١٠\١\٢٠١٠
سامان منداڵەکانی بەبیانووی پیاسەی نێو باخـچە هێـنا دەرەوە و
تەسـلیمی گۆڕستانی کردن.

رزگار کۆچەر
پاش ئەوەی بەکلێنسێک هەردوو چاوی خۆی سڕییەوە داوای لەپۆلیسەکە کرد
هەندێک ئاوی بۆ بێنن، کە ئاوەکەیان بۆی هێنا پاش ئەوەی ناوی "خوای
گەورە"ـی هێنا بەهێمنی و بەدەستی راستی قومێک ئاوی لەبەرداخەکەی پێشی
خواردەوە و دەستی بەنێوچەوانی داهێنا، ئەوانەی لەدەوروبەری بوون
هەموویان حەپەسا بوون. پاش تۆزێک لەبێدەنگی هەر خۆی بێدەنگییەکەی شکاند
و سەبارەت بەهۆکاری ئەنجامدانی تاوانی کوشتنی دوو کوڕەکەی (سامان سەباح
سابیر) لەدایکبووی ساڵی 1980 بەبێ ئەوەی بشڵەژێت بەم چەند وشەیە باسی
لەرووداوەکە کرد و گوتی "بەڵێ بۆیە منداڵەکانی خۆم کوشت، چونکە هەست
دەکەم ناتوانم وەک پێویست خزمەتیان بکەم، بۆیە پێم وایە، ئەوان ئێستا
لەبەهەشت زیاتر خزمەت دەکرێن". پاش تاوێ بێدەنگ بوون هەڵیدایەوە
قسەکردن و گوتی "ئێستا ئەو دوو منداڵە لای خودای پەروەردگارن". پاش
ئەوەی بکوژ ئەم چەند قسەی کرد، ئەفسەرەکە داوای لێکرد، درێژە بەقسەکانی
بدات، تا بزانێت هۆکارەکان چین، کە باوکێک ئاوا بەسوک و سانایی باس
لەکوشتنی دوو کوڕی منداڵی خۆی دەکات؟! بەڵام سامان لەم چەند وشەیەی
سەرەوە زیاتر هیچی دیکەی نەدرکاند و زۆر بەهێمنیش جار ناجارێ دەیگوت "ئێستا
ئەوان لەبەهەشتن".
مولازمی یەکەم (س) لەبنکەی پۆلیسی دارەتوو کە بەشێکی لێکۆڵینەوەکان ئەم
لەگەڵ بکوژی ئەنجام دا، سەبارەت بەو کارەساتەی ئەم باوکە بەسەر
منداڵەکانی خۆی هێناوە، گوتی "پاش ئەوەی هەر ئەم شەوە سامانمان
دەستگیرکرد، لەم چەند دێڕەی بۆ ئێوەی گوت لەوە زیاتر بترازێ هیچی دیکەی
نەگوتووە، بەڵام پێدەچێت بکوژ بەهۆی ئەوەی کەمئەندامە و هەردوو چاوی
کوێرە، لەخۆی بێزار بووبێت و بیری لەئەنجامدانی ئەم تاوانە کردبێتەوە".
سەبارەت بە کەمدەرامەتی و خراپی باری ئابووریی بکوژ، کە وەکو خۆی باسی
دەکات، هۆکاری سەرەکی بووە بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانەی لەئێوارەی
3/1/2010، کەسێکی نزیک لەخزمانی ئەو بکوژە، کە پێی باش نەبوو ناوی
بهێنرێت، گوتی "ئەو پیاوە ئەگەر بڵێت لەبەر کەمدەرامەتی ئەو کارەم
کردووە، راست ناکا، چونکە دوو خانووی هەیە، ئەمە بێجگە لەوەی دوو
موچەشی هەیە". ئەو خزمەی سامانی تاوانبار گوتیشی "سامان چەند ساڵێک پێش
ئێستا لەپێشمەرگایەتی بە تەقینەوەی مین هەردوو چاوی لەدەست داوە و هەر
ئەمەش بۆتە هۆکارێک بۆئەوەی بەشێوەیەکی تر لەژیان بڕوانێت و بەشێوەیەکی
سەیریش دینداری بکات"، وەکو ئەو خزمەی ئاماژەی بۆ دەکات، سامان هەر بەو
جۆرەش مایەوە، تاوەکو لەگۆڕستانی گوندی بیستانەی بچوک ئەم تاوانەی
ئەنجام دا". یەکێ لەهاوسێیەکانی تاوانبار ئەویش لەلای خۆیەوە ئەوەی
بەدوور زانی، کە تاوانبار بەهۆی کەمدەرامەتی ئەو تاوانەی ئەنجام دابێت،
چونکە وەکو ئەو گوتی "سامان جگە لەو خانووەی کە لەگەڕەکی سەروەران
هەیەتی، خانووێکی دیکەشی لەکۆمەڵگای دارەتوو هەیە".
سەبارەت بەدوا لێکۆڵینەوەکانی ئەم تاوانەش بەرێوەبەری پۆلیسی دەشتی
هەولێر، عەمیدی پۆلیسی مافپەروەر (خەیرەدین شەهابەدین) گوتی "زۆر
بەداخەوە کاتژمێر 7 و نیوی ئێوارەی 3/1/2010 ئاگادار کراینەوە، کە
پیاوێک بەناوی سامان لەدایکبووی ساڵی 1980 دوو منداڵی خۆی بەناوەکانی (سیراجەدین)
6 ساڵ و (سیڤان) 1 ساڵ بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە لەگۆڕستانێکی گوندێکی
نزیک لەشاری هەولێر کوشتووە"، پاشان بەڕێوەبەری پۆلیسی دەشتی هەولێر
لەسەر چۆنیەتی کوشتنی منداڵەکان لەلایەن باوکییەوە گوتیشی "تاوانبار
پێش ئەوەی ئەم تاوانە ئەنجام بدات، کلاشینکۆفێکی لەرێگای هاوڕێیەکی خۆی
کڕیوە و پاشان بەبیانووی پیاسەپێکردنی منداڵەکانی لەباخچەکانی ناوشار،
هەردوو کوڕەکەی لەماڵ دێنێتە دەرەوە و دواتر ئۆتۆمبێلێکی تاکسی
لەهەولێر بۆ گوندی بیستانەی بچووک گرتووە و چوونەتە ئەوێ، ئینجا پاش
ئەوەی شەو داهاتووە لەگۆڕستان ئەو دوو منداڵە گوناهەی خۆی بەشێوەیەکی
زۆر دڕندانە کوشتووە، پاش ئەوەی پۆلیس تاوانباری دەستگیرکرد، تاوانبار
هەمان ئەو قسەیەی ئێستای دووبارە دەکردەوە، کە گوایە منداڵەکانی بۆیە
کوشتووە، چونکە لەخۆی بێزار بووە و ئەوانیشی رەوانەی بەهەشت کردووە".
سەبارەت بەهەبوونی داوای یاساییش لەسەر بکوژ بەڕێوەبەری پۆلیسی دەشتی
هەولێر گوتی "دایکی منداڵەکان کە دەکاتە هاوسەری تاوانبار داوای یاسایی
لەسەر مێردەکەی خۆی تۆمارکردووە و تائێستاش لێکۆڵینەوەکان بەردەوامیان
هەیە".
یوسف عوسمان حەمەد پسپۆر لەبواری دەرونناسی، بۆ شیکردنەوەی دەروونی (سامان)
کە وەکو پیاوێکی دیندار خۆی دەناسێنێمەوە دوو کوڕەکەی خۆی دەکوژێت،
دەڵێت "ئەو جۆرە کەسانەی مامەڵەی لەو شێوەیە بەرامبەر منداڵەکانی خۆیان
ئەنجام دەدەن، لەرووی دەرونییەوە ناکامڵن و تووشی هیستریا هاتوون، لە
لاشعورەوە وا هەست دەکەن، کە تاوانێکی گەورەیان بەرامبەر خوا ئەنجام
داوە، بۆیە ئەو جۆرە کەسانە دوو حاڵەتی سایکۆلۆژیان هەیە، یا ئەوەتا
خۆیان دەکوژن، یا نزیکترین کەس لەخۆیان دەکوژن و هەمان کردەوەی حەزرەتی
ئیبراهیم دووبارە دەکەنەوە، بەو مەبەستەی قوربانییەک پێشکەش بەخوای خۆی
بکات"، بۆیە وەکو ئەو توێژەرە دەرونییە ئاماژەی بۆ دەکات، ئەو کەسە
فشارێکی زۆری جنسی و دەرونی و کۆمەڵایەتی لەسەر بووە و کەسێکیش بووە
نەیتوانیووە سەروەت و سامانەکەی لەبەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت، بۆیە
هاوسەنگی خۆی لەدەستداوەو ئەو کارەی کردووە. یوسف عوسمان گوتیشی "لەمێژوو
زۆرجار کەسانی وا دووبارە دەبێتەوە، کاتێک دەگەنە تەتەروفی دینی وەکو
قوربانیدانێک منداڵەکانی خۆیان دەکوژن، یا ژەهر خواردیان دەکەن".
ئەم تاوانەی ئەو باوکە ئەنجامی دابوو، بارودۆخێکی دەروونی خراپی لەسەر
سەرجەم پۆلیس و کەسە نزیکەکانی شوێنی رووداوەکە دروست کردبوو، چونکە بۆ
کوشتنی دوو منداڵی بێتاوان لەلایەن باوکی خۆیانەوە هیچ هۆکارێک نەدەبوو
بەپاساو، تا باوکێک بەو جۆرە دەستی بچێتە گیانی منداڵەکانی ...
r_kochare@hotmail.com
|