٢٨\٤\٢٠١١
رووداوه‌کانی
کوردستان و رۆڵی سیاسی ژنان
تێیدا
ئێمه ده‌توانین پێکه‌وه گۆڕانکاریی
مێژوویی بکه‌ین.

هه‌ڵاڵه رافع
له سه‌ره‌تای رووداوه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و کوردستانه‌وه،
رۆژانه وه‌ک زۆرێک له که‌سانی تر بیرم کردووه‌ته‌وه ئه‌وه‌ی که له‌ملا
و له‌ولا و که‌م تا زۆر قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌که‌م و بیری لێده‌که‌مه‌وه
بیخه‌مه سه‌ر کاغه‌ز، به‌ڵام نه‌مکردووه، نه‌مده‌توانی هه‌موو هه‌ست
و نه‌ستێکم، له نووسینێکی بچووکدا که هه‌موو چه‌مکێک بگرێته خۆی و
وه‌ک خۆی که هه‌یه دابڕێژم. به‌ڵام ئێستا هێزم دایه به‌ر خۆم و ده‌مه‌وێت
ته‌نیا ئاماژه بۆ ئه‌و خاڵانه بکه‌م که پێموایه نه‌ک ته‌نیا بۆ من
به‌ڵکو بۆ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ش گرنگن که به واقیعی به خه‌می خه‌ڵکه‌وه‌ن
به دیاریکراوی ژنان، سیاسه‌ت و حیزب و رێکخراوو شه‌خسیه‌ته‌کانیان تا
ئه‌و شوێنه بۆ پیرۆزه که خودی ئینسانی بۆ پیرۆز بێت و کار بۆ
خۆشگوزه‌رانی و ئاسووده‌یی ئینسانه‌کان ده‌که‌ن، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی
وابه‌سته‌یی حیزبی، ئاینی و سیاسی‌یان. پێشموایه که ته‌نها ئه‌م
رێگایه ده‌مانگه‌یه‌نێته ترۆپکی ئینسانیبوونمان.
من نامه‌وێت هیچ قسه‌یه‌ک له‌سه‌ر وڵاته‌کانی تری ده‌وروبه‌ر بکه‌م، به‌ڵام
ده‌مه‌وێت ته‌نیا له‌سه‌ر بارودۆخی کوردستان و رۆڵی خه‌ڵک به‌گشتی و گه‌نج
و ژنانی یه‌کسانیخواز به تایبه‌ت و ده‌بێت ئێمه چ ده‌ورونه‌خشێکمان
هه‌بێت له‌و گۆڕانکارییانه‌دا. به‌ر له هه‌ر شتێکیش ده‌مه‌وێت بڵێم به
واقیعی ئێمه زۆرین و کارکردیشمان هه‌یه، ئه‌مجا ئه‌گه‌ر پێکه‌وه بین
و خۆمان له‌و ئاسته‌دا ببینین که ده‌توانین پێکه‌وه کار بکه‌ین،
ده‌توانین رۆڵمان له گۆڕانکارییه‌کانیشدا هه‌بێت.
ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له 20 ساڵ له‌مه‌وپیش بده‌ینه‌وه، ده‌بینین هه‌موو
گر‌ووپ و لایه‌ن و که‌سایه‌تییه‌ک، له راسته‌وه بۆ چه‌پ، کاریانکردووه
بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ئامانجه‌کانیان و که‌س ناتوانێت ئینکاری له‌و
کارانه بکات. دوو حیزبی ده‌سه‌ڵات که دوای راپه‌ڕین به حوکمی چه‌ند
هۆکارێکی مێژوویی و له پێش هه‌مووشیانه‌وه ئه‌وه‌ی که خه‌ڵک هێزێکی
خۆماڵی هه‌ڵبژێرێت باشتره، نه‌ک له باوه‌ڕیانه‌وه به‌و دوو هێزه
بوونه خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات. ئه‌وانیش، بێگومان بۆ سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی
خۆیان کاریانکردووه و تا بۆیانکراوه هه‌وڵیانداوه لایه‌نه‌کانی تر
په‌راوێز بخه‌ن و ره‌سمییه‌تیان پێنه‌ده‌ن.
به‌ڵام پرسیارێک که لێره‌دا دێته پێش ئه‌وه‌یه که ئایا کام به‌ره‌ی
کۆمه‌ڵگا توانیویه‌تی کاره‌کانی خۆی به ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت؟
ئه‌وه‌ی که له‌و مێژووه‌دا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه کراوه که خه‌ڵک
به چاوه‌ڕوانییه‌وه هه‌ڵیبژارد چی بو‌و؟ له چه‌ند وشه‌یه‌کدا ئه‌وه‌یه
که کۆمه‌ڵێک له‌ڕاده‌به‌ده‌ر ده‌وڵه‌مه‌ند بوون و کۆمه‌ڵێکیش له‌ڕاده‌به‌ده‌ر
هه‌ژار، له باشترین حاڵه‌تدا ئه‌گه‌ر که‌سێک ئه‌ندامی یه‌کێک له‌و
پارتانه نه‌بووبێت یان هاوکاریان زۆر به سه‌ختی ژیانی پێ به‌ڕێوه‌چووه
له‌به‌ر ئه‌وه ناچاربوون ئه‌و کاره بکه‌ن. بازاڕی کار و هه‌موو ده‌رامه‌تێکی
کۆمه‌ڵگا به ده‌ست کۆمه‌ڵێک سه‌رمایه‌داری قازانج په‌رسته‌وه بووه
له‌جیاتیی دامه‌زراوه و داموده‌زگای ده‌وڵه‌تی، شه‌هیدکردنی
قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال به‌عس کردی و «ده‌سه‌ڵات« قه‌راربوو
قه‌ره‌بوویان بکاته‌وه به‌ڵام نه‌یکرد، لیستی کوشتن و خۆسووتاندنی
ژنان له‌ژێر سایه‌ی ئه‌واندا ده‌ستیپێکرد و درێژتر و دریژتر بووه‌وه،
به‌ڕاستی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌کی تر خوڵقێنرا، به‌ڵام له‌به‌رانبه‌ر ژنانداو
ئه‌م جاره له ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌عسدا نه‌بوو. ئازادییه تاکه‌که‌سی و
مه‌ده‌نییه‌کان و فرسه‌تی کار بۆ گه‌نجان سنوردارتر کرانه‌وه، ده‌ستووری
عێراقی تازه که باشتر نییه له ده‌ستووره کۆنه‌که‌ی به یاساکانی
باری که‌سێتییه‌وه بووه رێگانیشانده‌ری خه‌ڵکی کوردستان که خواستی
ئه‌وان نه‌بووه و نییه، نه‌ک ته‌نها ئه‌وه به‌ڵکو یاسای فره‌ژنیشی
بۆ زیاد کرا. ده‌نگ و ره‌نگی ئازادیان سه‌رکوت کرد و هه‌ڵسوڕانیان
سنوردار کرده‌وه. له‌کۆتاییدا ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌مه مێژووی
کارنامه‌یان نه‌بوایه‌و بیانویستایه رای خه‌ڵک به هه‌ند وه‌ربگرن ده‌یانتوانی
هاوکێشه سیاسییه‌کانی وڵاتانی دراوسێ و رای جیهانی به لای خۆیاندا
رابکێشن و کوردستان له چوارچێوه‌ی عێراق جیا بکه‌نه‌وه، به‌ڵام نه‌یانویست
بیکه‌ن!
به‌م مێژووه‌یان و ئه‌زمو‌ونه‌یانه‌وه قڵشتێکی زۆر فراوانیان له
نێوان ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگا و به‌تایبه‌تی ژنان و گه‌نجدا درو‌ستکرد چ
له باری ئابوورییه‌وه و چ له باری تێگه‌یشتنی چه‌مکی ئازادی و فه‌رهه‌نگ
و مافی مه‌ده‌نی کۆمه‌ڵگاوه، بۆیه کۆمه‌ڵگای کوردستانیش ته‌جروبه‌و
توانایان له وڵاتانی ناوچه‌که وه‌رگرت و هاته سه‌ر جاده سه‌ره‌ڕای
هه‌ر جیاوازییه‌کی نێوان وڵاته‌کان. ئه‌گه‌ر «ده‌سه‌ڵات« له ئێستادا
ئه‌و گۆڕانکارییانه نه‌کات، که خه‌ڵک ئه‌و متمانه‌یه‌ی نییه بیکات،
ناتوانێت درێژه به ژیانی بدات و کۆشکی شاری خه‌ونه‌کانی به‌رزتر
بکاته‌وه، له‌سه‌ر حیسابی خۆشگوزه‌رانی و ئازادیی خه‌ڵک.
ئه‌وان کاره‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه زۆر به‌باشی ئه‌نجامدا. ئه‌ی
ئێمه لایه‌نی ناڕازی و ئازادیخواز‌و بزووتنه‌وه‌ی یه‌کسانیخوازی ژنان
و که‌سایه‌تییه‌کانی داکۆکی له مافی مرۆڤ چیمان کرد؟ ئه‌گه‌ر ئاوڕێک
له‌و رابرد‌ووه نه‌ده‌ینه‌وه و راشکاوانه هه‌ڵینه‌سه‌نگێنین
ناتوانین هه‌نگاو بۆ گۆڕانکاری هه‌ڵبگرین. دیاره ئه‌و مێژو‌وه نیشانی
ده‌دات که ئێمه کارمان زۆر کردو‌وه، زۆرێکمان ژیانمان له‌سه‌ری
داناوه، قوربانیمان داوه و له‌مه‌ڕ هه‌موو پرسه‌کانه‌وه ناڕه‌زایه‌تیمان
ده‌ربڕیوه، چ کۆمه‌ڵایه‌تی (ژنان، گه‌نجان و په‌روه‌رده‌و...) چ
ئابووری چ یاسایی و چ ئازادییه فه‌ردی و مه‌ده‌نییه‌کان و شه‌ڕی فیکری
و مه‌یدانیمان بۆ کردون، پێشنیارمان داوه‌ته ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام خواسته‌کانمان
جێبه‌جێ نه‌کراون، به‌شی گه‌وره‌ی هۆکاره‌کانیش ئه‌وه بووه ده‌سه‌ڵات
نه‌یویستو‌وه ئه‌و کارانه جێبه جێ بکات و سیاسه‌تی خۆی به‌ڕێوه
بردووه و بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت هێزی بۆ جێبه‌جێنه‌کردنیان
دروستکردووه، به‌ڵام ئه‌ی که‌موکوڕییه‌کانی خۆمان چی بوون؟ پێموایه
ده‌بێت که‌مێک له‌گه‌ڵ خۆمانا راستگۆ بین که ئێمه تا ئێستاش نه‌گه‌یشتووینه‌ته
ئه‌و ئاسته مرۆڤایه‌تییه که هێزی مه‌ده‌نی و ده‌نگی ناڕازی و یه‌کسانیخوازی
خه‌ڵک بۆ ئاڵوگۆڕ له هه‌موو بواره‌کاندا، له ماوه‌ی ئه‌و 20 ساڵه‌دا،
یه‌ک بخه‌ین و هه‌ر ساڵه له‌سه‌ر چه‌مکێک له‌سه‌ر بنه‌ما هاوبه‌شه‌کانمان
لێبڕاوانه کار بکه‌ین تا به‌رهه‌مه‌که‌ی بچنینه‌وه، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی
به‌رژه‌وه‌ندییه گرووپی و حیزبییه‌کان، چونکه به واقیعی کوردستان
کۆمه‌ڵگایه‌کی موته‌حه‌زیبه‌و خه‌ڵک دابه‌شکراوه به چه‌ند حیزبێک و
بێگومان له‌ناو خواره‌وه‌ی هه‌موو لا‌یه‌نه‌کاندا له راسته‌وه بۆ چه‌پ
کۆمه‌ڵێ حه‌ز و خواستی ئینسانی هه‌ن که هه‌موومان پێکه‌وه کۆ ده‌که‌نه‌وه
و ده‌بێت له بارێکی ئاڵۆزی له‌م چه‌شنه‌دا رۆشنایی بخرێنه سه‌ر ئه‌و
بنه‌ما هاوبه‌شانه‌ی خواره‌وه و هه‌ر له‌وانه‌شه‌وه سیاسه‌ت و
کارنامه‌ی لایه‌نه‌کانی ده‌سه‌ڵات هه‌ڵسه‌نگێنرێت. له‌کاتێکدا که
حیزبه‌کان به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسییه‌کانیان یه‌ک ده‌گرێت ده‌سه‌ڵات وه‌ک
گرووپێک ده‌رده‌که‌وێت، ئێمه‌ش که به‌رژه‌وه‌ندیمان به
به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵکه‌وه گرێدراوه وا پێویستده‌کات کاری پێکه‌وه‌یی
بکه‌ین و هێزمان کۆکه‌ینه‌وه.
ئه‌وه‌ی که ئێستا ده‌گوزه‌رێت و پێویسته ئاگاداری بین فرسه‌ت له ده‌ست
نه‌ده‌ین و ئه‌و ده‌نگه ناڕازییه‌ی خه‌ڵک، گه‌نجان و ژنان ئاڕاسته‌ی
هه‌موو «ده‌سه‌ڵات« بکرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موو هێزه‌کانی ده‌سه‌ڵات
و ئۆپۆزسیۆن شه‌ریکن له‌و بارودۆخه، هه‌روه‌ها دووباره کۆمه‌ڵگا
له خواره‌وه زیاتر دابه‌ش نه‌بێته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ش که له خراپترین
حاڵه‌تدا ئه‌گه‌ر ئێستاش نه‌توانرێت له ره‌گه‌وه ئه‌و گۆڕانکارییانه
به ئه‌نجام بگه‌یه‌نرێن، متمانه‌ی شه‌قام له ده‌ست نه‌درێت و هێزێکی
هۆشیار و یه‌کگرتووبین بۆ هه‌نگاوه‌کانی داهاتوومان. له ئێستادا
میکرۆفۆن با به ده‌ست گه‌نجان خۆیانه‌وه بێت، به‌ده‌ست شه‌خسیه‌ت و
نوێنه‌رانی واقیعی خه‌ڵکه‌وه بێت که له هه‌ناوی خه‌مه‌کانی خه‌ڵکه‌وه
هاتوون و رۆژانه خۆیان ده‌ستوپه‌نجه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌رم ده‌که‌ن، به‌ده‌ستی
ژنانێکه‌وه بێت که قوربانی سیسته‌می پیاوسالارین و ژنانێک که هه‌ڵسوڕاوانی
بزووتنه‌وه‌ی ژنانن، ئه‌گه‌ر بوار به‌و شه‌خسیه‌ته واقیعییانه نه‌درێت
و پشتیوانی‌یان لێنه‌کرێت، هیچ لایه‌ن و گر‌ووپ و رێکخراوێک که ئێستا
له مه‌یدانانن، ئه‌گه‌ر ته‌نها به خه‌می کورسییه‌کی زیاتر و چوارچێوه‌یه‌کی
ته‌سکی حیزب و گرووپه‌که‌ی خۆیه‌وه‌و به سیاسی‌کردنی د‌ووباره‌ی مه‌زهه‌ب
بێت، ناتوانێت ئه‌و مێژو‌وه وه‌رچه‌رخێنێت.
پرسی ژنان:
سه‌باره‌ت به پرسی ژنانیش به گشتی له چوارچێوه گشتییه‌که‌دا جێگه‌ی
ده‌بێته‌وه، به‌ڵام پێموایه هه‌ندێ خاڵی تایبه‌تتر هه‌یه که ده‌ستی
بخه‌ینه‌سه‌ر. کۆمه‌ڵگای کوردستان و بزووتنه‌وه‌ی یه‌کسانیخوازی له 91
و تا ئێستا ده‌یه‌ها ژنی هه‌ڵسوڕاو و نه‌ترسی تێدا هه‌ڵکه‌وتووه چ
کاری رێکخراوه‌یی ته‌نانه‌ت له رێکخراوه‌کانی سه‌ربه حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانیشدا،
یان کاری رۆشنبیری و ئه‌ده‌بیان کردو‌وه که لێره‌دا پێویست ناکات
بچمه سه‌ر ورده‌کاریی هه‌وڵه‌کان و ناوه‌کانیش ئه‌گه‌ر زۆر نه‌بو‌ونایه
هه‌مو‌ویم ده‌نو‌وسی. هه‌رکه‌سه‌مان له‌ناو گر‌ووپ و حیزب و رێکخراوی
جیاوازدا کارمانکردووه، له هه‌ندێکاتدا به هاوبه‌ش و هه‌ندێ کات به
تاک. ئه‌و مێژووه‌ش نیشانیداوه له‌و کاتانه‌دا به هاوبه‌ش
کارمانکردووه کاره‌کانمان زیاتر چوونه‌ته پێش و متمانه‌ی ژنان و کۆمه‌ڵگامان
زیاتر به ده‌ستهێناوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی که ئێمه بێ دوودڵی له پرسی
ژناندا هه‌مان قسه‌مان کردو‌وه له‌سه‌ر که‌لتوور و یاسا و پرسه‌کانی
پیاوسالاری و ئاین..هتد، ئه‌و ئه‌زموونه پێمان ده‌ڵێت که تاکه رێگای
به‌ده‌ستهێنانی خواسته‌کانی ژنان و بزووتنه‌وه‌ی یه‌کسانیخوازی ئه‌وه‌یه
که هه‌موو ئه‌و ژنانه چ له ناوه‌وه چ له‌ده‌ره‌وه پێکه‌وه و به
به‌رنامه و پلاتفۆرمێکی هاوبه‌شه‌وه به هاوئاهه‌نگی بێینه مه‌یدان،
تا بتوانین رۆڵی خۆمان له گۆڕانکارییه سیاسییه‌کاندا ببینین، به‌بێ
له‌به‌رچاوگرتنی جیاوازیی سه‌لیقه‌ی شه‌خسی. پێموایه ئه‌گه‌ر ئه‌م
کاره نه‌که‌ین، مانای ئه‌وه‌یه دڵمان بۆ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه
ناسووتێت و دووباره و سێباره فرسه‌ت له ده‌ستده‌ده‌ین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر
بتوانین کاری پێکه‌وه‌یی بکه‌ین، ده‌توانین متمانه‌ی ژنانی کوردستان و
جیهانیش به ده‌ستبهێنین، نه‌ک هه‌ر به ته‌نها ئه‌مانه‌ش، به‌ڵکو ته‌نانه‌ت
ئه‌و ژنانه‌ش که رۆژانێک هاوسه‌نگه‌ری ئێمه بوون و ئێستا له شوێنانی
ترن، ده‌توانن هێز له‌م یه‌کده‌نگییه‌ی ئێمه وه‌ربگرن و چیی تر نه‌بنه
پاشکۆی سیاسه‌تێک که له به‌رنامه‌یدا یه‌کسانیخوازی جێگای نابێته‌وه.
خواسته‌کانی ژنان له ناو ئه‌م جوڵانه‌وه ناڕه‌زایه‌تییه‌دا پێویستده‌کات
له چه‌ند خاڵێکی سه‌ره‌کیدا کۆبکرێته‌وه:
ـ مافی یه‌کسانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ژن و پیاو.
ـ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی که ره‌سمیه‌ت به هه‌ڵاواردنی
جنسی ده‌ده‌ن.
ـ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای فره‌ژنه.
ـ دانی جێگا‌و رێگای زیاتر به ژنان له جوڵانه‌وه‌که‌دا، له ئه‌نجو‌ومه‌نه‌کاندا،
له رابه‌ری ناڕه‌زایه‌تییه‌کاندا و توڕه‌یی ژنان تێکه‌ڵ به توڕه‌یی
جه‌ماوه‌ر بێت دژی سه‌رکوت و نه‌داریی و گه‌نده‌ڵی، ته‌نها کتێبه‌کانی
ئۆقیانو‌وسێک له تاوان و قوربانیانی نامووسپه‌رستی گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌ن
له تاوان و کاره‌سات له 20 ساڵی رابردو‌ودا له ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا
له به‌رانبه‌ر ژنان ئه‌نجامدراوه.
ـ نه‌بو‌ونی رێکخراوێکی لێبڕاو‌و و یه‌کسانیخواز دژی هه‌ڵاواردنی ژنان
یه‌کێکه له گه‌وره‌ترین که‌موکوڕییه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری
ئێستا.
ئێمه هه‌ڵسوڕاوانی بزووتنه‌وه‌ی ژنان له سه‌خترین رۆژه‌کانی سه‌ره‌تای
ئه‌م ده‌وره‌یه‌دا به‌رانبه‌ر تیرۆری ژنان و نامووسپه‌رستی و بێمافی
وه‌ستاینه‌وه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به هۆی پرش و بڵاوی و نه‌بو‌ونی به‌دیل
و به‌رنامه‌یه‌کی کارسازه‌وه هێزمان په‌رت و بڵاوه‌و توانا‌مان به هه‌ده‌ر
ده‌ڕوات، ده‌بێت زوو ئه‌م بۆشاییه پڕ بکه‌ینه‌وه. ئه‌رکی ئێمه‌یه ده‌ستبه‌جێ
ده‌ست بۆ پێکهێنانی پلاتفۆرمێکی هاوبه‌ش به‌رین و ده‌ورونه‌خشمان له
جوڵانه‌وه‌کاندا هه‌بێت. من ده‌ڵێم به‌یانی دره‌نگه با پێکه‌وه هه‌ر
ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر بنه‌ما هاوبه‌شه‌کانمان ده‌ستبه‌کاربین. ئێوه چی ده‌ڵێن؟
ماڵپه‌ڕی
هه‌ڵاڵه رافیع
|