٢٣\١٢\٢٠١١
روونکردنه‌وه‌یه‌ک
ده‌رباره‌ی شیعرێکی ونبووی (فایق بێکه‌س).
ره‌زا ساڵح
له گه‌ڕه‌کی (شۆڕیجه) و له گه‌ڕه‌کی (بوڵاخ)ی شاری که‌رکوکدا ، له‌گه‌ڵ
ماڵی خوالێخۆشبوو مامه (شێخ عه‌بدولقادر به‌رزنجی)دا ، دراوسێ بووین
و هاتووچۆی ماڵی یه‌کتریمان ده‌کرد . شێخ عه‌بدولقادر پیاوێکی قسه‌خۆش
و شیعردۆست بوو . زمانی عه‌ره‌بی و فارسی باش ده‌زانی ، له ساڵی
(١٩٧١) دا که ته‌مه‌نی شێخ عه‌بدولقادر، به بۆچوونی من له ده‌وری حه‌فتا
و پێنج ساڵ ده‌بوو ، رۆژێکیان که له ماڵی ئه‌ودا دانیشتبووین ، باسی
شیعره‌کانی (سه‌عدی شیرازی) بۆ کردم. چه‌ند شیعرێکی شیرازی به زمانی
فارسی بۆ وتم و ماناکانشیانی بۆ شیکردمه‌وه. منیش شیعری (ئه‌ی
وه‌ته‌ن)ی شاعیری نیشتمانپه‌روه‌ری گه‌وره‌ی گه‌له‌که‌مان خوالێخۆشبوو
(فایق بێکه‌س)ی نه‌مرم بۆ ووت. شێخ عه‌بدولقادر وتی : «من شیعرێکی فایق
بێکه‌سم له‌به‌ره که ده دێڕه و، له دیوانه‌که‌یدا نییه ، به
کورتی ئه‌وه‌شت بۆ ده‌گێڕمه‌وه، که چۆن فایق بێکه‌سم ناسی وچۆن ئه‌م
شیعره‌شیم له‌به‌رکرد»، هه‌ر که وتی
شیعرێکی بڵاونه‌کراوه‌ی بێکه‌سم لایه، زۆر گه‌شامه‌وه و له‌و کاته‌دا
من وا هه‌ستم ده‌کرد، که دوڕێکی زۆر به‌نرخی لایه و که‌س نه‌یبینیوه.
شێخ عه‌بدولقادر به‌رزنجی به‌م شێوه‌یه باسی ناسینی بێکه‌سی بۆ کردم :
« وتی له ساڵی (١٩٣١) یا ( ١٩٣٢) بوو . به باشی بیرم نایات کام
ساڵیان بوو، چاو‌دێر«مراقیب»ی کرێکاران بووم ، له پرۆژه‌ی چاکردن و
قیرتاوکردنی رێگای نێوان شاری (که‌رکوک ــ سلێمانی) شوێنی ئیشه‌که‌شمان
له (قه‌ره‌هه‌نجیر) بوو ، که ئێستا ناحیه‌یه‌که سه‌ر به قه‌زای مه‌ڵبه‌ندی
پارێزگای که‌رکوک.. ئێواره‌یه‌کی سه‌ختی زستان بوو، بارانێکی زۆر باری..
ئۆتۆمبیلێک که له سلێمانی یه‌وه بۆ که‌رکوک ده‌هات.. له به‌ر شه‌سته
باران و ئاوهه‌ڵسان نه‌یان توانی بگه‌نه که‌رکوک.. له قه‌ره‌هه‌نجیر
لایاندا. نه‌فه‌رێکیان رووی کرده چادره‌که‌ی من ، منیش به گه‌رمی به‌خێرهاتنیم
کرد .. ئه‌ویش خۆی پێناساندم و وتی من «فایق بێکه‌س»م.. له دوای
نانخواردن وتی من شاعیرم و شیعر ده‌نووسم . ئه‌م شیعره غه‌زه‌لییه‌ی
خۆی بۆ وتم و بۆشی نووسیم، منیش له‌وه‌دوا له به‌رم کرد . فایق بێکه‌س
تا نیوه‌شه‌و قسه و سوعبه‌تی خۆشی بۆ کردم . منیش ڕێزێکی زۆرم لێگرت ،
به‌یانییه‌که‌شی به‌ره‌و که‌رکوک به‌ڕێکه‌وتن.. ».
دواتر خوالێخۆشبوو شێخ عه‌بدولقادر به ده‌ستنووسی خۆی شیعره‌که‌ی فایق
بێکه‌سی له سه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌ک کاغه‌ز بۆ نووسیم و دای پێم . که هاتمه‌وه
ماڵی خۆمان ، کاغه‌زه‌که‌م خسته دووتۆی ده‌فته‌رێکی سه‌د په‌ڕه‌ییه‌وه..
نیازم وابوو که له ده‌رفه‌تێکدا به جوانی ئه‌و شیعره‌ی بێکه‌س، که
له دیوانه‌که‌یدا نه‌بوو بینووسمه‌وه و له گۆڤاری (به‌یان) یا له
رۆژنامه‌ی (هاوکاری)داـ که خۆم به ناوی هیوا شوان ه‌وه له که‌رکوکدا
په‌یامنێریان بووم ـ بڵاوبکه‌مه‌وه یان ئه‌گه‌ر رێبکه‌وێ بیده‌م به
ده‌ستی شاعیری مه‌زنی گه‌له‌که‌مان کاک (شێرکۆ بێکه‌س) ی کوڕی فایق
بێکه‌س.
ئه‌و کاته مامۆستا بووم له قوتابخانه‌ی
(مه‌شخه‌ڵ) له که‌رکوک ، له قوتابخانه‌ی (ئیمام قاسم)ی شه‌وانییش
وانه‌م ده‌وته‌وه ، سه‌ره‌ڕای ئیشه‌کانی خۆم ، کۆمه‌ڵێک ئیشوکاری
قوتابخانه‌که‌شم ، شه‌وان له ماڵه‌وه ده‌کرد.. بۆیه زۆر سه‌ر
قاڵبووم و ، کتێبه‌کانم و ده‌فته‌ره‌کانیشم به‌سه‌ر یه‌کدا که‌وتبوون و
، به ده‌یان وه‌ره‌قه‌م ده‌دڕی و فڕێ ده‌دران.. زۆری پێنه‌چوو مامه
شێخ عه‌بدولقادر کوچی دوایی کرد ـ هه‌زاران ره‌حمه‌تی لێ بێت ـ منیش
دوای ماوه‌یه‌ک شیعره‌که‌م بیرکه‌وته‌وه ، چی ده‌فته‌ر و کتێبم هه‌بوو
ره‌نگه زیاتر له بیست جار په‌ڕه به په‌ڕه هه‌ڵمدانه‌وه به داخه‌وه
شیعره‌که‌م نه‌دۆزییه‌وه،چی لێ هات ؟ که‌وته کوێوه ؟ ئایه به نه‌زانین
له‌گه‌ڵ وه‌ره‌قه‌ی تردا دڕاندوومه .. نازانم ؟؟ تا ئێستاش سوێ و خه‌فه‌تی
ونبوونی ئه‌و شیعره‌ی فایق بیکه‌سم له دڵ ده‌رناچی .. ئه‌م قسانه‌ش
نابنه پاکانه بۆ که‌م ته‌رخه‌میییه‌که‌م .. ده‌بوایه له چه‌ند
شوێنێک بم نووسیبایه .. به‌ڵام قسه له دوای چوون بێ سووده .. ته‌نانه‌ت
سه‌یری ده‌فته‌ری بیره‌وه‌رییه‌کانی شێخ عه‌بدولقادریشم کرد ئه‌ویش له
هیچ شوێنێ نه‌ینووسیبۆوه ، شیعره‌که‌ی له‌به‌ر کردبوو.
ئه‌و ده دێڕه شیعره غه‌زه‌له‌ی فایق بێکه‌س من یه‌کجار خوێندمه‌وه
، وشه‌ی تێکهه‌ڵکێشی عه‌ره‌بی زۆری تێدابوو ، به‌وه‌ی ده‌کرد که‌سه‌ره‌تای
شێعر دانانی فایق بێکه‌س بووبێت . چۆنه که بێکه‌س خۆشی ئه‌م شیعره‌ی
نه‌نووسیوه‌ته‌وه ؟ یان کێ ناڵێت دواتر که شیعری جوانتری داناوه ،
ده‌ستی له شیعره سه‌ره‌تاییه‌کانی هه‌ڵگرتووه ؟ پوخته‌ی شیعره‌کانی
نووسیوه‌ته‌وه ، یان کێ ناڵێت به هۆی سه‌ختی ژیان و بێ جێی و لانه‌وازییه‌وه
، چه‌ندین شیعری تری فایق بێکه‌س له‌ناو نه‌چوونه..؟
مه‌به‌ستم له‌م روونکردنه‌وه‌یه، له یادی شه‌ست و سێیه‌مین ساڵه‌ی
کۆچی دوایی شاعیری گه‌وره‌ی گه‌له‌که‌مان ، تێکۆشه‌ر و نیشتمانپه‌روه‌رێکی
دلێر وچاونه‌ترسی نه‌مری کورد و کوردستان فایق بێکه‌س. ئه‌وه‌یه که
فایق بێکه‌س شیعری ونبووی هه‌یه .
قسه‌که‌ی خوالێخۆشبوو مامه « شێخ عه‌بدولقادر به‌رزنجی» ش ، ده‌رباره‌ی
ناسینی فایق بێکه‌س و شیعره‌که‌ی ، چۆن بۆی گێڕامه‌وه ، منیش به ئه‌مانه‌ته‌وه
بۆ گێڕانه‌وه.
نه‌رویج
ماڵپه‌ڕی ره‌زا
ساڵح
|