ڕوونکردنه‌وه‌ی پارتی ئازادیی کوردستان له‌مه‌ڕ شه‌پۆلێک ته‌بلیغاتی ژه‌هراوی.
رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد! کوردستانییه‌کان! حیزب و رێکخراوه سیاسییه‌کانی کوردستان! دام و ده‌زگا و کاناڵه‌کانی راگه‌یاندن!
له ماوه‌ی یه‌ک مانگی رابردوودا، شه‌پۆلێک ته‌بلیغاتی ژه‌هراوی، درۆ هه‌ڵبه‌ستن و بوختان وه‌پاڵدان دژ به پارتی ئازادیی کوردستان و جێگری سه‌رۆکی PAK له ژماره‌یه‌ک سایتی ئه‌نترنێتی و بڵاوکراوه‌دا، وه‌ڕێخراوه. بێجگه له‌و په‌لامارانه‌ی که کراونه‌ته سه‌ر که‌سایه‌تی به‌ڕێز کاک حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا، 3 درۆ و بوختانی زه‌ق به‌مجۆره‌ی خواره‌وه بڵاوکراونه‌ته‌وه: 1- گۆیا به‌ڕێز کاک "حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا جێگری سه‌رۆکی پارتی ئازادیی کوردستان له هه‌ولێر ده‌سگیرکراوه". 2- گۆیا پارتی ئازادیی کوردستان "له ژێر گوشاری پارتیدا باره‌گای سه‌ره‌کی خۆی ده‌گوێزێته‌وه". 3- گۆیا "له‌سه‌ر بڕیاری جێگری سه‌رۆکی پارتی ئازادیی کوردستان دیلێک که به‌تاوانی هه‌وڵدان بۆ ده‌رمانخواردکردنی سه‌رکرده و پێشمه‌رگه‌کانی ئه‌و پارته گیرابوو، له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا ئێعدام کراوه". هه‌موو رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان، سه‌رجه‌م کوردستانییه‌کان و هه‌موو حیزب و رێکخراوه سیاسییه‌کانی کوردستان و ته‌واوی کاناڵه جۆراوجۆره‌کانی راگه‌یاندن، دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه له‌وه‌ی هیچکام له‌م به‌ناو "هه‌واڵ" و "ڕووداو"انه، تۆزقاڵێک راستییان تێدا نییه و درۆ و ده‌له‌سه و بوختانی ڕووتن. به‌و حاڵه‌شه‌وه له‌سه‌ر هه‌رکام له‌و هه‌واڵه هه‌ڵبه‌ستراوانه، ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه راده‌گه‌یه‌نین:
- به‌ڕێز جێگری سه‌رۆکی PAK له ته‌واوی ئه‌و ماوه‌یه‌دا رۆژانه یان به کارووباری حیزبیی خۆیه‌وه خه‌ریک بووه، یان له کاتی دیاریکراوی خۆیدا له زانکۆ ئاماده بووه. سه‌رنج ڕاکێش ئه‌وه‌یه که په‌یامنێری ئه‌و هه‌فته‌نامه‌یه‌ی ئه‌و هه‌واڵه ناڕاسته‌ی بڵاوکردووه‌ته‌وه، هه‌ر رۆژی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگۆیه خۆی به ته‌له‌یفون له‌گه‌ڵ کاک حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا، قسه‌ی کردووه. ئیتر حیکمه‌ت له سوور بوون له‌سه‌ر بڵاوکردنه‌وه‌ی ده‌نگۆیه‌کی بێبنه‌مای ئه‌وتۆ چییه، خۆیان ده‌زانن!؟ به‌ڵام خۆ ئه‌گه‌ر حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا یان هه‌ر تێکۆشه‌رێکی PAK له پێناو ملکه‌چنه‌کردن بۆ هیچ که‌س و لایه‌ک و پاراستنی که‌سایه‌تی و سه‌ربڵیندیی خۆیان و نه‌ته‌وه و حیزبه‌که‌یان تووشی هه‌ر چه‌رمه‌سه‌ری و گرفتێکیش بن، ئه‌وه بۆیان جێی شانازیی و شه‌ڕه‌فێکی گه‌وره‌یه. PAK و تێکۆشه‌ره‌کانی قاڵبووی مه‌یدانی کۆڵنه‌دان و راسان و ملنه‌دانن.
- هیچ بنکه‌یه‌کی پارتی ئازادیی کوردستان له هیچ ناوچه‌یه‌کی باشووری کوردستان، دایمی و نه‌گۆڕنین. ئه‌و بنکانه کاتیین و دره‌نگ یان زوو ده‌بێ بگوێزرێنه‌وه مه‌یدانی ئه‌سڵی خه‌باتی PAK ، واته رۆژهه‌ڵاتی کوردستان. ئه‌وه‌نده‌ی بۆ هه‌ولێر و سلێمانیش ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌هه‌ر دووک شار، بنکه‌ی PAK ی لێیه و هیچ ئاڵوگۆڕێکی ئه‌و بنکانه‌ش له گۆڕێ‌دا نییه. له‌مه‌ڕ پێوه‌ندیش له‌گه‌ڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان، ده‌بێ بڵێین که، PAK و PDK دوو حیزبی سیاسیی دوو پارچه‌ی کوردستانن هه‌رکام به‌باروودۆخی تایبه‌تی خۆیانه‌وه، پێوه‌ندییه‌کانی PAK له‌گه‌ڵ PDK وه‌ک پێوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ هه‌ر حیزبێکی دیکه‌ی کوردستان، له‌سه‌ر بنه‌مای پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی بڕیاری سیاسیی و حیزبیی خۆی، رێز له یه‌ک گرتن و ده‌ستێوه‌رنه‌دان له کاروباری یه‌کتره. له جیهانی پێوه‌ندیی سیاسیش‌دا سارد و گه‌رمی و هه‌وراز و نشێو دیارده‌یه‌کی ئاسایین. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و هه‌واڵه هه‌ڵبه‌ستراوه، هیچ کێشه‌یه‌کی تایبه‌تی له نێوان PAK و PDK دا نییه و هیچ گوشارێکی تایبه‌تییش له لایان PDK ه‌وه ئاڕاسته‌ی PAK نه‌کراوه و پێوه‌ندیی هه‌ردوولا ئاسایی و دۆستانه‌یه.
- له قامووسی سیاسی‌دا "دیل" واته ئه‌و که‌سه‌ی له کاتی شه‌ڕ و تێکهه‌ڵچوون ده‌گیرێ. له‌ماوه‌ی ڕابردوودا له نێوان هێزی PAK و دوژمن‌دا هیچ تێکهه‌ڵچوونێک ڕووی نه‌داوه تا هیچ که‌سێک له هێزی دوژمن به دیل گیرابێ. که‌واته هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا هه‌بوونی دیل لای PAK، وه‌ک دوو هه‌واڵه‌که‌ی دیکه درۆیه. به‌ڵام ئاماژه‌ی ئه‌و هه‌واڵه هه‌ڵبه‌ستراوه به تیرۆریستێکی نێردراوی کۆماری ئیسلامییه که بۆ ده‌رمانخوارد کردنی کاک حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا و خه‌باتگێڕانی دیکه‌ی PAK نێردراوه. له‌مباره‌یه‌وه راده‌گه‌یه‌نین که ئه‌و که‌سه به پێچه‌وانه‌ی هه‌واڵه هه‌ڵبه‌ستراوه‌که له ته‌مه‌نی یاساییش زیاتره، دانی به ئه‌رکه پێسپێردراوه‌که‌یدا ناوه و ئێستاش نه‌ک لای PAK به‌ڵکوو له ده‌ست ئاسایشی حکومه‌تی کوردستاندایه. له‌وه ده‌چێ وه‌ستای ئه‌م درۆیه، خه‌می سه‌ره‌کیی ئه‌وه بێ که بۆ تێرۆریسته به‌کرێگیراوه‌که‌ی کۆماری ئیسلامی نه‌یتوانیوه ئامانجی عه‌مه‌لیاته‌که‌ی بپێکێ؛ ده‌نا خۆ پارتی ئازادیی کوردستان له سزادانی تێرۆریستان و جینایه‌تکارانی کۆماری ئیسلامی شه‌رم ناکا و به به‌شێک له ئه‌رکی خه‌باتگێڕانه‌ی خۆی داده‌نێ و به شانازیشه‌وه رایده‌گه‌یه‌نێ. هه‌رچه‌ند تا ئێستا لێمان روون نییه که ئه‌م شه‌پۆله درۆ و بوختانه له لایان چ که‌س یان که‌سانێکه‌وه ئاڕاسته‌ی ده‌زگاکانی راگه‌یاندن ده‌کرێن، به‌ڵام گومان له‌وه‌دا نییه ئه‌وانه‌ی به‌ری ئه‌و چه‌واشه‌کارییانه ده‌ڕننه‌وه و له دروستکردنی که‌شوهه‌وای ژه‌هراوی و چاندنی تۆوی گومان له نێوان خه‌ڵک و حیزبه سیاسییه‌کان و تێکدانی پێوه‌ندیی دۆستانه‌ی نێوان حیزبه‌کان قازانج ده‌که‌ن، ته‌نیا دوژمنانی کورد و یه‌ک له‌وان کۆماری ئیسلامی ئێرانه. بۆیه پێویسته کاناڵ و ده‌زگاکانی راگه‌یاندنی کوردی به هوشیارییه‌وه هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌و دیاردانه‌دا بکه‌ن و پێش ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستیان راکێشانی سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ لای هه‌واڵی ناڕاست و بێبنه‌ما بێ، ئه‌رکی گه‌یاندنی زانیاریی دروست به خوێنه‌رانیان له ئه‌ستۆیه. کاناڵ و ده‌زگاکانی راگه‌یاندنی کوردی له‌سه‌ریانه، له‌جیاتی هه‌راوکردنه‌وه‌ی که‌لێنه‌کان و تیژکردنی ناکۆکیی نێوان حیزبه‌کان و هاندانی په‌لاماردانی که‌سایه‌تییه‌کان، به‌ته‌نگ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان و هێور کردنه‌وه‌ی ناکۆکیی و ناته‌باییه‌کان و دروستکردنی گوتاری یه‌کگرتووی کوردی بن. له ناکۆکیی و که‌لێنه‌کانی نێوان ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان، وه‌ک هه‌میشه ته‌نیا دوژمنانی کورد و کوردستان که‌ڵک وه‌رده‌گرن. حیزبه ره‌سه‌نه‌کان و که‌سایه‌تییه شۆڕشگێڕه‌کانی کورد ده‌سمایه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردن، لاوازکردن و خه‌وشدارکردنی ڕوومایان ته‌نیا خزمه‌ته به داگیرکه‌رانی کوردستان.
پارتی ئازادیی کوردستان کۆمیته‌ی راگه‌یاندن 16 به‌فرانباری 2707 6 ژانویه‌ی 2008
|