په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\١٢\٢٠٠٩

روونکردنەوەیەک لە حەسەن ئەحمەد مستەفا و هێمن میرانى.


بۆ راى گشتى کوردستان و تورکیا..

رۆژى چوارشەممە 23/12/2009 شاندێکى پارلەمانتارانى کوردى تورکیا پاش گەڕانەوەیان لە مەخمور، لە هۆڵى ئوتێل چوار چرا میوانى سەنتەرى سەرنج بۆ راپرسى و توێژینەوە بوون بۆ ئەوەى باس لە پەرەسەندنە سیاسییەکان لە تورکیا بکەن ، ئێمە وەکو دوو کەسایەتى بایەخمەند بەکاروبارى تورکیا داوەتى ئەو دانیشتنە کرابووین، دواى ئەوەى خاتو سەفاهیر بایندەرى پارلەمانتار قسەکانى خۆى کرد، بەڕێوەبەرى سەنتەرى سەرنج ئێمەى دەست نیشان کرد بۆ ئەوەى پرسیار لە ئامادەبووان بکەین و گفتوگۆى سیاسییان لە گەڵ بکەین. سەرەتا حەسەن ئەحمەد مستەفا وەکو رۆژنامەنووس و دواتر هێمن میرانى وەکو مامۆستاى زانکۆ گفتوگۆمان کرد. بە داخەوە هەمان رۆژ گفتوگۆکانى ئێمە لە لایەن چەندین وێب سایت و رۆژنامە و تەلەفزیۆنى تورکیا بۆ مەرامى سیاسى موبالەغەى زۆرى تیا کرا و وەکو ئەوە لێکدرایەوە کە ئێمە پارلەمانتارانى میوانمان ئیحراج کردووە و ناچارمان کردوون هۆڵەکە بە جێ بێڵن. ئێمە بۆ ئەوەى راستیەکان بۆ راى گشتى روون بێتەوە ئەم روونکردنەوەیە بڵاو دەکەینەوە و دەقى قسەکانى خۆمان و سەرنجەکانمان دەخەینەروو.

سەرەتا حەسەن ئەحمەد مستەفا بەم جۆرە دوا:


(من حەسەن ئەحمەد مستەفا – رۆژنامەنووس : زۆر بەخێر بێن، سەردانەکەتان لە کاتێکى زۆر چاکە، چونکە هەموو کوردەکان سەبارەت بە پرسى کورد لە تورکیا لەسەر خەتى نەتەوەیین، بەڕێزان کوردى باکور زۆر بریندارە، لەسەر ئەم زەوییە هیچ نەتەوەیەک نیە ئەوەندەى کوردانى باکور لە لایەن دەوڵەتەوە زوڵمیان لێ کرابێ، ئەمە راستییەکە ئێوە بەردەوام زۆر ئیدیۆلۆژیانە رووبەرووى سیاسەت دەبنەوە، لەوانەیە هۆکارەکە ئەوە بێت کە ئیدیۆلۆژیایەکى دیکەى وەکو کەمالیزم رووبەرووتانە، ئەگەر کوردیش ئیدیۆلۆژیایەکى نەبێت خۆى راناگرێت و دەشکێت، بەڵام ئیدیۆلۆژیا قەناعەتى مرۆڤە و سیاسەت دەبێ نەمتر و لێزانەتر بێت. راستە هەموو تورکانى تورکیا بە پەروەردەى فاشیزم پەروەردە بوون، بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ کەسانێکى تورک هەن هەندێک بەرژەوەندییان لە گەڵ کرانەوەى کوردایە رەتیان مەکەنەوە، چونکە مەرج نیە تەواوى ئەندامانى ئاکەپە وەکو جەمیل چیچەک توند بن، هەروەها لام وابێ گرنگە ئێوە وەکو کوردى تورکیا لەسەر سێ فاکتەر بە سیاسییانە مامەڵە بکەن، یەکەمم باس کرد، دووەم لە گەڵ فاکتەرى ئیقلیمى چونکە لام وابێ مەعقول نیە بە جارێک شەڕى سێ دەوڵەت بکرێت، عێراق و سوریا و تورکیا. هەروەها مامەڵەکردنى عاقڵانە لە گەڵ هەرێمى کوردستان، هەرێمى کوردستان کێشەى لە گەڵ بەغدا هەیە، کێشەى سنوورەکانى هەیە، هەروەها کێشەى ناوخۆیشى هەیە، جارێکى دیکە خۆشحاڵین و بە هاتنتان سەر بڵندتان کردین ).

پاشان هێمن میرانى بەم جۆرە دوا :


( من هێمن میرانى – مامۆستاى زانکۆ لە بەشى زانستە سیاسییەکان: بەخێر هاتنتان دەکەم و سوپاسى سەنتەرى سەرنج دەکەم، من پێم وایە ئێوە لە بارودۆخێکى سیاسى سەخت کار دەکەن، دەستورى تورکیا دەستوورێکى شۆڤینیە و جگە لە تورک مافى بە هیچ پێکهاتەیەکى دیکە نەداوە، ئێوە لە ئێستادا دەبێ بە گوێرەى قانون و دەستورى تورکیا کار بکەن، ئێوە لە ئەنکەرا سیاسەت دەکەن نەک لە پاریس و لەندەن، من بە واقیعى نازانم ئێوە لە هەموو لێدوانێکتان ناوى بەڕێز ئۆجەلان و PKK بەرن، چونکە ئەوان بە قانونى تورکیا قەدەغەن و بە تیرۆریست ناویان دەبەن، وێڕاى ئەوەى من نە بەڕێز ئۆجەلان و نە پەکەکە بەو ناوە ناو دەبەم. بەڵام ئێوە بەو ناوهێنانە خۆتان رووبەرووى دۆزى قانونى دەکەنەوە و لە دادگا شکاتتان لێ دەکرێ، دۆزگەرى گشتى و دادگاى دەستووریش بە گوێرەى قانونى کارى سیاسى و دەستورى ئێستاى تورکیا کە لە ساڵى 1982 و لە پاش کودەتاى 1980 نوسراوە مامەڵەتان لە گەڵ دەکەن. بۆیە من تکاتان لێ دەکەم واقیعیانە سیاسەت بکەن و خۆتان لە ناوهێنانى ئەو کەس و گروپانە بپارێزن کە دەبێتە دۆکۆمێنت و دۆزگەرى گشتى لە دادگاى دەستورى شکاتان لەسەر لێ دەکات، ئێوە میللەتى خۆتان هەلى بژاردوون و ئیرادەتان هەیە بۆ خەباتى ئاشتى و سیاسى، بۆیە پێویست بەوە ناکات ناوى هیچ کەس بەرن. زۆر بەخێر بێن ).


ئەمانە دەقى قسەى هەردووکمان بوون، ئێستا ئێمە لە پاش خستنە رووى قسەکانمان ئەم خاڵانە دەخەینە بەردەم راى گشتى:


یەکەم: ئێمە رێزێکى زۆرمان لە میوانەکانمان گرت و گفتوگۆى سیاسییمان لە گەڵ کردن، دەشێ گفتوگۆى سیاسى راى جیاوازى تیا بێ، ئەمە ماناى ئەوەیە کە ئێمە رێزى زۆرمان بۆ میوانەکانمان داناوە و کاتى خۆمان بەوان بەخشیووە بە تایبەت کە بە هۆى رێگاوە ئێمە دوو دانە سەعات زیاتر لە کاتى دیار کراو چاوەڕوانى هاتنى میوانەکانمان کرد.


دووەم: ئەو جۆرە موناقەشەیەى ئێمە لە گەڵ میوانەکانمان کرد، لە نێو هەموو پارت و گروپ و دەستەیەکى سیاسى هەیە و تەنانەت لە نێوان ئەندامانى پارتێک یان چەند پارتێک بە ئاشکرا بەڕێوە دەچێت، بە تایبەت کە پەیوەست بێت بە چارەنووسى مافى سیاسى میللەتەکەمان لە پارچەیەکى دیکەى کوردستان.


سێیەم: ئێمە هەردووکمان وەکو دوو کەسى بایەخمەند بە کاروبارى تورکیا بە گشتى و دۆزى کورد لە باکورى کوردستان بە تایبەت، چەند ساڵێکە زۆر بەگەرمى لە میدیاکانى کوردستان و تورکیا و جیهان دەربارەى پرسەکانى ئەو وڵاتە بە شێوەیەکى ئەکادیمى و بێ لایەنانە دەدوێین، ئامادەشین لە ئایندەش هەر شاندێکى تورکى یان کوردى بێتە هەرێمى کوردستان لە گەڵیان کۆبینەوە و درێژە بەو جۆرە موناقەشەیە بدەین، لێ مخابن لە بەشێک لە میدیاى تورکیا قسەکانى ئێمە بۆ مەبەستى دیکە بە کار هێنران، ئەم کارەش خزمەت بە راستگۆیى میدیا و برایەتى گەلان و چارەسەرى ئاشتیانەى کێشەکان ناکات کە ئێمە هەردووکمان زۆرینەى کاتەکانى خۆمان بۆ ئەو پرسانە تەرخان کردووە.


چوارەم: سەنتەرى سەرنج لە بەر کەمى کات تەنیا دەرفەتى بە ئێمە و کاک ئازا حەسیب دا کە گفتوگۆ بکەین، چونکە میوانەکانمان مەوعیدى پارلەمانى کوردستانیان هەبوو، واتە بە پەلە رۆیشتنى میوانەکانمان پەیوەندى بەوە هەبوو کە ئەوان کۆبوونەوەى دیکەیان هەبوو، نەک وەکو ئەوەى میدیاى تورکیا باسى کردووە گوایە ئەوان زۆر دڵگران و ئیحراج بوونە بە پرسیارەکانى ئێمە.

بژى برایەتى گەلان.... سەرکەوێ ویستى ئازادى و چارەسەرى ئاشتیانەى دۆزى کورد لە تورکیا.

 


حەسەن ئەحمەد مستەفا /  رۆژنامەوان
هێمن میرانى / مامۆستاى زانکۆ

هەرێمى کوردستانى عێراق - هەولێر
26/12/2009

merany@ymail.com