راپه‌ڕین کڕینه‌وه‌ی شه‌ره‌فی نه‌ته‌وه‌ییمان بوو، با ساتێک له به‌رده‌م په‌یکه‌ری شه‌هیداندا کڕنوش به‌رین.
کۆمه‌ڵانی هه‌راوی خه‌ڵکی کوردستان! ئازادیخواز‌و سه‌ربه‌خۆخوازان!
رۆژی 4-3-1991 چه‌خماخه‌ی راپه‌ڕین له ئۆردوگه‌ی خه‌باتی پارێزگاری هه‌ولێر که قه‌ڵادزێیه‌کانی تێدا نیشته‌جێکرابوو، لێیدا، رۆژی دواتریش له 5ی ئازاردا شاری رانیه به رووی داگیرکه‌ر راپه‌ڕی، دامه‌زراوه‌کانی ده‌وڵه‌تی سته‌مکاری هه‌ڵته‌کاندو سوپای به‌عسی راونا، بۆ یه‌که‌مین جار له‌مێژووی باشووری کوردستاندا سوپای پڕ چه‌کی داگیرکه‌ر له‌به‌رانبه‌ر هێزو وره‌ی جه‌ماوه‌ری تینووی ئازادی دا خۆی بۆ رانه‌گیرا، هه‌ره‌سی هێناو هه‌ڵات، به‌وهۆیه‌شه‌وه شاری رانیه پێناسه‌ی ده‌روازه‌ی راپه‌ڕینی بۆ خۆی و نه‌ته‌وه‌که‌ی مسۆگه‌رکرد. ئه‌و راپه‌ڕینه زۆر به‌خێرایی هه‌موو شار‌و شارۆچکه‌کانی گرته‌وه، له‌ماوه‌ی که‌متر له دوو هه‌فته‌دا جگه له نه‌ینه‌وا ته‌واوی شاره‌کانی باشووری کوردستان رزگار کران و تاجی سه‌روه‌ریان له‌سه‌ر نا. ئه‌مڕۆ له‌کاتێکدا که کوردستانیان به شکۆوه یادی راپه‌ڕینی به‌هاری 1991 ده‌که‌نه‌وه، ئێمه به ناوی مه‌کته‌بی سیاسی حزبی رزگاریی کوردستانه‌وه پیرۆزبایی له خۆمان و له تێکڕای ئازادیخواز‌و سه‌ربه‌خۆخوازانی کوردستان ده‌که‌ین، سه‌ری رێز‌و نه‌وازش بۆ مه‌زنایه‌تی ئه‌و شه‌هیدانه داده‌نه‌وێنین که ئه‌و ده‌ستکه‌تانه‌ی ئه‌مڕۆیان پێشكه‌ش به کوردستانیان کردووه، له‌هه‌مان کاتدا ده‌بێ ئه‌و راستیه بزانین که راپه‌ڕێنی به‌هاری 1991 کڕێنه‌وه‌ی شه‌ره‌فی نه‌ته‌وه‌ییمان بوو، هه‌ق وایه هه‌موو ساڵێک له‌و رۆژه‌دا ساتێک له‌به‌رده‌م په‌یکه‌ری شه‌هیدانی راپه‌ڕین و تێکڕای شه‌هیدانی رێگه‌ی رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی دا کڕنۆش به‌رین، بۆ گه‌یشتن به نیشتمانێکی سه‌ربه‌خۆو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی به‌خته‌وه‌ر به‌ڵێنی درێژه‌پێدانی خه‌بات و تێکۆشانیان بۆ نوێ بکه‌ینه‌وه.
