په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٧\٢٠١٦

  روومەتی بەفر.

نەژاد عەزیز سورمێ

دەترسم نەگەیتە مەککە
چونکە ئەو ڕێیەی گرتووتە دەچێتەوە تورکمانستان..

سەعدی شیرازی


١

خاک لە تەمەندا بۆر دەچێتەوە
کۆڕەوی فرمێسک
دڵی بیابان
تاشەبەرد بەلافاوی ڕۆژگار دەدرەوشێنەوە..

چاوەڕێ بە، پەلەمەکە!
ئەو بێدەنگییەی
وێنەی پەلکەگیا
بە شەقام و شۆستەکانەوە وەربوون
بەرھەمی سنگی قەڵشتووی چیایانە.

٢
کێ لەو غەفڵەتە، خۆشە، شیرینە
مێژوومان بەبیردێنێتەوەو بە بەفرمان دەناسێنێ...؟
وەختی سەعی نەھات،
وەختی یاری تەواو نەبوو؟

٣
چڕنۆکم لە پۆڵا گیرکردووە
چاوەڕوانم
چاوەڕوانم
چاوەڕوانم
چاوەڕوانی سپێدەیەکەم
بەناوخوێنبەرەکانمان تێپەڕێ ..

خاک لە کارواندا نییە
تا ئەو دەمەی پردیش نەڕووخا بوو
ئاگام لێ بوو،
بەخۆی و سنگی نووساوی بەدوامانەوە بوو..

ھەستم بە بۆشایی
کەند و دۆڵاندا بڵاودەکەمەوە
وەک ئێش گینگڵ ئەدەم
وەک ئاسوودەییش شەپۆل..
لەبیردەکەم
خاکم بەپێنگانی ئاگرێکی کڵپە سەندوودا سپاردووە ،
خۆڵەمێشی دیواری (مۆڵ)ەکان
مەرگی ڕەشی پێشان دەدەن
تۆی لەبیرچوونەوەی تیا دەچێنن..
کۆمیدیایە ئەم کۆمیدیایە
ڕوناھی لەخۆڵەمێشەوە دێ..


٤

شار لە دووکەڵی
پاشماوەی چەکە بریقەدارەکاندا نقوم بووە..
مرۆڤ لە شووشەی پلاستیکیدا دەتوێنرێنەوە..
ئامادەگییەک بۆ بەرگری و گڕدان نەکراوە
باڵەخانەکان (ئاسۆ)یان شاردۆتەوە
شوێنکات لەداخا،
موو موو سمێڵی دەردێنێ..
خەڵکی مەلە لەکێلگەکاندا دەکەن
ڕووبار دەکێڵن..

من ڕادەکەم
ڕادەکەم..
ڕادەکەم ، ھەناسەسوار
خۆم بەسەر خاکدا دەدەمەوە
بۆ گوڵ چاوەڕێی بەھاردەکەم
بۆ بەفر چاوەڕێی زستان ،
بۆ ئەستێرەی زێڕینی گەڵا چاوەڕوانی پایزو
بۆ نان چاوەڕوانی ھاوین دەکەم.

چاولێک دەنێم
خۆم لەگەڵ خاکدا دەبینمەوە
بەبیرم دێتەوە
لەبیرچوونەوە چییە..
بەبیرم دێتەوە
بەبیرھاتنەوە چییە..


٥

خۆڵەمێش بۆ تۆیە گوڵەکەم ، گوڵی باخان..
خۆڵەمێش بۆ تۆیە
فرمێسکی خەونان
بۆ ئێوەیە خۆڵەمێش
ترپەی دڵە بێنازەکان ..

زۆری نەماوە (مەرگ)یش قەدەغە بکرێ.
ئای خۆڵەمێشی ڕەش
تراویلکەی ڕێ
مۆتەکەی ڕۆژێکی خەفەکراو
سیمات لەسنووری بێ سنووری
خاکم دەچێ

ئەمە وێنە نییە دەیکێشم
ئەمە خەونی چۆلەکەی بەرسێبەری سواندەیە
ببینە چەند ئاسوودە دەخوێنێ..
ببینە چەند ئاسوودە دەڕوانێ..
چەند ئاسوودە جیقنەی بەردەداتەوەو
لە شەقەی باڵی دەدا..

دەزانی فڕینی چۆلەکە
شتێکم بە بیردێنێتەوە
ئێستا نازانم چی پێ دەڵێن
جاران پێیان دەگوت نیشتیمان
بوونەوەرێک بوو
ئەوەندە خۆشەویست بوو
ئەوەندە خۆشەویست بوو
ئەوەندە خۆشەویست
لە دڵ و چاو جێیان بۆ دادەخست
شیریان لە شادەمارەکانەوە دەدایێ
ئێستا نازانم لە کوێیە
دەڵێن بینیویانە
بەرگی خۆی گۆڕیوە
ناوی خۆی گۆڕیوە
(مۆڵ)ێکی بەدوای خۆیەوە خستووە
ھاتووچۆی (چین) دەکا.

٦

لە نووسینەوەی مێژووی شاردا ،
ھەمیشە گەڕەکەکانی مەرگ لە بیر دەکرێن
ھەمیشە کووچەو کۆڵانەکانی مەرگ
نایەنەوە بەرچاو..

ئەدی (خۆر)تان چی لێ کرد؟
کە بە ڕووتی
وەک شێتێکی ڕاوەدوونراو
بەناو شاردا ڕادەکا؟

ئەی خاک!
ئەی لەمەرگ نزیکتر
ئەی خاک!
ئەی لە مەرگ دوورتر
دەنگمان بردیەوە ناو بێشکە
قسەت نەکرد
جەستەی ماندووتمان
بەخوێن نەخشاند
قسەت نەکرد

ئەوە چییە
بە چ چاو و ڕوویەک
سەیری ئاوێنە دەکەین؟
ئەوە مێژووە
خۆی بەسەر جەستەی ڕووتی تۆدا دەدا ئەی خۆر!
ناھێڵێ عەورەتت دەرکەوێ

ئەوە نھێنی سێبەرە،
دەنگی چرا ،
ڕوناھی با ،
وشە کپکراوەکانمان دادەپۆشێ..

٧

لێم نزیک بەرەوە
بەڵام توخوا بە ئەسپایی
ختووکەیەکم بدە، با لەخەو ڕابم
ئەو مۆتەکەیەم لە کۆڵ بێتەوە ..
کە بە کاغەزی کیسەی بەتاڵی چیمەنتۆوە پێچراوە..

ھەست دەکەم دەست و قاچم
بە برغو بە جەستەمەوە لکێنراون

ئای ئەی خاک
ئارەقەی نێوچەوانت چی لێ کرد؟
بۆ کوێت برد؟
کەڵەشێرەکان کەی دەخوێنن
ئەم شەوە کەی دوایی دێ ئەی خاک!
ئەی پاشای بێتەخت و بێدەنگ و بێڕەنگ؟

غوبار لە فرمێسکدا بوو بەقوڕ
ئێمە ھەر تێنەگەیشتین ..
دنیا جیاوازە لەوەی دەیبینین
ھەر تێنەگەیشتین...
شینایی ، شینایی زەمانە
لەوەرزی خۆڵەمێشدا
بەھەشت لەچاومان دەخولقێنێ ..

ڕەنگە بشپرسی
تۆ بەدوای ژیاندا ھەڵدێی
لەوانەیە سنووری تراویلکەم
بەزەبری ھێز پێ دیار بکەی
لە کاتێکدا بەخۆت
لەسەر قەنەفەیەکی تووکن پاڵت داوەتەوە
چرووت دەکێشی ..

بۆنی چەند خۆشە ئەو ھەرامە چرووتە
لە بۆنی تەم دەچێ..


٨

چراکان بەری لای ئێمەی ڕەشداگەڕاوە
دەستت بدە دەستم
تا یەکتریمان لێ دیارە دەستت بدە دەستم.


شوباتی ٢٠١٠
ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک