په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\١\٢٠٢٦

ساڵی کۆتایی ئەندێشەکان.


ئەرسەلان مەحمود      


ئەوەی ئێستا، لەم سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦دا ڕوودەدات، تەنها زنجیرەیەک ڕووداوی جیۆپۆلیتیکیی پەرتەوازە نییە، بەڵکوو ساتەوەختی بەئاگاهاتنەوەیە لە کابووسێکی درێژخایەن. کابووسێک دەیان ساڵە لەژێر ناوی کۆتایی مێژوودا بازاڕگەری بۆ دەکرێت. کاتێک بەیانیان شارەکانی کاراکاس و تاران بە دەنگی تەقینەوە و هاواری خەڵک ڕادەچڵەکێن، جیهانیان لە بەردەم سەرەتایەکی نوێدا خۆیان نابیننەوە، بەڵکوو لە چەقی ناوەندە هەتاهەتاییەکەدان؛ ئەو خاڵەی کاپیتاڵیزمی جیهانی تیایدا ڕیسکەکانی فڕێ دەدات و خۆی وەک هێزێکی ڕووتی بێ پاساو نمایش دەکات. ئەمە ساتەوەختی مردنی ئەندێشەکانە، ساتەوەختی ڕووبەڕووبوونەوەی واقیعی ڕووتی بەرژەوەندییەکان.

لە سەرچاوە فەرمییەکانی میدیای ڕۆژئاوادا، وێنەکە بە شێوەیەکی کلاسیکی کێشراوە: فەنزویلا بەهۆی ماددە هۆشبەرەکانەوە بۆمباران دەکرێت و ئێران بەهۆی سەرکوتکردنی ئازادییەکانـەوە گەمارۆ دەدرێت. بەڵام ئایا ئەمە حەقیقەتە یان تەنها سیناریۆیەکی سواوە بۆ ڕازیکردنی ویژدانی جیهانی بەوەی نابێت پێی ڕازی بن؟ لێرەدا پارادۆکسەکە دەردەکەوێت؛ ئەمەریکا لە فەنزویلا بانگەشەی جەنگی دژی ماددە هۆشبەرەکان دەکات، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە پشتگوێ دەخات: بۆچی ئەم جەنگە ئەخلاقییە تەنها کاتێک دەستپێدەکات کە مادوورۆ دەست بۆ پیرۆزییە گەورەکە دەبات و ڕێگە بە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان نادات کۆنترۆڵی گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهان بکەن؟ ئەمە ڕێکەوت نییە، بەڵکوو میکانیزمی ئیشکردنی سیستەمەکەیە؛ ماددە هۆشبەرەکان تەنها کۆدی تایبەتی نەوتین لە قامووسی نوێی ئیمپریالیزمدا.

لە دیوێکی دیکەی ئەم شانۆگەرییەدا و لە ئێران، دیمەنەکە ئاڵۆزترە. بەڵێ، دەیان کەس لەپێناو ژیان و ئازادیدا گیانیان دەبەخشن، بەڵام کاردانەوەی دۆناڵد ترامپ و ئیدارەکەی، پەردە لەسەر ئەو دووفاقییە هەڵدەماڵێت، کرۆکی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکایە. ترامپ لە میدیاکانەوە دەنووسێت: ئەگەر ئێران تەقە لە خۆپیشاندەران بکات، ئەمەریکا دێتە فریایان. ئەم ڕستەیە تەنها درۆ نییە، بەڵکوو جۆرێکە لە تەنز. ئایا ئەوە فریاکەوتنە بۆ خەڵکی کۆنگۆ، یەمەن، یان فەلەستین لەکوێ بوو؟ لێرەدا دەگەینە دۆزینەوەی یاسای ئایدیۆلۆژیای کلاسیک: کاتێک ئێمە بۆمباران دەکەین، ناوی دەنێین دەستێوەردانی مرۆیی، بەڵام کاتێک ئەوان بەرگری دەکەن، ناوی دەنێین تیرۆریزم. مافی مرۆڤ لەم هاوکێشەیەدا تەنها ئامرازێکە بۆ شەرعیەتدان بە دەستەبەری قازانجی کۆمپانیاکان، نەک پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ.

بێگومان، مادوورۆ و خامنەیی مۆدێلی دیکتاتۆرییەتن، ئەمە حەقیقەتێکە نکوڵی لێناکرێت. بەڵام پرسیارە ستراتیژییەکە ئەوەیە: ئایا چارەسەری دیکتاتۆرییەت، تیرۆریزمی ئابوورییە؟ کەمپەینی گوشارەکانی ترامپ لە فەنزویلا و ئێران، نەبوونەتە هۆی ڕووخانی دیکتاتۆرەکان، بەڵکوو بوونە هۆی کوشتنی مەلەوان و هەژارەکان، نرخی نانیان ٧٢٪ بەرزبۆتەوە. کاتێک سزای ئابووری دەبێتە هۆی برسیکردنی کۆمەڵگە، ئێمە لەبەردەم پرۆسەیەکداین تێیدا خوێندنەوەی باڕکۆدەکان گرنگترە لە ژیانی مرۆڤەکان. دیالێکتیکەکە لێرەدا ترسناکە: بۆ لەناوبردنی ستەمکارێک، سیستەمی جیهانی ئامادەیە هەزاران بێتاوان بکاتە قوربانی، بەبێ ئەوەی ستەمکارەکە بڕوخێت.

خاڵی وەرچەرخان لە ساڵی ٢٠٢٦دا ئەوەیە ئەمەریکا و هێزە جیهانییەکان چوونەتە قۆناغێکی نوێوە: ئیمپریالیزمی پۆست-ئایدۆلۆژیک. جاران پێویستیان بە پاساوی دیموکراسی و ئازادی هەبوو (وەک سەردەمی جەنگی سارد)، بەڵام ئێستا پێویستیان بەو ماسکەش نەماوە. ترامپ بە زیندوکردنەوەی مۆنرۆ دۆکترینی، بەڕاشکاوی ڕایدەگەیەنێت ئەمەریکای لاتین حەوشەی دواوەی ئەمەریکایە. ئەم ڕاشکاوییە جۆرێکە لە سینیزمی سیاسی، ئەوان پێمان دەڵێن: بەڵێ ئێمە لەبەر بەرژەوەندی و نەوت دەجەنگین، ئێمە هێزین و دەتوانین، کەواتە دەیکەین. ئەمە کۆتایی فەنتازیای دیموکراسیی لیبڕاڵە، ئەوەی فوکویاما بانگەشەی بۆ دەکرد. لە ٢٠٢٦دا، دیموکراسی چیتر ئامانج نییە، بەڵکوو تەنها ڕووپۆشێکی تەنکە بۆ جەنگە ئەزەلییەکە: جەنگی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان.

لەم نێوەندەدا، تراژیدیاکە دەگۆڕێ بۆ کۆمێدیایەکی ڕەش. پزیشکیان سەرۆکی ئێران، لە دانپێدانانێکی دەگمەندا دەڵێت: گەلی ئێران ڕەتیانکردووینەتەوە و ئێمە لە دۆزەخداین. ئەم ڕاستگۆییەی پزیشکیان مەترسیدارترین جۆری مانەوەی دەسەڵاتە. ئەمە میکانیزمێکە پێی دەوترێت خۆ-نەفی کردن بۆ مانەوە؛ کاتێک دەسەڵات دان بە گەندەڵیی خۆیدا دەنێت بۆ ئەوەی خەڵک بێهیوا بکات لە گۆڕانکاری. پزیشکیان دەڵێت: بەڵێ ئێمە خراپین، بەڵام پەیامە شاراوەکە ئەوەیە: جێگرەوەیەک نییە، بۆیە هەر ئێمە دەمێنینەوە و پێویستە چاکی بکەین، یان تەواو تێگەیشتووین و سەبرتان هەبێ چاکی دەکەین. ئەمە لوتکەی ئەو ئایدیۆلۆژیایەیە خۆی وەک نەمانی ئایدیۆلۆژیا دەردەخات؛ داننان بە تاواندا نەک بۆ تەوبەکردن، بەڵکوو بۆ شەرعیەتدان بە بەردەوامیی تاوانەکە.

ئەم دۆخە گەلانی ناوچەکە دەخاتە بەردەم جەهەنەمی هەڵبژاردن: هەڵبژاردن لەنێوان دیکتاتۆری ناوخۆیی یان داگیرکاریی دەرەکی. بەڵام ئەمە بژاردنێکی ساختەیە. ڕاستییەکە ئەوەیە نە مادوورۆ و خامنەیی چارەسەرن، نە ترامپ و ئەمەریکاش فریادڕەسن. هەردوو بەرە (ستەمکاری ناوخۆیی و ئیمپریالیزمی جیهانی) دوو دیوی یەک دراون؛ یەکێکیان ڕاشکاوانە بە پاساوی نیشتمانپەروەری خەڵک دەچەوسێنێتەوە و ئەوی دیکەیان بە پاساوی دیموکراسی، ڕاشکاوانە وڵاتان وێران دەکات.

کەواتە، گۆڕانی ڕاستەقینە لە ساڵی ٢٠٢٦دا دەکەوێتە دەرەوەی ئەم دوو جەمسەرە. گۆڕان بریتییە لە ڕەتکردنەوەی تەواوەتیی ئەو فەنتازیایەی پێیوایە سیستەمەکە دەکرێ چاکسازی تێدا بکرێت. ئومێدی ڕاستەقینە تەنها کاتێک لەدایک دەبێت دان بە نایومێدی تەواو لەم سیستەمە بنرێت. ئەو هاوارانەی لە کاراکاس و تاران دەبیسترێن، ئاماژەن بۆ ئەوەی خەڵک چیتر باوەڕ بە چیرۆکەکان ناکەن. ساڵی ٢٠٢٦ ساڵی کۆتایی هاتنی ئەندێشەکانە؛ ساڵێکە تێیدا دەبێت ببینین پادشای جیهان ڕووتە. ڕەنگە ئەمە ترسناک بێت، بەڵام تاکە سەرەتایە بۆ بێدارییەکی ڕاستەقینە لە دەرەوەی یارییە خوێناوییەکانی کاپیتاڵیزمی جیهانی.

 

 

---------------------------------------------------------------------------------------------------
 


باڵندە ڕەشەکە لە خەودا.
- چیرۆکی ڕفاندنی نیکۆلاس مادورۆ لە شەوێکی تاریکی کاراکاس -


سێبەرەکان لە تاریکیدا دەجوڵان.


مانگەکانی پێش ئەو شەوە، هاوینی ٢٠٢٥ – کاتێک گەرمای خۆی بەسەر فەنزویلادا دابەشدەکرد، تیمێکی بچووکی ''سی ئای ئەی'' وەک سێبەرێک بە نهێنی دەچنە ناو وڵاتەکەوە. کار و ئەرکی سەرەکی ئەو تیمە بێدەنگە ئەوە بوو ببنە سێبەری مادورۆ - سێبەرێک هەرگیز نەبینرێت، کەس پێی نەزانێت، بەڵام لە هەموو ڕەوتەکانی ژیانی مادورۆدا هەبێت. ئەوان وەک چاوێکی نەبینراو هەموو شتێکیان تۆمار دەکرد: کەی دەخەوت، کەی هەڵدەستێ، چی دەخوارد، بۆ کوێ دەچوو، چ ئاژەڵێکی هەبوو. ژەنەراڵ دان کەین، سەرۆکی ستافی هاوبەشی ئەمریکا، دواتر بە شانازییەوە گوتی: ئێمە دەمانزانی چۆن دەجوڵێت، لەکوێ دەژی، بۆکوێ دەچوو، چی دەیخوارد و چی لەبەر دەکرد.

هەمان کات، لە شوێنێکی نادیاردا - شوێنێک تەنها چەند کەسێک ناونیشانەکەیان دەزانی، سوپای ئەمریکا کۆپییەکی تەواوی ماڵەکەی مادورۆیان دروستکرد-هەموو ژوورەکان، هۆڵەکان، دەرگەکان، پەنجەرەکان. سەربازە تایبەتەکان لەو شوێنەدا چەندینجار ڕاهێنانی تایبەتیان لەسەر چۆنیەتی داخڵبوون و چوونە ژوورەکان و هۆڵەکان ئەنجامدا. ڕاهێنانەکان بە ڕادەیەک جدی بوون تەنانەت بە چاوداخراویش بتوانن پلانەکە وەک خۆی جێبەجێ بکەن - دەستەکانیان ڕێگەکانیان دەناسی، جەستەکانیان فێرە خۆ گونجاندن و ڕیتمەکە ببوون. سەرەتای کانونی یەکەم، هەموو شتێک لە پلەی ئامادەباشیدا بوو، ئەوەی مابوو تەنها دەرفەتی ئاسمان و چاوەڕوانی کەش و هەوای گونجاو بوو.

فەرمانەکەی کاتژمێر ١١ی شەو.


شەوی ٢ی کانونی دووەمی ٢٠٢٦، لە مار-ئا-لاگۆ لە فلۆریدا، دۆناڵد ترامپ لەگەڵ ژەنەراڵەکانی لە ژوورێکی تایبەتی داپۆشراو بە پەردە ڕەشەکان کۆببوونەوە. شاشەکان ڕۆشنایی کاپۆرییان دەدا بە ژوورەکە. ئاسمانی کاریبی ساماڵ و ساف بوو - ئەو ئاسمانەی ڕۆژانێک چاوەڕێی کرابوو. کەشەکە گونجاو بوو. ترامپ دواتر گوتی: چوار ڕۆژ پێشتر ویستمان ئۆپەراسیۆنەکە جێبەجێ بکەین، بەڵام هەوا تەواو نەبوو، هەورەکان ڕێگەیان نەدەدا. دوای کرانەوە ئاسمان، گوتمان: بڕۆن. پێش کاتژمێر ١١ی شەو بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا، ترامپ فەرمانەکەی دا – فەرمانێک نەک هەر وڵاتێک ڕەنگە ئیتر داهاتووی هەرێمێک بە تەواوی بگۆڕێ.

١٥٠ فڕۆکە لە ٢٠ بنکەوە.


دوای فەرمانەکەی ترامپ، جیهان وەک لە خەوێکدا ڕاپەڕیبێت. لە ٢٠ بنکەی سەربازی جیاوازی سەرتاسەری نیمکورەی ڕۆژئاوا، زیاتر لە ١٥٠ فڕۆکە وەک هەڵەسووکێک بەرەو ئاسمان هەستان و دەستیان بە فڕینکرد: فڕۆکەی شەڕکەر، بۆمبەهاوێژ، فڕۆکەی چاودێری، فڕۆکەی هەواڵگری و هەلیکۆپتەر. هەموویان بەرەو یەک ئامانج - کاراکاس، دڵی تاریکی فەنزویلا.

ژەنەراڵ کەین دواتر بە سەرسووڕمانێکەوە ڕوونیکردەوە: ئەو جۆرە هاوئاهەنگییە تەنها سوپای ئەمریکا دەتوانێت ئەنجامی بدات. زیاتر لە ١٥٠ فڕۆکە بە ڕێکوپێکی لە سەرتاسەری نیمکورەی ڕۆژئاوا هەڵفڕین، هەموویان لە کات و شوێنی خۆیاندا کۆببوونەوە، بۆ یەک مەبەست - وەک ئەستێرەکان کاتێک بەرەو یەک خاڵ دەڕۆن. لە هەمانکاتدا، تاکتیکەکانی جەنگی سایبەری وەک سیگناڵێکی نەبینراو بەکاربران، ئامانجەکەیان لەکارخستنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی فەنزویلا و ئاسانکردنی ڕێگەکان بوو بۆ هەلیکۆپتەرەکان.

فڕینی نزم لەسەر دەریای تاریک.


هەلیکۆپتەرەکانی تیمی جێبەجێکار - هێزی دلتا فۆرس - بە بەرزی تەنها ١٠٠ پێ (٣٠ مەتر) بەسەر ئاوی تاریکی دەریای کاریبیدا فڕین. ئەوەندە نزیک بوون لە دەریایەکە دەیانتوانی وردە شەپۆلەکانی ئاوەکە ببینن. مەبەستەکە خۆشاردنەوە بوو لە ڕادارەکان - وەک کەوێک بە نزمی دەفڕێت تا ڕاوچی نەیبینێت. ئاسمانی شەو و دەریای کاریبی تەنها ئەو شتانە بوون هەبوون - تاریکی و دەنگی تەیارە و تارمایی شەپۆلەکان. کاتێک لە وشکانی فەنزویلا نزیک بوونەوە، سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی، بە هێرشی ڕاستەوخۆی سایبەری لەکارخران - وەک فوکردن بە چرادا. ڕێگەکە ئازاد بوو.

کاتژمێر ٢ی شەو، کاراکاس لە خەودا.


کاتژمێر ٢ی شەو بە کاتی ناوخۆیی کاراکاس، کاتێک شار لە خەوی قووڵدا بوو و چرای کۆڵانەکان بە ماندووییەوە دەدرەوشانەوە، هەلیکۆپتەرەکان گەیشتنە سەر کۆمپاوندەکەی مادورۆ لە ناوچەی فوێرتە تیونا - گەورەترین ناوەندی سەربازی فەنزویلا. دەنگی ماتۆڕ و پەڕیەکانیان بە سەر سکۆتی شەودا دەشراخایەوە. تەقەکردن دەستیپێکرد. پارێزەرەکانی مادورۆ - پاسەوانە کوبییەکان - بەرگریان دەکرد. یەکێک لە هەلیکۆپتەرەکان پێکرا، بەڵام وەک باڵندەیەکی بریندار هێشتا دەیتوانی بفڕێت. هێزەکانی ئەمریکا پێشڕەوییانکرد. دەنگی تەقینەوەکان لە سەرتاسەری کاراکاس دەبیستران - دەنگێک دانیشتوانی پایتەخت بێئەوەی بزانن چی ڕوودەدات لە خەوی هەستاندن.

دەرگەیەک هەرگیز نەکرایەوە.


لە ناو کۆمپاوندەکەدا، سەربازە تایبەتەکانی ئەمریکا و ئەفسەرانی ''ئێف بی ئای'' بە خێرایی جوڵان. چەندینجار ڕاهێنانیان کردبوو لەسەر ئەو ماڵە و هەموو گۆشەکانیان دەزانی - وەک کەسێک لە ماڵەکەی خۆی بێت. مادورۆ لە ژووری خەوەکەیدا هەستا و هەوڵیدا هەڵبێت. ترامپ دواتر بە پێکەنینەوە گوتی: هەوڵیدا بچێتە ژوورێکی سەلامەت - ئەو ژوورەی تەواو لە پۆڵا دروستکرابوو، ئەو ژوورەی پێشتر بیری لێکردبۆوە دەتوانێ پەناگەی بێت. بەڵام نەیتوانی بگاتە دەرگەکەی - ئەو دەرگەیەی ڕزگاریی لە پشتیەوە خۆی حەشاردا بوو. هاوڕێکانمان زۆر خێرا بوون. مادورۆ و ژنەکەی سیلیا فلۆرێس، پێش ئەوەی بتوانن هەناسەیەک هەڵکێشن، خۆیان بەدەستەوەدا و قۆڵبەستکران.

کاتژمێر ٣:٢٩ی بەیانی، سەر دەریا.


کاتژمێر ٣:٢٩ی بەیانی بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا، هەموو شتێک تەواو ببوو. هەموو فڕۆکە و هەلیکۆپتەرەکان لەسەر دەریا بوون، دوور لە خاکی فەنزویلا - وەک پۆلە باڵندەیەکی لە قەفەسەوە دەرچوو، بەرەو ئاسمانی ئازاد ڕۆیشتبێت. مادورۆ و ژنەکەی هێنرانە ناو کەشتی جەنگی USS Iwo Jima - کەشتییەک لە ناو تاریکی دەریادا چاوەڕوانی دەکرد. لەوێوە بەرەو گوانتانامۆ و دواتر بە فڕۆکەی ''ئێف بی ئای''  بۆ نیویۆرک نێردران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تۆمەتەکانی - نارکۆ-تیرۆریزم و بازرگانی مادە هۆشبەرەکان.

شۆیەکەی لە مار-ئا-لاگۆ.


لە مار-ئا-لاگۆ، ترامپ ڕاستەوخۆ سەیری هەموو ئۆپەراسیۆنەکەی کردبوو لە شاشەکانەوە - وەک کەسێک لە سینەما فیلمێکی ئاکشن ببینێت. دواتر بە سەرسووڕمانەوە گوتی: ئەگەر ئەوەتان بینیبایە من بینیم، دەتانوت ئەمە تەنها شۆیەکی درامی تەلەفیزیۆنییە. خێرایی و توندوتیژی... شتێکی سەرسوڕهێنەر بوو. کەسی دیکە ناتوانێت شتێکی وەها بکات. دادپارێزی گشتی پام بۆندی بەیانێکی دەرکرد و تۆمەتەکانی ئاشکرا کرد. مادورۆ و ژنەکەی و چوار کەسی دیکە لە خێزان و حکومەتەکەی بە نارکۆ-تیرۆریزم تاوانبار کران.

پەنجا میلیۆن دۆلارەکە.


لەوانەیە یارمەتییەکی ناوخۆیی هەبووبێت - دەستێک لە ناوەوە دەرگەکانی بۆ ئەمریکا کردبێتەوە. شرۆڤەکارێک وەهای وت: ڕاستەوخۆیی ئۆپەراسیۆنەکە و جێبەجێکردنی شۆکهێنەر بوو، ئەگەری زۆر هەیە ئەمریکا یارمەتی لە چەند کەسێکی ناو ڕژێمی فەنزویلا وەرگرتبێت. یان ڕەنگە پەنجا میلیۆ دۆلارەکە - ئەو خەڵاتەی لەسەر سەری مادورۆ دانرابوو - کاری خۆیکردبێت و کەسێک بە تەماعی ئەو پارەیە سیخوڕی کردبێت. یان ڕەنگە دانوستانێک لەسەر دەرچوونێکی باشتر بۆ خۆیان بووبێت.

جیهان لە شۆکدا.


جیهان لە شۆکدا بوو. سەرۆک وەزیری بەریتانیا کیر ستارمەر بە سارد و ساکتی گوتی: بەریتانیا هیچ فرمێسکێک بۆ کۆتایی ڕژێمی مادورۆ نابارێنێت. چین و کۆریای باکوور بە توندی ڕەخنەیان گرت و ئۆپەراسیۆنەکەیان بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی ناوبرد. ڕووسیا و تورکیا و ئێران و ئەوانی تر بە ژێر لێوەوە قسەی خۆیانکرد، جێگری سەرۆکی فەنزویلا دێلسی ڕۆدریگێز لە پەیامێکی دەنگیدا گرتنەکەی بە ڕفاندن ناونا و داوای ئازادکردنی مادورۆ و هاوسەرەکەی کرد. ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە کۆدەبێتەوە.

کۆتایی سەرەتا.


ئەوەی ڕوویدا کۆتایی چیرۆکەکە نییە - ئەوە تەنها سەرەتای بابەتێکی گەورەترە، سەرەتای فەسڵێکی نوێی گۆڕانکاری، فەسڵێک کەس نازانێت چی تێدا دەگوزەری و لێیەوە دەبارێ. داهاتووی فەنزویلا هێشتا نادیارە و لە تەمدایە، پرسیارەکان زۆرن: دەسەڵات دەچێتە دەستی کێ؟ چی بەسەر ملیۆنان فەنزویلی دا دێت؟ یاسای نێودەوڵەتی چیدەڵێت؟

ئیدی ئەو شەوە، شەوی ٣ی کانونی دووەم، لە تاریکی کاراکاس، شتێک ڕوویدا، شتێک زۆر کەس وایاندەزانی هەرگیز ڕوو نادات. سەرۆکی وڵاتێک، لە ماڵی خۆیدا، لە نیوەشەودا، لەلایەن سوپای وڵاتێکی دیکەوە قۆڵبەستکرا و بردرا - وەک باڵندەیەکی ڕەش لە خەوێکی ئارامدا بڕفێنریت و بردرابێت بۆ قەفەسێکی دوور.
_____________________________________________
سەرچاوەی زانیارییەکان:
CNN: From order to extraction: Inside the US capture of Nicolás Maduro
ABC News: Inside the meticulously planned operation to capture Maduro
CBS News: U.S. strikes Venezuela and captures Maduro
Fox News: US military details timeline of operation to capture Maduro
Al Jazeera: Maduro being questioned in New York
NPR: U.S. strikes in Venezuela trigger regional and global alarm

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک