١٦\٨\٢٠١٠
ساڵڕۆژی
١١ سێپتێمبه‌ر له ئه‌مریکا و ''خێرت ڤیڵده‌رز''.

رزگار ساڵح
له ١١ی سێپتێمبه‌ری
داهاتودا، بڕیاره خێرت ڤیڵده‌رز Geert Wilders سه‌رۆکی حیزبی
ئازادیPVV ی توندڕه‌وی نهژادپهرسی هۆڵندی، به‌شداری خۆپیشاندانێکی
پڕۆتیستۆیی بکات له نیویۆرک دژی کردنه‌وه‌ی مزگه‌وتێک له نزیک Ground
Zero.
ئه‌م خۆپیشاندانه دژی بڕیاری کردنه‌وه‌ی (مزگه‌وتێک و سه‌نته‌ری
لێکۆڵینه‌وه‌ی ئیسلامی)ه که سه‌رۆکی شاره‌وانی New York، پێشتر ڕه‌زامه‌ندی
له سه‌رداوه و به‌پێی لێدوانێک که قسه‌که‌ری فه‌رمی ڤیڵده‌رز داوێتی،
ڕێکخراوی موسوڵمانانی ئه‌مریکا Asma ده‌ستی له هه‌ڵچنینی ئه‌و مزگه‌وت
و سه‌نته‌ره‌دا هه‌یه که ده‌که‌وێته شوێنێکی نزیک ڕوداوی کاره‌ساته‌که‌ی11ی
سێپتێمبه‌ر.
ئه‌م خۆپیشاندانه له لایه‌ن (Stop Islamization) به ڕێدهخرێت و جگه
له ڤیڵده‌رز سیاسیه‌کی کۆماریخوازه‌کان به‌ناوی (Newt Gingrich) و که‌سوکاری
قوربانیانی کاره‌ساته‌که‌ی11ی سێپتێمبه‌ر به‌شداری تێدا ده‌که‌ن له
نزیک شوێنی هه‌ردوو تاوه‌ری تیاچوی سه‌نته‌ری بازرگانی جیهانی WTC.
له ڕابردودا ڤیڵده‌رز هه‌وڵی زۆری داوه له دژی دروستکردنی ئه‌و مزگه‌وته
و پێی وایه دروستکردنی ئه‌و مزگه‌وته له نزیک شوێنی کاره‌ساته‌که
نه‌نگی و سوکایه‌تیه‌کی گه‌وره‌یه به‌رامبه‌ر هه‌زاران قوربانی و که‌سوکاریان
ده‌کرێت.
له‌و باره‌وه پێشتر ڤیڵدهرزی (به‌ڕواڵه‌ت دژی ئیسلام و له ناوه‌ڕۆک
دژی په‌نابه‌ران) ئاگاداری حکومه‌تی هۆڵندای کردۆته‌وه له تێوه‌گلانی
له‌و پڕۆژه‌یه و پێدانی یه‌ک ملێون ئیرۆ به ڕێکخراوی موسوڵمانانی ئه‌مریکا
(Asma)، به‌ڵام حکومه‌تی هۆڵندا نکوڵی ئه‌و کاره ده‌کات.
چونی ئه‌م ڕابه‌ره توندڕه‌وه بۆ به‌شداریکردنی له‌و ڕۆژه‌دا له
ڕواڵه‌تدا دژی بڕیاری هه‌ڵچنینی مزگه‌وتێکه، به‌ڵام ناوه‌ڕۆکی مه‌سه‌له‌که
شتێکی تره ئه‌ویش بزواندنی هه‌ست و سۆزی که‌سوکاری قوربانیانی کاره‌ساته‌که
و ڕای گشتی خه‌ڵکی ئه‌مریکا و هاندانی زیاتر و تیژکردنهوهیانه دژی
ڕه‌وه‌ندی په‌نابه‌رانی دانیشتوی ئه‌مریکا و له قۆناغی دوایشدا به‌ده‌ستخستنی
پشتوپه‌نا و هاوکاری نێونه‌ته‌وه‌ییه بۆ هێرشه‌کانی ئایندهی دژی ڕه‌وه‌ندی
په‌نابه‌رانی دانیشتوی وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریکا له ژێر ناوی ''ئیسلام''دا.
به‌ڵگه‌مان بۆ ئه‌م کاره قێزه‌ونانه‌ی ئه‌وه‌یه کاتێک له مانگی ئه‌پریلی
ڕابردودا به‌ته‌واوی ئاشکرا بوو که حکومه‌ت و په‌رله‌مانی هۆڵندی به
ئه‌نقه‌ست و بهههڵخهڵهتاندنی ڕای گشتی پشتگیری بڕیاری جه‌نگی له‌دژی
عێراق ده‌رکردوه که قوربانیه‌کانی به ملیۆنان و وڵاتێک وێرانکرا،
دوابه‌دوای ئه‌وه Jan Peter Balkenende سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشوی
هۆڵندا ناچارکرا له کۆنفرانسێکی ڕۆژنامه‌وانیدا وه‌ڵامی پرسیاری سه‌باره‌ت
به بڕیاری به‌شداریکردنی جه‌نگ دژی عێراق بداته‌وه،پاساوه‌کانی زۆر
له‌وه بێ‌تواناتر بوون که هه‌رکه‌سێکی ئاسایی له هۆڵندا بڕوای پێ‌بکات.
ئه‌و کات ڤیڵده‌رز له گۆشه‌نیگای خه‌رجی جه‌نگه‌که‌وه ڕه‌خنه‌ی حکومه‌ت
و سه‌ره‌ک وه‌زیرانی کرد که پاره‌یه‌کی زۆریان سه‌رفی ئه‌و جه‌نگه
کردوه و ئه‌و ملیۆنان قوربانیه‌ی عێراق ته‌نانه‌ت ژێیه‌کی هه‌ستیشی نه‌جوڵاند!!
ئێستا که‌سوکار و قوربانیانی په‌لاماردانه تیرۆریستیه‌که‌ی نیویۆرک بۆ
ئه‌و جێگه‌ی بایه‌خ و گرنگی پێدانه به‌ڵام قوربانیه ملیۆنیهکانی
عێراق له لوتف و بایه‌خ وگرنگیدانی ئه‌و بێبه‌ش ده‌بن!!! هه‌رکاتێکیش
ڤیڵده‌رز ڕه‌خنه و سه‌رکۆنه‌ی حکومه‌ته‌که‌ی خۆی کردبێت لهبردنهدهروهی
پاره‌ی وڵاته‌که‌ی بۆ بڕۆکسل، ئه‌مریکا، عێراق و ئه‌فغانستان، ئه‌وا هه‌رگیز
لایه‌نه ئینسانیه‌که‌ی بۆ ئه‌و هیچ بایه‌خێکی نه‌بووه!! به‌ده‌نگ
هاتنی ناوبراو له له‌سه‌ر ئه‌و بڕه ''پاره‌یه‌ی'' که دراوه به
موسڵمانانی ئه‌مریکا له‌لایه‌نی تیژکردنه‌وه‌ی نوکی ڕمهکهیهتی بۆ
هێرشی ئایندهی دژی په‌نابه‌ران نه‌ک له‌و لایه‌نه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندی
به‌هێزکردنی ڕادیکاڵیزمی کۆمه‌ڵگاوه بێت دژی ئیسلامی سیاسی. هه‌روه‌ها
ئه‌م جۆره کارانه‌ی ئه‌م ڕابه‌ره پێشینه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردووی هه‌یه
به‌ڵام له دوای به‌ده‌ستهێنانی 25 کورسی له هه‌ڵبژاردنی مانگی یونی
ڕابردودا گوڕوتینێکی زۆرتری به خۆوه بینیوه.
پێدانی پاره و ئیمکاناتی ماددی و مه‌عنه‌وی به ڕێکخراوه و
نیهاد،دامه‌زراوه دینیه‌کان، بزوتنه‌وه ئیسلامیه‌کان، مزگه‌وت، کڵێسا،
پاپ و مه‌لاکان شتێکی نیه سه‌رمایه‌داری و حکومه‌ته‌کانی تازه ده‌ستیان
بۆ بردبێت، سه‌رمایه‌داری پاش ماوه‌یه‌کی که‌م له ده‌رکه‌وتنی وه‌کو
سیستمێکی نوێی سیاسی ئابوری پێویستی حه‌یاتی به دین(تلیاکی کۆمه‌ڵایه‌تی)
و خورافه هه‌بوو بۆ گێژ کردن،بێ ئیراده‌کردن، بێ هێزکردن، له دوایشدا
پهرتپهرتکردن و دانانی خه‌ڵکی کرێکار وهه‌ژار وچین وتوێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه
به‌رامبه‌ر به‌یه‌کتر.
پێدانی ئه‌م پاره و ئیمکاناته به مزگه‌وت، کڵێسا، دامه‌زراوه
ورێکخراوه دینیه‌کان، باشترین وه‌به‌رهێنانه له که‌رتی ''پیشه‌سازی
دین وخورافهدا'' که سه‌رمایه‌داری زیره‌کانه به‌ده‌ستیه‌وه گرتوه،
بێنه‌ره به‌رچاوی خۆت کاتێک حکومه‌تی سه‌رمایه‌دارانی هۆڵندا ملیۆنێک
ئیرۆ ده‌خاته پڕۆژه‌ی کردنه‌وه‌ی مزگه‌وتێک یا هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌کی
دینی تره‌وه، ئه‌وا به‌رهه‌مه‌که‌ی سڕ وگێژکردن و بێ ئیراده‌کردنی هه‌زاران
له خه‌ڵکه له چین وتوێژه جیاجیاکانی کۆمه‌ڵگه. بۆیه ئه‌مه
باشترین و کاریگه‌رترین پیشه‌سازیه که خورافه و تلیاکی کۆمه‌ڵایه‌تی
به‌رهه‌مدێنێت دژی چینی کرێکار و بزوتنه‌وه ئازادیخوازه‌کان وخه‌ڵک به‌گشتی
تا له‌و ڕێگه پۆخڵه‌وه سوڕی که‌ڵه‌که کردنی سه‌رمایه فه‌راهه‌مبێت.
له‌م باره‌یه‌وه نمونه‌یه‌ک جێی خۆیه‌تی
باسبکرێت؛
''شۆڕشی بۆرجوازی فه‌ڕه‌نسی کاریگه‌ری پراکتیکی
کڵێساو هه‌ژمونی ڕۆحانیه‌کانی به‌سه‌ر میلله‌تی فه‌ڕه‌نسادا تا ئاستێکی
زۆر که‌مکردبۆوه، به‌ڵام ناپلیۆن بۆناپارت جارێکی‌تر ئه‌وه‌ی دایه‌وه
ده‌ست کڵێسا و ڕۆحانیه‌کان. له ساڵی 1799دا ''کنت کپارامونتی'' به
پاپی گه‌وره‌ی حه‌وته‌می ڤاتیکان دانرا، ئه‌م پیره‌مێرده ته‌ڵه‌که‌بازه
ژێر به‌ژێر هه‌وڵی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بنه‌ماڵی بوربنهکانی بۆ سه‌ر ته‌ختی
پاشایه‌تی ده‌دا تا له ڕێگای ئه‌وانه‌وه ئه‌و موڵک و سامانه‌ی کڵێسا
که له سه‌رده‌می سه‌ره‌تای شۆڕشه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابوو
بگێڕێته‌وه، ئه‌م پاپه زۆر له ناپلێۆن ده‌ترسا و له هه‌مانکاتیشدا
به دز و چه‌ته‌ی ده‌زانی و ناپلێۆنیش پاپی پێ ته‌ڵه‌که‌باز و ده‌سیسه‌چی
بوو. به‌ڵام دوای داگیرکردنی ئیتاڵیا و جموجوڵ و ڕۆحی شۆڕشگێرانه‌ی
کرێکاران و ژاکوبنهکان (کۆماریخوازه‌کان)، ناپلێۆن نیگه‌ران و بێ
ئۆقره بوو له‌به‌رامبه‌ر بزوتنه‌وه شۆڕشگێڕیهکاندا، بۆ ئه‌مه ڕێکه‌وتن
و هێنانه‌وه‌ی پاپ و کڵێسا‌ی کاسۆلیکی باشترین ڕێگاچارهبوو بۆ هێوه‌رکردنه‌وه‌ی
شاڵاوی هه‌ڵچونی سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری وبیرۆکه‌ی شۆڕشگێڕی.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له یۆلیۆی ساڵی 1801،ڕێکه‌وتننامه‌ی نێوان پاپ
وناپلێۆن که‌به ''لنکوردا'' به‌ناوبانگه مۆرکراو له 15 ئیپریلی ساڵی
1802 دا ئه‌و قانونه‌ش که به‌هۆی ئه‌و ڕێکه‌وتننامه‌یه‌وه ده‌رچوو
کاریپێکرا، له‌م ساڵه به‌دواوه کڵێسا‌ی کاسۆلیکی شاده‌ماره‌کانی خوێنی
به‌به‌ردا دێته‌وه ومهراسیمه ئایینیه‌کان به ئازادی به‌ڕێده‌خرێن
به‌مه‌رجێک پاپ ده‌بێت پابه‌ندبێت ده‌ست له‌و موڵک و ماڵه‌ی کڵێسا‌ی
کاسۆلیک هه‌ڵگرێت که له‌سه‌رده‌می شۆڕشه‌وه ده‌ستی به‌سه‌رداگیرابوو''*
به‌م شێوه‌یه دوای مۆرکردنی ڕێکه‌وتننامه‌ی ناوبراو دین وکڵێسا ده‌بن
به کاریگه‌رترین چه‌ک به‌ده‌ستی ناپلێۆنهوه دژی نه‌یاره شۆڕشگێڕه‌کانی
و بۆ کڵێساش مێژووی گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ دۆخی یاسایی و کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی.
ئه‌مه مێژووی به‌کارهێنانی دین و دامه‌زراوه‌کانیه‌تی وه‌کو ژه‌هرێکی
کاریگه‌ر له لایه‌ن سه‌رمایه‌داریه‌وه دژی بزوتنه‌وه شۆڕشگێڕ، یه‌کسانی
خواز وئازادی خوازه‌کان و پێموایه ڤڵدهرز هه‌واڵێکی له‌م مێژووه هه‌یه،
به‌ڵام خۆی گێل ده‌کات له ئاستیدا و مامه‌ڵه‌یه‌کی فێڵبازانه و
نادروست له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسهدهکات چون له ئاست پاپ و که‌نیسه و دامه‌زراوه‌کانیدا
بێده‌نگی هه‌ڵبژاردوه و له به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو کوشتار و بێمافیه‌ی
که ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلی فاشیست به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی فه‌له‌ستین به‌ڕێوه‌ی
ده‌بات، ڤڵدهرز پێیوایه شتێک له‌و ناوه‌دا نیه ناوی کێشه‌ی عه‌ره‌ب،
فه‌له‌ستین- ئیسرائیل بێت!!
بۆیه ئه‌م جۆره مامه‌ڵه‌کردنه‌ی سه‌رمایه‌دار و
حکومه‌ته‌کانی به‌پێدانی ملیۆنه‌ها ئیرۆ ودۆلار، ده‌ستگرۆیی
کردنی هه‌موو بزوتنه‌وه تیرۆریسته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕست، ئه‌مریکای
باشور و ئه‌فریقیا و پۆشته‌وپه‌رداخ کردن
ومهشقپێکردن وڕاهێنانی جڕوجانه‌وه‌ره‌کانی تاڵیبانی ئه‌فغانستان به‌باشترین
چه‌ک وپاره‌و ئیمکاناتی ماددی ومه‌عنه‌وی دژی یه‌کێتی سۆڤێت و به‌ره‌ی
چه‌پی کۆمه‌ڵگا له ڕابردوو ئێستادا، هیچ شتێک نیه جگه له‌درێژه
پێدانی سیاسه‌تی مامۆستا و ڕابه‌ری گه‌وره‌ی سه‌رمایه‌داران، ناپلێۆن.
ئه‌گه‌ر له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات و جیهانی سێهه‌مدا تیرۆر، ته‌قینه‌وه،
برسێتی، بێ‌کاری، و نه‌بونی مافه فه‌ردی و ئازادیه‌کان ده‌موچاوی
سیستمی سه‌رمایه‌داری و حکومهتهکانیهتی و به‌م شتانه ده‌ناسرێته‌وه،
ئه‌وا له‌به‌شی ڕۆژئاوا بێ‌کاری ملیۆنان و ئه‌و ڕاسیزمه قێزه‌ونه‌ی که
دژی ڕه‌وه‌ندی په‌نابه‌ران به‌ڕێوه ده‌برێت ده‌موچاوی سیستمی
دیموکراتی لیبڕاڵیه . هه‌موو ئه‌م شتانه‌ی له جیهانی ڕۆژهه‌ڵات و
سێیه‌م و ڕۆژئاوادا ده‌گوزه‌رێت وه‌کو دوو خه‌تی هاوته‌ریبی یه‌کترن و
هیچ جۆره دژایه‌تیه‌کیان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا نیه، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی له
ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهانی سێیه‌مدا ده‌گوزه‌رێت ڕاسته‌وڕاست ده‌ره‌نجامی
دژایه‌تی ده‌رونی کار و سه‌رمایه‌و دابه‌شکاری(تقسیم
العمل) ناوچه‌یی و جیهانیه، که سه‌رمایه‌داری
ڕۆژئاوا و ده‌زگاکانی به‌توندی و سه‌رسه‌ختانه کار بۆ مانه‌وه‌ی ده‌که‌ن
و به زۆر به‌سه‌ر وڵاتانی وابه‌سته‌ی خۆیاندا ده‌یسه‌پێنن.
ئه‌مه جیهانی دیموکراسی لیبڕاڵی ڕۆژئاوایه که حیزبه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی
کوردایه‌تی شایی ولۆغانی بۆ ده‌که‌ن و خه‌ریکن به‌ستایلی جلوبه‌رگ و
زمانی کوردی و '' هێشتا ئێمه له دیموکراتیدا که‌م ئه‌زمونین'' خه‌ڵکی
کوردستانی پێ فریو ده‌ده‌ن!!!
____________________________
سه‌رچاوه‌کان:
1- له
6/8/2010 دا،قسه‌که‌ری فه‌رمی (خێرت ڤڵدهرز) هه‌واڵی گه‌شته‌که‌ی ئه‌وی
بۆ ئه‌مریکا ڕاگه‌یاند و له‌سه‌ر تۆڕی ئه‌نته‌رنێت بڵاوکراوه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها هه‌ردوو که‌ناڵی (ئه‌لجه‌زیره و
BBC ی عه‌ره‌بی، له 14 ئۆگوستدا، بڕیاری کۆتایی باراک ئوبامایان له
په‌یوه‌ند به‌کردنه‌وه‌ی مزگه‌وتی ناوبراو وه‌کو هه‌واڵ بڵاوکرده‌وه.
2-
''بصدد النضال ضد ا‌لدین''
منصور حکمت،
ترجمە: فارس محمود.
3- ''ناپلیۆن''
نوسینی ء.چ. تارله، و: کوردی (عومه‌ر ڕه‌سوڵ خدر) چاپی دووه‌م.
15\8\2010
Rizgar3@gmail.com
|