(مایکل رۆبن)
کورتى هێناوە!

بەشدار عهلی
مایکل رۆبن لە پەیمانگاى دامەزراوى ئەمەریکى راپۆرتێکى لەسەر گەندەڵى و
کارو کردەوە و رێگاکانى کۆکردنەوەى سامانى بەرپرسانى کوردستان
بڵاوکردۆتەوە،سەرەڕاى ئەوەى کە ئامادەکارى راپۆرتەکە ئیشارە بەوە دەکات
کە گەندەڵیەکى بێشومار لە کوردستان هەیە،پلەى بەرپرسیاریەتى هەر
بەرپرسێک لەگەڵ رادەى گەورەى و بچوکى دزى و گەندوەڵیەکانیەتى(واتە هەر
چەندە بەرپرسێک پلەى بەرزتر بێت لەدواى گلدانەوەى دەسکەوتى
زیاترە)،سەرەڕایى ئەو زانیارییە سەرەتاییانەى رۆبن ،بەڵام لەگەڵ
ئەوەشدا رۆبن نەیتوانیوە واقعى وەزعیەتى مەوجودى کوردستان بەرجەستە
بکات لە راپۆرتەکەیدا رەنگە ئەوەش بەشێکى بۆ داخراوى دەرگاکانى
دەستکەوتنى زانیارى بگەرێتەوە چونکە گورگ و شوان بۆخۆیان رێکەوتون
ئاگادارى یەکترن و رێگە بە دەرچوونى بچوکترین زانیارى نادەن و لەسەر
درکاندنیشى گەورەترین سزا و لێپرسینەوە دەکرێت! بۆیە بە پێویستمان زانى
چەند قسەیەکى لەسەر بکەین.
بەبێ هیچ زیادەرۆییەک،لەهەر سێ شارەکەى کوردستان کە پارتى یەکێتى
دەسەڵاتیان بەدەستە،هیچ پرۆژە و کۆمپانیا و سوپەرمارکێت و مۆتێل و
بەڵێندەرایەتییەک بەبێ پشکى شێرى بەرپرسانى ئەو حیزبانە بەرێوەناچێت و
هیچ کەسێک بۆى نیە دەم لە بچوکترین پرۆژە بکوتێت ئەگەر سوودى زیاترلە
نیوەى بۆ ئەوان نەبێت،بۆیە ئیستا سەیرى پرۆژە و کۆمپانیا و بازار و
شوقە و کارگەکان بکەیت ئەمەت بە ئاسانى بۆ روون دەبێتەوە ،لەگەڵ
ئەمەشدا هەموو بەڵێندەرایەتیەکانى لە بابەت جێبەجێ کردنى پرۆژەکانى
وەکو رێگاوبان و پرد و قوتابخانە و نەخۆشخانە و مزگەوت و تەکیە و
خانەقاکان لە هەموو وەزارەتەکان لە هەولێر و سلێمانى دەدرێت بە
کۆمپانیا و بەلێندەرێکى سەر بە یەکێک لە بەرپرسەکان،ئەوسا هیچ هێزێک
نیە لەبەرامبەر لایەنى جێبەجێکارى پرۆژەکان بپرسێتەوە ئەگەر بە
خراپترین جۆر و شێواز جێبەجێ کرد ،لەبەرئەوەى لایەنى چاودێرى و
لێپرسینەوەش هەر خۆیانن!(فەشەلى و ناتەواوى زۆربەى هەرە زۆرى پرۆەکان
شایەدى ئەو رستانەى سەرەوەن،رێگاوبانەکان بە چەند مانگێک پەکیان
دەکەوێت،قوتابخانە و نەخۆشخانەکان پێش کردنەوەیان لە کەلاوەیەک دەچن،لە
زۆربەى ئاوەرۆکاندا ئاوى پاک و پیس تێکەڵى یەکتر دەبن...)لەگەڵ ئەوەشدا
گومژەى خەیاڵییان بۆ تەرخان دەکرێت.کە دەبوایە لە راپۆرتەکەى رۆبن
ئەوانە بە درێژى ئاماژەى بۆ بکرێت، چونکە داهاتێکى بێشومار مانگانە
بەرێگا نایاساییانە دەچێتە سەر حیسابى بەرپرسانى کوردستان.
رۆژ لەدواى رۆژ شێواز و رێگاى کۆکردنەوە و دەست بەسەراگرتنى سامان و
سەروەتى خەڵک لەلایەن بەرپرسانەوە زیاتر دەبێت،بەرپرسانێک سەرەڕایى
پشکیان لە کار و پرۆژەکانى کە پێشتر باسمان کرد،چەند سەنتەرێکى وەهمیان
لەژێر ناوى جۆراو جۆرى وەکو رۆشنبیرى و لێکۆڵینەوە و فێرکارى...، لە
دەمودەزگاکاندا ناونوسکردووە و مانگانە بەهەزارەها دۆلار و هاوکارى و
بۆ وەردەگرن و کەچى لە واقعیشدا بونیشیان نیە،هەندێکى تریان خەریکى
دەلاڵى زەوى و خانوبەرەن چونکە مانگانە بەسەدان پارچە زەوى بەدەست
دەهێنن و دەیفرۆشنەوە،هەندێکى تریان سوپایەک لە چەکدار و پاسەوان و
شۆفێر و بەردەستیان لاى خۆیان تۆمارکردوە و سەرى مانگانان موچەکەیان بۆ
خۆیان وەردەگرن بەبێ ئەوەى بوونیان هەبێت ،ئەمە بێجگە لەو باج و گومرگ
و رسوماتەى داهاتى کوردستان کەکەس نازانێ چى بەسەر دێت!؟بەپێى
راپۆرتێکى رۆژنامەى(واشنتۆن تایمز) داهاتى کوردستان کە بەمەلاین دۆلار
دەخەملێندرێت،یەک دینارى ناگەرێندرێتەوە بۆ بەغدا و یەک شەقامیشى پێ
چاککناکرێتەوە و موچەى یەک فەرمانبەریشى لێ نادرێت ،چونکە هەموو ئەمانە
و پرۆژەکانى ترى کوردستان لەلایەن حکومەتى مەرکەزییەوە دابین
دەکرێت،ئەى ئەو داهاتە چى بەسەر دێت؟
کار وابروات تا ماوین دەبێت بە هیواى شەقامێکى بێ کەند و دوو سەعات
کارەبا و سۆبایەکى پر لە نەوت و کەلاوەیەکى بە کرێ و دوو حەبى
ژانەسەر،سەر بنێیینەوە.
ئەفغانستان بەو وێرانیەى خۆى ئیستا 15 کاتژمێر خەڵکەکەى کارەبایان
هەیە،ئوسترالیا لە هەوڵدایە دورگە و دەریاچەکانى چاک بکات بۆ ئەوەى
شوێنى نیشتەجێ بوون بۆ هاوڵاتیانى دابین بکات و خزمەتگوزارییان
بگەیەنێت،لە یابان رێگاوبانەکانیان هێندە پێشکەوتون پێویستیان بە
ترافیک لایت نەماوە،لە کۆریا لەبەر ئەوەى کەمتەرخەمى لە چارەسەرکردنى
مناڵێک کراوە بەرێوەبەر و دکتۆر و کارمەندانى نەخۆشخانە توندترین سزا
دران... .
ئەگەر هەنگاوێک هەبێت بۆ بەرەو پێش چوون و چارەسەرى ،دەتواندرێ ئێمەش
لە کۆمەڵێک شت چاوپۆشى بکەین،بەڵام رۆژ لەدواى رۆژ ئاستى گوزەرانى خەڵک
روو لە لێژیە،کێشەکان روو لە قوڵبوونەوەن،سامانى بەرپرسانیش روو
لەبڵندییە،بۆیە ناکرێت لەمە زیاتر بێ دەنگى و قبوڵ کردن ،بەدرێژەکێشانى
ئەو وەزعیەتە سامانى بەرپرسان بەرزتر دەبێتەوە و مانگانە شێواز و جۆرى
ڤێلا و سەیارە و ژن و (کاسبیەکانیان)گۆرانکارى بەسەردادێت و ئاستى
گوزەرانى ئێمەش زیاتر کێرڤەکەى دێتە خوارەوە،بۆیە بائێمەش لە
سەنگەردابین و قۆڵى لێهەڵماڵین بۆ ئاواکردنى ئەو کەسانەى دەیانەوێت
ژیانمان لێبکەن بە دۆزەخ.
|