١٣\١١\٢٠٢٤
سالۆ مولەر: تا ئێستاش رۆژ نییە تاوێک بۆ دایک و باوکم نەگریم.
- تاکە جوولەکەیەک شەڕی چەند کۆمپایا و حکومەت دەکا -
ھەڵۆ محەمەد
ئەم کەسە جووە ناوی Salomon Barend Muller
ە ناسراوە بە Salo Muller جووە و تەمەنی
٨٨ ساڵە و لە پاشماوە و رزگاربووی کارەساتی هۆلۆکۆستە.
دایک و باوکی لە ١١/٢٧/١٩٤٢ نازییەکان لە ئەمستەردام دەیانگرن و بە
شەمەندەفەر ڕەوانەی ئاوسشفیز Schwitz
دۆزەخی مردنی نازییەکان دەکرێن و دەکوژرێن.
ناوبراو لە ساڵی ١٩٤٥ تەمەنی تەنیا ٦ ساڵان بووە و بە هەرشێوەیەک
بووبێت خۆی حەشارداوە و بە شاراوەیی ژیاوە و لە مەرگ رزگاری دەبێ..
دواتر دەست بەکار دەکات وەک پسپۆر و شارەزای چارەسەری سروشتی
Physiotherapeut.. تا دەگاتە ئەوەی لە یانەی
بەناوبانگی Ajax Amsterdam ی هۆڵەندی
هەمان کار دەکات و چارەسەری یاریزانی کردووە لە نێویاندا یاریزانی
بەناوبانگ و ئەستێرەی هۆڵەندی و جیهانی Johan Cruyff..
ناوبراو هەر دەرفەتێکی لە ژیانیدا بۆ هەڵکەوتبێ دژ بە نازیزم هاتۆتە
دەست و تۆڵەی لێ کردوونەتەوە.
ساڵی ٢٠١٩ دوای هەوڵ و تێکۆشانێکی زۆر گەیشت بە ڕێکەوتنێ لەگەڵ
کۆمپانیای دەوڵەتی هێڵی ئاسنی هۆڵەندە ، ئەوەی کاتی خۆی بەشداربوون لە
گواستنەوەی ٧٠٠٠جووی قوربانی هۆلۆکۆست و کەسوکاریان، توانی سەرکەوتوو
بێ و بڕیارێ بەدەست بهێنێ، بۆ هەر کەس، یان خێزانێک، بە بڕی ٥-١٥ هەزار
یۆرۆ قەرەبوو بکرێنەوە.. بە تێکڕا ٥٠ ملیۆن یۆرۆ قەرەبووی بۆ هەمووان
بەدەستهێنا.
ئێستا نامەیەکی ئاڕاستەی هێڵی شەمەندەفەری ئەڵمانیا کردووە و هەمان
داوای قەرەبووکردنەوەی ئەو بەشدارییەیان لێ دەکات کە جوویان گواستۆتەوە
بەرەو مەرگ..ئەودەم نرخی کم ڕێگای شەمەندەفەر تەنیا٤ فنیک «فلس» یاخود
سەنتی ئێستا بووە.
ناوبراو ساڵانێکە بە تەنیا و بە پشتیوانی کۆمەڵێکی دەوروبەری نامە بۆ
وەزیری هاتوچۆ و هێڵی شەمەندەفەری ئەڵمانی دەنووسێ و داوای قەرەبوویان
لێ دەکات. ساڵی ٢٠١٧ بڕیار درا هێڵی خێرای شەمەندەفەری ئەڵمانی ناوبنێن
Anna Frank، بەڵام دوایی بڕیارەکە جێبەجێ
نەکرا.. شایانی ئاماژەدانە هێڵی شەمەندەفەری ئەڵمانی لەڕێگای بەخشینەوە
زۆر کاری گەورەی بۆ جووەکان کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا سالۆ دەست لە
ئێخەیان بەر نادات و ئێستا بووەتە ئالنگارییەکی گەورەی بەردەم ئەو
کۆمپانیا زەبەلاحە و تەنانەت حکومەتی ئەڵمانیا و میدیا و رای گشتی
جەماوەر و تەنگەتاوی کردوون...
جا بۆ ئەوەی چیرۆکەکە بۆ هەموون روون و ئاشکرا بێت، ئەمە هەوڵی تاکە
کەسێکی جووە، دوای ٨٠ ساڵێک هەر کۆڵ نادات و بەدوای مافی قوربانییەکانی
میللەتەکەیەوەتی ، دەی دەبێ رێکخراو و لۆبی و کەسایەتی و پارت و حکومەت
و دەسەڵات و نووسەر و شاعیر و هونەرمەند و بیرمەند و رۆشنبیران و
پیشەسازان و هەموو ئەوانی تری جولەکە چییان کرد بێ و چی ناکەن و چۆن و
چی بێت و چ نەکەن؟!؟
کاتێ مرۆ بەتایبەت ئێمەی کورد کە هاوشێوەی هۆلۆکۆست قوربانی گەورەمان
داوە، لەسەر خوێنی قوربانییەکانمان هیچ نایەینە دەنگ و بەها بۆ پیرۆزی
ژیانیان دانانێین،…نایانکەینە بەشێکی زیندووی ناسنامەی خۆمان، ئەوە چ
شەرمەزاری گەورەیە بۆمان بۆ مێژوومان . ئەرێ ئێمە لە کوێی ئەم هەسارەی
گەردوونەدا دەژین!… بۆ هێندە یادەورییمان کز و تاکی خۆمان لا هیچ و
گیانی بندەستیمان لا خۆش کراوە،،..ئەم جادوو و وەیشومەیە چییە سواری
کۆڵی نەتەوە شۆڕەسوارەکەی رۆژهەڵاتی ناوین بووە؟!..
بنۆڕن لە دیرۆکی نوێماندا ..ئێمە چ مێژوویەکمان نووسیوەتەوە:
سەرباز و ئەفسەر و فرۆکەوانەکانی کیمیابارانی و هەڵەبجە و ئەنفالی
کوردستان ئازاد دەکەین و لەوەش کوێرەوەری تر دروشم و داوامان ئەوە بەوە
رازین هەر بندەستیان بژین!..ئەوان سەردار و ئێمە کۆیلە.. لە رقی یەکتر
هاوپەیمانی لەگەڵ جەلادەکانمان دەکەین، پەلکێشی دەوڵەت و دامودەزگا
سەرکوتکەرەکانیان دەکەینەوە بۆ سەر سنگی نیشتمان!؟
نوێنەرانمان لە ئێستادا لە پەرلەمانی عێراق لە پێناوێ مشتێ پوولی
گڵاودا و بە سیاسەتی دێزەیی دروشمی« کوچک لە ئاگر گەرمتر» یان بڵند
کردۆتەوە و زۆر پەلەیان داروبەردی دەسەڵات و قەوارەی هەرێم بپێچنەوە و
بە دیاری ببینەوە بۆ عەرشی تاوان و رووڕەشی عێراقی!؟
ئەمە چ کوێرەوەرییەکە بەناو حیزبایەتی کوردی بەسەر ئەم نەتەوەیەیدا
هێناوە؟!..خەڵکیش بەدیاری ئەم نمایشتە هێڵنج دەرانەوە دانیشتوون و
گەڕێک چەپلە و سووڕێ هەڵپەرکێ پێشکەش دەکەن…کۆمەڵێ زارقەرەباڵغ و
هەڵمەتەکاسەی خۆژێن بۆ خۆیان زەق دەبنەوە و هەڵدەتۆقێن؟
ئەم کارەسات و تاوان و هەڵانەی ئێستا دەرهەق بە دۆزی کورد دەکرێ، لە
ناپاکی گەورەترن، چونکە بە ئاشکرا و بە فڕوفێڵ و چەواشەکاری حیزبایەتی
و ناوچەگەڕێتییەوە، کورد دابەش دەکەن و بە قڕانی دەدەن و کوردستان
هەراج دەکرێ؟! شەرمەزارانە وەرز و مۆدەی خۆفرۆشی و دایکفرۆشی سەری
هەڵداوە؟!..
تۆ بڵێی مێژووی پڕ شکۆی ئەم نەتەوەیە کە ملیۆنان ڕۆلەی نەبەز و دڵسۆز و
ئابڕوومەندی خۆی بۆ کوردایەتی کردۆتە قوربانی، لەم تاوان و ناپاکییە بێ
ئاگا بێ و بە سانایی لە بکەرەکانیان خۆش بێت؟!.،
دایکان و خوشکان و باوک و برایانی خوێندەر و قوربانیدەران، ئێوە بە چ
پێوەر و ویژدانێ ئەمە قبوڵ دەکەن؟!
بنۆڕن کارەسات و کوێرەوەریی لە کوێدایە؟. بزانن تاکێکی جوو بەتەنیا چ
دەکات بۆ قوربانییەکانی میللەتەکەی و ئێمەش حیزب و سەرکردە و حکومەت و
ڕۆشنبیر و خەڵکەکەمان چییان کردووە و دەکەن بۆ هەڵەبجە و گەرمیان و
کوردستانی وێرانکراو؟! بەڕاستیی بەراوردەکە لە جیاوازیی ئاسمان و
ڕێسماندایە.
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|