په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١\٢٠١٣

ساکینە و هاوڕێکانی بۆ کۆمەڵکوژکران؟


جیهاد محەمەد      


پاکتاوی جەستەیی ڕکەبەرە سیاسییە دیارەکانی ناو کایەی سیاسی کولتوورێکی دزێو و ناشیرین و دێرینە لە ناو کۆمەڵگا خێڵەکی و فیوداڵ و ئیسلامییەکاندا. بۆ یەکلایکردنەوە و تۆڵەسەندنەوە و شڵەژانی بەرامبەر پەنای بۆ دەبرێت، یان بۆ لەباربردنی رێکەوتنێکی سیاسیی و چەواشەکردن و دروستکردنی بەد گومانیی. بازرگانە چاوچنۆکەکانی ناو کاییەی سیاسی، هەردەم بەرژەوەندییان لەوەدایە کە ململانێ سیاسییەکان بەردوامبێت و هێوریی و ئارامی بەخۆوە نەبینێت، بۆیە زۆر جار لە پێناوی ئەم مەبەستە گڵاوەدا پەنا بۆ تیرۆر و پاکتاوی جەستەیی دەبرێت.


زۆر جاریش لەسەر نووسینێک، کتێبێک، بیروباوەڕێکی پێشکەوتوخوازی دژ بە کولتوورە باوەکان، یان ڕەخنەگرتن لە دین و ئەفسانەکان پەنابراوەتە بەر پاکتاوکردنی جەستەیی.


جەمال عیرفان، لەسەر ئەوە تیڕۆرکرا کە وتی، چۆن سووتوە جگەرە ناکرێتەوە بە جگەرە، بە هەمان شێوەش کە مرۆڤ مرد جارێکیتر زیندوناکرێتەوە. عەبدولخالق مەعروف لە سەر رەخنەگرتن لە تێکستە دینییەکان تیرۆرکرا. نووسەری کتێبی ٢٣ ساڵ پێغەمبەرایەتی(عەلی دەشتی) لە بارودۆخێکی تەمومژاوییدا لە ناویانبرد. بە دەیان و سەدان کەس لە ململانێی نێوان چەپەکان و ڕاسترەوەکانی کوردا تیرۆرکران. بۆ یەکلایکردنەوەی ململانێی نێوان هەردوو بەرەی جەلالیزم و ملاییەکان دا دەیان کەس بە پاکتاوی جەستەیی تیاچوون. کۆمەڵکوژیی پێنج ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە شاری سلێمانیدا لە بەرچاوی خەڵک و بە رۆژی ڕووناک لە لایەن چەکدارەکانی یەکێتیەوە و بە فەرمانی فەرمی سەرکردایەتی حیزبی ناوبراو گیانیان لە دەستدا. دیسان تیرۆرکردنی هەردوو چالاکوانی کۆمۆنیستی(شاپور و قابیل) لە لایەن ئیسلامیە توندڕەوەکانەوە کرا. کوشتنی فرانسۆ حەریری لە لایەن ئیسلامیەکانەوە بوو. تیرۆکردنی دەیان چالاکوانی چەپ و رەخنەگر و نووسەری وەک نەزیر عومەر و محەمەد حەلاق و عەبدولستار تاهیر شەریف و سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان بە دەستێکی نادیار و نێهێنی تیرۆرکران، کە هەموو خوێندەوە سیاسییەکان پێیان وایە بۆ تۆڵە سنەدنەوە بووە لەسەر ڕەخنەکانییان. هەوڵدان بۆ فڕاندنی د.بەرهەم ساڵح لە لایەن ئیسلامییەکانەوە بۆ فشار دروستکردن و تۆڵە سەندەوە بوو.


گەلی کورد، وەک گەلێکی رۆژهەڵاتی، لە ناو خۆیدا، وەک ئاماژەم پێدا بەدەر نەبووە لەم کولتوورە دزێوو و چەپەڵە. لە هەمان کاتدا وەک گەلێکی چەوساوە و بێ مافکراو هەمیشە لە ژێر هەڕەشەدا بووە، بە تایبەتی لەو کاتانەدا کە چالاک بووە و پێیداگرتوە لەسەر مافە ڕەواکانی خۆی. بێ بەزەییانە نەیارانی کورد تەنها بەوەوە نەوەستاون کە ئەم گەلە بچەوسێنەوە، بەڵکو هەوڵیانداوە جینۆسایدیشی بکەن، هەوڵیان داوە کەسە دیارەکانی ناو کایەی سیاسی ئەم گەلە کۆمەڵکوژ بکەن. دکتۆر قاسملۆ و کاک فازیلی مەلا مەحموود و کاک عەبدوڵای قادری هاوڕێیی، لەسەر مێزی گفتوگۆ بێشەرمانە و دڕندانە تیرۆرکران لە لایان حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە، لە ڤێننای پایتەخی نەمسادا کە بە بووکی ئەورپا ناودەبرێت. هەر دوای ئەوەش دکتۆر شەرف کەندیان لە ئەڵمانیادا تیرۆرکرد. دیسان ئەوە بۆ جارێکیتر کەسانی سیاسی و چالاکوانی دیاری ناو پەکەکە (ساکینە جانسێزو ڤیدان دوغان و لەیلا سویلەمەز)ی سەربەرز لە پاریسی پایتەختی فەرنسادا تیرۆر دەکرێن، لە وڵاتێکدا ڕەشەکوژ دەکرێن، کە جێگەی گەورەترین وەرچەرخانی مێژووی مرۆڤایەتییە، جێگەی شۆڕشە گەورەکانی وەک شۆڕشی ١٧٨٧ و کۆمۆنەی پاریسی ١٨٧١ و شۆرشی قوتابیان ١٩٦٨ە. خاوەنی دەیان و سەدان بیرمەند و فەیلەسوف و زانکۆی بە ناوبانگی وەک زانکۆی سۆربۆنە. خاوەنی دەیان هونەرمەند و لێکۆڵەر و لێتوێژەر و موسیکاری بە ناوبانگی جیهانە. ئەم وڵاتە لە بەدبەختی کوردا، دەبێت بە مۆڵگەی تیرۆریستانی دژە کورد.


ئەگەر کۆمەڵ کوژییەکەی دکتۆر قاسملۆ و هاورێکانی و تیرۆری شەرەفکەندی بۆ شڵەژان و لاوازکردنی ناو پارتی دیموکراتی کورستان/ئیران بووبێت. ئەوە ئەمجارەیان وا پێدەچێت تیرۆرکردنی ئەم سێ ژنە سەربەرزەی ناو کایەی سیاسی و پێداگر لەسەر مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە باکوردا، بۆ لەباربردنی چارەسەری سیاسییانەی کێشەی کورد بێت لە کوردستانی باکوردا، کە چەند هەنگاوێک چوەتە پێشەوە. پێدەچێت ئەم دەستە هەمان دەستی ناو دەسەڵاتی سوپای تورکیا بێت کە بە هاوکاریی دەستگا هەواڵگرییەکانی ئامریکا و ئیسرائیل عەبدوڵا ئۆجەلانییان دەستگیرکرد بۆ لاوازکردنی بزووتنەوە سیاسییەکەی.


جیگەی خۆیەتی هەموو کوردێک کە هەست بە زوڵمی نەتەوەیی و ستەمکاریی دوژمنەکانی دەکات، ئەم تاوانە ڕسوا و شەمەزار بکات و دژی بوەستێتەوە هەرچۆنێک بۆی کرا. سەدان جار ئیدانەی ئەم تاوانە دەکەم و تیرۆرکدنی ئەو سێ ژنە سەربەرزە مەحکوم دەکەم.


١١\١\٢٠١٣ - نەرویج

ماڵپه‌ڕی جیهاد محه‌مه‌د که‌ریم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک