په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٤\٢٠١٤

ساڵڕۆژی بەردبارانکردنی دوعا و

سەرنجێک دەربارەی رۆڵی دەسەڵات سەبارەت بە کێشەکانی ژنان.


لاوژە ماهیە       


٧\٤ حەوت ساڵ بەسەر بەردبارانکردنی دوعا تێدەپەڕێت، دۆعا ئەو کچە یەزیدیە بوو کە بە تاوانی ئەوەی کوڕێکی غەیرە یەزیدی خۆشویست، لە لایەن دابو نەریتی عەشیرەتی و مەزهەبیەوە بە دەڕندانەترین شێوە کوژراو بە بلۆک سەری پان کرایەوە.


بەردبارانکردنی دوعا کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، هێندە دڵتەزێن بوو تێکڕا سەرتاپای کۆمەڵگای ڕاچڵەکاند و دەسەڵات ناچار بوو هەڵوێست بنوێنێت. لەژێر گوشارو ئیعترازو ناڕەزایەتی خەڵک بەرانبەر بەو ڕوداوە دزێوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچاربوو بەشێوەیەکی ڕەسمی لێدوان بدات، ئەوە بوو بەڵێنی دا کە بارودۆخی ژنان بەرەو باشی ببات. بەدوای ئەم بەڵێنە چەندین جاری تر لە بۆنەو مناسەبەکان، لە ٨ی مارسو ڕۆژی بەرەنگاریبونەوەی توندوتیژیی، لەکاتی تیرۆری ژنان سەرۆکی حکومەت بەڵێنی دا هەموو جارێک وتی ڕێگا نادەین. دواین جار لە ٢٥\١١\٢٠١٤ بەڕێزیان وتی، بارودۆخی ژنان بەرەو باشتر چووە!


لەیەکەم بەڵێنی بەڕێزیانەوە تاکوو ئێستا چی ڕویدا؟ هەزاران ژن بوونەوە قوربانی توندو تیژی، بە سەدان کوژران، چەندینیان لە ژێر گوشاردا خۆیان سوتاند، ناچار بە خۆۆکوستن و خۆسوتاندن کران... تاد.


ئەو پرۆژانەی کە دەسەڵات و حکومەت پاڵپشتی کردوون بۆ باشکردن دۆخی ژنان کامانە بوون؟


فەرمانگەی بەڕێوەبەرایەتی توندو تیژیان ، چەند شەڵتەرێکی پارێزگاری لەو ژنانەی کە دەتوانن خۆیان دەربازبکەن و بگەنە سیستەمی پارێزگاری دەسەڵات، ئەنجومەنی خانمان، دەنگدان بە یاسای بەرەنگاریبونەوەی توندوتیژیی.


ئەگەر خاڵبەخاڵ بێینە سەریان:


١- فەرمانگەی بەرەنگاریبونەوەی توندو تیژی، ئەم فەرمانگەیە، بەبێ هیچ بەرپرسیاریەتیەکو لێکدانەوەی بارودۆخی ئەم کۆمەڵگایە، چەندین ژنیان تەسلیمی خێزانەکانیان کردوەتەوە ، بەدوای ئەوە لەلایەن کەسوکاریانەوە کوژران.
٢- شەڵتەرەکان لە خراپترین بارودۆخدان، لەناو شەڵتەرەکان بەبێ خوێندنەوەو لێکدانەوەو تێگەیشتن لە بارودۆخی ئەم قوربانیانە، و دابینکردنی بارودۆخێکی ئارام بۆیان و هەوڵدان بۆ بۆ بنیادنانەوەی کەسایەتی ئەم مرۆڤانەو یارمەتی بدرێن، بگەڕێنەوە بۆ کۆمەڵگا. ئەوا سوکایەتیان پێدەکرێت، تەنانەت بە بەدڕەوشت لەقەڵەم دەدرێن، زیندانێکی تریان بۆ دروستکردون، لەجیای ئەوەی کە پسپۆڕی شارەزاو دەرونی کاریان لەسەر بکات، بەهۆی شکاندنی پەنجەرەوە کچێک دەدەنە دادگاو دادگایی دەکەن وە دوایش تەسلیمی کەسوکاری دەکەنەوەو کچە دەکوژرێت. یەکێکی تر خۆیدەسوتێنێت و...
٣- یاسای ژمارە ٨ی بەرەنگاریبونەوەی توندوتیژیی خێزانی نەخرا بواری جێبەجێکردنەوە، هەرچەندە کەموکوڕی زۆرە بەڵام لە هیچ باشترە. تا ئێستا لەسەر کاغەز ماوەتەوە و بەکردەوە هیچ بایەخێکی نیە.
٤- هیچیشمان لە ئەنجومەنی خانمان نەدیت تا باسیبکەین، تەنها چەواشەکاریەکەی پەرلەمانی ئەوروپا نەبێت کە ڕایانگەیاند بارودۆخی ژنان بەرەو باشتر چوەو کێشەی ژنان کەلتوریە!
٥- بە یاسای لێبوردنی گشتی سەرۆک، چەندین ژن کوژ ئازاد کراون.


گریمان ئەم مۆئەسسەو دامەزراوانەی کە تا ئێستا دەسەڵات پێی هەستاوەو پشتگری کردوون، بە باشترین شێواز ئەرک و بەرپرسیاریەتی خۆیان جێبەجێ کردووە و سەرکەوتووش بووبێتن، هێشتا ناتوانێت هیچ گۆرانکاریەک لە سەرچاوەی کێشە بنەڕەتیەکانی ژنان بەدی بێنێت. ئەم ڕێگاچارانە لە باشترین دۆخی خۆی دەتوانێت یاریدە دەری ئەو ژنانە بێت کە دوچاری کێشە بوون و توانیویانە وازلە هەموشتێک بهێنن و خۆیان تەسلیمی بنکەکانی دەسەڵات کردبێت.


ئەگەر ئاوی سەرەکی شارێک ژەهراوی بێت و لە سەرەوە تێکەڵ بە زێراب بووبێت، لە دەرەنجام و کاردانەوەی ئەم ژەهراوی بوونە، کۆمەڵێک خەڵک توشی نەخۆشی دەبن. لێرەدا کێشەی سەرەکی ژەهراوی بوونی سەرچاوەی ئاو و پیسبوونی مەنبەعی ئاو و هێڵکانی گەیاندنی ئاوە، نەخۆش کەوتنی دانیشتوان دەرەنجام و کاردانەوەیە، لێرەدا بەشی تەندروستی و فریاکەوتن هەرچەندە چالاک و بەتوانا بن لە دەستنیشان کردن و گواستنەوەو چارەسەرکردن نەخۆش، ناتوانێت هیچ کاریگەری هەبێت لە سەر چارەسەرکردنی ئەساسی کێشەکە کە ژەهراوی بوونی چاوگەی ئاوی شارە، لێرەدا چارەسەری کێشەکە بەوە دەکرێت کە سەرچاوەی ئاوی خاوێن دوربخرێتەوە لە زێراب و مەنبەع و هێڵەکانی گەیاندنی ئاو بگۆڕدرێن یان خاوێن بکرێنەوە.


واتا ئەو ڕێگایانەش کە تا ئێستا دەسەڵات، گرتویەتیەبەر بۆ چارەسەرکردن کێشەکانی ژنان ، هیچیان چارەسەر نین بۆ کۆتایی هێنان بە هەلومەرجی نالەباری ژنان.


هۆکار و سەرچاوەی کێشەکانی ژنان ئاشکراو بەرچاون، هەر هێزێک مودەعی پارێزگاری مافەکانی ژنان بێت، دەبێت لەم سەرچاوانەوە دەستی پێکردبێت، ئەگەر نا ئیدعای بێ ناوەرۆک دەبێت. ئەگەر بە کورتی ئاماژەیک بدەین بەو کێشە سەرەکیانەی کە ژنانیان لە دۆخە نەخوازراوە ڕاگرتوە، بەم شێوە دەبێت:


یەکەم، یاساو پرۆسەی دادپەروەری کۆنەپەرەستانە و پیاوسالارانە، بەپیی ڕەشنوسی دەستور یاساکان لە کوردستان، بەرئەساسی دینی ئیسلام دەبێت، لەکاتێکدا لە دینی ئیسلامدا ژن دەرجە دوو ناقس عەقڵەو بەپێی چەند ئایەتێک شەرعیەت دراوە بە توندوتیژیی بەرامبەر بەژنان، فرە ژنە ڕێگای پێدراوەو ژنان وەک و کێڵگەی پیاوان دەناسێنێت.


ژنان کاتێک دەتوانن لەم بوارەدا ئاسودەبن کە دین بە تەواوەتی لە دەوڵەت و ئیداریاتی کۆمەڵگا جیابکرێتەوەو یاساکان بە پێ زانست و عەقڵی سەردەمیانە لە سەر بنەمایەکی مرۆیی و دوور لە هەر جۆرە هەڵاواردنێک داڕێژرێت.


دووهەم، سیستەمی پەروەردەو فێرکردن سیستەمێکی سەقەت و نامرۆییانەیە و بەرئەساسی جیاوازی لەنێوان مرۆڤەکان، بەپێی کەلتوری پیاوسالار راهێنان دەکات. ئەم کەلتورە دەبێت لە بنەڕەتەوە بگۆڕێت بۆ کەلتوری یەکسانیخوازی لە نێوان ژن و پیاو. هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لەلایەن حکومەتەوە ببێت بە ئەرکی ڕۆژانە، لەڕێگای ورک شوپو وانەی تایبەتەوە هەموو کۆمەڵگا هۆشیاربکرێتەوە وە تیمی تایبەتی پارێزگاری هەبێت بۆ پاراستنی ژنان لە تەحەروش و دەستدرێژی، لە هیچ شوێنێک ڕێگا نەدرێت سوکایەتی بەژنان بکرێت لەژێر هیچ بیانوێک.


سێهەم، نەبوونی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی بۆ پاڵپشتی ئەوکەسانەی کە بە هەر هۆیەکەوەبێت خاوەن سەرچاوەی ماڵی نین، بۆ بژێوی ژیانی رۆژانەیان. بە شێوەیەک کە ژنان خاوەنی ئابوری سەربەخۆی خۆیان بن، ژنان ناچار نەبن بە قبوڵکردنی هیچ جۆرە سوکایەتیەک، لە پێناو مانەوەیان لەچوارچێوە ژیانی زەوجی و هەر زەبروزەنگێکی تر بەهۆی ئەوەی کە ناتوانن بژێوی خۆیانو منداڵەکانیان دابینبکەن.


پرسیار لێرە ئەوەیە، دەسەڵاتێکی پیاوسالارو کۆنەپەرستی وەک و یەکیەتی و پارتی، دەسەڵاتێک کە پشتی بە خێڵ و عەشیرەت بەستبێت، خاوەنی مەکتەبی کۆمەڵایەتی سولحی عەشائیری بێت، یاسای فرەژنی لە پەرلەمانەکەی دەنگی پێدرابێت، یەکەم دیاریان لەسەرەتای دەسەڵاتیانەوە تیرۆرو ڕەشەکوژی ژنان بوبێت، پەرەیان بە کۆنەپەرستی و بە ئیسلامیزیەکردنەوەی کۆمەڵگا دابێت، بنەمای یاساکانی بەپێی یاسای دینی ئیسلامبێت. دەکرێت لەوە زیاتر چاوڕوانی لێبکرێت؟
 

ماڵپەڕی لاوژە ماهیە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک