٢٧\١٠\٢٠١١
روونکردنەوەیەک
لە ئەنجومەنى ئەکادیمیاى کوردییەوە.
سەبارەت بە بەستنى کۆنفرانسی زانستیی زمان.
ئەنجومەنی ئەکادیمیای کوردی لەکۆبوونەوەی ژمارە (٣)
لە ڕێکەوتی ١٦\١٠\٢٠١١ بە پێویستی زانی ڕاوبۆچوونی خۆی لەبارەی
کۆنفرانسی زانستیی زمان، کە لە ھەولێری پایتەخت لە ڕۆژانی ١٩ -
٢٢\٩\٢٠١١ بەسترابوو، ڕوونبکاتەوە:
١- ئەرکی ئەکادیمیای کوردی سەبارەت بە زمانی کوردی لە ھەردوو ماددەی (٤
و ٥)ی قانوونی ئەکادیمیای ژمارە (١٢) ساڵی ١٩٩٧ی ھەموارکراو دیاری
کراوە، بەتایبەتی کارکردن بۆ یەکگرتنی زاراوەکانی زمانی کوردی لەنێو
دیالێکتە جیاوازەکانیدا، تا دەگاتە زمانی فەرمی یەکگرتوو، لەگەڵ
پارێزگاریکردنی زمانی کوردی و پاککردنەوە و بەرەوپێش بردنی. لە ماددەی
(٦)ی ئەو قانوونەدا، ئەکادیمیای کوردی سەرچاوەی سەروو(مەرجعیەت)ە بۆ
جێبەجێ کردنی ئەو ئەرکانەی لەسەرەوە باس کراون، بۆیە ھەر کارێک لە
ھەرێمی کوردستان سەبارەت بەو ئەرکانەی ئەکادیمیا ئەنجام بدرێت، دەبێ
لەژێر چەتری ئەودا جێبەجێ بکرێت.
٢- سەبارەت بە بەستنی کۆنفرانسی زانستیی زمان، ئەکادیمیای کوردی سەرەتا
لەگەڵ کۆمیسیۆنی زمان و پەروەردە (K.N.K)
لە مانگی دیسەمبەری ٢٠٠٩ کۆبووەتەوە، بە بەشداری وەزارەتی ڕۆشنبیری و
لاوان. پاش وەرگرتنی رەزامەندی سەرۆکایەتیی ھەرێم بەپێی نووسراوی ژمارە
(٤٢٨٠) لە ١٠\٨\٢٠١٠، بڕیار درا کۆنفرانسێک سەبارەت بە ڕەوشی زمانی
کوردی لە ھەولێر ببەسترێت. ھەرسێ لایەن: (ئەکادیمیای کوردی، وەزارەتی
ڕۆشنبیری و لاوان، کۆمیسیۆنی زمان و پەروەردە) لە مانگی ئەیلوولی ساڵی
٢٠١٠دا پێنج کۆبوونەوەیان کرد. لە ئاکامی گفتوگۆی نێوان نوێنەرانی
ھەرسێ لایەن: د. ئازاد ئەحمەد - ئەکادیمیا، کاک نەوزاد عەبدولعەزیز -
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، کاک ڕۆژان حازم - کۆمیسیۆنی زمان و
پەروەردە، پێڕەو و بەرنامە و تەوەرەکانی ئەو کۆنفرانسە دیاری کران،
کەسانی پسپۆڕی زمان و شارەزا بە بابەت و تەوەرەکانیش دەستنیشانکران.
لەسەر داوای وەزیری ڕۆشنبیری، بەڕێز د. کاوە مەحموود و لەڕێگای ئەوەوە،
دۆسییەی ئامادەکراوی ئەو کۆنفرانسە بەمەبەستی وەرگرتنی دوا ڕەزامەندی،
پێشکەش بە سەرۆکایەتیی ھەرێم کرا، سێ مانگ چاوەڕێی وەڵامی سەرۆکایەتیی
ھەرێم کرا. ئەکادیمیای کوردی بەپێی نووسراوی ژمارە (٤٦) لە ٣٠\١\٢٠١١
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی ئاگادرکردەوە، کە دواخستنی کاتی بەستنی ئەو
کۆنفرانسە دەبێتە ھۆی ئاڵۆزی لە کار و بەرنامە و چالاکییەکانی
ئەکادیمیا. وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بە نووسراوی ژمارە (٤١) لە
ڕێکەوتی ١٣\٢\٢٠١١، ھەڵوێستی سەرۆکایەتیی ھەرێمی بۆ ئەکادیمیا بەم
شێوەیە ڕوونکردەوە:
بەستنی ئەو کۆنفرانسە پێویستە، سەبارەت بە بەشداربوونی لایەنی
کۆمیسیۆنی زمان و پەروەردە (K.N.K)،
سەرۆکایەتیی ھەرێم بۆچوونی تایبەتی ھەیە. بەڵام لەبارەی تەوەری زمانی
فەرمییەوە کە لە دۆسیەکەدا ھاتبوو، ئەکادیمیا بەپێویستی دەزانی کە ئەم
تەوەرە گرنگی پێ بدرێت و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، بەڵام سەرۆکایەتیی
ھەرێم لە نووسراوەکەیدا تەنیا ئاماژەی بە زمانی خوێندن ونووسین کردبوو.
دەستەی سەرۆکایەتیی ئەکادیمیا لە کۆبوونەوەی ژمارە (٨٠) لە ١١\١\٢٠١١
بڕیاری دا ئەکادیمیای کوردی ناتوانێت پابەند بێت بە ئەگەری بەستنی ئەو
کۆنفرانسە، بەڵام لایەنەکانی دیکە سەر پەشکن لە بەشداری کردن. وەزارەتی
ڕۆشنبیری و لاوان و کۆمسیۆنی زمان و پەروەردە کاریان بۆ بەستنی
کۆنفرانسەکە کرد، بەبێ بەشداری ئەکادیمیای کوردی. لە شەوی ١٨\٩\٢٠١١
نوێنەری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بەتەلەفۆن داوای لە جێگری سەرۆکی
ئەکادیمیا کرد وتاری ئەکادیمیای کوردی بۆ ڕێوڕەسمی کردنەوەی
کۆنفرانسەکە ئامادە بکات، پاش وتووێژی تەلەفۆنی لەنێوان سەرۆکی
ئەکادیمیا و جێگرەکەی، بڕیار درا ئەکادیمیا لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی
کۆنفرانسەکە وتاری نابێت، بەڵام وەک شەخسی خۆیان بەشداری لە
ڕێوڕەسمەکەدا دەکەن.
ئەنجومەنی ئەکادیمیاى کوردی
|