تا
ئەوکاتە هەرگیز گومانى لە توانا و بۆچونەکانى خۆى نەبوو، هیچ کات ئەوەى
بەخەیاڵدا نەهاتبو کە کەسێک هەبێت یان دروست بێت سەیرتر لەخۆى،
کارامەتر لەخۆى، بەڵام ئەو شەوەى کە لەماڵى رۆزیتابو، ئەو شەوەى تا
سپێدەى بەیان دوابون لەبارەى هەمو شتێکى ژیانەوە، لەگەڵ دو خوشکەکەى و
برا تاقانەکەى ڕۆزیتادا ئەو شەوە دەرکەوتنى ئەو گومانەبوو کە هاوڕێکەمى
توشى شۆک و سەرسامبونکرد، ئەو دەیوت من کەکاتێک قسەم بۆ ڕۆزیتا دەکرد،
هەستمەکرد ناتوانم ئاسیى بدوێم، هەستمەکرد ئەو ئەو ئینسانەبوو کە
لەمێژبو دەترسام ڕوبەڕی ببمەوە، لەمێژبوو ڕقم لەو چرکانەبو کە نەتوانم
بەسانایى بدوێم بۆ کەسێک، نەتوانم وەک هەمو بەشەرەکانى تر قسەى بۆبکەم
و فشەم پێى بێت... من ئەو شەوە ئەو هەستە ترسناکەم لا دروست بوو.. بەڵێ
هەر ئەو شەوەبوو!
تەواوى ئەو قسە و باسانەى کە هاوڕێکەم بۆیگێڕامەوە ئەو شەوەبوو کە
دەگریا و سیگارى دەکێشا، ئەو شەوەبو کە منیش نەمدەتوانى وەک ڕابردو لێى
بڕوانم، هەستمەکرد بەتەواوى گۆڕابو، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر عەبوس بو لە
پێشچاوم، حەزمەکرد زۆر زو بگاتە کۆتایى قسەکانى و یەکتر جێبهێڵین،
بۆمنیش ئەو کاتە یەکەمجاربو کە هەستێکى وەهام لاگەڵاڵە بێت، هەستى
ناجسنى و بەدفەڕى و بێتام سیگارکێشانى و زۆر هەستى تر... بەڵام بەبێ
ئەوەى هیچ هەستبکات، بەبێ ئەوەى گومانى لا دروستکەم وەک ڕابردو گوێم
بۆدەگرت، دانام بەخۆداگرت و حەزمنەکرد لە قوڵایى قسەکانیدا جێیبهێڵم،
ئەو چرکانە بۆمن ناخۆشترین کاتەکانم بوو کە تائەوکاتە تێمپەڕاندبوو،
وامدەزانى زۆر بەتوندى درۆ لەگەڵ خۆمدا دەکەم.
ئەو دەیوت ئەو شەوەى قسەم بۆ ڕۆزیتا دەکرد و نەمدەتوانى هاوسەنگانە
بپەیڤم، سەرەتا هیچ خۆم سەغڵەت نەکرد، سەرەتا وامزانى ئەمە هیچ نییە و
تەنها ڕەنگە مێشکم باش کارنەکات، بەڵام ڕاستییەکەى بەو شێوەیە نەبوو،
کەمن بیرمکردەوە، بەڵکو ئەو ترسەى لەسەرەتاوە هەستمپێکرد، ئەوەبو
ڕاستییەکە، بەتایبەت تا ئەو دەمەى کە پەرداخە ئاوەکەمى خواردەوە و
کەمێکى تێدا هێشتەوە! ئەو چرکە بەبێ ئەوەى هەستبکەم تونیمە، بەبێ
بیرکردنەوە و یەکسەر دەستم دایە پەرداخەکە و ئەو ئاوەى مابویەوە
خواردمەوە، ڕۆزیتا لەو کاتەدا پێدەکەنى و میوەى دەخوارد، خەندە لەسەر
لێوەکانى بو، زۆر بەهێمنى گوێی بۆمن گرتبو، من سەرسام و تیاماو لەجێى
خۆمدا، پەرداخەکەم بەدەستەوەبو نەمدەزانى بۆدەبێت بەملاولایدا بخەم...
هاوڕێکەم قوڵتر دەگریا و دەیوت سەیرکە من ئەو چرکەیە یەکسەر بیرى
دواساتەکانى فیلمى ڕۆزیتام کەوتەوە، ئەو چرکەیە تێگەیشتم من پاڵەوانى
ئەو چیرۆکە نابم کە خۆم خەریک کردبو پێیەوە، تێگەیشتم من وەک شتێک
کۆتایى ساتەکانى پاڵەوان بونمە، ئەو هەستەش هەمان هەستى کابرایەکە کە
هەستدەکات ئیدى پیربوە!
من کەگوێم لەقسەکانى ئەو شەوەى هاوڕێکەم بو، زۆرباش تێدەگەیشتم، بەڵام
لەوکاتەدا بیرم لەوەدەکردەوە ئاخۆ بێت و کەسێک گوێى لەم قسانە بێت
یەکسەر بەشێت ناوزەدى دەکات، بەبێ مشتومڕ شێتە شێتەى لێدەکەن،
گێڕانەوەى ئەو چرکانەى کە هاوڕێکەم تیایدا هەستى بەوەکردبو، ئیدى توشى
چیرۆکێک بوە کە خۆى پاڵەوان نابێت، بۆمن هیچ بایەخێکى نەبو، بەڵام بۆ
خۆى دەمزانى چەندە ئازاریدەدا، دەهاتەپێشچاوم دەبێت چەندە غەمى بۆئەوە
خواردبێت کە تێگەیشتوە کەسێک هاتۆتە ژیانییەوە کە قارەمانێتى
لێدەسێنێتەوە! ئاخر ئەو باوەڕى وابوو تائەوکاتە پاڵەوانى تەواوى ئەو
ڕوداو و چیرۆکانەبووە کە ڕۆڵى تێدا بینیون! باوەڕى وابوو تا
دواچرکەکانى ئەو شەوەى لەماڵى رۆزیتا دێتەدەرەوە هەر خۆى کەسایەتى
یەکەم و رۆڵى سەرەکى هەمو چیرۆکەکانى ژیانییەتى!
هاوڕێکەم سیگار سیگار دەیکێشا و جارجارە بەتوندى دەکۆکى، ئەو کەکاتێک
بەو شێوەیە دەکۆکى من بەڕاستى دەترسام، دەترسام لەیەکێک لەو کۆکانەیدا
سییەکانى بێتە دەرەوە، یان تەواوى ڕیخۆڵەکانى بێنە ناودەمى... بەڵام
پاش کەمێک ئاسایى دەبویەوە و دەکەوتەوە قسەکردن، ئەو دەیوت من ئەو شەوە
تێگەیشتم کە کۆتایم هاتوە، تێگەیشتم کە زەمەنێکە کەسى یەکەمى هەمو
چیرۆکەکانمم بەڵام دەبێت لەمەودوا وەک کەسایەتى دوەم بژیم، ئەى ناخۆش
نییە براکەم؟ منیش دەهاتمەوە هۆش و بە جوڵەیەکى سەرم دەموت بەڵێ وایە
زۆر ناخۆشە.. ئەو دەیوت من دڵنیام ڕۆحى هەمان ڕۆزیتاى ناو فیلمەکە
هاتۆتە ئەم کچەوە کەمن خۆشم دەوێت، هەر وەک ئەوە، هەر ئەوەک ئەو، من
نازانم چیبکەم؟ ئایا من زۆر خۆپەرستم؟ یان ڕاهاتوم کەدەبێت خۆم
پاڵەوانى هەمو ڕوداوەکانى ژیانم بم؟ بەڵام هەرچى بێت من تازە ناتوانم
وەک کەسایەتى دوەم بژیم لەگەڵ ڕۆزیتادا، نەخێر بەهیچ شێوەیەک ناتوانم!
ماڵپەڕی گۆران رەئوف
|