په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\١٢\٢٠١٤

ساڵى یەکلاکەرەوە.

دیدار حەیدەر    

 

هەموو ئەو گۆرانکاریە سیاسیانەى لە ناوچەکە دروست بوون ، بە قەیران و ئارێشەکانیەوە دەچنە چوارچێوەى بەرنامەیەکى ستراتیژى ، بازنەى تێوەگلانى کارەکتەرانى ئەو شانۆیە تەم و مژاویە رۆژ بە رۆژ فراوانتر دەبێت، بەڵام لە کۆتایدا هەموو خۆیان لەسەر یەک تەختەى شانۆدا دەبیننەوە، گەورەترین گۆرانکاریە سیاسیەکان لە ساڵى ٢٠١٤ دروست بوون, دیارترینیان خولقانى داعش بوو کە رۆڵى جێبەجێکارى بەرنامەیەکى درێژخایەنى دژ بە بیرکردنەوەى کارەکتەرانیەتى، چونکە وڵاتانى ناوچەکە بێ ئیرادە و ویست، گەورەترین گۆرانکارى جوگرافى و مێژوویى و تەنانەت مرۆیشیان بەسەرداهات کە بە دەیان ساڵى تر نە تواناى تێفکرین و نە تواناى چارەسەریشیان هەیە، ئێستا کورد لەو هاوکێشەیە رۆڵى هەیە و لە یاریکردن دایە.
 

دارێژەرانى بەرنامەکە لەو زەمەنەى ئەمرۆ پێویستیان بەو دۆخەیە کە ئێستا هەیە، کە دواجار پێوەرە سیاسیەکان بۆ ئەمرۆ لە بەرژەوەندى کورد دەشکێنەوە، ناوى کورد ئەمرۆ ناسراوترین دەنگى مینبەرە نێودەوڵەتیەکانە ، وێنەیەکى بەهێزى بۆ دروستکراوە، کە ئەمە هەر بۆخۆى ئاماژەیەکى روونە بۆ ئاراستە و ئایندەیەکى باش، بەڵام بێ گومان و بێ دڵە راوکێش نیە.


بوونی داعش زۆر شتى گۆڕى، گۆڕانکاریەک کە پێویستى بە زەمەنێکى زۆر و هیمەت و سیاسەتێکى کارامە بوو بەڵام سەرئەنجام چارەنوسى گۆرانکاریەکان مایەى قسە لەسەر کردنن، کە ئاخۆ ئەو زەمەنەى لەو بەرنامەیە لەگەڵ کوردە تا کوێ بڕ دەکات و کوردیش چۆن دەتوانێت دەرفەتێکى وەها بقۆزێتەوە و سیاسیانە کارى لەسەر بکات.


پەیوەندیە سیاسى و ئابوریەکانمان چەندە لە بەرژەوەندى ئایندەى کورد دادەبن، ئەو ئایندەیەى کە چارەنوسى هەموو ئەو خوێن و بەرخودانەى ئەمڕۆ لە ئەستۆ دەگرێت، ئاخۆ دەتوانین لە وەبەرهێنانى نەوت ، چ شوێن و پێگەیەکمان هەبێت لە سەرچاوەى ووزەى جیهانى، ئەو بابەتە بۆ ئێمە دەبێتە هۆى بەرەوپێشبردنى مەسەلە جەوهەریەکان؟ دەتوانین جودا لە هەموو ترس و دڵەراوکێکان نەوت بۆمان ببێتە مایەى خۆشى. یان پێویستمان بە تێروانینێکى باشترە بۆ هەموو ئەو ئەگەرانەى بە مەسەلەى وەبەرهێنانى نەوتەوە بەستراونەتەوە. دەکرێ پەیوەندیمان لەگەڵ هاوسێکانمان هەر بە گومان بمینێتەوە، پەیوەندیەک لەسەر بنەماى بەرژەوەندى تاک لایەنەى بەرامبەرەکانمان. دەکرێت بنەماى پەیوەندیەکان هەر بەو شێوەى ئێستا کاتى و لە ئان و ساتى نارەحەتى دابێت، یاخود پێویستە کورد بە هەقیقى کارتى گوشار و خۆبەهێزکردنى هەبێت.بە جۆرێک ترسمان لە داروخانى هەموو هەوڵەکانمان نەبێت. دەکرێ هەوڵ بۆ ئەوە بدەین لەمەودوا بەهەر هۆکارێک بێت گوشارى ناوچەیى و نێودەوڵەتى لەسەر هەرێم کەم بکەینەوە و وێنەى داهاتووى خۆمان نیشان بدەین بێ موساوەمە کردن لەسەر هەر خاڵێک کە تا ئەمرۆش بوبێتە گرێ کوێرەى داواکاریەکانمان.


هەر هەولێک بۆ بە ئاکام گەیاندنى ئەو هەنگاوانە پێویستى بە یەک ریزى کوردە، چونکە هەموو پرسە چارەنوسسازەکان تا ئەمرۆ لە چاوەروانى دەنگ هەڵبڕینى سەرکرایەتى سیاسى کوردە.


بە شێوەیەکى گشتى ،زۆرینەى ئەو بەرنامەیەى کە خوێندنەوەى سیاسى راستەقینەى بۆ کراوە گەیشتۆتە ئامانج، ئێستا کاتى جێبەجێکردنى مەبەستە سەرەکیەکەیە کە تا ئەمرۆ دیار نیە چەندە لە بەرژەوەندى کوردە ، چونکە ناتوانین نکۆڵى لەوە بکەین گۆرانکاریەکانى ئەو دوواییە سەلماندى کە کورد هەرچى شانازى و سەرکەوتنى بەدەستهێنابێت لە ئازایەتى و بەرخودانى بەردەوامى پێشمەرگە بووە نەوەک لە لایەنە سیاسیەکەى.


هەر بۆیە هەر گومانێکمان هەبێت لە بەرێوەچوونى بەرنامەیەکى ستراتیژى دروستى هەنوکەیى لە شوێنى خۆیەتى، چونکە گومانمان هەیە لەوەى کە تواناى روبەروبونەوەمان هەبێت، بتوانین سیاسیانەى سەردەم لەبەرى بوەستین، بەڵام لە کۆتایدا بروام وایە ٢٠١٥ ساڵى یەکلاکەرەوەى هەموو ئەو هاوکێشە و شیکردنەوە و دابەشکردنانە بێت، وەکو هەمیشە جگە لە تواناى لەبن نەهاتوى پێشمەرگە ، لە رووى سیاسیەوە بینەرى ئەو شانۆیەین کە خۆمان تێدا رۆلمان پێدراوە، بەڵام بێ ئاگاین لە دەرەنجام و دیمەنى کۆتایى.

 


dedar_h@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک