١\٢\٢٠١٠
رووداوە تراژیدییهکان لە نێوان
تاوانبارە ئاشکرا و تاوانبارە شاراوەکاندا...!
- دەربارەی دانپێدانان و تێوەگلانی تاڵەبانی و
نەوشیروان لە ڕووداوە تراژیدییهکانی کوردستاندا -

موزەفەر عەبدوڵا
رووداوە تراژیدییهکانی کوردسستان، لەسەروو هەموویانەوە تاوانی
جینۆسایدی هەڵەبجە و ئەنفال، کە بەهاری ساڵی 1988
لە لایەن ڕژێمی ناسیونال فاشی بەعسەوە ئەنجامدرا و، کە تێیدا سەدان
هەزار کەس بوونە قوربانی لە خەڵکی سڤیڵی بێتاوانی کوردستان و،
وێرانکردنی دەیان شارۆچکە و هەزاران گوند، ئەمرۆ بە یەکێک لە تاوانە
بێوێنەکان دادەنرێت، نەک هەر لە ئاستی عیراق و ناوچەکە، بەڵکو لە ئاستی
جیهانیش لە دوای شەڕی دووەمی جیهانەوە.
هەڵبەت ئەم تاوانە لە چوارچێوەی کەش و هێز هاوسەنگییهکی لۆکاڵی و
ناوچەیی و جیهانیدا ئەنجامدرا. بۆیە لە گەرمەی ئەو تراژیدی یایەدا لە
هەموو ئاستەکان بێدەنگی لێکراو،وەک دەڵێن دیزە بە دەرخۆنە کراو
تەقریبەن قوڕوقەپی لێکراو تاوانبارانی ئاشکراو نهێنی تا دەورانێک هەر
بە قارەمان وێنا دەکران. بەڵام لەگەڵ ئاڵوگۆڕە جیهانی و ناوچەیی و
لۆکالییهکانی سەرەتای نەوەتەکان و سەرهەڵدانی قەیرانی سیاسی و ئابوری
و جەمسەر بەندی نوی و هێز هاوسەنگی تازەدا واقعیاتەکانی زیاتر بەدەر
کەوتن. دیارە بەدەر کەوتنی ئەو واقعیات و هەقیقەتانەش زلهێزەکان لە
ڕوانگەی بەرژوەندی یەکانی خۆیان سۆراغیان دەکرد نەک لە ڕوانگەی
مافەکانی خەڵکێکی ستەملێکراو پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بە دادگایی
گەیاندنی تاوانبارە گەورە و بچووکەکانی ئەم تاوانانە. ئەگەرچی بە
ڕووکەش لە سەروبەندی ئەو ئاڵوگۆڕانە ئەم ئاڵایەی پاراستنی مافی مرۆڤ و
دیموکراسییان بەرزیش کردبۆوە.
بەهەر حاڵ لە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانەوە لە ساڵی
1991 وەو ، وەدەرنانی بەعس لە کوردستان
زیاتر ناوەڕۆکی هەقیقی ئەم تاوانە بۆ جیهان ئاشکرا بوو. ئەویش بەشی
زۆری بە هەوڵی سەدان هەڵسوڕاوی سیاسی کۆمۆنیست و سۆسیالیست و چەپ و
بەرگری لە مافی مرۆڤەوە، نەک لە لایەن سەرانی حیزبه ناسیونالیست و
ئیسلامییهکان لە کوردستان و، تەنانەت نەک لە لایەن دەوڵەتە زلێهزەکانی
ناوچەکەو جیهانیشەوە .ئەوەش کە لەم چەند ساڵە لە سیناریۆیەکدا سەدام
حوسین کە ،رەمزی ڕابەری ناسیونال فاشی عەرەب بوو، تاوانبار کراو
دادگایی کرا و ئێستاش عەلی کیمایی و ژمارەیەکی تر وەک فەرماندەیی
عەمەلی ئەو تاوانە دادگای کرانو بڕیارو سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچو،
هەمووی لە چوارچێوەی بەرژەوەندی یەکی سیاسی و دبلۆماسی لۆکالی و جیهانی
دا بەڕێوە چوەو دەچێت .یانی ئەگەرچی ئەمانە تاوانباری گەورەو ڕاستەوخۆ
و ئاشکرا بوون لە ئەنجامدانی ئەم تاوانانە بەڵام زۆر ئامانجدارانە ئەم
تاوانبارانە ڕانەکشیرَان بۆ دادگایەکی نێو دەوڵەتی و بێ لایەن کە
تیایدا هەمو راستی یە شاراوەکان و تاوانبارە شاراوەکانی پشتی پەردەی
ئەم تراژیدی یانە ئاشکرا ببن.
بەڵام ئەوە نزیک بە یەک دوو ساڵە لەگەڵ گێژەنکێکی تر لە ئاڵوگۆڕی سیاسی
و نوقم بوونی دەستەو تاقمە قومی و تایەفی یە ئیسلامیی یە ملیشایی یەکان
لە ئاستی عیرَاق و کوردستان و، دەخاڵەتی زیاتری ڕژێمە کۆنەپەرستەکانی
ناوچەکەو ، کێشمەکێش و ململانێی نێوان ئەمریکا و ڕۆژئاوا لەگەڵ ئیران و
گروپە ئیسلامی یە تیرۆریستەکانی ترەوەو، چەق بەستنی ئەم ملاملانی یە لە
عێراق و، شکستی ستراتیژی سیاسی و سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکە، بە
تایبەتی لە عیراق، و ئاڵوگۆڕ لە دەسەڵاتی سیاسی ئەمریکاو کۆتایی هاتنی
هەیمەنەی بنەماڵەی بۆش و ڕاستەسەرەڕۆ و نیو لیبرالەکان و کاریگەری ئەم
قەیران و بارودۆخە لەسەر حیزبه ناسیونالیستهکانی کورد ، لەسەرو
هەمویانەوە لەسەر یەکێتی لەم چەند ساڵەدا، و دابەزینی کێشی یەکێتی لە
ململانێی لەگەڵ پارتی ،لە لایەک و ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان لە
بەرانبەر دەسەڵاتی ئەمانە لە لایەکی تر هەموو ئەمانە بوونە فاکتەر
لەسەر تەقینی زەلکاوی یەکێتی و ڕێچکەبەستنی جۆگەیەکی تری بۆگەنتر لە
خودی زەلکاوی یەکێتی بە ناوی گۆڕانەوە.
وە ئەم کێشەو ململانێ یەی یەکێتی بە تەواوی لە سیناریۆی هەڵبژاردنی
25 ی تەمووزی ساڵی پار گەیشتە قۆناغی
پێکدا هەڵشاخان و سەرەڕای هەر بەندو بەستێک لە لایەن سەرانی حیزبهکانی
ترەوە بەڵام هەر بە هێزی خۆی ماوەتەوەو زۆربەی چاودێرانی سیاسی
لەوباوەڕەدان کە ڕۆژێک هەر پێکدا دەدەن و وەک کاری هەمیشەیشیان خەڵکی
کوردستان دەکەنەوە بە قوربانی و تراژیدی یەکی تری شەڕی ناوخۆیی
دەقەومێنن. هەروەک پارتی و یەکێتی لە ساڵی 1996
قەوماندیان و هەزاران کەس بوونە قوربانی.
بەڵام لە هەمووی دراماتیک تر لە نێو هەموو ئەو هاوکێشەو ململانێ
ناوخۆیی و سەراسەری یەدا دانپیانەکانی جەلال تاڵەبانی بوو لە پلینۆمی
چواری تاقمەکەی دا لەسەر نەوشیروانی هاو تاقمی چڵ ساڵەی .تاڵەبانی بە
ڕاشکاوی لە راپۆرتە سیاسی یەکەی دا ئەو ڕاستی یەی ئێمە کۆمۆنیستەکانی
بۆ ڕایگشتی سەلماند کە نزیک بە دوو دەیەیە دەڵێین، کە سەرانی حیزبه
ناسیونالیست و ئیسلامییهکان بە گشتی و یەکێتی بە تایبەتی، دەستی هەبوو
لە خوڵقاندنی ئەم تاوانانەی کوردستاندا ،بە تایبەتی تاوانی هەڵەبجەو
ئەنفال .ئێمە لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لەم چەند ساڵە لە دەیان بەیان
و کۆڕو سمینارو ڕاپۆرت و چاوپێکەوتنی ڕابەران و کادرانی حیزب لە
ناوەوەو دەرەوە ئەم ڕاستی یەمان داوە بە گوێی خەڵکی ئازادیخوازی
کوردستان و ڕێکخراوەکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ و،هاوکات داوای دادگایی
کردنی ئەم تاوانبارە نهینی یانەمان کردووە .بەڵام ئەوان چونکە
تاوانبارن وەک کاراکتەری هەموو تاوانباریک گۆیی خۆیان لەم بانگەواز و
داواکار ی یە گشتی یەی ئێمە کەڕ کردووەو هاوکات هەمیشە بەشێکیش لە
ڕۆشنبیرو قەڵەم بەدەستەکانیان نوکولیان لەم ڕاستی یە کردووە.جا ئەگەرچی
ئیستا تاڵەبانی ئۆباڵی هەموو ئەم تاوانانە دەخاتە ئەستۆی نەوشیروان و
،نەوشیروانیش وێرای ئەوەی تاڵەبانیش بە هاوبەش دەزانیت بەڵام ملی
باریکە بەرانبەر ئەم تاوانانە.
بۆیە ئەمڕۆ ئیتر پێویست ناکات ئەم ڕاستی یانە هەر بە گومانەوە سەرنج
بدرێت و تەنها بە چاوی بەرائەت و قارەمانی یەوە تەماشای ئەم تاوانبارە
شاراوانە بکرێت .تەنانەت نەک هەر ئەمە بەڵکو ئیتر ئێستا ،بە تایبەتی
تاڵەبانی و نەوشیروان ،ئەوەندە بەڵگەیان لەسەر یەک ووتوە کە نەک هەر
وەک تۆمەتبار بەڵکو وەک تاوانبار پێویستە بکرێنە قەفەسی تاوانباری
یەوەو سزایان بەسەردا بسەپێنرێت .چونکە ئەمڕۆ ئەمانە خودی خۆیان دانیان
ناوە بە تاوانەکانی یەکترداو خۆیان لە پێناوی بەرژوەندی یەکانیان خۆیان
دادگایی کردووە. خۆ ئەگەر ئەمرۆ ئەم تاوانبارانە لە هەندێ ووڵاتی
ئەوروپی بونایە داواکاری گشتی پەلکێشی دەکردن بۆ دادگاو دادوەری گشتیش
سزای بەسەردا دەسەپاندن .لەمبارەیەوە هەر ئەمڕۆ تۆنی بلیرَی سەرۆک
وەزیرانی پێشوی بەریتانیا خەریکن پەڵکێشی دەکەن بۆ دادگا لەسەر
تێوەگلانی لەشەڕی عیرَاقدا کە لە ساڵی 2003
دا ڕووی دا.
ئیستاش بەرانبەر تاڵەبانی و نەوشیروان ماوەتەوە ئەوەی خەڵکی ئازادیخواز
و ڕێکخراوەو حیزبە سیاسی یە ئازادیخوازو مرۆڤدۆستەکان ئەم خواستی
دادگایی کردنەی ئەمانە بەرزکەنەوەو فشار بهێنن لە ئاستی جیهاندا تا
پەلکێشیان کەن بۆ دادگایەکی سەربەخۆی نێو دەوڵەتی.هەرچەندە ئەمانە
هەریەکەیان ئەوی تریان بە تاوانبار دەزانێت بەڵام لە ڕاستیدا هەردوکیان
و کۆمەڵێک لە بەرپرسەکانی حیزبەکانی تریش تاوانبارن.
بە بڕوای من هەر ئیستا ئەمانە بە مجازی لە قەفەزی تاوانباری دان. جا با
تاڵەبانی هەر سەرۆک کۆماری عیرَاق بێت و نەوشیروان با هەر سەرۆکی گۆران
بێت و پرۆپاگەندەی دیموکراسی و سەربەخۆیی دادگا و دامەزراوەی مەدەنی و
جیایی دەسەڵاتی حیزب لە حکومەت و دژی گەندەڵی بکات .ئەمانە هیچی
زەررەیەک لەوە ناگۆڕێت کە خەڵکی کوردستان خواستی دادگایی کردنی ئەمانە
بەرزکاتەوە بە بەڵگەی دانیپانانی خۆیان لە تێوەگلانیان لە تراژیدیایی
هەڵەبجە و ئەنفالدا.ئەوە جگە لەوەی هەر یەک لە تاڵەبانی و نەشیروان زۆر
تاوانی تریان لەسەر یەکتر دانپیاناوە لەوانە: کوشت وبڕی شەڕی ناوخۆیی و
تیرۆری شەخسی ئەوانەی ناکۆکی و دژایەتی سیاسی لەگەڵ ئەمانە دا هەبووە
لە سێ تا چوار دەیەیەی ڕابردووی کوردستاندا.
لە واقعدا لە مێژووی جیهاندا کەم وێنەیە ئەوانەی وا بە ئاسانی و بە
ئاشکرا و بە بێ هیچ فشارێکی سیاسی و جەستەیی و ئازارێک دان بە
تاوانەکانی یەکتردا دەنێن.ئەمە ئەو تیزە دروستەمان بۆ دەسەلمینێ کە
بزوتنەوەی ناسیونال عەشیرەتی و حیزبەکانی لەم سەردەمەدا چەندە سەرانی
داماوو گاڵتەجار لە خۆی دا دەردەهاوێژێت.
بە بڕوای من ئەگەر خەڵکی کوردستان بە گشتی و هەڵسوراوانی چەپ و
سۆسیالیست و کۆمۆنیست و هەر حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی و بەرگری لە
مافەکانی مرۆڤ و ئازادیخواز و یەکسانیخواز هەڵوێستی جدی بە کردەوە
وەرگرن بەرانبەر تاڵەبانی و نەوشیروان، ئەوە بە پێچەوانەی
پروپاگەندەکانی ڕۆشنبیرانی ناسیونالیست ،کە دەڵێن ئەم داوایەو نانی ئەم
هەنگاوە بە زیانی خەڵکی کوردستان و مەسەلەی کوردەوەیە، بەڵکو خەڵکی
کوردستان مەشخەڵی ئازادی و سەربەخۆی بوون لەو سەری ئەم تونێڵەی ئێستا
بە دەستەوە دەگرن.
شایانی ئاماژە پێکردنە هەر بەیانەکەی ڕێکخراوی دەرەوەی حیزبی کۆمۆنیستی
کرێکاریی کوردستان لەم بارەیەوە ئەم مەشخەڵەیە و تاوانباری لە رووی
سیاسی یەوە کردۆتە قەفەسی تاوانباری یەوە .بۆیە پێویستە هەموو
هەڵسوڕاوێکی سیاسی ئازادیخواز و مافی مرۆڤ و ڕێکخراوێکی ئازادیخواز
پشتگیری ئەو خواستە بکەن کە لەو بەیانەدا هاتووە. لەم بارەیەوە هاوپشتی
و هاوکاری یەکتر بکەن و دەیان تۆری کاری هاوبەشی جۆراوجۆر لەسەر ئاستی
ناوەوەو دەرەوە پێک بێنن بۆ بەدی هێنانی داواکاری دادگایی کردنی سەرانی
هەموو ئەمانەی کە دانیان ناوە بەم تاوانەداو تێوەگلان لە ڕوودانی ئەم
تراژیدی یانەدا و تاوانباری شاراوە بوونە.
کۆتایی کانوونی دووهمی 2010
mozafar_as@yahoo.com
|