په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٨\٢٠١٤

(سابیر هاکا) ئەو شاعیرەى خەمەکانى کرێکار دەنووسێتەوە.


سەدیق سەعید     

 

زمان، کۆڵەکەیەکى سەرەکى و بنەڕەتى شیعرە.ئەگەر زمان لە شیعر دەربهاوێژین، شیعر وەک جەستەیەکى ساردوسڕی بێ گیانى لێدێت.هەموو ستراکتۆری شیعر، دواجار لە زماندا بەرجەستە دەبێت. شیعر وەک ژانرەکانى دیکەى ئەدەبی نییە،چەندین ڕەگەز لە شێوەى کات و شوێن و ڕووداوپلوت،بیناى هونەریانەى پێک بهێنن. ئەگەر ئەم ڕەگەزانە لە ژانری چیرۆک و ڕۆماندا،لە پاڵ زماندا، ناوەڕۆک و فۆرمى دەق پێک بهێنن، ئەوا لە شیعردا تەنها زمانە، هەموو دەقەکە پێک دەهێنێت. بۆیە(مالارمێ)ی شاعیری فەرەنسی دەڵێ:( شیعر تەنها زمانە).بەو مانایەى لە ڕێی زمانەوە، دەتوانین وێنەو ئستاتیکاى دەق بەرجەستە بکەین. شیعر وەک ژانرەکانى دیکەى چیرۆک و ڕۆمان نییە، لە ڕێگەى گێرانەوەو بە سەرهاتەکانەوە بمانگەیەنێتە پەیام و ئامانجێک. ئەوەى لە شیعردا خوێنەر بە دواى عەوداڵە، پەیام و ئامانج نییە، بە ڵکو شیعریەت و چێژە. بەو مانایەى ئەو شیعرە چەند چێژمان پێدەبەخشێت لە کاتى خوێنەوەى. بە سەدان دەق هەن، سادەن، وەلێ پڕن لە وێنەى هونەری و چێژی شیعری. زۆرجار خوێنەر تەنها، لە میانەى خوێنەوەى دوو دێری شیعریەوە، بەر وێنەیەکى ئستاتیکى هێندە جوان دەکەوێت، کە دەبێتە بە شێک لە یادەوەری. لە کاتێکدا لەوانەیە، لە دوو توێی ئەو دێرە شیعریە، نە مانایەکى قوڵ، نەزمانێکى مەعریفیش بوونى هەبێت. بە پێچەوانەوە، تەنها خوڵقاندنى وێنەیەکى شیعریانەى جوانە، خوێنەر ڕادەگرێ. کەواتە ئەوە زمانە، لە ڕی گوزارشتەوە، وێنەیەکى هونەری جوان لە تێکستدا بەرجەستە دەکات. پەشێوى شاعیر، لە دێرە شیعرێکدا دەڵێت:( هەرجارێک بوو نیگاکانمان لێک گیربوون وەک چنگى بازان/ هەرتاوێک بوو پشتمان تێک کرد ڕێگاکانمان لێک ترازان). پەشێوى شاعیر بە کورترین و چڕترین دەربڕینى شیعری،جوانترین و قوڵترین وێنەى شیعری دروست کردوە.کە گوزارشت لە چرکەساتى راگوزەری نێوان دوو خۆشەویست دەکات کە لە هەوەلین نیگاوە، بە سەرنجەکانیان،دڵی یەکتری دەپێکن.لە ڕوانگەى منەوە وەک خوێنەرێک، ئەگەر پەشێوى شاعیر قەسیدەیەکى درێژیشى لە بارەى دابڕانەوە بنووسیایە(ئەگەرچی ئەو شیعرەش شیعرێکى درێژە) هەر ئەوەندە وەک خوێنەرێک، چێژی پێ دەبەخشیم. لەو دوونیوە دێرەدا، لە چوارچێوەى زمانێکى سادە،مۆزیک و شیعریەتێکى جوانى وشەکان دەبینین.بۆیە ئەوە هەڵەیە پێمان وابێت، بۆ ئەوەى جوان بنووسین، دەبێ قوڵ بنووسین!ئەوە زمانى شاعیرە چێژ و شیعریەت و ڕیتم و مۆزیک،بە شیعر دەدات.ئەوە گرنگ نییە زمانى دەقێک سادەیە یا ئاڵۆز،ساکارە یا قوڵ، ئەوە گرنگە ئەو زمانە چەنێ خوێنەر کەمەندکێش دەکات، لە کاتى خوێنەوەى دەقەکە. شیعر فەلسەفەو فیکر نییە، تا بە زمانی فیکریش گوزارشت لە شتەکان بکەین. شیعر وێنەو چێژ و شیعریەت و مانایە.ئەوەی لە شیعردا سەرنجى خوێنەر ڕادەکێشێت، بەر لە ماناو پەیامەکەى، وێنەو دەربڕینەکانیەتى. وێنەو دەربڕینەکانیش لە ڕێگەى زمانەوە بەرجەستە دەکرێن.ئستاتیکاى زمان لە دەقی شیعریدا،بە ماناى ئاڵۆزی و تەمومژ و تێکدانى ستراکتۆری زمانەوانى و بابەتى زمان نایەت، کە بەشێک لە شاعیرانى ئێمە وەها تێی گەیشتوون!ئستاتیکاى زمان لەوە دایە،کە چەند ئەو زمانە،دەتوانێ وێنەى هونەری جوان،چێژ و شیعریەت بگەیەنێت. دەشێ تێکستێک،لە ئاستى نووسیندا،لە فۆرمێکى زمانەوانى سادەو ساکار دابێت،بەڵام پڕ بێ لە وێنەى شیعری جوان.بەپێچەوانەوەش دەشێ قەسیدەیەک هەڵگری زمانێکى ئاڵۆزو درێژ و سیمبولی بێت بەڵام ئەو چێژە بە خوێنەر نەبەخشێ، وەک ئەوەى لە شیعرێکى کورت دەیبینێ.لەهەردوو ئاستەکەشدا،نموونە زۆرن لە شیعری کوردیدا. کەواتە ئەوە خودى شاعیرە، لە ڕێگەى زمانى شیعری خۆیەوە،وێنەى شیعری دەخولقێنێ.جا گرنگ نییە ئاخۆ ئەو زمانە سادەیە یائاڵۆز. شیعرەکانى(سابیر هاکا)لەو جۆرە شیعرانەن، کە بە زمانى خەمەکانى ڕۆژ و لە چوارچێوەى فۆڕمێکى زمانى سادە نووسراون.وەلێ پڕن لە وێنەى هونەری جوان. ئەو شیعرانە، سادەن بەڵام قوڵن. سابیر هاکا بەو زمانەى خۆیەوە، لە خەمە گەورەکانى مرۆڤ وەک بوونەوەرێک دەدوێت. لە ئارەقەى تەوێلى کرێکاران و خوێنى ڕژاوى بێ نازى ئەو مرۆڤانە دەدوێت، کە ڕۆژگار و بوون، ستەمى لێکردوون و وەک ئەوانى تر ناژین.لەو نادادوەری و نایەکسانیە دەدوێت،کە لە نێوان مرۆڤەکان هەیە،ئەگەرچی هەمووشیان هەڵگری یەک شوناسن، کە ئەویش مرۆڤبوونە. سابیر هاکا، نەتەنها شیعرەکانى، بگرە ناونیشانى کۆمەڵە شیعرەکەشی، بۆخۆی شیعرێکى کورت و جوانە، کە لە یەکەمین دیتن و بەریەککەوتنى شیعرەکانى سەرنجى خوێنەر ڕادەکێشێ. (دەترسم دواى مردنیش کرێکاربم). بەو مانایەى شاعیر وەک چۆن لە ژیانى دنیادا،بە شی کرێکاری و نەهامەتى و سەختى ژیان بوە،دەترسێ دواى مردنیش هەمان چارەنووسی هەبێ. ئەمەش وەک ئاماژەیەک کە مرۆڤ لە ژیانى دنیادا چۆن دەژیت، بەهەمان شێوەش لە ژیانى کۆتاییدا دەژیت. بۆیە ئەو بەو ئاواتەوە ناژیت، کە دواى مردنى شێوە ژیانێکى دیکەى هەبێت، تەواو جیاواز لە ژیانى سەختى دنیا. بۆیە ترس و نیگەرانى خۆی لەوە دەر دەبڕێت، کە دواى مردنیش هەر کرێکاربیت. ئەگەرچی کرێکاری بوون، شەڕەفێکى گەورەیە. مرۆڤ لە کرێکاریدا، ڕاستە ڕەنجدەری و ماندووبوونى زۆر دەچێژێت،بەڵام بەبەرهەمى هێزو بازوو، بە ئارەقەى نێوچەوانى خۆی دەژیت. ئەمەش شکۆمەندییە بۆ مرۆڤ.بەڵام شاعیر دەزانێ کرێکاری بوون لە نێو ئێمەدا، چ شوناسێکى دیکەى هەیە. چۆن کەسانێک بە چاوێکى دیکەى جیاواز لە ڕووى کۆمەڵایەتى و پەروەردەییەوە دەڕواننە کرێکار. چۆن سیستەمى سەرمایەداری و بازرگانانى چلێس و خاوەن کارە بێ هەست و بێ ویژدانەکان، کە تەنها خەیاڵیان لای پڕکردنەوەى گیرفانەکانى خۆیانە، دەڕواننە خوێنى کرێکار.بۆیە بۆ ئەوان گرنگ نییە، خوێنى چەند مرۆڤ دەڕژێت، چەند کرێکار تاپڕۆژەیەک تەواو دەبێت دەبنە قوربانى، بەڵکو ئەوە گرنگە باڵاخانەیەک،میترۆیەک شەقامێک و کارگەیەک بە مەبەستى دەسکەوتنى داهات، بونیاد بنێن. تا ئەگەر بە ساختەش بێ، نیشانى بدەن کە پێشکەوتوون. وەک ئەوەى باڵاخانەى بەرز هێماى پێشکەوتوویی بێت! بێگومان ئەگەر دەست و بازوو و هێزى کرێکار نەبێت، تاخوێنى زۆر نەڕژێت، باڵاخانەیەک بەرز نابێتەوە. بۆیە لەو پێناوەدا دەبێ هەزاران کرێکار قوربانى بدەن. لە بەرامبەریشدا، کەسانێک بازرگانى بە خوێنى ئەوانەوە بکات. هەروەک شاعیر دەڵێت:

بەیاننامە دەردەکەن.. لەنەتەوەیەکگرتووەکان بەرگری دەکەن..
لە مافى کرێکاران و یە کسانى ژنان...
بەڵام لە گەڵ هەموو ئەمانەشدا..
خوێنی زۆر دەبێ بڕژێت...
تا باڵەخانەیەک..بە شانازى نەتەوەیی بدرێتە قەلەم...


لەڕوانگەی شاعیردا، بگرە هەمووشمان، ئەگەرچی لە یادى جەژنى جیهانى کرێکاران و لە بۆنەکانى دیکەدا، ئاماژە بە ڕۆڵی کرێکار و ماندووبوون و شوێن دەستى ئەوان لە کارەکان دەدرێت. چونکە هیچ ئامێر و کەرستەو کارێک، بە بێ وەگەڕخستنى توانای هزری و فیزیکى کرێکار ناخرێنە کار، بەڵام داکۆکیکردنى سەرمەیاداران و بازرگانان و خاوەن کۆمپانیاکانى کار، تەنانەت حکومەت و وڵاتیش لە کرێکاران، درۆیەکى گەورەیە. دەرکردنى بە یاننامە بە چی دەچێت و چی لە ژیانى کرێکاران دەگۆڕێت؟ ئەگەر هەموو ڕۆژ خوێنى ئەوان بڕژێت؟ بە پێچەوانەوە، وڵاتان تەنها بۆ ئەوەى نیشانى ئەوانى تری بدەن کە پێشکەوتوون،بەلایانەوە ئاسایە گیانى مرۆڤێک بکەنەقوربانى. شاعیر دەیەوێت ئەو پەیامە بگەیەنێت، کە باڵەخانەى بەرزو شۆستەو شەقامى جوان، چ بە هاو مانایە کیان هەیە، ئەگەر لە سەر خوێنى مرۆڤ بونیاد نرابن؟ باڵەخانەى بەرز کە هێمایەکە بۆ شانازى نەتەوەیی، چ جوانیەک دەبە خشێت، ئەگەر لە بەرامبەر هەڵچنینیدا، خوێنى هەزاران مرۆڤ بڕژێت؟ ئایا مرۆڤ هێمایە بۆ شانازى نەتەوەیی یاباڵەخانەیەک؟ گەورەترین سەرمایەى ژیان، لە هەموو فەلسەفەو ئایین و ئایدۆلۆژیاکاندا، مرۆڤە. ئەگەر خوێنى مرۆڤ لە شوێنێک ڕژا، ئەگەر مرۆڤ لە سەر زەمینێک، بە هاى ئنسانیانەى خۆی وەک ئنسان نەبوو،ئەگەر ڕێز لە بەهاى کەسیەتى و کۆمەڵایەتى و خوێنى ئەو کەسە نەنرا، پێشکەوتن و شانازى نەتەوەیی لە کوێدایە؟ شانازییەکانى وڵات و نەتەوەیەک لە باڵەخانەى بەرز و شەقامى جوان و پارکى ڕازاوە دانییە، بەڵکو لەوەدایە چەند مرۆڤەکان وەک مرۆڤ دەژین و ڕێزیان لێدەنرێت. هەموو پێشکەوتنەکان کە مرۆڤ خۆی دایدەهێنێ، کە ئەگەرلە خزمەت ئەویش دانەبن، بوونیان چ بایەخێکى هەیە؟ بێگومان ئێمە دەزانین، تا کار بکرێت،دەبێ خوێنى کرێکاریش بڕژێت. چونکە هەموو کارێک بە ماندووبوونی هێزو بازوى ئەو، ئارەقەى نێو چەوان و خوێنى ئەو، دەکرێت. بەڵام دەبێ ئەو خوێنەش بە هاى خۆی هەبێت. لێرەوە شاعیر دەیەوێت ئەو پەیامە بگەیەنێت، کە ئەگەرچی بە دروشم و هوتاف، بە دەرکردنى بە یاننامە، کرێکاریان بە بیرە، بەڵام لە ئاستى واقیعدا لە ئاستى ژیاندا، ئەمانە هەموویان درۆی شاخدارن. بە ڵکو ئەوە گرنگە چەند باڵەخانەیەک بە هەور دادەچیت. نەک چەند خوێنى کرێکار دەڕژێت. شانازى نەتەوەیی لەوە دایە، کە پیشانى بدەین، باڵەخانە هەیە. ئیدى گرنگ نییە کە لە پشت ئەو باڵەخانەیە، چەند خوێن ڕژاوە، تا دروست کراوە. با شار جوان و ڕازاوە بێت، چش لەوەى کە ئاخۆ خوێنى مرۆڤ دەرژێت یاخود نا. ئەمە دەرخەری ڕاستییەکى تاڵە کە ئەویش ئەوەیە، کە خاوەن کار و سەرمایەدار و بازرگانان و خاوەن کارەکان، بەتەنها لە خەمى دەوڵەمەندکردنى خۆیان دان ئیدى گرنگ نییە ئەگەر ئەو سەرمایە، بە خوێنى مرۆڤیش کۆ کرابێتەوە. لە کاتێکدا کرێکاریش وەک ئەوان مرۆڤە.مارکس زۆر بە قوڵی درکى بە جیاوازى چینایەتى و نایەکسانى نێوان چینەکان کردبوو. بۆیە فەلسەفەو ڕێبازێکى بە نێوى مارکسیزم و سۆسیالیزم داهێنا، تا هەموو مرۆڤەکان وەک یەک، یەکسان بن لە ئەرک و مافدا. تا جیاوازى چینایەتى و نادادپەروەرى نەمێنێت. سابیر هاکاش،لە شیعرەکانى خۆیدا خەون بە دنایێکى لەو شێوەیە دەبینێت، ژیانێک کرێکاریش بیت، بەڵام وەک مرۆڤ بژیت. بەڵام شاعیر دەزانێ لە ژێر سایەى دنیاى ئەمڕۆدا، کرێکاران چۆن دەژین. بۆیە خەمى ئەوەیەتى دواى مردنیش هەر کرێکار بێت. ئەو دەزانێ خوێنى کرێکار،وەک ڕەنگی شاتوو، وایە.بۆیە لە خەمى چارەنووسی خۆیدایە تەنانەت دواى مردنیش. هەروەک لە شیعرێکى دیکەیدا دەڵێت:


من کرێکارێکى زۆرم بینیوە..
کە لە باڵەخانە بەردەبوونەوە..
دەبوونە شاتوو...


هەڵبەتە، خوێن هەر خوێنە. هیچ سەرمایەک لە ژیاندا دڵۆپێک خوێنى ڕژاوى مرۆڤێک ناهێنێت. خوێن بە راورد ناکرێت بە هیچ شتێکى تر. وەلێ سابیر هاکاى جواننووس لە وێنەیەکى شیعری سادە بەڵام پڕ مانادا، خوێنى مرۆڤ بەو شاتووانە دەچوێنێ، کە لەدارشاتوو بەردەبنەوە.هەردووکیان ڕەنگیان سوورە. هەردووکیان لە کاتى کەوتنیاندا،بەرزەوى دەکەن و ئەو ناوە سووردەکەن بە ڕەنگەکانیان.بەڵام ئایا،خوێنى کرێکار وەک مرۆڤ،هاوتاى ڕەنگى شاتوە؟ سابیر هاکاى شاعیر،بەو گوزارشتە شیعریە، مەبەستیەتى ئەو پەیامە بگەیەنێتە هەموومان کە بە داخەوە،خوێنى کرێکار، وەک ئەوە وایە شاتووێک لە دارتوو، کەوتبێتە خوارەوە.بەدەربڕینبێکى تر، مردنى کرێکارەکان، ئەوەندە بە بێ نازی و سادەیەوە دەکەوێتە بەر گوێی سەرمایەدارەکان، وەک ئەوەى شاتووێک کەوتبێت بە ئەرزدا. وێراى ئەمەش شاعیر مردنى ژمارەى کرێکارەکان، هاوتاى شاتووەکان دەکات.چونکە ئێمە هەموومان دەزانین شاتووەکان،بە تاک نا، بەڵکو بە کۆمەڵ بەردەبنەوە. کاتێ خوێنى کرێکارەکانیش وەک ڕەنگى کەوتنى شاتووەکان، ئەو ناوە پڕدەکەن لە ڕەنگى سوور، ئاماژەیەکە بۆ مردنى لە ڕادەبەدەری کرێکارەکان، لە کارگەو کۆمپانیاو بەرزبوونەوەى باڵەخانەکاندا. لە ڕاستیشدا وایە. چەندین کرێکار لە کوردستاندا، گیانیان لە دەست داوبە خوێنى ڕژاویان، گَل و بەردی پڕۆژەکانیان سوورکرد. کەچی کێ خوێنى ئەوانى بە بیر؟.شاعیر بۆیە ڕەنگى خوێنى مرۆڤ بە ڕەنگى شاتووەکان دەچوێنێ.تاکو نیشانى بدات، کەمردنى کرێکار تەنها وەک کەوتنى شاتووێک وایە، نەک خوێنى ڕژاوى مرۆڤێک. ئەوەکرێکارە کان نین دەمرن،بە ڵکو شاتووەکانن بە ردەبنەوە. نەهامەتى کرێکار، وەک مرۆڤێک هەرتەنها لەوەدانییە کە ژیانێکى پرچەرمەسەری و کۆلەمەرگى دەژیت،بەڵکو بە هۆی کرێکاری بوونیەوە،هیچ شتێکى پێ ڕەوانابینن.تەنانەت ژیانێکى سادەش. کرێکاری بوون ئەو شوناسە کۆمەڵایەتیەیە، کە هەمیشە بە چاوێکى دیکەو بە تێڕوانینێکى دیکە،لای ئەوانى تر دەبینرێت. ئەو شوناسە هەر تەنها لە ئاستى چینایەتى و ژیاندا،جیاوازیەکانى نێوان دوو چین قوڵتر ناکاتەوە کە یەکیان خاوەن سەرمایەکان و ئەوەى تریشیان هەژارەکانن. بەلکو لە ئاستى عشق و خۆشەویستیشدا، کرێکارێک لە بەر کرێکاری بوونی، زۆر بە ئاستەم دەتوانێ بە دڵخوازەکەى بگات.بۆیە سابیر هاکاى جواننووس لە دێرە شیعرێکى دیکەیدا،دەڵێ:

جگەرەیەک کە تەواو دەبێ...
لە خەیاڵی کچێ کەلەبەر..
کرێکاریبوون لە منیان سەند...


کرێکاریبوون دواجار ئەو شوناسە کۆمەڵایەتیەیە، کە بە هۆیەوە شاعیر ناچاربوە،دەستبەرداری خۆشەویستەکەى بێت،یاخود لێیان ستاندوە، وەک ئەوەى خۆی باسی دەکات. لێرەدا سابیر هاکا،دەیەوێ پەیامى چینایەتى و جیاوازى پیشەیی و پێگەى جەماوەری و ئاستى گوزەران و ژیانى مرۆڤەکان، لە کۆمەلگادا بگەیەنێت.کە هەندێکیان زەنگین دەژین و هەندێکى تریشیان لات. کە هەموومان بەندەى خوابین، کە هەموومان وەک یەک مرۆڤ بین، ئەوهەموو جیاوازی و نادادپەروەیە بۆچى؟ بۆ دەبێ کەسانێک تەنها لەبەر ئەوەى کرێکارن، مافی ئەوەیان نەبێت، خۆشەویستى بکەن و بە عاشقەکانیان بگەن. شاعیر دەزانێ لەو دیو شوناسی کرێکاریبوونەوە، عاشق بوون، گەیشتن بە خۆشەویست، مەحاڵە. هەربۆیەشە لەخەیاڵی کچێ جگەرەیەک دادەگیرسێنی،کەلەبەر کرێکاریبوون، لەویان سەندوە. لێرەوەش شاعیر ئەو پەیامە دەگەیەنێت، کە عشق و خۆشەویستیش، وەک کاڵایەک سەوداو مامەڵەى پێوە دەکرێت.بۆیە تا زەنگین و دەوڵەمەندەکان هەبن، کەس کچێک بە کرێکارێک ڕەوا نابینێت. بێ ئاگا لەوەى ئەوەى دواجار ئاسوودەیی و بە ختەوەری بە مرۆڤەکان دەبەخشێت، سەروەت و سامانى زۆر نییە. کەم نین ئەو مرۆڤانەى هەمووسەرمایەکیان هەیە لە ژیاندا،بەختەوەری نەبێت. وەک چۆن دەشێ کەسانێکیش هەبن، سادەبژین و هیچیان نەبێت،بەڵام بەختەوەریش بن. هەربۆیە ئەگەر لە بەر کرێکاری بوون،کچێک بە مرۆڤێک رەوانەبینرێت،ئەوا بە دڵنیایەوە لە باوەشی کەسێکى زەنگینیشدا، ناتوانێ بە ختەوەرانە بژیت. کەم نین ئەو مرۆڤانەى بەو خەیاڵەوە،دەچنە نێو دنیایەک کە خەونیان پێوەبینیوەو خۆیان هەڵیان بژاردوە. وەلێ دواجار پەنجەى پەشیمانیان گەستوە.بەختەوەری بەسەروەت و سامان و مولکى زۆر نییە.دەشێ کەسێک کرێکار بێت و هیچى نەبێت، وەلێ ئاسوودەش بێت. شیعرەکانى سابیر هاکا،مانفێستى نووسینەوەى خەمەکانى مرۆڤن. ئەو خەمانەى ڕۆژانە لە گەڵیان ئەژین و خەمى هەموومانە. وەلێ کەسمان ناتوانین وەک سابیر هاکا،ئەو خەمانە بنووسینەوە. شیعرەکانى ئەو شاعیرە، لەو جۆرە شیعرانەن کە سادەن. وەلێ تا ئەو پەڕی جوانن.
_______________________________
تێبینیی: دەترسم دواى مردنیش کرێکاربم، کۆمەڵە شیعرێکى (سابیر هاکا)یە و (دلاوەر رەحیمى) وەریگێڕاوە. لەو ماوەیەی ڕابردوودا چاپ و بڵاوکرایەوە.

 

 

sadiqrwandze@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک