٦\٨\٢٠١٤
روونکردنەوەیەك لە
خێزانی عیرفان ئەحمەدی شاعیرەوە لە دووەمین ساڵیادی تیرۆریدا.
دوو
ساڵی تەواو بەسەر تیرۆرکردنی عیرفان ئەحمەددا تێپەڕدەبێت، بەڵام هێشتا
کەیسەکەی رۆشن نیە بە چ ئاراستەیەکدا دەبرێت. پێدەچێت دەسەلاتی دادوەری
لە شاری سلێمانی توانای ئەوەی نەبێ لێپێچینەوە لە تاوانباران بکات،
چونکە ئەوان لەسەروو یاساوەن!
دوو ساڵ لەمەوبەر عیرفانی ئەحمەد لە ناو ریستۆرانت و ئوتێلی سلێمانی
پالاس دوای ئەوەی بەشێوە...یەکی دڕندانە لەلایەن بەرپرسانی ئەمنی
ئوتێلەکەوە لێی دەدرێت، تووشی خوێنبەربوونی داخلی دەبێت. دوای ئەوە
بۆماوەی دوو رۆژ بەدەر لەهەر عورفێکی مرۆڤایەتی لەزیندان رایدەگرن تا
باری تەندروستی بەتەواوی تێك دەچیتو دەکەوێتە حاڵەتی کۆما( غیبوبە)ەوە
ئەوسا رەوانەی خەستەخانەی فریاکەوتنی دەکەنو دوای دوو رۆژ مانەوە لە
خەستەخانە لە دوانیوەرۆی ٥/٨/٢٠١٢دا گیان لەدەست دەدات.
شێوازی لێدانو گرتنو زیندانیەکەی بەجۆرێك بوو کە هیچ گومانێك لەوەدا
نەبوو کە عیرفان بەشێوەیەکی دەست ئەنقەست لێیدراوەو هەرئەوانەشی
ئەوتاوانەیان کردوە خۆیان لەگەڵ پۆلیسدا دەستیان هەبوە لە زیندانیکردنیو
دواتریش خۆدزینەوە لە هاوکاریکردنی کەسوکاری بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی
تاوانەکەو شاردنەوەی کەیسەکەو دەستی دەستی پێکردنیو سەرەنجام
پاکانەکردنی تاوانباری راستەقینە. هەموو کەسێك دەزانێ کە خاوەنی ئوتێلی
ناوبراو کەسایەتیەکی حیزبی دەسەڵاتداری سلێمانی بوەو هەرئەوەش هۆکاری
ئەوەیە کە کەیسی عیرفان کە بە بەرچاوی دەیان کەسەوە لەناو ئوتێلەکەدا
بەقەستی کوشتن لێیدەدرێت، بەوجۆرە هەوڵی شێواندنو لێڵکردنی بدرێت.
دوای فشارەکانی ناوخۆو دەرەوەی کوردستانو پێداگری کەسوکاری لەسەر
دۆزینەوەی بکوژانی عیرفان ئەحمەد، کەسێك وەکو تۆمەتبار تەسلیمی دادگا
دەکرێتو ماوەی زیاتر لەساڵێکە پرۆسەی لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامەو
ئەگەرچی لەئێستادا تارۆژی دادگایی کردنەکەی بە کەفالەت ئازادکراوە،
بەڵام پێدەچێت تاوانەکە بەسەر ئەو کەسەدا ساغ بکرێتەوە. لەکاتێکدا ئێمە
پێمان وایە بێجگە لەو تۆمەتبارەی کە لەسەر کوشتنی عیرفان دەستگیرو
بڕیار دادگایی بکرێت، کەسانی دیکە لەو تاوانەوە گلاونو دەبێ ئەوانیش
بێنە بەردەم دادگا، یان بێتاوانیی خۆیان بسەلمێنن یان سزای تاوانەکەی
خۆیان وەربگرن. ئەگەر دادگای سلێمانیو سیستەمی دادوەری کوردستان
نەتوانێ ئەم داوایەی ئێمە دابین بکات، مانای وایە کە بەقەدەر چڵەپوشێك
بایەخی نیەو تەنها دەزگایەکە بۆ پاکانەکردنی مافیاو مرۆڤکوژەکانو
دەربازکردنیان لەسزای تاوانەکانیان کە بەرامبەر خەڵکی بێتاوانو ئاسایی
کوردستان ئەنجامی دەدەن.
هەرلێرەشەوە وەکو کەسوکاری عیرفان ئەحمەد رایدەگەیەنین کە بەهیچ جۆرێك
لە مافی خۆمان خۆش نابینو هەموو رێگایەك دەگرینەبەر بۆ بەدادگایی
گەیاندنی تاوانبارانو بەفیڕۆنەچوونی خوێنی عیرفان ئەحمەد.
سمکۆ ئەحمەد
لەجیاتی خێزانی عیرفان ئەحمەدی شاعیر
٤\٨\٢٠١٤
ماڵپهڕی سمکۆ ئهحمهد
_____________________
ماڵپەڕی عیرفان ئەحمەد
|