دوای تێپه‌ڕبوونی حه‌ڤده ساڵ به‌سه‌ر راپه‌ڕینی خه‌ڵکی کوردستاندا که‌چی هێشتا خه‌ون و ئاواته‌کانی شه‌هیدان که رزگاری یه‌کجاره‌کی و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیه وه‌ه‌دی نه‌هاتووه، هه‌رچه‌نده که حکومه‌تی هه‌رێم به‌رهه‌می خه‌بات و گیانبازی شه‌هیدانی کوردستانه، به‌ڵام مخابن به‌هۆی گه‌نده‌ڵکاری و پێڕۆکردنی سیاسه‌تی هاوێرکاری، نابه‌رابه‌ری و گلدانه‌وه‌ی سامان و داهاته‌کان بۆ چینێکی دیاریکراو و حزبه ده‌سته‌ڵاتداره‌کان وه‌کو پێویست ئاوڕ له‌بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان نه‌دراوه‌ته‌وه‌و ژیانێکی سه‌ربه‌رزانه‌یان بۆ دابین نه‌کراوه، هێشتا بنه‌ماڵه‌ی ئه‌نفالکراوه‌کان له ژیانێکی کوله‌مه‌رگیدا ده‌ژین، ته‌نانه‌ت کوردستانیان له خزمه‌تگوزاریه بنه‌ڕه‌تیه‌کانی وه‌کو ئاو، کاره‌با، سووته‌مه‌نی، شوێنی نیشته‌جێبوون و رێگه‌وبان بێبه‌شن، به‌وهۆیه‌شه‌وه ده‌نگی گله‌یی و ناڕه‌زایی به‌رزبۆته‌وه، جه‌ماوه‌ر ده‌یه‌وێ گوشاره‌کانی خۆی گه‌وره‌تر بکاته‌وه، به‌ڵام ده‌سته‌ڵاتداران به‌بیانۆی هه‌بوونی هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیه‌کانی ده‌ره‌کییه‌وه گوێیان له خواست و داخوازیه‌کان نه‌گرتووه، له‌به‌رانبه‌ر حکومه‌تی به‌غدادشدا شان نزمیان نواندووه، ته‌نانه‌ت له‌به‌رانبه‌ر جێبه‌جێنه‌کردنی مادده‌ی 140 له‌کاتی خۆیدا خه‌مساردو که‌مته‌رخه‌م بوونه، به‌وهۆیه‌شه‌وه کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریان به‌ره‌و نائومێدی شۆڕ کردۆته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌مساڵ کارێکی شێلگیرانه بۆ گێرانه‌وه‌ی ناوچه دابڕاوه‌کان نه‌کرێ و کێشه‌ی که‌رکوک یه‌کلایی نه‌کرێته‌وه، کێشه‌و گرفته‌کانی باشووری کوردستان زۆر له‌وه گه‌وره‌تر ده‌بنه‌وه که ئێستا هه‌ن و به‌رچاون.
ئه‌مساڵ یادکردنه‌وه‌ی راپه‌ڕین هاوکاته له‌گه‌ڵ شکستی سوپای تورکیا که به پشتیوانی ئه‌مریکاو وڵاتانی دیکه‌وه ئۆپه‌راسیۆنی بۆ ناو خاکی هه‌رێمی کوردستانی ده‌ستی پێ‌کردبوو، نیازی داگیرکردنی باشووری کوردستانی هه‌بوو، به‌ڵام له‌به‌رانبه‌ر ئیراده‌و خۆڕاگری گه‌ریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دا به‌چۆک داهات و به‌ره‌و دواوه گه‌ڕایه‌وه. ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ی گه‌ریلا سه‌رکه‌وتنی هه‌موو کوردستانیانه، مایه‌ی شانازی نه‌ته‌وه‌ییمانه، جێگه‌ی سوپاس و پیرۆزبایی لێکردنه.
ئه‌مساڵ که یادی راپه‌ڕین ده‌که‌ینه‌وه، ئاماده‌کردنی بۆ پێکهێنانی کابینه‌یه‌کی نوێی حکومه‌تی هه‌رێم ده‌کرێ، له‌م پێوه‌نده‌دا هیواخوازین له پێکهێنانی کابینه‌ی نوێ دا ژیری و لۆژیکی پێشوو دووپات نه‌کرێته‌وه، دامه‌زراوه‌کانی حکومه‌ت بۆ ئه‌ندامانی حزبه‌کان قۆرخ نه‌کرێن، پڕۆسه‌ی دامه‌زراندنی بێ مه‌رج بۆ کوردستانیان هه‌نگاوی بۆ هه‌ڵبگیرێته‌وه‌و سیاسه‌تی هاوێرکاری کۆتایی پێبهێنرێ.
شکۆدار بێ یادی راپه‌ڕین.. ساڵیادی سه‌رهه‌ڵدان له تێکڕای کوردستانیان پیرۆز ده‌که‌ین..
مه‌کته‌بی سیاسی حزبی رزگاریی کوردستان 5-3-2008
|