٢٧\٣\٢٠١٨
رووداوەکانی
عەفرین چیمان پێدەڵێن؛ ھەڵوێستەیەک!

رێبوار عارف
یەکەم: ئەوەی عەفرینی کردە وێردی سەر زمانی ملیۆنان مرۆڤ، نە سروشت و
جوانی شاریکە وەک ناوەندیکی گەشتیاریی، نە ناوبانگی تەکنەلۆژیا و
بازرگانیی ئەم شارەیە، ھاوکات نە کوردبوونی دانیشتوانەکەی ئەو واتا و
ھیزەی پیدەبەخشێ. ئەوەی عەفرینی گەیاندە ئەو ئاستە جلیوەیەکی مرۆیی و
جوولانەوەیەکی ئازادیخوازانەیە کەتیدا شەپۆل دەدا. بۆیە ئەم شارە نەک
ھەر بووە نیشانەی بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازانە، بەڵکو لە راستیدا بووە
جێگەی مەترسییەکی تازە لە بەردەم ئەمڕۆی جیھانی سەرمایەداریی و
بەرژەوەندییەکانیاندا. ئاخەر لەم شارە دەنگێک ھەیە کە لەخوارەوە بڕیار
دەدا و ژیان بنیاد دەنێ. بۆیە کاتێک کە شێوازێکی لەم شێوەیە
خەباتکارانە سەرھەلدەدا، ئیتر زاراوەگەلێک بە دوای خۆیدا پەلکێش دەکا
کە سەرئەنجام لەبەردەم بەرژەوەندیی سەرمایەداریی و ئیمپریالیزمی
جیھانیدا دەبێتە جێگەی مەترسیی. ھەر لێرەشەوە ئەم بارە تیزیکیتر بە
دوای خۆیدا دێنێ کە تێزی ڕاوەستانەوەو لەمپەر دروستکردنە لە بەردەم ئەم
جلیوە و جوولانەوە مرۆییەدا، کە بەر شالاوی گەلەکۆمەکیی ھەموو نیھادە
جیاوازەکانی پارێزەری بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداری جیھان دەبیتەوە.
دووھەم: ئەوەی کە ئێمە ھەموومان لە جەرگەی ئەم رووداوانە دەبینن ئەوەیە
کە چۆن ولاتانی ئەمەریکا، ئەورپا، روسیا ...و زلیھیزەکانی جیھان و
تەواوی ریکخراوە خۆکردەکانیان لە چەشنی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناتۆ،
تەواوی ئورگانە بە نیو’’ مرۆڤدۆستەکانیان’’ بوونەتە بەشێک لەم
کارەساتەو ھاودەنگی و ھاوھەڵوێستی خۆیان لەپشت ھێرشەکانی حکومەتی
فاشیستی تورکیادا ڕادەگەیەنن و ھەموویان پێکەوە لە ئاوازێک دەخوێنن و
بەشێوەیەکی یەکجار وەحشیانە شارێک بە دانیشتوانەکەیەوە لەخۆین
ھەڵدەکێشن. بۆیە ئەم ئەزموونەو داگیرکاریەکانی ئەمرۆژانە پێماندەڵێن
ھەر حیزب و لایەنێک و ھەرکەسێک زەڕەیەک پشت بەستووبێت بەم زلھێزانەو
جەمسەربەندیەکانی جیھانی ئەمرۆ بەدلنیای لە شکست و ھەرسھێنانییەک
لەدواییەک زیاتر شتیکیتر کۆناکەنەوە. کۆمەلگای کوردستان و ناوچەکە
تارمای چەندین شکست و نائویدی لەم شێوەی تێدا بەدیدەکرێ. ھێزەگەلێک کە
باوەڕیان بە گۆڕانکاری لە خوارەوەو بەئالوگۆڕی ڕیشەی ھەیە دەبێ لەباتی
پشتبەستن بەم زلھێزانە، تەنیا و تەنیا پشتبەستوو بن بە ھێزی یەکگرتووی
خۆیان و بە ھاوپشتیەکی بەرەی ئازادیخوازانی جیھان!
سێیەم: ئەوەی کە ھەر لەسەرەتاوەڕۆشن بوو، ئەوەبوو کە لە قۆناغییەکەمدا
حکومەتی تورکیا لەڕێگەی ھێزە تیرۆریستەکان وداعش وجڕوجانەوەرە
ھاوشێوەکانیەوە، دەخالەتی لە کێشەکانی سوریادا کردو پێگەیەکی بۆ خۆی
بەدەستھێنا. بەلام لە قۆناغی دووھەمدا بە پێچەوانەوە ئەم حکومەتە خۆی
ڕاستەوخۆ ھاتەمەیدان و ھەموو ھێزە تیرۆریستەکان و ئیسلامی سیاسی ھاتنە
پشت نەخشەو پیلانەکانی ئەم حکومەتەو بوونە بەشێک لە پێچ ومۆرەکانی
بەھێزکردنی ئەم لەشکرکێشی وداگیرکاریەی حکومەتی تورکیا. بۆیە ولاتانی
عەرەبیش کە نازنامەی دەسەلاتدایەتیان تێکەلەیەکە لە قەومپەرستی و
مەزھەبگەرای، سەرئەنجام ئاینی ئیسلام سەرچاوەو بڕیاردەری سەرەکی
فەرمانڕەوایە، بۆیە چوونە پشت سیاسەتی حکومەتە ھاوشێوەیەکی خۆیان لە
تورکیا ئەمرێکی واقعەوە شتێکی جیاوازیان لی چاوەڕوان ناکرێت، لەپەیوەند
بە لەشکرکێشیان بۆ سەر شاری عەفرین وەک ئەرکی ئاینی.
چوارەم: میدیا لە ئاست جیھاندا، وەک دەسەلاتی چوارەم ناسراوەو گرنگیەکی
زۆری ھەیە. بەلام ئێمە بینیمان کە ئەم دەسەلاتی چوارەمە ھیچ شتێک نیە،
جیاواز لەپێچ و برخوەکانی تووندکردنەوەی پایەکانی دەسەلات و ئیدۆلۆژی
باوی دەسەلاتداران. بۆیە ئەوەی ئێمە لە ماوەی ٥٨ ڕۆژ بەرگری و
بەرخوردانی دانیشتوانی شارێکدا و پشتگیریی سەدان ھەزار و ملیۆنان مرۆڤ
لە سەراسەری جیهان ھاتنەمەیدان بۆ پتگشیریی لە عەفرین، بەھیچ شێوەیەک
جێگەی سەرنج و تیارامانی دەزگاکانیڕاگەیاند و سوسیال میدیاکانیانی ئەم
ولاتانانە نەبوو؛ بۆ تەنیا جارێک جەستەی مندالانی لەخۆین ھەلکێشراویان
نیشان نەدا، تا بەڕاوەستانەوە و بوێریی کچ شۆرشگیرەکانی ئەم دەڤەرە
دەگات. ئاخەر لە ڕوالەتدا قۆناغییەکەم تەواوبووەو ئیتر ئەم دەزگایانە
پێویستیان بەستایش و پیاھەڵدانی کچان و کورانی داعشبەزین نیەو تۆپ لە
ساحەی ھیزێکی تردایە، کە بۆ ئەوان جێگەی پشگیریە، چونکە بەرھەمی داری
بەرژوەندیەکانیان لێرە بەردەگرێت. ھەربۆیە ھێشتا ٥٨ خولەک تیپەڕنەبوو
بەسەر داگیرکردنی عەفرین وئاوارەبوونی سەدان ھەزار مرۆڤدا ئیتر تەواوی
زۆنی کامیرەکانی ڕوویان لە شەقامەکانی عەفرین و داگرتنی پیکەرەکەی
کاوەی ئاسنگەر ونیمایشکردنی ھێزەکانی حکومەتە فاشیستەکەی تورکیاو
ھەڵواسینی ئەو ئالایەی کە ھێمای داگیرکاری و کوشت و کوشتاری حکومەتیکی
فاشیستە! بۆیە ئیتر گلەی کردن لە کەنالیڕووداو ھەندیکی تر لە کەنالە
کوردیەکان جۆریک لەو خۆشخەیالی و شەری نیوان بالەکانی ناسیونالیزمی
کورد زیاتر شتیکی ترنیە، ئەگینا کێ بێت نەزانیت کە رووداو نەک تەنیا
میدیایەکی حکومەتی تورکیایە، بەلکو بە بروای من دەزگایەکی ئەمنی و
جاسووسی ئەو حکومەتەیە لە کوردستاندا.
پێنجەم: ئەوەی بۆ ناسیونالیستی کورد مەغزاو مانای بوون و داینەمۆی
ھەڵوێست نیشاندانە، بوونی’’خاک’’ی وەک گەوھەرە، چونکە لەماوەی چارەکە
سەدەیەکدا ئەوان زۆر بەباشی لە نیعمەتەکانی ئەم چەمەکە حالی بوون و
دەزانن لە سایەی ئەم بەرەکەدا چۆن دەستیان بەدۆشنی ژێرخان و سەرخانی
ئەم ولاتە دەگات. ئاخەر ناسیونالیزم کە خاک وچەکی بەدەستەوە نەما ئیتر
مانایەک بۆ بەرخوردان بەرنگاری بەلایانەوە نامێنێت. چونکە مۆتیفی ئەم
بزوتنەوەیە ژیانی مرۆڤ و ماف و حورمەتی ھاولاتیانی کۆمەڵگا نیە، ئەوەی
بەلای ئەوانە دەکرێت ھەوێنی خوێن ڕشتن و قوربانیدانبێت، تەپکەیەکە کە
نابێت لە دەست نەیارەکانیاندابێت. بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ لە عەفرینا
ڕوودەدات بۆ ئەم بزوتنەوەیە کۆتای ھەموو شتێکە و دەبێت پرسەی بۆ بگیرێت،
پاریزگای شاریکیش لە بیکاریدا بۆ ھاوخەمی لەگەل قوربانیانی شاری
عەفریندا داھێنانی سێ ڕۆژ پرسە ڕاگەیەنێت و فاتیحای ھەموو شت دەخوێنێت.
بەلام لە ڕاستیدا ئەوەی کە لە عەفرینا ڕوودەدات، دواجار ئەوەیە سەرباری
ھەر پاشەکشەیەک بەلام ھەموو بزوتنەوەیەک تاکتیک و شیوازی راوەستانەوەی
خۆی ھەیە و بریاریک کە ھیزە سیاسەیەکانی عەفرین دایان بۆ پاشەکشە لەم
شارەدا ھیچ شتێک نەبوو جیاواز لە ئاستێکی بالا لە بەرپرسیاریەتی
لەبەرامبەر بە ژیان و چارەنووسی ھاولاتیانیکدا کە نابێت لە پێناوی
پاراستنی خاک ژیانیان بکرێنە بارمتەو کارەساتی گەورەو گەورەرتر بەدوای
خۆیان بھێنن.
شەشەم: سەرئەنجام ئەوەی کە خەلکی کوردستان و بەتایبەت بەرەی
ئازادیخوازان دەخاتە بەردەموەلاتدانەوە بە پرسیاری چی کردن، ئەوەیە کە
ئیتر کاتی دامالینی دەمامکەکان و تەوقی ناسیونالیزم و قەومپەرستی و
بانگەشەی فریوکارانەی ئیسلامی سیاسی و تیپەراندنی ئامانج و نەخشەو
بەرژوەندیەکانی ولاتانی سەرمایەداری و ئیمپریالیزمی جیھانییە. بە کورتی
ئەم ئەزموونە پێمان دەڵێت (( نە شا نە شێخ نە ئاسمان ھیچیان ڕزگارمان
ناکات، با خۆمان بۆڕزگاری ڕابین،...)). ماوەتەوە کە بڵێن ئەوەی
ڕوودەدات بەردەوام بوونی بەرخودانە لە عەفرین لە شکل و فۆرمێکی
جیاوازدا، ھەربۆیە ئەوەی کەخۆی لەبەرەی ئازادیخوازاندا دەبینێتەوە
دەبێت لە سەنگەری ھاودەنگ و ھاوخەباتی بۆ گەڕانەوەی ئیرادەی مرۆیی لەم
شارەدا، بێتەمەیدان و خۆی ببینێتەوە!
rebwar.arif@hotmail.com
|