په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\١\٢٠١٨

    ساڵی نوێ.

ئاری محەمەد سابیر

سەردەمێکە تامەزرۆم
تامەزرۆی
دەنگێک ڕەنگێک نیگایەک
سپێدانە
فەرھاد ئاسا
بەرەو بێستوون بەڕێدەکەوم
شەوانەش
لە میوانداریی ئاگردانی ژوورەکەم و
چیرۆکێکی نوێ لە دایک دەبێ
بەسەرھاتی
گەڵاڕێزانی پایزەکانە
کاتێک بەھار بەرگە سەوزەکەی بە دیاریی بۆ دێنێ
منیش
نە بەھارم ھەیە و نە پایزیشم لێدەبڕێ
پەیدابوونم
لە منداڵە دۆمەکەی
دەوروبەری کەسنەزان
* دەچێ
کاتێک بە بێ بەرگ پەیدا دەبێ
بە لووتە چڵماوییەکەیەوە یاری دەکا
ئاگردانی چیرۆکەکەم
بڵێسە دەدا
کچە ئەکتەرەکەی
زادەی وڵاتێکی بێ ئاڵایە
مەمی چیرۆکیش
شقارتە فرۆشەکەی
شەوی کریسمسە
(مەم) چاو لە بێچوە نازدارەکان دەبِرێ
دانە شقارتەکەی
ئەوان بە ھیوای ساڵی نوێ
ئەمیش
چاوەرێی دەنگێکە
وەکو شەوەیەک
تامەزرۆی خنکاندنیەتی
ھات بەخێر بێ
ردێن سپی (بابا نۆئێل)
بووکە شووشەکانی بە شەڕ دێن و
سەریان لە توورەگەکە دەردێنن
ئەم ئامێزی بۆ توورەگە
دڕاوەکە کردۆتەوە
بووکە شووشەکەش
چاوی لێ سوور دەکەنەوە
بابا نۆئێل
توورەگەکەی فڕێدا
شقارتە فرۆشیش
لە ناو توورەگەکە
بە دوایی شخارتە دەگەڕێ
لە سوچێکی گونیەکە
ئامێرێک ھاتە دوان
لێی نوسرابوو
ھیوا، ئاوات
ئەزەلییەکان پێکەوە وتیان
ساڵی نوێیت پیرۆز بێ.
______________________
* کەسنەزان: شارۆچکەیەکە نزیک ھەولێر.
 

areezendiny40@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک