په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٦\٢٠٢٠

ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی ٢٨ کورد لە شاری کەرکووک.


رەزا ساڵح         


رۆژی سێ شەمە (٢٣/ یۆنیۆ/٢٠٢٠) یادی (٥٧) مین ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی (٢٨)رۆڵەی کوردی دڵسۆز و بێتاوانە لە شاری کەرکووکی کوردستانی داگیرکراودا.

لە رۆژی (١٤/ یۆلیـۆ/١٩٥٩) لە شاری کەرکووکدا، بە بۆنەی یەکەمین یادی شۆڕشی (١٤/گه‌لاوێژ/١٩٥٨) خەڵکی ئەم شارە کوردستانییەمان، لە کەرنەڤاڵ و رێوڕەسمێکی خۆشی و شادیدا بوون،بە ناوی شەقامەکانی شاری کەرکووکدا رێپێوانێکی خۆشیان بە جلوبەرگی نەتەوایەتییانەوەدەگێڕا، بە هێمنی و ئاسایی ئاهەنگ و رێورەسمەکە بەڕێوە دەچـوو.. کورد و تورکمان و کلدۆئاشووری و عەرەب، بەبێ جیاوازی بەشدارییان لەم رێوڕەسمەدا کرد.. کۆمەڵێکی تۆرانی و چەقاوەسوو، کە تا ئەمڕۆش هەرگیز چاویان بە گەلی کورد دا هەڵنایات و تا ئەمڕۆش نۆکەری تورکیان و لە لایەن تورکیای فاشستی و رەگەزپەرستەوە فەرمان و یارمەتی وەردەگرن و هاندەدرێن بۆ ئەوەی پیلان و گۆبەن لە دژی کورد لە شاری کەرکووک دا بگێڕن، بە دەست تێکەڵیش بوونلەگەڵ کۆمەڵێک لەکۆنەپەرستان و لە پاشماوەکانی لایەنگرانی دەسەڵاتی پاشایەتی تیاچوو.ئەم کۆمەڵە تۆرانییە کەوتنە پیلانگێڕان و گۆبەنانەوەو ئاژاوەگێڕی، بۆ ئەوەی خۆشی و شادی لە خەڵکی شاری کەرکووک تاڵ بکەن و دووبەرەکی و رق و دوژمنایەتی بخەنە نێوان پێکهاتەکانی شاری کەرکووکەوە. کەرکووکییەکانیان تووشی کارەساتێکی نەخوازراو کرد.. هەندێ لەم پیلانگێڕ و ئاژاوەچییانە، بەو ئاگرەی هەڵیان گیرسان هەڵپڕووکان.

دوای ئەوەی کە یاخێبوونەکەی سەرهەنگ (عه‌بدولوه‌هاب شه‌واف) لە شاری مووسڵ شکستیهێنا.. کۆنەپەرست و شۆڤێنییە عەرەبەکان و تۆرانییە رەگەزپەرستەکانویستیان شەڕ و ئاژاوە و بشێوێنی و دوژمنایەتی بخەنە ناو شاری کەرکووکی کوردستانییەوە. لە ئەوەبوو لە رۆژی (١٤/گه‌لاوێژ/١٩٥٩) دا تۆرانییە بەکرێگیراو و پیلانگێڕەکان، بە هاوکاری بەعسییە رەگەزپەرستەکان، کەوتنەجێبەجێکردنی پیلانە بۆداڕێژاوەکەیان، ئـاژاوە و شەڕیان خستە ناو شاری کەرکووکەوە.. بە داخەوە کە کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.. چەند دەستەیەکیش لەتیپی دووەمی سوپای عێراق لە شاری کەرکوکدا، بەم کارەساتەوە تێوەگلان.. دوای شەو و رۆژێک بارودۆخەکەیان کۆنترۆڵ کرد.

من ئەو کاتە منداڵ بووم لە پۆلی پێنجەمی سەرەتاییدا بووم لە شاری کەرکووک، زۆر لایەنی ئەو کارەساتەم لەبیر ماوە.. گەر بە درێژی و وردەکارییەوە باسی ئەو کارەساتە بکەینباسێکیدوور و درێژە، بۆیە زۆر لە سەرناوی نووسینەکەمان دوورناکەومەوە.

ئەو تۆرانییە پیلان گێڕانە، دوای کارەساتەکە خۆیان گەیاندە لای سەرۆک وەزیرانی عێراق، زەعیم روکن (عه‌بدولكه‌ریم قاسم)راستییەکانیان چەواشکردن و تاوانەکانیان خستە پاڵ کورد و پارتی شیوعی عێراقی لە کەرکووک. ئەوەبوو عەبدولکەریم قاسم هێزێکی سەربازی بۆ کەرکووک نارد..کۆمەڵێکی زۆری کوردی بێتاوان و ئەندامانی حیزبی شیوعییان گرت و بەندیانیان کردن.. دادگایەکی سەربازی وێنەیی تایبەتیان دامەزراند، کە ئەفسەرێکی تۆرانی رەگەزپەرست ئەندامی سەرەکی دەستەی دادگایی کردنەکە بوو. دادگایی کردنەکەش تەنیا ناوی بەندکراوەکانیان دەخوێندەوە.. هەر ئەم پرسیارەشیان لێدەکردن ئایا تۆ کوردیت یا کورد نیت..؟! بێ ئەوەی کە هیچ بەڵگەیەکی تاوانبارکردن و هيچ گەواهدەرێک گەوای تاوانبارکردنیان بدات.. بێ ئەوەی کە رێش بە هێچ پارێزەرێک بدرێت کە داکۆکی لە بەندکراوەکانبکات و بێتاوانیان بسەلمێنێت..ئەو (٢٨) بەند کراوە کوردەمان لە دوای چوار ساڵ بەندکردنیان ئینجا لەسێدارە دران.

بۆ نموونە ئەوەی من دەیزانم، یەکێک لەو (٢٨) شەهیدەی کە لەسێدارە دران. ناوی (عه‌بدولره‌حمان محه‌مه‌د)ە، هاوسێمان بوو لە گەڕەکی شۆڕیجە لە کەرکووک، پیاوێکی باڵابەرزی سوور و سپی بوو، زۆر هێمن بوو، نە لە دوورەوە و نە لە نزیکەوە هیچ پەیوەندییەکی بەو کارەساتەی کەرکووکەوە نەبوو.. گۆرانیبێژێکی میللی کورد بوو، هەر شاییەکی بووک گواستنەوە، لە شۆڕيجەدا بکرایە بانگی عەبدولڕەحمان محەمەد دەکرا، بە گۆرانی فۆلکلۆری رەسەنی کوردیمان سێ شەو ئاهەنگی شاییەکەی گەرم دەکرد.
فڕیشی بەسەر سیاسەتەوە نەبوو.

شەهید (شێخ مارف عه‌بدولكه‌ریم به‌رزنجی) یش، لەبەر ئەوەی کە کەسایەتییەکی رۆشنبیر و نووسەرێکی بەتوانا و شاعیر و رۆژنامەنووس و رەخنەگرێکی ئەدەبیناسراوی کورد بوو لە شاری کەرکووک.. لە ساڵی (١٩٥٨)دا، ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری (شەفـەق) بوو، کە لە کەرکووک دەردەچوو. شێخ مارف ئەو چوار ساڵەی کە لە پێش لەسێدارەدانی لە بەندیخانەدا بوو. لە ناو بەندیخانەش درێژەی بە نووسینی بابەتی هەمەچەشنە دەدا، بە ناوی (پشكۆ) وە دەینووسی و دەینارد و لە گۆڤار و لە رۆژنامە کوردییەکاندا بڵاودەکرانەوە. شێخ مارف ئەندامێکی کارای پارتی شیوعی عێراقی بوو لە کەرکووک.بۆیە گرتیان و لە گەڵ (شێخ حوسێن عه‌بدولكه‌ریم به‌رزنجی) برای دا، دوو كه‌س بوون له‌و (٢٨) كورده‌ی کە له‌سێدارە دران، هەردووکیان بێتاوان بوون.. تاوانیان هەر ئەوەبوو کە کورد بوون. کەسایەتی ناسراو و دڵسۆز و کوردستان پەروەر بوون. هەر ئەوان نا، بەڵکو هەموو بەندکراوەکان و لەسێدارەدراوەکانی کەش بێتاوان بوون. کوردێکی زۆری بێتاوان بوونە سووتەمەنی ئاگری ئەم کارەساتە.. وەکو وتمان دادگا تایبەتییە سەربازییەکەش، هیچ بەڵگەیەکی فەرمییان لە بەردەستدا نەبوو،کە تاوانباریانبسەلمێنن.. بەڵام کوردبوونیان بەلاوە بەس بوو بۆ تاوانبارکردنیان.


قسەیەکی قەیسەرە فەرمانڕەواکانی روسیام بیردێتەوە، کە دەیانوت: "گرتن و بەندکردن لە ئێوە.. تاوانبارکردن و سزادانیش لە ئێمە".

لە رۆژی (٨/ فـێبروار/١٩٦٣)کە بەعسییە شۆڤێنی و رەگەزپەرستەکان عەرەب، لە رێگای کودەتایەکی خوێناوییەوە، جڵەوی دەسەڵاتی حوکمڕانی عێراقیان گرتەدەست، بە درێژایی حوکمڕانییان، چەندین رەشەکوژی و کۆمەڵکوژییان لە کورد کرد. بە ئاگر و بە ئاسن وەڵامیداوا و مافەکانی کوردیان دایەوە. ژمارەیەکی زۆری تۆرانییەکان بوون بە بەعسی و گەنجەکەنیشیان لە دژی کورد چەکیان هەڵگرت و بوون بە (الحـرس القـومي- گاردی نەتەوەیی ) هەڵیان دەکوتایە سەر گەڕەکە کوردییەکانی شاری کەرکووک و شەڕیان دەفرۆشت و سوکایەتی و گێچەڵیان بە کورد دەکرد و چەندی کەسی کوردیان بە گرتن دا.. یەکی لەوانە باوکی رەحمەتیم بوو کە دوکاندار بوو، فری بەسەر سیاسەتەوە نەبوو، بە خوت و خۆڕایی نزیکەی ساڵێک بەندکرا.. بە ئاشکرا دەیان وت ئێوەی کورد (انتم الکورد کلکم عوصات ـ ئێوە کورد هەمووتان یاخیبوون) تۆرانییە نامەردەکان،لە کەرکووکدا نامەردییەکی زۆریان بەرانبەر بە کورد کرد.

هەر لە ساڵی (١٩٦٣)دا تاوانبار و خوێنڕێژ زەعیم روکن (سەعید فەتحی ئەلسوقەیلی)کرا بە سەرکردەی گشتی سەربازی باکوور و دەسەڵاتێکی رەهاشی هەبوو، بارەگاکەشی لە شاری کەرکووک بوو.

تۆرانییەکان خۆیان گەیاندە لای (سەعید فەتحی سوقەیلی)پارەیەکی زۆر و دیارییەکی زۆریان وەکو بەرتیل پێشکەش کرد. شەوانیش لە ماڵەکانیاندا یا لە یانەکاندا، خوانی نانخواردن و خواردنەوەیان بۆ دەڕازاندەوە و کچی جوانیشیان بۆ رابواردن بۆ دەبرد. بەرانبەر بە رەفتارە قێزەوەنانەیان، دوو داوایان لە (سەعید فەتحی ئەلسوقەیلی ) کرد. یەکەمیان: روخانـدنی هەموو خانووەکانی (گه‌ڕه‌كی كۆماری) کە ئەو خانووانەبوون، هەژاران و کرێکاران و کاسپکارە کەم درامەتەکانی کوردمان، لەسەر زەوی رووتەنی بێ خاوەن و لە ناو شیوەکان و تەپلۆسکایەکانی گەڕەکە کوردییەکانی شاری کەرکووکدا، بە خشت و بە قوڕ و دار بە شێوەیەکی سادە و ساکار دروستیان کردبوون و تێیاندا حەوابوونەوە و لە کرێچێتی رزگاریان بوو، نزیکەی چوار هەزار خانوویەک دەبوون.

هەموویانیان بە شۆفـڵ تەختکردن، هەڕەشەشیان لە خاوەنی ئەو خانووە رووخاوانە کرد،کە نابێت لە کەرکووکدا بمێننەوە. وەکو کورد دەڵێ:"ماڵیان لە خاوەن ماڵ حەرام کرد" کەچیژمارەی خانووەکانی (شاریالثـورة)کە ئێستا ناوی( شاری الصـدر)ە، لە شاری بەغـدا. چوار هێندەی خانووەکانی گەڕەکی کۆماری کەرکووک دەبوون، چەندین هەزار خانووبوون، کە بە زیادە رۆیی عەرەبە شرووگییەکان و هەژاران دروستیان کرد بووون. ئەوانەیان نە رووخاند و بۆیانیان کردن بە تاپـۆ.. ئەمەیە بانێکە و دوو هەوا. ئەمەیە جیاوازی و رەگەزپەرستی و نایەکسانی و نادادپەروەری و گەندەڵی دەوڵەت.

داوای دووەمی تۆرانییەکان لە (سەعید فەتحی ئەلسوقەیلی) ئەوه‌بوو، کە (٢٨) کوردی بەندکراوی تاوانبارکراو بە کارەساتی کەرکووکی ساڵی (١٩٥٩) بە زووترین کات لە سێدارە بدرێن.. یەکسەر تاوانباری خوێنڕێژ سەعید ئەلسوقەیلی بە بڕیاری ژمارە (٣٠) بە واژۆکردنی خۆی بڕیاری لە سێدارەدانی (٢٨) بەندکراوی بێتاوانی کوردی دەرکرد.

لە رۆژی (٢٣/یۆنیـۆ/١٩٦٣) دا، لە بەردەم بنکەی تیپی دووەمی لەشکری عێراق، کە دەکەوێتە ناوەندی شاری کەرکووکەوە، ئەو(٢٨)کوردە بەندکراوەکە لەسێدارە دران.هەر لە سەر داوای تۆرانییەکان، دوایی تەرمی شەهیدە لەسێدارەدراوەکانیان هاوردن بۆ گوڕەپانی (گەڕەکی موسەڵڵا) کە گەڕەکێکی تۆرانی نشینە، لە نێو باخچە بازنەییەکەی ئەو گەڕەکەدا، شەهیدەکانیان بە سێدارەدا هەڵواسین ، تۆرانییەکان ژنەکانیان هێنابوون و هەڵهەڵەیان لێدەدا و شیرینی و نوقڵیان دەبەخشانەوە، پیاوەکانیشیان زۆر نامەردانە بەردەبارانی تەرمی شەهـیدە هەڵواسراوەکانیان دەکرد و سووکایەتییان پێدەکردن.

کورد لە شاری کەرکووکدا زۆر بەم تاوانە دڵتەنگ و خەمباربوون و سوێ چووبووە دڵیانەوە. دەتووت خۆڵی مردوو کراوە بە سەر هەرە زۆری خەڵکی شارەکەدا، هیچ دەسەڵاتێکیشیان نەبوو.. مەبەستی تۆرانییەکان ئازاردانی دەروونی کورد بوو..بە ئەوپەڕی نامەردییەوە، سووکایەتیان بە تەرمی ئەو شەهیدانمان دەکرد. گەر کورد دانی بەخۆیدا نەگرتایە و کاردانەوەیان ببوایە.. تۆرانییەکان و بەعسییەکان ئەمنی کەرکووک خۆیان بۆ ئەوەش ئامادەکردبوون، کە رەشەکوژی لە کورد بکەن.

ئەمانەی خوارەوە ناوی هەر (٢٨) شەهیدە نەمرەکانی شاری کەرکووک کە لە رۆژی (٢٣/ یۆنـیۆ/١٩٦٣) دا، بەبێ تاوان لەسێدارە دران. بۆ ئەوەی ئەم تاوانە بخەینە بیری لاوانی نوێی کوردمان، تا هەمیشە یادی لەسێدارەدان و شەهیدکردنیان بەرز رابگرین:

١ـ شێخ مەعروف عەبدولکەریم بەرزنجی ٢ـ شێخ حوسێن عەبدولکەریم بەرزنجی ٣ـ نەجمەدین نادر ٤ـ عەبدولڕحمان محەمەد ٥ـ سەید نوری سەید وەلی ٦ـ ئیحسان حوسێن ٧ـ فەتاح ساڵح ٨ـ مەحمود عەلی بەستە ٩ـ موختار بەڵخش ١٠ـ عادیل حوسێن ١١ـ خورشید مەحمود ١٢ـ محەمەد حەسەن عەزیز ١٣ـ عەبدولجەبار پیرۆز خان ١٤ـ فاتیح مەلا داود ١٥ـ عەبدولمەجیدحەسەن ١٦ـ خەلیل ئیبراهیم عەجەم ١٧ـ نوری مەلا عەبدوڵڵا ١٨ـ عەبدولحافڤ شەریف ١٩ـ نەعیم عەنبەر ٢٠ـ عەتا جەمیل ٢١ـ کەریم خەڵەف ٢٢ـ کەریم رەمەزان ٢٣ـ مەحمود مەجید (ئه‌بو شوارب) ٢٤ـ رەحیم سەعید ٢٥ـ مەهـدی مەردان ٢٦ـ گالب عومەر ٢٧ـ ئەحمەد محەمەد ئەمین ٢٨ـ حوسێن خورشید.

هەر لەساڵی (١٩٦٠) دا، تۆرانییەکان بە پشتیوانی ئەمنی کەرکووک، گروپێکی نهێنی کوردکوشتنیان بە ناوی (الكف الاسود: دەستی رەش) ەوە دانا. کە یەکێک لەو گروپە ناوی (حوسه‌ ئاوچی) بوو، ئێمە دەماناسی کە تۆرانییەکی خوێڕی بێێڕەوشت بوو. ئەم گرۆپە تۆرانییە بە دەمانچە، بە نامەردی چەند کوردێکی ناسراو و بێتاوانیان لە ناو شاری کەرکووک دا تیرۆرکردن. ئەوانەی کە ناوەکانیان لەبیرم ماون، ئەم شەهـیدانەن:

١ـ محەمەد ئەمین شەربەتچی.. دوکانی شەربەتی لە بازاڕی جووت قاوەدا هەبوو.
٢ـ سەید وەلی کاکەیی.. دوکانی چاکردنەوەی مۆتۆرسکیلی هەبوو.
٣ ـ ئەحمەد رەزا.. کریکار بوو، کاری رۆژانەی دەکرد.
٤ـ فازڵ حاجی عەلی لەیلانی.. کووتاڵفـرووش بوو لە بازاڕی پشت قەڵای کەرکووک.
٥ـ هەر ئەو گروپە کوردکوژە (تـێزاب)یشیان پرژانـدە دەموچاوی (ئه‌حمه‌د رەزا) کە دوکاندار بوو لە بازاڕی خانی خۆرما.. تـێزابیان کردە دەموچاوی چەندین کوردی دیکە.
چەند کوردێکی کەشیان تیرۆرکرد، کە من ناوەکانیان نازانم.. وەکو وتمان تۆرانییەکان بە پشتیوانی ئەمنی کەرکووکەوە ئەم تاوانانەیان ئەنجام دا.

ئەو زانیارییانەی سەرەوە هیچ زیادە رۆییەکی تێدا نییە، زۆر لەوەش زیاتریان بەسەر کورد لەناو شاری کەرکووکدا هێنان.. بۆ نموونە قوتابخانەی ئامادەیی لە گەڕەکی شوڕیجەی کوردنشیندا نەبوو. قوتابیانی کورد دەچوون بۆ ئامادەیی موسەڵڵا.. قوتابییە تۆرانییەکان شەڕیان بە قوتابییانی کورد دەفرۆشت و ریان لێدەگرتن و گەلەکۆمەیان لێدەکردن و حکومەتیش سکاڵای کوردی پشتگوێ دەخستت.. من (نووسه‌ر) خوێندنی ئامادەییم لە ئامادەیی موسەڵڵا تەواوکرد.. بە کۆمەڵی لە شۆڕیجەوە دەچووین و هەر بە کۆمەڵیش دەگەڕاینەوە لەبەر ئەوەی زۆربووین پێمان نەدەوێران.. بەڵام چەندین قوتابی کوردمان ناچاربوون و چوونبۆ سلێمانی و خوێندنی ئامادەییان لەوێـدا تەواکرد.

لە ساڵڕۆژی یادی ئەو (٢٨)شەهیده‌ سه‌ربه‌رزانه‌ی شاری کەرکووکی کوردستانی دا، هەموو ساڵێک بە ئەوپەڕی شکۆداری و رێزەوە،یادی شەهیدبوونیان بەرز رادەگرین. زۆر بەڕێزیشەوە سەری رێز و نوازش بۆ سەرچەم شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنین.

 

٢٠\٦\٢٠٢٠
ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک