په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٨\٢٠١٣

رێکخراوی سەربەخۆی پەنابەرانی رۆژھەڵاتی کوردستان

پاش دوو ساڵ و چەند مانگ مۆڵەتی یاسایی وەرگرت.
 


پاش ئەوەی لە رێکەوتی ١٠/٤/٢٠١١ دا ، کۆمەڵێک لە چالاکانی بواری مافەکانی مرۆڤ کە خۆیان لە پەنابەرانی سیاسیی رۆژھەڵاتی کوردستانن، “رێکخراوی پەنابەرانی رۆژھەڵاتی کوردستان” یان دامەزراند،بە خۆشحاڵییەوە لە پاش ٢ ساڵ و چەند مانگ لە لایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ئەم رێکخراوە مۆڵەتی یاسایی وەرگرت.


لە یەکەم کۆبوونەوەی فەرمیی پاش مۆڵەت وەرگرتنی رێکخراوەکە, بە کۆی دەنگ، ھاوڕێ "عەلی زیرەک" وەک وتەبێژی فەرمیی رێکخراوەکە دەستنیشان کرا.

بەرنامە و ئامانجەکانی رێکخراوەکە لە بەشی خوارەوە ھاتووە:


ڕێکخراوی سەربەخۆی پەنابەرانی رۆژھەڵاتی کوردستان
 

پێڕەوی ناوخۆی
ڕێکخراوی سەربەخۆی پەنابەرانی رۆژھەڵاتی کوردستان


- بەشی یەکەم -


ناو و ناسنامەی ڕێکخراو
ماددەی یەکەم / ناو :
یەکەم: ڕێکخراوی سەربەخۆی پەنابەرانی رۆژھەڵاتی کوردستان
Independent refugees east kurdistan organization
دووەم: کورتکراوەی ناوی ڕێکخراوە (I.R.E.K.O)
سێیەم: ئارمی ڕێکخراوەکە
ماددەی دووەم / سنوری کار کردن :
یەکەم: بنکەی گشتی کۆمەڵە لە شاری سلێمانی دەبێ.
دووەم: ئەگەر پێویستی کرد بۆ باشتر ئەنجامدانی کارو چالاکیەکانی، لە شار و ‌ شارۆچکەکانی تری ھەرێمی کوردستان و دەرەوەش لقی زیاتر دەکاتەوە.
ماددەی سێیەم / پێناسە:
ڕێکخراوێکی ناحکومی خۆبەشە، کار لە پێناو مافەکانی پەنابەرانی رۆژھەڵاتی کوردستان دەکات. ھەوڵ دەدات ئازار و مەینەتیەکانیان کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانن وەک ھاوڵاتییەکی ئاسایی ھەرێمی کوردستان ژیان بگوزەرێنن.


- بەشی دووەم -


ئامانج و مەبەستەکان و ئالیەتی کارکردنی ڕێکخراو
ماددەی چوارەم/ ئامانجە گشتیەکان:
ئامانجەکان
١- مافی مرۆڤ و خواستی مرۆڤی پەنابەر:
ا. ناساندنەوەی مرۆڤی پەنابەر بە شێوەیەکی ھەنووکەیی و دوور لە پڕەنسیپی بەرژەوەندیخوازیی وەک : معامەلەکردن بە گیان و مافی پەنابەرانەوەو ملکەچکردن بۆ ھێندێک بریاری سیاسیی نابەرپرسیارانە، کە لە ژوورە داخراوەکاندا و لە دژی مافی پەنابەران و لە قازانجی دیکتاتۆری ملھۆڕی کۆماری ئیسلامیدا دەشکێتەوە.
ب. بە پێی بەندی ١٤ ی یاساکانی مافی مرۆڤ " ھەموو مرۆڤێکی لە چەوسانەوە ھەڵاتوو مافی پەنابردنەبەر، یان ھەوڵدان بۆ پەنابردن بۆ وڵاتێکی دیکەی ھەیە" و ئێمەی پەنابەری رۆژھەڵاتی کوردستانیش پەنامان بۆ حکوومەتی برامان " حکوومەتی ھەرێمی کوردستان"ھێناوە و بە بەردەوامیش داوامان لە بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان کردووە، کە مافەکانمان لە ھەرێمی کوردستاندا دەستەبەر بکەن، یان لە گواستنەوەماندا بۆ وڵاتی سێھەم پشتگیریمان بکەن.
ت. یەکێک لە ئامانجەکانمان گواستنەوەمانە بۆ وڵاتی سێھەم و ئەگەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەکو پەنابەر قبووڵمان دەکات، با بەو رێژەیەی کە لە وڵاتانی دیکەدا، مرۆڤی پەنابەر بە خاوەنی رێز و ماف و ئازادی دەزانن لە ھەرێمی کوردستانیشدا بەو پێیە لەگەڵمان بجووڵێنەوە.
٢- مافی ژیان:
ا. مرۆڤی پەنابەر و ھەر مرۆڤێکی لێقەوماویش لە کاتێکدا پەنا دەباتە بەر وڵاتێکی دیکە، مافی ژیانکردن لەو وڵاتەدا وەدەست دێنێ.
مافی ژیان و گوزەرانی ئاسایی بۆ مرۆڤ، لە "جاڕنامەی جیھانیی مافەکانی مرۆڤ"دا ئاماژەی پێکراوەو ئێمەی پەنابەری دانیشتووی خاکی "ھەرێمی باشووری کوردستان" بۆمان ھەیە ئەو پرسە گرنگە بەرەڕووی دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان بکەینەوە.
ب: لە راستیدا بەرپرسانی (un) لە ھەرێمدا بە ژیان و چارەنووسی پەنابەر کایەیان کردووە و زۆربەی مافە سەرەکییەکانی ژیانیان لە ئێمە زەوت کردووە و نەیانتوانیوە بچووکترینی ئەو مافانە بۆ ئێمە دابین بکەن.ئیتر ئێمەش پێمانوایە پەنابەر دەبێ راستەخۆ مافەکانی داوا بکات و مافە ژیانییەکانیشی ئەمانەن:
١-شوێنی نیشتەجێبوون :
ھەموو مرۆڤێک دەبێ خاوەنی شوێنی نیشتەجێبوونی شیاوی ژیانکردن بێت.ئێمەی پەنابەری رۆژھەڵاتیش داوامان وایە بە ھاوکاریی وڵاتانی دیکە ئەم مافەمان بۆ بگێڕنەوە.یانی لە راستیدا دروستکردنی کەمپ و شووقە و گەڕەکی خاوەن خزمەتگوزاری بۆ ئێمەی پەنابەر پێداویستییەکی ئینسانییە.
٢-خواردن و خواردنەوەی تەندروست:
ھەموو مرۆڤێک و بە تایبەت مرۆڤی لێقەوماو و پەنابەر دەبێ لە ھەر وڵاتێکدا ببێ، ئەم مافە سەرەتایییەی ژیانی لێ زەوت نەکرێ.
بەشە خۆراکی مانگانەی ئێمە لە راستیدا ناتوانێ تەواوی پێداویستیەکانی ژیانی ئینسانێک لە مانگێکدا دابین بکات، چونکا ھیچ پارە و دراوێکی لەگەڵدا نادرێ و پەنابەریش دەبێ بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین مافەکانی ژیانی بکەوێتە مەترسییەوەو لە ھەموو پێشکەوتن و ئاسوودەیییەکانی ژیانیش دوابکەوێ.بۆیە داواکارین:
ا. بڕی بەشە خۆراکی ئێمە بە پێی ستانداردی وڵاتێکی نێونجی دابین بکرێ.
ب. بڕی پارەی مانگانەی ئێمەی پەنابەر بۆ خۆمان بگێڕدرێتەوە و بژیومان بە تەواوی دابین بکرێ.
٣- سووتەمەنی و پۆشاک:
مافی خۆمانە شوێنی نیشتەجێبوونی گەرم و پۆشاکی گەرممان ھەبێت. بۆ ئەو مەبەستەش داواکارین:
ا. سووتەمەنیی پەنابەران بە پێی پێداویستییەکانیان دابین بکرێ.
ب. بڕی پارەیەکی وەرزانەمان بۆ کڕینی جلوبەرگ بۆ دابین بکرێ.
٤- مافی گرێنتیی ژیان و دڵنیایی
ھەموو کۆمەڵگایەکی دادپەروەر ئەو مافەی بۆ پەنابەر داناوە، کە مافی دڵنیایی و بیمەی ژیانی ھەبێت.بۆ ئەم مەبەستەش داواکارین:
ا. بۆ ئەوانەی نەخۆش و کەم ئەندامن خەرجی دەرمان و نەخۆشخانەو بە گشتی چارەسەری (لە ھەر کوێیەک کرا) دابین بکرێ.
ب. بۆ کەم ئەندامان مافی قەرەبووکردنەوە ھەبێت.
ت. بۆ بێوەژنان و بێوەپیاوان خەرجی وخزمەتگوزاری ھەبێت.
پ. بۆ ئەوانەی تووشی رووداوی لەناکاو دەبن، مافی قەرەبووکردنەوە و مافی دڵنیایی کۆمەڵایەتی (بیمەی تایبەت بە لێقەومان) ھەبێت.
٥- کارو پیشە: ئەگەر وەک پەنابەر لەم وڵاتەدا ناسراوین، داوای کارو پیشەی شیاوی خۆمان و کەسایەتی و لێھاتوویی خۆمان دەکەین و دەمانەوێ لە بنیاتناوەی کۆمەڵگادا رۆڵی ئەکتیڤ و بنیاتنەرانەمان ھەبێت.بۆ ئەم مەبەستەش داواکارین:
ا. لە پڕۆسەی کارو چالاکیی کۆمەڵگادا بەشدارمان بکەن.
ب. لە دامەزراندنەکانی ئۆرگان و دام ودەسگاکانی حکوومەتدا بەشێکی تایبەتیش بۆ پەنابەر دابنێن.
ت. لە چالاککردن و خستنەسەرکار و ناساندنمان بە وەزارەتەکانی خاوەنکاردا درێغی مەکەن.
٣- ئاسایش و پاراستنی ماف و کەرامەتی ئینسانیی پەنابەر:
ئەم خاڵەیان یەکێک لە سەرەکیترین مافەکانی مرۆڤە.
لە راستیدا بە پێی پێویست مرۆڤی پەنابەر لە ھەرێمدا ئەو گرێنتییەی نییە، چونکا کۆماری ئیسلامی بە ئاسانی توانیویەتی، ژیانی ھەر پەنابەرێک کە لە ھەرێمدا بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەو مەترسی بووە، بخاتە مەترسییەوەو زۆر جار دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستانیش ژیان و ئەمنییەتی پەنابەری بۆ مەبەست نەبووە و دەیان پەنابەریان رادەستی کۆماری ئیسلامی کردووە کە تووشی خراپترین ئازار و ئەشکنجەکان بوونەتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا داواکانمان ئەمانەن:
ا. مرۆڤی پەنابەر گیان ماڵی بپارێزرێ و ئاسایش و دەسگا ئەمنییەکان پارێزەری پەنابەران بن.
ب. ھیچ دەسگایەکی ئەمنی و حیزبی بۆی نەبێت دەسدرێژی بکاتە سەر مافەکانی پەنابەرو ببنە ھۆی ئەوەی، پەنابەران نەتوانن بە پێی پێویست جووڵەی کۆمەڵایەتی و ژیانی بکەن.
ت. مرۆڤی پەنابەر نابێ، رادەستی حکوومەتی ئێران بکرێتەوەو ئەگەر ھەر تاوانێکیشی کرد، دەبێ بە پێی یاساکانی ھەرێم لەگەڵیدا ھەڵسوکەوت بکرێ.
پ. بۆ پەنابەران پارێزەری تایبەت دابنێن، بۆ ئەوەی ھیچ لایەنێکی ئەمنی و حیزبی نەتوانێ بە ئاسانی و بە تۆمەتبارکردن و ترساندنی پەنابەر، سزای قورس بەسەریدا بسەپێنن.
٤- مافی ھاوڵاتیبوون:
ئەم خاڵە یەکێک لە شارستانیترین داواکانی پەنابەرانە و مرۆڤی پەنابەر لە ھەر وڵاتێکدا وەرگیرا و ئیقامەی پێدرا، پاش ماوەیەکی یاسایی دیاریکراو دەبنە ھاوڵاتی و لە ھەموو مافەکانی ناو یاسای ئەو وڵاتە کە بۆ ھاوڵاتییان دانراوە، بەشدار دەبێ.لە چوارچێوە ئەم خاڵەدا داواکارین:
ا. بۆ ئەو کەسانەی لە ھەرێمی کوردستاندا داوای پەنابەرییان کردووە و پاشان ئیقامەیان وەرگرتووە، داواکارین وەک ھاولاتی پلە یەکی ھەرێمی کوردستان وەربگیردرێ و مافەکانی : جنسیە و پاسپۆرت و جووڵەی سیاسی و مەدەنی و کلتووری و کۆمەڵایەتیی یەکسانیان لەگەڵ ھاوڵاتییانی ھەرێمدا بۆ دەستەبەر بکەن.
ب. مافی بەشداریکردن لە ھەموو پڕۆژەیەکی ھەرێمانەدا بە پەنابەر بدەن.یانی پەنابەرانیش بتوانن لە بەڕێوەچوونی بەرنامەی ئاوەدانیی وڵاتدا رۆڵا بگێڕن.
ت. لە ھەموو مافێکی کۆمەڵایەتی و مەدەنی وەک: دانانی سەندیکا و گرووپی مەدەنیی کارا بۆ خزمەتکردن بە ئامانجە تاکەکەسی و گرووپییەکانی خۆیان بەھرەمەند بن.
پ. بتوانن لەسەر ناوی خۆیان، خاوەنی مۆڵەتی شۆفێری و ماڵ وسەیارە و بنکەی ئابووری و کۆمپانیا و ئیجازەی تەندروستی و... بن.
٥- ئازادییەکان :
ھەموو پەنابەرێک بۆی ھەیە، پەرە بە کلتوور و خواست و ئیرادەی جیاوازی خۆی بدات و لەسەر داواکانی خۆی کە لەسەری قاچاخ بووە ھەڵسوکەوت و جووڵەی سیاسی و کلتووریی خۆی و بە گشتی تواناکانی بخاتە گەڕ.بۆیە پەنابەران بۆیان ھەیە ئەو مافەش بەرەوڕووی دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان بکەنەوە و ھەرێمی کوردستانیش رێگرییان لێ نەکات.
ا. مافی خۆپیشاندانی ھەبێت.
ب. مافی چالاکی مەدەنیی وەک دانانی کەمپین و سمینار و کۆکردنەوەی دەنگ و ڕای گشتیی بۆ پەرەپێدانی ئامانجەکانی خۆی ھەبێت.
ت. مافی وەرگرتنی یارمەتیی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەبێت، بۆ ئەوەی بتوانێ دەنگی خنکاوو کوژراوی خۆی کاناڵیزە بکات و لە ئامانجە ئینسانییەکانی خۆی دوور نەخرێتەوە.
پ. مافی راکێشانی چالاکانی بواری مافی مرۆڤ و رێکخراوە جیھانییەکانی بۆ ھەرێمی کوردستان ھەبێت، بۆ ئەوەی ھاوکاری چارەسەرییانەی کێشەی ڕەوای پەنابەران بکەن.
ج. مافی ئەوەی ھەبێت، بە بێ ئەوەی دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان رێگری لێبکەن، ئەم وڵاتە بەجێبێڵێ و بەرەو وڵاتی سێھەم بڕوات و ئەگەریش تووشی گرفت بووەوە، ئەوا ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکاتەوە.
ماددەی شەشەم/ ئالیەتی کارکردن:
١. کردنەوەی خولی گەشەپێدان بۆ پەنابەرانی ئەندام.
٢. ھەموو شێوازیێکی کاری مەدەنی ئاشتیخوازانە.
٣. تۆژینەوە و راپرسی و بەدواداچونی پرسی دابینبوونی بژێو.
٤. کۆبوونەوە، سیمینار، کۆنفرانس، ۆرکشۆپ، دیدار و دیالۆگی گشتی.
٥. چاپکردنی بەرھەمی پەنابەران و نامیلکەو رۆژنامەو بەڕێوەبردنی مالپەڕ بۆ کاری پێویست.


- بەشی سێیەم -


ئەندامێتی
ماددەی حەفتەم / مەرجەکانی بوون بە ئەندام :
١. تەمەنی لە ١٨ ساڵ کەمتر نەبێ.
٢. بڕوای بە پێڕەوی ناوخۆی ‌رێکخراوەکە ھەبێ و رێنماییەکانی جێ بەجێ بکا.
٣. ئابونەی دیاری کراوی ‌ بدا .
٤. ھەر کەسێک ئەگەر تەمەنی لە ١٨ ساڵ کەمتر بوو، دەتوانێ ببێتە ئەندامی فەخری، بەڵام مافی دەنگدان و خۆپاڵاوتن و بەشداریکردن لە کۆبوونەوە ڕەسمیەکانی دەستەی گشتی نیە.
ماددەی ھەشتەم / لە دەستدانی ئەندامێتی و سزاکان:
یەکەم: سەرپێَچییەکان
١. پابەندنەبوون بە پێڕەوی ناوخۆ .
٢. سێ جار ئامادەنەبوون لە کۆبوونەوەکان بێ پرس و بە ئەنقەست.
٣. بەکارھێنانی توندوتیژی لەگەڵ ئەندامان.
٤. تومەتباربوون لە داداگا بە یەکێ لە تاوانەکان یان کەتنێک.
٥. ئەگەر دەرکەوت ناتوانێ ھیچ جۆرە بەشداریەک یان داھێنانێک لە پێناو ڕێکخراوەکەدا بکا.
دوھەم: سزاکان
١. سەرنجڕاکێشان .
٢. ئاگادارکردنەوە.
٣. ھەلپەساردن، دوای سێجار سەرنجڕاکێشان یان دووجار ئاگادارکردنەوە.
٤. لێسەندنەوەی مافی ئەندامێتی بە پێشنیاری ٢/٣ دەستەی کارگێڕی بۆ دەستەی گشتی دەبێ.
٥. ١/٣ی دەستەی گشتی و سەرۆک و سکرتێر دەتوانن بڕیار لەسەر مانەوە یان نەمانی مافی ئەندامێتی کەسێک بدەن.
ماددەی نۆیەم/ مافەکانی ئەندام:
١. مافی سود وەرگرتنی ھەیە لە ھەموو خزمەتگوزرایەکانی ڕێکخراوەکە.
٢. مافی بەشداری ھەیە لە چالاکیەکانی ڕێکخراوەکە.
٣. مافی دەست لە کارکێشانەوەی ھەیە.
٤. مافی ڕا دەربڕین و رەخنە و پێشنیار ھەیە.
٥. مافی بەکارھێنانی ناوی ڕێکخراوەکەی ھەیە لە کاتی ئەنجامدانی چالاکیەکان، بەمەرجێ ڕەزامەندی پێشوەختی سەرۆک یان ٢/٣ دەستەی کارگێڕی ھەبێ.
٦. مافی دەنگدان و خۆپاڵاوتنی بۆ ئەندامێتی دەستەی کارگێڕی و سەرۆکایەتی و جێگری ھەیە.
٧. سەبارەت بە قەرزەکانی کۆمەڵە، ئەندامەکان لە بەرامبەر یاسادا بەرپرسیار نینە، بۆ ئەو مەبەستەش ماڵ و موڵکیان بۆ قەرەبوی ئەو قەرزانە بەکار ناھێنرێ.
٨. مافی بەدەستھێنانی زانیاری و بەرزکردنەوەی پڕۆژەیان بۆ ڕێکخراوەکە ھەیە.
٩. ڕێز لە کەسایەتی و خولیا و ئارەزووە شەخسیەکانی ئەندامان دەگیرێ بەو مەرجەی ئامانجەکانیان زەرەر بە رێکخراوەکە نەگەیەنێت.
ماددەی دەیەم/ ئەرکەکانی ئەندام:
١. دەبێ کار لە پێناو گەشەپێدانی توانای خۆی و ھاوڕێیانی بکا.
٢. لە بەرژەوەندی گشتیدا کاربکا و ناوی ڕێکخراوەکە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بەکار نەھێنێ.
٣. لە ماوەی ساڵێکدا دەبێ بەپێی توانا چەند کارێک بۆ ڕێکخراوەکە بە خۆڕایی بکا.
٤. پابەندبوون بە پێڕەوی ناوخۆی ڕێکخراوەکە .
٥. بە پیر بانگەواز و چالاکیەکانی ڕێکخراوەکە بچێت.


- بەشی چوارەم -


پەیکەری ڕێکخراو
ماددەی یازدەم / پێکھاتەی ڕێکخراو:
پەیکەری کارگێڕی ڕێکخراو پێک دێت لە:
یەکەم/ دەستەی گشتی: بریتیە لە سەرجەم ئەندامانی ڕێکخراوەکە.
دووەم/ ئەنجومەنی بەڕێوەبردن: بریتیەلە دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی لقەکان.
سێیەم/ دەستەی کارگێڕی: بریتیە لە سەرۆک، جێگری سەرۆک و بەرپرسی بەشەکان.
یەکەم/ دەستەی گشتی و دەسەڵاتەکانی :
یەکەم/ ١: پێکھاتەی دەستەی گشتی:
دەستەی گشتی پێکدێت لە گشت ئەو ئەندامانەی کە مافی ئەندامێتیان ھەیە.
یەکەم/٢: دەسەڵاتەکانی دەستەی گشتی :
١. بە رێژەی ٢/٣ی ئەندامان دەتوانێ لەگەڵ ڕێکخراوێکی تردا یەکبگرێتەوە یان تۆڕ پێکبھێنی.
٢. لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا بە ھەڵبژاردنێکی ئازاد و نھێنی دەتوانێ دەستەی کارگێری ھەڵبژێرێ .
٣. بە بڕیاری ٢/٣ی دەستەی گشتی، دەتوانرێ ڕێکخراوەکە ھەڵوەشێتەوە یان ناوی بگۆڕدرێ.
٤. ھەر دوو ساڵ جارێک بە ‌ ئامادەبوونی ٢/٣ ی ئەندامانی دەستەی گشتی بڕیار لەسەر مانەوە یان ھەڵوەشانەوەی ستافی دەستەی کارگێڕی ڕێکخراو دەدا، ئەگەر ئەم رێژەیە نەھاتە دی، کاتێکی تر دیاری دەکرێ، لە حالەتی ئامادەنەبوونی٢/٣ ی ئەندامانی بۆ جاری دووەمیش، ئەوا کۆبونەوەکە بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئامادەبوو دەکرێ و دەبێ ھەموو ئەندامان پابەندبن بە بڕیارەکان .
٥. لەسەر پێشنیاری دەستەی کارگێڕی و بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و بە بڕیاری ٢/٣ ی دەستەی گشتی دەتوانرێ لقی تازە لەشار و شارۆچکەکان یان لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە.
٦. بە پێشنیاری ١/٢ی ئەندامانی دەستەی گشتی دەتوانرێ خول و ڕاھێنان بۆ پێگەیاندن ئەندامان بکاتەوە .
دووەم/ ئەنجومەنی بەڕێوەبردن:
دووەم/ ١: پێکھاتەی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن:
ئەنجومەنی بەڕێوەبردن لە دەستەی کارگێڕی و سەرجەم بەرپرسی لقەکان پێکدێت.
دووەم/٢: دەسەلاتەکانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن:
١. ئامادەکردن، داڕشتن، پەسەندکردن و بەرزکردنەوەی پڕۆژەکان و بڕیاردان لەسەر نوێنەر بۆ ئیمزاکردنی گرێبەست سەبارەت بە پڕۆژەکان.
٢. پەسندکردن و بەرزکردنەوەی پێشنیاری دەستەی کارگێڕی بۆ دەستەی گشتی بۆ کردنەوەی لقی تازە.
٣. دانانی بودجەی ساڵانەی ڕێکخراو ھەروەھا پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی بودجەی ساڵی پێشوو.
٤. پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی کاروچالاکی ڕێکخراو لە ماوەی ساڵی رابردوو، ھەروەھا دانانی پلان و بەرنامەی تازە بۆ داھاتوو.
٥. تاوتۆکردن و ھەڵسەنگاندن و پەسەندکردنی سەرجەم بڕیارەکانی دەستەی کارگێڕی تایبەت بە لقەکان.
٦. دابەشکردنی کارەکان و ئامادەکردنی ھێزی مرۆیی بۆ ئەنجامدانی چالاکی و پڕۆژەکان.
٧. بڕیاردان لەسەر کاتی کۆبوونەوەی دەستەی گشتی و دیارکردنی کات و شوێنەکەی.
٨. کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن لەلایەن سەرۆکی ڕێکخراو ئیدارە دەدرێ.
٩. سەرجەم بڕیارەکانی ئەنجومەن بە زۆرینەی دەنگ ٥٠+١ دەبێ.
١٠. بە ڕێژەی ٢/٣ ئەندامانی ئەنجومەن دەتوانرێ ئەندام وەربگیرێ یان سزابدرێ.
١١. بە بڕیاری٢/٣ ئەندامانی ئەنجومەن دەتوانرێ داوابکرێ دەستەی گشتی کۆبوونەوەی نائاسایی سازبدا.
١٢. بە ڕێژەی ٢/٣ی ئەندامانی ئەنجومەن دەتوانرێ لقەکان ناچاربکرێن کە بەرپرس یان ئەندامانی دەستەی کارگێڕیان بگۆڕن.
١٣. بەڕێژەی ٢/٣ ی ئەندامانی ئەنجومەن دەتوانرێ لێژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون و کارەکان پێک بھێنرێ.
سێیەم/ دەستەی کارگێڕی :
سێیەم/١: پێکھاتەی دەستەی کارگێڕی: دەستەی کارگێری پێکدێت لە؛
- سەرۆکی ڕێکخراو.
- جێگری سەرۆکی ڕێکخراو.
- بەرپرسی بەشەکانی دارایی، کارگێڕی، ھەڵسەنگاندن و بەدواداچوون و ........ ھتد.
سێیەم/٢: دەسەڵاتەکانی دەستەی کارگێڕی:
١. دەستەی کارگێری لە نێوان دوو ھەڵبژاردندا بەرپرسە لە کاروباری کارگێڕی و دارایی ڕێکخراوەکە، کە بە شێوەی دەنگدانی نھێنێ لە لایەن دەستەی گشتیەوە ھەڵبژێردراون و کارەکانیان بە رێگەی تەوافق لەسەر بنەمای لێھاتووی و شارەزایی لە یەکەم کۆبونەوەی دوای کۆنگرە لە بەرپرسێتی بەشەکان دادەنرێن، جگە لە پۆستی سەرۆک و جێگرەکەی کە بەھەڵبژاردنێکی ئازاد و نھێنێ لە نێوان ئەندامانی دەستەی کارگێری دەبێ.
٢. دەستەی کارگێری بڕیار لەسەر پێکھێنانی لێژنەی پڕۆژەکان دەدا، کە لێژنەیەکی کاتی یە.
٣. داواکاریەکان بۆ وەرگرتنی ئەندامی نوێ یان سزادانیان بۆ ئەنجومەنی بەڕێوەبردن بەرز دەکاتەوە .
٤. سەرپەرشتی بەشەکان و لقەکان دەکا و کارەکانیان دابەش دەکا.
٥. بڕیاردان لەسەر سەرف و کاروباری دارای ڕێکخراوەکە دەردەکا.
٦. دوای ڕەزامەندی ئەنجومەنی بەڕیوەبردن سەرپەرشتی خولەکانی ڕاھێنان و کۆڕ و کۆبوونەوەکان دەکا.
٧. دانانی پلان و نەخشەی چالاکی و خولەکان.
سێیەم/٣ مەرجی ئەندامێتی دەستەی کارگێڕی :
١. ئەزمونی لە بواری کاری ڕێکخراوەیی لە ٣ سال کەمتر نەبێ.
٢. تەمەنی لە ٢٠ ساڵ کەمتر نەبێ.
٣. ئامادەبێ کاتی پێویست بۆ کارەکانی کۆمەڵە ‌ تەرخان بکا .
٤. ئاستی ھوشیاری و توانای ئەقلی باشی ھەبێ .
سێیەم/٤: لەدەستدانی ئەندامێتی دەستەی کارگێڕی :
١. ڕێکخراو بۆ مەرامە کەسی و بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی خۆی بەکار بێنێ .
٢. لە ماوەی ساڵێکدا سێجار بەبێ ھۆ یان مۆلەت ئامادەی کۆبونەوە ئاساییەکانی دەستە نەبێ.
٣. لەسەر خواستی خۆی دەستی لە کارکێشایەوە.
٤. پابەندنەبوون بە پێڕەوی ناوخۆ و مەرجەکانی ئەندامێتی.
سێیەم/٥: دەسەڵاتەکانی سەرۆک :
١. ڕێنمایی کارگێڕی دەردەکا و ئیمزا لەسەر نوسراوەکان دەکا .
٢. بڕیارەکانی دەستەی گشتی و ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و دەستەی کارگێڕی جێ بەجێ دەکا.
٣. دەستەی گشتی بۆ کۆبوونەوەکان بانگھێشت دەکا و ڕاپۆرتی دەوری و ساڵانە بۆ دەستەی گشتی ئامادە دەکا.
٤. پەسەندکردن و ئیمزا لەسەر خەرجیەکان دەکا.
٥. سەرپەرشتی کۆبوونەوەکانی ڕێکخراو و لێپرسینەوە لەگەڵ تەواوی ستافی کارگێڕی دەکا.
٦. لێدوان بە ناوی ڕێکخراو دەدا و نوێنەرایەتی ‌لە کۆبونەوە دەرەکی و لۆکاڵیەکان دەکا.
٧. واژوو لەسەر گرێبەستەکان دەکا .
٨. بەپێی ئەو دەسەڵاتەی ھەیەتی دەتوانێ بەشێک لە دەسەڵاتەکانی بداتە جێگرەکەی یان یەکێ لە کارگێڕەکان.
٩. ووردبینی و بەدواداچوون بۆ داواکاری، پێشنیار، پڕۆژە و سکاڵاکان دەکا و دەیخاتە بەردەست دەستەی کارگێڕی و ئەنجومەنی بەڕێوەبردن ئەگەر پیویست بکا.
١٠. بەدواداچوون و ھەڵسەنگاندن بۆ لێژنەکان ، پڕۆژەکان ، دارایی و پەیوەندیەکان دەکا و دەتوانێ ڕێنمایی پێویست دەربکا سەبارەت بەوانە.
سێیەم/٥: دەسەڵاتەکانی جێگر:
١- جێگر لە کاتی ئامادەنەبوونی سەرۆک یان لەسەر کار لاچوونی، کارەکانی سەرۆک ئەنجام دەدا.
٢- ڕێکخستنی ئەرشیف و دۆسیەکان.
٣- نوێنەرایەتی کردنی ڕێکخراو، ڕێکخستنی وادەکان و بەھێزکردنی کەناڵەکانی پەیوەندی.
٤- ڕێکخستنی کۆڕ، خولەکان و بەدواداچوونی چالاکی و پڕۆژەکان.


- بەشی پێنجەم -


داھاتی ڕێکخراو
ماددەی دوانزدەم/ داھاتی ڕێکخراو و ژمێریاری :
یەکەم: داھاتی ڕێکخراو پێکدێت لە :
١. ئابونەی ئەندامان.
٢. ھاوکاری یان بەخششی ئۆڕگان و دامەزراوە حکومی و غەیرە حکومیەکان بۆ ڕێکخراوەکە .
٣. داھاتی چالاکیەکان .
٤. ھاوکاری و بەخششی کەسانی کۆمەک بەخش.
دووەم: چاودێری و ژمیریاری:
١. سەرجەم داھاتی دراوی ڕێکخراو لە ڕێگای ئەو حسابە بانکیە دەبێ کە بەناوی ڕێکخراوەکە کراوەتەوە.
٢. ڕێکخراو لە ڕێی بودجەی ساڵانەوە بە گوێرەی سیستەمی ژمێریاری پەیڕەوکراو لە ھەرێم دارایی خۆی بەڕێوە دەبا.
٣. ڕێکخراو راپۆرتی ساڵانەی دارایی خۆی پێشکەش بە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان دەکا و لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی لە ھەرێمدا ووردبینی بۆ دەکری.
٤. سەبارەت بەو پڕۆژانەی کە حکومەتی ھەرێم پشتیوانیان دەکا، پێویستە ڕێکخراو راپۆرتێکی وورد دەربارەی چۆنیەتی جیبەجێکردنی پرۆژەکە پێشکەش بە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان بکا و پابەندبێ بە تەواوی مەرجەکانی گرێبەستەکە.


- بەشی شەشەم -


تۆمارەکانی ڕێکخراو
ماددەی سێزدەم/ تۆمارەکانی ڕێکخراو:
یەکەم: ئەو تۆمارانەی کە دەبێ ڕێکخراوەکە ھەیبێ و لەلایەن دادنووسیش تۆمارکرابن:
١. تۆماری ئەندامان: ئەم زانیاریان لە خۆبگرێ؛ ناو. ناونیشان،تەمەن، ڕەگەز، پلەی خوێندن و ڕۆژی بوون بە ئەندام.
٢. تۆماری ژمێریاری: داھات و خەرجیەکانی ڕێکخراوی تیادا تۆمارکرابی.
٣. تۆماری بنەڕەتی( تۆماری ھەبووەکان): ھەموو سامانی گواستە و نەگواستەی ڕێکخراوی تیادا تۆمارکرابی.
٤. تۆماری بڕیارەکان: ئەم تۆمارە سەرجەم بڕیارەکانی ھەریەکە لە دەستەی کارگێڕی ڕیکخراوەکە و دەستەی گشتی و ناوی ئەو کەسەی کە بەپێی پێرەوەکەی نوێنەرایەتی ڕێکخراو دەکا و تۆمارەکەش لەلایەن دەستەی کارگێڕی ڕێکخراوەکە ئیمزا کرابێ.
دووەم: تۆماری تر کە دەکرێ ڕێکخراو بۆ ڕێکخستنەکانی کارەکانی ھەیبێ:
١. تۆماری ھاتوو و دەرچوو.
٢. تۆماری چالاکی و پڕۆژەکان.
٣. تۆماری میوانان و سەردانەکان.


- بەشی هەفتەم -


پرنسیپەکانی کارکردن
ماددەی چواردەم / بنەماکانی کارکردن لە ڕێکخراوەکەدا:
١. بۆ بەدەستھێنانی ئامانجەکانی، ڕێکخراو بەپێی پرنسیپە دیموکراتیەکان کاردەکا.
٢. پابەندی تەواوی بە یاسا نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ دەبێ.
٣. پابەندە بە یاسا پەیڕەوکراوەکانی ھەرێمی کوردستان.
٤. ئەو لقانەی لە دەرەوەی ھەرێمن، پابەندی یاسا پەیڕەوکراوەکانی ئەو شوێنانە دەبن کە لێی کاردەکەن.


- بەشی هەشتەم -


حوکمە گشتیەکان
ماددەی پانزدەم/ چەند حکومێکی گشتی:
یەکەم: لە کاتی ھەڵوەشانەوەی ڕێکخراودا بە ھەر ھۆیەک بێ، گشت سامانە گواستە و نەگواستەکانی دەگوازرێتەوە بۆ ئەندامانی دەسکورت و ئەندامانی چالاکی رێکخراوەکە. لەو پرۆسەیەشدا پێویستە ڕێکخراو تۆمارێک بە ھەموو ژمێریاریەکان و بنەچەکان( ڕێول) و داھاتەکان بە پاکتاوکار بدا، بنەچەکانی یەکەم بۆ دانەوەی قەرزی موستەحەقی ڕێکخراو دەبێ ، ئەگەر ھەیبێ و بنەچەکانی دیکەش بەسەر ئەنداماندانی موستەحەقدا دابەش دەکرێت .
دووەم: ڕێکخراوەکە مافی پێکھێنانی تۆڕ یان یەکگرتنەوەی لەگەڵ ڕێکخراوی تری تۆمارکراو لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، بە مەرجێ ٢/٣ ی دەستەی گشتی بڕیاریان دابێ.
سێیەم؛ ڕێکخراو مافی ھەموو جۆرە مولکدارێتیەکی ھەیە.

 


٠٠٩٦٤٧٥٠٨٢٨٣٥٨٣

Penaber.rojhelat@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک